ڤیان عه‌بدولڕه‌حیم، په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی گۆڕان: بۆ هیچ پرسێكی چاره‌نووسساز پرس به په‌رله‌مان نه‌كراوه ... دیمانه: ستیڤان شه‌مزینی
- فراكسیۆنی گۆڕان هیچ جۆره ناكۆكییه‌كی تیادا نییه
- به هیچ جۆریك كاك نه‌وشیروان نه‌بووه‌ته بزووێنه‌ری فراكسیۆنی گۆڕان
· *گۆڕان توانی چۆك به هێزه ته‌قلیدییه‌كانی ساحه‌ی سیاسیی دابدات
· *هه‌ڵوێستی په‌رله‌مان له پرسه چاره‌نووسسازه‌كاندا وشه‌یه‌كه بۆ جوانی ده‌وترێ
ڤیان عه‌بدولڕه‌حیم، په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی گۆڕان، له‌م دیمانه تایبه‌ته‌دا باس له ئه‌زموونی كاری په‌رله‌مانی و فراكسیۆنی گۆڕان ده‌كات و ره‌تیده‌كاته‌وه كه هیچ ناكۆكییه‌ك له نێو ئه‌ندامانی فراكسیۆنی گۆڕاندا هه‌بێت. ده‌شڵێت خۆمان به پارێزه‌ری مافه‌كانی خه‌ڵك ده‌زانین.
ستیڤان: باس له‌وه ده‌كرێت په‌رله‌مانتارانی فراكسیۆنی گۆڕان چه‌ند كوتله‌یه‌كن، هه‌ر كوتله‌یه‌كیش دژایه‌تی ئه‌ویتر ده‌كات. هۆكاری ئه‌مه چییه و جیاوازیی نێوان په‌رله‌مانتارانی گۆڕان چۆنه؟.
ڤیان عه‌بدولڕه‌حیم: فراكسیۆنی گۆڕان هیچ كێشه‌یه‌كی ناوخۆیی نییه، به‌ڵام پێویسته لێره‌دا قسه له‌سه‌ر خاڵه هاوبه‌ش و جیاوازه‌كان بكه‌ین، مه‌به‌ست له خاڵه هاوبه‌شه‌كان به‌و مانایه‌ی كه سه‌رجه‌می ئه‌ندامانی فراكسیۆنی گۆڕان له پرسه سیاسیی و چاره‌نووسسازه‌كان و هه‌موو ئه‌و یاسایانه‌ی پاشخانی سیاسیی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ره‌هه‌ندی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییان هه‌یه یه‌ك ده‌نگین و به یه‌ك ئاڕاسته‌ی كاركردن داكۆكیكاری ته‌واوین، خاڵه جیاوازه‌كانمان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و ئازادیی بیر و را و هه‌ڵوێسته‌ی كه ئه‌ندامانی فراكسیۆنه‌كه‌مان هه‌یانه بۆ هه‌ندی له مادده یاساییه‌كان و پرسه هه‌نووكه‌یی و بابه‌ته تایبه‌تانه‌ی كه له میانه‌ی ئیش و كاری رۆژانه‌ماندا دێته به‌رده‌ممان.
ئه‌م شێوازی كاركردنه یه‌كێكه له رێگا سه‌ركه‌وتووه‌كانی هه‌ر پارت و لایه‌نێكی سیاسیی كه له‌ناو ململانێی سیاسیی‌دا بۆ به‌ده‌ستهێنانی متمانه كار ده‌كه‌ن، فراكسیۆنی گۆڕان تاكه فراكسیۆنه له رووی باشترین ئه‌دائی كاركردنی له ناو هۆڵی په‌رله‌مان و له ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانیشدا رێڕه‌و و به‌رنامه‌ی تایبه‌ت و نوێخوازانه‌ی هێنایه ناو په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه، له رووی پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌ی گرنگ و به دواداچوون و سه‌ردانی مه‌یدانی و یاداشت و به‌یاننامه‌وه شێوازی جیاوازی ناڕه‌زایه‌تی. بۆیه ده‌توانم بڵێم به شانازییه‌وه فراكسیۆنی گۆڕان یه‌كێكه له فراكسیۆنه ئۆپۆزیسیۆنه چالاك و سه‌ركه‌وتووه‌كان كاره‌كانیشی شاهیدن بۆ ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ی.
