-
*سه‌لاحه‌دین به‌هادین تاكو راپه‌ڕین، دوور له مه‌ینه‌تییه‌كانی گه‌لی كورد له وڵاتی ئێران ژیاوه -
*سه‌لاحه‌دین به‌هادین و هاوڕێكانی به‌شداریكردنیان له راپه‌ڕینی 1991 به ره‌وا نه‌ده‌زانی
-
*سه‌لاحه‌دین به‌هادین چه‌ندین جار داوای له مه‌لا عوسمان كردووه دژی به‌عس خه‌بات نه‌كات
-
*سه‌لاحه‌دین به‌هادین سه‌ركرده‌یه‌كی كوردستانی نییه، به‌ڵكو سه‌ركرده‌یه‌كه كار بۆ ئیخوان ده‌كات
-
*كه‌سێك بیه‌وێت له سه‌لاحه‌دین به‌هادین تێبگات با بچێت ته‌ماشای مورسی له‌سه‌ر كار لابراو بكات
هێشتا روون نییه، ئایا بارزانی، داوای په‌رله‌مانتاران بۆ درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی قبوڵ ده‌كات یان نا؟. به‌ڵام سه‌لاحه‌دین به‌هادین هه‌نووكه‌ش هه‌ر خه‌ون به سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمه‌وه ده‌بینێت، هه‌رچه‌نده هیچ شانسێك نییه بۆ ئه‌وه‌ی به‌هادین بگاته كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی، هێشتا له ده‌رفه‌تێك ده‌گه‌ڕێت تاكو به ده‌نگی ئۆپۆزیسیۆن خه‌ونه‌كه‌ی به‌دی بهێنێت. به پێی زانیارییه‌كانی ئێمه‌ش "نه‌وشیروان مسته‌فا" رازی نه‌بووه كه سه‌لاحه‌دین به‌هادین خۆی كاندید بكات بۆ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، بۆیه دوای چه‌ندین دانیشتنی سێقۆڵی لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن، له‌سه‌ر هیچ كام له كاندیده‌كان رێكنه‌كه‌وتن. جیا له‌مه‌ش به پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی به ئێمه گه‌یشتووه، كۆمه‌ڵی ئیسلامی ئاماده نه‌بووه و نییه ده‌نگ بدات چ به سه‌لاحه‌دین به‌هادین و چ به نه‌وشێروان مسته‌فا، ئه‌مه‌ش بۆ چه‌ندین جار له‌لایه‌ن "دڵشاد گه‌رمیانی" ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی كۆمه‌ڵه‌وه جه‌ختی له‌سه‌ر كراوه‌ته‌وه.
سه‌لاحه‌دین به‌هادین رۆڵی به وه‌فای ئیخوان
رێكخراوی برایانی موسڵمان "ئیخوان موسلمین" له ساڵی 1928 له میسر، له‌لایه‌ن گه‌نجێكه‌وه "حه‌سه‌ن به‌نا" دامه‌زرێنرا، ئه‌گه‌رچی ئه‌م رێكخراوه وه‌ك گروپێكی خێرخوازی ریفۆرمخواز نیشان ده‌دا، به‌ڵام ئامانجی سه‌ره‌كی ئه‌م رێكخراوه به‌رگرتن بوو به شه‌پۆلی ره‌وته ناسیۆنالیست و سۆسیالیسته‌كانی دونیای عه‌ره‌بی كه له ژێر كاریگه‌ریی شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ری رووسیا "1917" به خێراییه‌كی جادوویی له گه‌شه‌كردندا بوون. چه‌ندین به‌ڵگه‌ش هه‌یه كه خودی "حه‌سه‌ن به‌نا" له‌لایه‌ن ده‌زگای هه‌واڵگریی ئه‌ڵمانیی زه‌مه‌نی "ئه‌دۆڵف هیتله‌ر" ته‌مویل كراوه بۆ هه‌مان مه‌به‌ست.
یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان، كه سه‌لاحه‌دین به‌هادین 18 ساڵ سه‌رۆكایه‌تی كردووه، پێشتریش به‌ناوی ئیخوان چه‌ندین ساڵی تر به‌رپرسی یه‌كه‌م بووه، لقێكی كاریگه‌ری رێكخراوی "ئیخوان"ه. دیاره له زۆر جێگادا یه‌كگرتوو مێژووی درستبوونی خۆی به ساڵی (1994) ده‌ناسێنێت، به‌ڵام راستی و دروستی مێژوی یه‌كگرتوو ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كۆتایی ساڵه‌كانی په‌نجاكانی سه‌ده‌ی پێشوو، به ته‌حدید ساڵی (1959) ئه‌و كاته‌ی كه ئیخوان موسلیمینی عێراق نوێنه‌ری خۆیان ده‌نێرننه هه‌ڵه‌بجه و له رێگای چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی ناوچه‌كه و پیاوانی ئاینی توانرا له مزگه‌وتێكی ئه‌و شاره‌دا كۆبوونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجام بده‌ن و لقی باكووری ئیخوان موسلیمین رابگه‌یه‌نن و مه‌لا عوسمان عه‌بدولعه‌زیز بكه‌ن به به‌رپرسی لقی باكووری عێراق، پاش چه‌ند ساڵێك كاربه‌ده‌ستانی رژێم هه‌ڵمه‌تێك بۆ راوه‌دونانی ئیسلامییه‌كان ده‌ست پێده‌كه‌ن، مه‌لاعوسمان یه‌كێك بوو له‌وانه پاش زیندانیكردنی دوور ده‌خرێته‌وه بۆ ناسریه، له غیابی مه‌لا عوسمان له ناوچه‌كه‌دا، بنه‌ماڵه‌ی سه‌لاحه‌دین به‌هادین توانیان سوودمه‌ند ببن، كار بكه‌ن بۆ كۆنترۆڵكردنی بزافی ئیسلامی سیاسیی له ناوچه‌كه‌دا له‌سه‌ر خه‌تی ئیخوان.
پاش ئه‌وه ره‌وتی ئیخوان، ده‌بێته دوو فراكسیۆنی سه‌ره‌كیی، له نێوخۆدا ململانێكانی هه‌ردوو باڵ درێژه‌ی ده‌بێت تا ساڵی (1987) بۆ دوا جار عوسمان عه‌بدولعه‌زیز له‌گه‌ڵ (100) كه‌سێك روو له وڵاتی ئێران ده‌كات و له‌گه‌ل شێخ محه‌مه‌د به‌رزنجی به هاوكاریی كۆماری ئیسلامی ئێران بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی له كوردستانی عێراق راده‌گه‌یه‌نن، ئه‌وانه‌ی كه دیار بوون و مانه‌وه له نێو ریزه‌كانی ئیخوان سه‌لاحه‌دین به‌هادین و سدیق عه‌بدولعه‌زیز بوون هه‌تا راپه‌رینی ساڵی (1991) و هاتنه‌وه‌یان بۆ نێو شار، هه‌ردوو خه‌ت له ململانێی نێوخۆیی‌دا به‌رده‌وام ده‌بن، تا ئه‌و كاته‌ی ئیخوان پشتیوانی خۆیان بۆ سه‌لاحه‌دین به‌هادین ته‌كید ده‌كه‌نه‌وه، چه‌ند رێكخراوێكی به‌ناو ئینسانی ده‌خه‌نه خزمه‌تییه‌وه بۆ كه‌سپكردنی خه‌ڵك، ئه‌وانه‌ش (ئیغاسه‌ی ئیسلامی، نه‌دوه، لیجنه‌ی به‌ڕی ئیسلامی) .