ستیڤان: میدیای گۆڕان بایكۆتی به‌شێك له په‌رله‌مانتارانی گۆڕانی كردووه، چه‌ند په‌رله‌مانتارێكیش به ئاشكرا ئه‌وه‌یان بۆ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن ئاشكرا كردووه، هۆكاری ئه‌مه چییه؟.
ڤیان عه‌بدولڕه‌حیم: ئێمه‌ی ئه‌ندامانی فراكسیۆنی گۆڕان سه‌رجه‌می كار و چالاكی و دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مانی تایبه‌ت به ئه‌ندامانی فراكسیۆنی گۆڕان به‌رده‌وام له میدیای بینراو و بیستراوی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان په‌خش كراوه.
ستیڤان: ئایا هیچ ناكۆكییه‌كی ئه‌وتۆ له نێو فراكسیۆنی گۆڕان هه‌یه بگاته ئاستی ته‌قینه‌وه. وه‌ك پێشتر هه‌بوو، ئه‌مه‌ش له وازهێنانی كاروان ساڵح و ناڕه‌زاییه‌كانی بورهان ره‌شیددا ره‌نگیدایه‌وه؟.
ڤیان عه‌بدولڕه‌حیم: نه‌خێر به هیچ شێوه‌یه‌ك فراكسیۆنی گۆڕان هیچ جۆره ناكۆكییه‌كی تیادا نییه.
ستیڤان: ده‌وترێت ئێوه‌ش به هه‌مان شێوه‌ی په‌رله‌مانتارانی یه‌كێتی و پارتی، له گرده‌كه‌وه رێنمایی و ته‌وجیهاتتان بۆ دێت، له‌م حاڵه‌ته جیاوازیی ئێوه چییه له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتارانی ده‌سه‌ڵات؟.
ڤیان عه‌بدولڕه‌حیم: سه‌رجه‌می هه‌ڵوێست و بڕیاره‌كانمان له ناو فراكسیۆندا به زۆرینه‌ی ده‌نگ یه‌كلا كراوه‌ته‌وه، به پێچه‌وانه‌وه به‌ڵكو زۆربه‌ی جار ئێمه رێنمایی خۆمانمان به سه‌روو خۆمان داوه گه‌ر بۆ هه‌ندی پرسی چاره‌نووسساز پێشنیاری وه‌رگرتنی رای به‌ڕێز كاك نه‌وشیروانمان كردبێت، ئه‌وا دواجار بڕیاری كۆتایی هه‌ر داوه‌ته‌وه ده‌ستی فراكسیۆنه‌كه‌مان و به‌رده‌وام ئه‌وه‌ی پی راگه‌یاندووین كه هه‌ڵوێست و را و بۆچوونی خۆتان له‌ناو فراكسیۆندا پێویسته هه‌ر له‌لایه‌نی خۆتانه‌وه یه‌كلا بكرێته‌وه. ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی كه نه‌ته‌وه‌ی ئازاد به‌رهه‌می مرۆفه ئازاده‌كانه ئه‌وانه‌ی ئازادانه بیر ده‌كه‌نه‌وه ئازادانه بڕیار ده‌ده‌ن تا بڕی هه‌ستكردنی مرۆف به ئازادیی و دادپه‌روه‌ریی له وڵاته‌كه‌ی دا زیاتر بێت په‌یكه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و قه‌واره‌ی نیشتمانی به‌هێزتر ده‌بی و توانای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی زیاتره.
ستیڤان: ئێوه خۆتان به پارێزه‌ری مافه‌كانی خه‌ڵك ده‌زانن، ئایا ئه‌مه مانای ئه‌وه نییه په‌رله‌مانتارانی ده‌سه‌ڵات دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خه‌ڵكن؟. تۆ له‌مباره‌وه چی ده‌ڵێیت؟.
ڤیان عه‌بدولڕه‌حیم: به‌رده‌وام خۆمان به پارێزه‌ری مافی هاووڵاتیان ده‌زانین، چوونكه ئه‌وه ئه‌ركمانه كه ده‌بێت به ئاڕاسته‌یه‌كی سیاسیی و مه‌ده‌نی كار بۆ به‌دیهێنانی مافه‌كانی هاووڵاتیان بكه‌ین، ئه‌ركی ئێمه‌ی ئۆپۆزیسیۆنیشه ببینه مینبه‌رێك بۆ ئه‌و داكۆكیكردن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی 21 ساڵه هاووڵاتیانی ئه‌م هه‌رێمه خه‌ون به دامووده‌زگای یاسایی و دیموكراتی راسته‌قینه‌وه ده‌بینن و به شوێن ده‌رفه‌تی شارستانیدا ده‌گه‌ڕێن بۆ گوزارشتكردن له خه‌م و ناڕه‌زایی و بێدادی و قه‌یرانی خزمه‌تگوزاریی، پاوانكاریی، تێكه‌ڵكردن و خراپ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵاته‌كان، پیشێلكردنی ئازادیی و مافه مه‌ده‌نی و سیاسییه‌كان.
بۆیه دروستبوونی ئۆپۆزیسیۆن رۆڵێكی پڕ بایه‌خ بوو، ده‌ورێكی رۆشنگه‌رانه‌ی بینیوه له روونككردنه‌وه‌ی زه‌ین و ئازادكردنی ئیراده‌ی خه‌ڵكدا له چاندنی تۆوی ئومێد و سازدانی زه‌مینه‌ی گۆڕاندا. ده‌بێت گۆڕان له سیستمی سیاسیی و ده‌ستا و ده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵاتدا بكرێت. ئۆپۆزیسیۆنیش ده‌بێت به‌رده‌وام بێت له خه‌باتی په‌رله‌مانی و ئه‌و ئاڕاسته سیاسییه‌ی گرتوویه‌تی بۆ داكۆكیكردنی مافی هاووڵاتیانی ئه‌م هه‌رێمه.
به‌نسبه‌ت په‌رله‌مانتارانی ده‌سه‌ڵاتیش هه‌ردوو لا په‌رله‌مان به‌كارده‌هێنن بۆ هێشتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان. ئه‌مه له سیستمه شموولییه‌كاندا په‌یڕه‌و ده‌كرێت كه زانرا پێگه‌ی سیاسیان كه‌وتۆته مه‌ترسییه‌وه و ناڕه‌زایی هاووڵاتیان زیادی كردووه و نادادپه‌روه‌ریی و قۆرخكردنی سامانی نه‌ته‌وه‌یی و ده‌ستگرتن به سه‌ر سه‌رجه‌می جومگه سیاسیی و ئابووری و ئه‌منی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ئه‌و كاته هه‌وڵده‌ده‌ن له رێگه‌ی ده‌رچواندنی یاسا و لاوازكردنی په‌رله‌مانه‌وه كار له‌سه‌ر ئه‌و ئاڕاسته‌یه بكه‌ن، كه ئه‌مه‌ش دواجار شكستی ته‌واو به دوای خۆیدا ده‌هێنێت له به‌رامبه‌ر پێگه‌ی سیاسیان.
ستیڤان: چاودێرانی سیاسیی په‌رله‌مانتارانی ئۆپۆزیسیۆن به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن له بری چاودێریی حكوومه‌ت ئه‌ركتان بووه به پێشكه‌شكردنی پڕۆژه. بۆچی چاودێریی حكوومه‌تتان پشتگوێ خستووه؟.
ڤیان عه‌بدولڕه‌حیم: یه‌كێك له كاره‌كانی فراكسیۆنی گۆڕان كه به‌رده‌وام داكۆكی لێ كردووه، په‌ره‌دان بووه به فه‌رهه‌نگی به‌رهه‌ڵستكاریی مه‌ده‌نی، ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی و رۆشنبیریی، ره‌خنه‌گرتن كه دیوی دووه‌می به‌رپرسیارێتییه‌كه‌مانه و یه‌كێكه له ئامانجه دیموكراتییه گشتییه‌كانمان، ئه‌و مافی ره‌خنه‌یه‌مان به‌خشیوه، هاندانی رێكخراوه ناحكومییه‌كانی كۆمه‌ڵگای شارستانی كه خۆی ده‌بینیته‌وه له (سه‌ندیكا و كۆمه‌ڵه و فیدراسیۆن و گروپه‌كانی فشار و ده‌نگده‌رانی) بۆ به‌شداریكردن له پرۆسه‌ی چاودێریكردن و دروستكردنی گوشار له‌سه‌ر په‌رله‌مان و ده‌زگا حكومی و دادوه‌رییه‌كان و ئاڕاسته‌كردنی ره‌خنه و سه‌رنجه‌كانیان له فراكسیۆنی گۆڕان و فراكسیۆنه ئۆپۆزیسیۆنه‌كان.