به‌مشێوه‌یه له ساڵی 1992 سه‌لاحه‌دین به‌هادین، ده‌بێته كه‌سی یه‌كه‌می ئیخوان له سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان، باڵه‌كه‌ی تر به سه‌ركردایه‌تی "سدیق عه‌بدولعه‌زیز" كه برای شێخ عوسمان عه‌بدولعه‌زیزی رابه‌ری بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی بوو به ته‌واوه‌تی لاواز ده‌بن. بۆیه شێخ سدیق بیر له‌وه ده‌كاته ئینشقاق بكات له ئیخوان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش سه‌ردانی ئێران ده‌كات و پشتیوانی بۆ خۆی مسۆگه‌ر ده‌كات و له گه‌ڕانه‌وه‌یدا جیابونه‌وه‌ی خۆی له ئیخوان راده‌گه‌یه‌نێت و بزووتنه‌وه‌ی راپه‌ڕینی ئیسلامی (نه‌هزه) دروست ده‌كات. دواتریش سه‌لاحه‌دین به‌هادین، هه‌وڵه‌كانی خۆی چڕ ده‌كاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بزافه‌كه‌ی له شێوه‌ی حزبێكی سیاسیی ئاشكرادا رابگه‌یه‌نێت به‌تایبه‌ت كه زیاتر له 21 ساڵ بوو به نهێنی كاریان ده‌كرد و خۆیان له چالاكی سیاسیی ئاشكرا سڕ كردبوو، سه‌رئه‌نجام له رۆژی (6/2/1994) یه‌كگرتووی ئیسلامی له كوردستانی عێراق راده‌گه‌یه‌نێت.
سه‌لاحه‌دین به‌هادین و هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی
سه‌لاحه‌دین به‌هادین، به درێژایی ته‌مه‌نی خۆی به‌شداریی له هیچ چالاكییه‌كی سیاسیی نه‌ته‌وه‌یی نه‌كردووه، پاش ئه‌وه‌ی له خزمه‌تی سه‌ربازیی بۆ داگیركه‌ری به‌عس هه‌ڵدێت و ده‌چێته وڵاتی ئێران، له‌وێش وه‌ك مه‌لا به‌ختیار، له كتێبه نوێیه‌كه‌یدا "تۆتالیتاریزمی رۆحی" ئاماژه‌ی پێداوه، ته‌نیا سه‌رقاڵی ساردكردنه‌وه‌ی خه‌ڵك بووه له شۆڕشی كوردیی و خه‌باتی پێشمه‌رگه‌یاتی، جگه له‌وه‌ش به هه‌موو شێوه‌یه‌ك دژی خه‌باتی هێزه كوردستانییه‌كانی دیكه‌ی سه‌ر گۆڕه‌پانه‌كه بووه، به‌و پێیه‌ی مورشیدی گشتیی ئیخوان و ئیخوان له میسر پێیانوایه شۆڕشی كوردیی دژی یه‌ك پارچه‌یی خاكی عێراقه و ئه‌مه‌ش پیلانی زایونیزمه. چوونكه ئیخوان عروبه به پایه‌یه‌كی سه‌ره‌كیی فكری خۆی له قه‌ڵه‌م ده‌دات و یه‌كه‌م دامه‌زرێنه‌ری ئیخوانیش له كۆنگره‌ی پێنجیی ساڵی (1938) دا له‌و باره‌وه وتوویه‌تی "نه‌ته‌وه‌گه‌رێتی عه‌ره‌ب په‌یامی بانگخوازی ئیخوانه، ئیخوان به غه‌یره عه‌ره‌بیشه‌وه ده‌بێت تێبكۆشێت بۆ یه‌كێتیی خاكی عه‌ره‌ب، بۆچی؟؟ چوونكه ئه‌گه‌ر عه‌ره‌ب زه‌لیل بێت ئیسلام زه‌لیل ده‌بێت".
ته‌نانه‌ت له ساڵی 1991 له كاتی راپه‌ڕینی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان، ئیخوان به‌یاننامه‌یه‌ك ده‌رده‌كات و هێرش ده‌باته سه‌ر ئیراده‌ی خه‌ڵكی كوردستان بۆ ئازادیی و ئه‌وه‌ش به پیلانێكی "شووم"ی زایۆنیزم له قه‌ڵه‌م ده‌دات. ئه‌مه‌ش زیاتر له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا روون ده‌بێته‌وه كه مێژووی 27-4-1991ی له‌سه‌ره. جیا له‌وه‌ش كه‌سێكی وه‌ك "محه‌مه‌د حامد ئه‌بو نه‌سر" كه له‌و ساته‌وه‌خته مێژووییه‌دا رابه‌ری گشتیی ئیخوان بوو، له چه‌ندین بۆنه و شوێنی جیاجیادا هێرشی كرده سه‌ر راپه‌ڕینی به‌هاری كوردستان، پارێزگاریشی له رژێمی سه‌دام به كارێكی پێویست دانا و پشتیوانی خۆی وه‌ك ئیخوان "كه سه‌لاحه‌دین به‌هادینیش ده‌گرێته‌وه" بۆ رژێمی به‌عس دووپاتكرده‌وه.