به پێچه‌وانه‌وه كاره‌كانمان شاهیدن بۆ ئه‌وه‌ی كه ئێمه به‌رده‌وام كاری چاودێریكردنی حكوومه‌ت و كار و جێبه‌جی نه‌كردنی یاساكان له‌لایه‌نی وه‌زاره‌ته‌كانه‌وه و به دواداچوونی چۆنیه‌تی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كان و هه‌ڵوێستی تایبه‌تمان له‌سه‌ر سه‌رجه‌م پێشهات و رووداوه‌كان و شێوازی ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانمان له‌سه‌ر داكۆكیكردن له مافی هاووڵاتیان به‌رده‌وام بووین و به‌رده‌وامیش ده‌بین.
ستیڤان: ده‌وترێت كاك نه‌وشیروان به راسته‌وخۆیی بووه‌ته بزوێنه‌ری ئێوه له په‌رله‌مان، نموونه‌ش ده‌ركردنی دوو په‌رله‌مانتار بوو به راگه‌یاندنێك به‌ناوی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه؟ تۆ له‌مباره چی ده‌ڵێی؟.
ڤیان عه‌بدولڕه‌حیم: پیش‌تر وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌م دایه‌وه به هیچ جۆریك كاك نه‌وشیروان نه‌بووه‌ته بزووێنه‌ری فراكسیۆنی گۆڕان له په‌رله‌مان، به‌نسبه‌ت به‌شی دووه‌می پرسیاره‌كه‌شت كه نموونه‌ت هیناوه‌ته‌وه. گۆڕان چی وه‌كوو بزووتنه‌وه سیاسی و ه‌كه یاخود هه‌ردوو فراكسیۆنه په‌رله‌مانی و ه‌كه‌ی ده‌بێت كار له‌سه‌ر ئه‌و تیۆر و بنه‌مایه بكات كه ده‌ڵێت له هه‌ر شوێنێك به‌رپرسیارێتی هه‌بوو لێپرسینه‌وه‌ش هه‌یه. چوونكه ئه‌گه‌ر ئه‌م ئامانجه یاساییه بنه‌ڕه‌تییه نه‌كرێته بنچنه‌ی كاركردن له حزبدا ئه‌وه ئاڕاسته‌ی سیاسیی ئه‌و حزبه به‌ره‌و گه‌نده‌ڵی و لادان ده‌ڕوات و هه‌مان ئاڕاسته و ئاینده‌ی دوو حزبه سیاسییه زلهێزه‌كه‌ی كوردستانی ده‌بێت.
له‌به‌ر ئه‌وه گۆڕان ده‌یه‌وێت سه‌ره‌تای گۆڕانیكی قووڵ و راسته‌قینه بێت و شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی له هه‌رێمدا گه‌ڕانه‌وه‌ی هێز و به‌ها بێت بۆ ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێم به تایبه‌ت په‌رله‌مان وه‌ك ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و چاودێریكه‌ر و ئامانجمان دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی دامه‌زراوه‌ییه و پرۆسه‌ی چاكسازیی بنه‌ڕه‌تی له كۆی سیستمی سیاسی‌دا بچیته بواری پراكتیكه‌وه و بكرێته ئه‌ڵته‌رناتیفی پیاده‌كراو.
ستیڤان: به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی په‌یوندیتان له‌گه‌ڵ لیستی كوردستانی چۆنه؟ ئایا ئه‌وه راسته ئێوه له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتارانی یه‌كێتی و ئیسلامییه‌كانیش له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتارانی له یه‌كتره‌وه نزیكن؟.
ڤیان عه‌بدولڕه‌حیم: ئێمه‌ی په‌رله‌مانتارانی فراكسیۆنی گۆڕان له‌سه‌ر ئاستی كه‌سایه‌تی له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م په‌رله‌مانتارانی فراكسیۆنه جیاوازه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان جگه له رێز و سه‌ركه‌وتوویی بۆیان هیچ جۆره په‌یوه‌ندییه‌كی ترمان نییه. به‌نسبه‌ت فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ و فراكسیۆنی یه‌كگرتوو كه دوو فراكسیۆنی ئۆپۆزیسیۆنن له ناوپه‌رله‌ماندا توانیوومانه ئه‌زموونێكی باش و بناغه‌ی ئۆپۆزیسیۆنی په‌رله‌مانی پێشكه‌ش بكه‌ین و له پرسه چاره‌نووسسازه‌كاندا كه په‌یوه‌ستن به ژیانی سیاسیی و ئاینده‌ی هه‌رێم و مافه‌كانی هاووڵاتیانه‌وه هاوده‌نگ هاوهه‌ڵویست بین، ئه‌مه‌ش ئه‌زموونێكی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆنانه‌یه كه پیشكه‌شكراوه له په‌رله‌مانی كوردستان.
ستیڤان: خولی سێیه‌می په‌رله‌مانی كوردستان به‌ره‌و كۆتایی ده‌ڕوات. تۆ وه‌ك خۆت چۆن ئه‌م چوار ساڵه هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت؟. به‌هێزیی و لاوازییه‌كانی ئه‌م خوله چی بوون؟.
ڤیان عه‌بدولڕه‌حیم: به‌نسبه‌ت خاڵه به‌هێزییه‌كانی، ئه‌زموونی ئۆپۆزیسیۆن له ساحه‌ی سیاسیی هه‌رێمی كوردستاندا خۆی سه‌پاندووه، ئه‌مه‌ش ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی 25-7-2009 ئه‌و راستییه‌ی سه‌لماند، گرنگه لێره‌دا باس له كوردستان بكه‌ین پێش 25-7. كه قۆناغی ته‌سلیم بوون به بڕیار و پلان و به‌رژه‌وه‌ندیی و ئیراده‌ی دوو هێزی سیاسیی كه سه‌رجه‌م جومگه‌كانی ژیانیان قۆرخكردووه، ئه‌ویتریان دوای 25-7. كه قۆناغی هاتنه مه‌یدان بوو به دیدگا و تێڕوانین و ئایدیای نوێوه كه بۆ یه‌كه‌مجار ئۆپۆزیسیۆنێكی راسته‌قینه به به‌رنامه‌ی جیاوازه‌وه و گه‌ڕانه‌وه بۆ بیر و هۆش و ئیراده و داكۆكیكردن له دادی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ هاووڵاتیانی ئه‌م هه‌رێمه توانی هه‌موو ئه‌و هیوایانه زیندوو بكاته‌وه كه كوردستان به‌ره‌و جۆرێك له ململانێی سیاسیی به‌رێت.
دروستبوونی فراكسیۆنی گۆڕان و ئه‌و متمانه‌ی له‌لایه‌نی هاووڵاتیانه‌وه به ده‌ستیهێنا توانی هێزه نووستووه‌كانی تری ناو كۆمه‌ڵگا به‌خه‌به‌ر بهێنێت كه پێشتر ته‌نیا فه‌رمان جێبه‌جێكه‌ری هێزه سیاسییه باڵاده‌سته‌كان بوون، ئه‌م دوو خاڵه هه‌ڵسه‌نگاندنی كاره جیاوازه‌كانن له نێوان دوو قۆناغی ژیانی سیاسیی هه‌رێمه‌كه‌ماندا، گۆڕان به به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و رێژه كورسییه‌ی ناو په‌رله‌مانی كوردستان توانی چۆك به‌هێزه ته‌قلیدییه‌كانی ناو ساحه‌ی سیاسیی دابدات، گورزێكی كوشنده و سه‌ره‌تایی كۆتایی هاتن بوو به هه‌یمه‌نه‌ی ره‌های ئه‌و حزبه باڵاده‌سته قۆرخكارانه‌دا. بۆیه ده‌توانم بڵێم ئۆپۆزسیۆن توانی ببێته چه‌ترێك بۆ سه‌رجه‌م هێزه ره‌خنه‌گر و ناڕازییه‌كانی كۆمه‌ڵگا. گه‌ر ئۆپۆزسسیۆن نه‌بوایه ئه‌سته‌م بوو بتوانرێت هه‌موو ئه‌و چینه گرنگانه‌ی ناو كۆمه‌ڵگا له یه‌ك بازنه‌دا كۆبكرێنه‌وه و به ئاڕاسته‌یه‌كی هاوبه‌ش و دیار پێكه‌وه كار بكه‌ن و هه‌نگاو بنێنن.