موسڵیح هه‌رووتی، شاره‌زا له مێژووی یه‌كگرتووی ئیسلامی، باس له هه‌ڵوێسته نانه‌ته‌وه‌ییه‌كانی سه‌لاحه‌دین به‌هادین ده‌كات و ده‌ڵێت "له دژوارترین ئه‌و ماوه درێژه‌ی گه‌لی كورد تیێدا گوزه‌ری كرد، سه‌لاحه‌دین و سه‌ركرده‌كانی ئێستای یه‌كگرتوو كه‌مترین به‌رپرسیاریه‌تی نه‌ته‌وه‌ییان نه‌گرته ئه‌ستۆ، بێباكانه له كونجی ماڵه‌كانیان و ژووری مزگه‌وته‌كان و ژێر خێوه‌تی ئۆردوگاكانی ئێران به‌رهه‌مه‌كانی (حه‌سه‌ن به‌ننا و سه‌ید قوتب و فه‌تحی یه‌كین و ئه‌بو ئه‌علای مه‌ودوودی) یان ده‌ستاوده‌ست ده‌كرد، له بیری په‌ره‌پێدانی بیرۆكه‌ی ئیخواندا بوون، ئه‌وه‌ی بیریان لێنه‌كردبێته‌وه، ئه‌نفال و كیمیاباران و جینۆساید‌كردن و كوشتن و بڕین و هه‌تككردنی شه‌ره‌ف و كه‌رامه‌تی گه‌لی كوردبووه، هه‌میشه به ده‌ستنوێژی سیاسیی له‌سه‌ر به‌رماڵه‌كانیان نزایان بۆ خه‌باتكار و لێقه‌وماو و منداڵه‌كانی بۆسنه و شیشان و ئه‌فغانستان و فه‌له‌ستین ده‌كرد، رۆژێك بیریان له‌و هه‌موو سته‌مه نه‌كردۆته‌وه، كه برا عه‌ره‌به موسڵمانه‌كان به‌رامبه‌ر گه‌لی كورد ئه‌نجامیان ده‌دا".
هه‌روتی ده‌ڵێت "كۆی تراژیدیا و مه‌رگه‌ساته‌كانی گه‌لی كورد كاریگه‌ری نه‌كرده سه‌ر سه‌لاحه‌دین و هاوڕێكانی، تاوه‌كو له پشت په‌رده‌ی ئیخوانی عه‌ره‌بی ئیسلامی، بێنه ده‌ره‌وه و هه‌ڵوێستێكی نه‌ته‌وه‌یی بنوێنن، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه، له رۆژه تاڵه‌كانی پێش راپه‌رینی 1991 له بری ئه‌وه‌ی سه‌لاحه‌دین به‌هادین وه‌كو ئه‌ركێكی نیشتمانی و ئاینی هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی بنوێنێت و بێته مه‌یدانی به‌رگریكردن، به پێچه‌وانه‌وه داوا له مامۆستا مه‌لا عوسمان هه‌ڵه‌بجه‌یی ده‌كات تاكو ده‌ستبه‌رداری خه‌باتی چه‌كداریی بێت و ده‌ستی نه‌چێته خوێنی برا عه‌ره‌به به‌عسییه‌كان، كاتێك مامۆستا داواكارییه‌كه‌ی قبوڵ ناكات، سه‌لاحه‌دین ده‌چێته ئیمارات لای گه‌وره ئیخوان عامر سامه‌ڕایی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته نامه‌یه‌ك دێنێت بۆ مامۆستا مه‌لا عوسمان، كاتێك مامۆستا نامه‌كه ده‌خوێنێته‌وه نامه‌كه ده