به نسبه‌ت لاوازییه‌كانی په‌رله‌مان، من ده‌مه‌وێت سه‌باره‌ت به رۆڵ و ده‌رچوواندنی یاسا و بڕیاره‌كانی په‌رله‌مان قسه بكه‌م و هه‌ڵوێسته‌كانی له پرسه چاره‌نووسسازه‌كاندا ته‌نیا كۆمه‌ڵێك وشه‌یه و بۆ جوانی ده‌وترێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌تیش له‌ماوه‌ی ساڵانی رابردوودا بۆ هیچ پرسێكی چاره‌نووسساز و نیشتمانی نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ بڕیاری په‌رله‌مان، به‌ڵكو بڕیاره‌كان ته‌نیا تاكه كه‌سیانه بووه دوای روودانی كێشه و گه‌وره‌بوونی مه‌سه‌له‌كان و گه‌یشتنه بنبه‌ست، بیری په‌رله‌مانیان ده‌كه‌وێته‌وه.
بۆ هیچ پرسێكیش پرس به په‌رله‌مان نه‌كراوه و تا له‌ناو هۆڵی په‌رله‌ماندا به گفتوگۆی په‌رله‌مانتاران بڕیار له سه‌ر باشی و خراپی، یاخود شكست و سه‌ركه‌وتنه‌كانی هه‌ر پرسێكی چاره‌نووسساز بدرێت، به‌و شێوه‌یه تۆ ده‌توانی كۆده‌نگی نیشتمانی و یه‌ك هه‌ڵوێستی كورد نیشان بده‌یت. له هه‌ر مه‌ترسییه‌كدا كه رووبه‌ڕووی ئاینده‌ی وڵاته‌كه‌ت ده‌بێته‌وه، له‌كاتێكدا به پێی یاسا پێویسته په‌رله‌مان تاكه مه‌رجه‌عی سیاسیی و یاسایی و بڕیاردان بێت له هه‌رێمی كوردستاندا، بڕیاره‌كانیشی بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه بن، به‌ڵام تا ئێستا بۆ هیچ كام له‌و پرسانه بڕیاری په‌رله‌مان و گه‌ڕانه‌وه بۆ په‌رله‌مان بۆ ئه‌و پرسانه به هه‌ند وه‌رنه‌گیراوه.
هۆكاری سه‌ره‌كیش ئه‌وه‌یه كه كوردستان به‌شێكه له عێراق، سه‌ركرده‌كانمان زیاتر بارگاوین به‌و كولتووره كۆنه‌ی كه پێشتر عێراقی پی به‌ڕێوه براوه كه سیستمێكی سه‌رۆكایه‌تییه و سه‌ركرده‌كان ده‌سه‌ڵاتی خۆیان به یه‌كلاكه‌ره‌وه داده‌نێن بۆ چاره‌سه‌ر و دروستبوونی كێشه و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یاساكان پڕ به باڵای خۆیان داده‌دورێن و ده‌سه‌ڵاتی ره‌ها ده‌ده‌ن به خۆیان.
تا ئێستا نه‌توانراوه له‌م هه‌رێمه‌دا سوود له سیستمی دیموكراتی و په‌رله‌مانی وڵاتانی ده‌ره‌وه وه‌ربگیرێت به‌ڵكو ته‌نیا وه‌ك دروشم بوونی په‌رله‌مان و دیموكراسی له كوردستاندا به رووی جیهانی ده‌ره‌وه‌دا ده‌دركێنن، كه له ناوه‌ڕۆكدا هیچ به‌هایه‌ك بۆ سیستمی دیموكراسی و په‌رله‌مانی نییه له‌م هه‌رێمه‌دا. له‌لایه‌كی تره‌وه پشتگوێخستنی سه‌رجه‌م ئه‌و پڕۆژه یاسایانه‌ی كه ره‌هه‌ندێكی سیاسیی و نیشتمانی هه‌یه یاخود ئه‌و یاسایانه‌ی په‌یوه‌ستن به بوژانه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووری و كشتوكاڵی و پیشه‌سازیی و گه‌شتیاریی ئه‌م هه‌رێمه‌وه، یاخود ئه‌و یاسایانه‌ی تایبه‌تن به چاره‌سه‌ری هه‌ژاریی و دابینكردنی هه‌لی كار بۆ گه‌نجان، بۆیه له‌و رووانه‌وه شكستی ته‌واوی هێناوه.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
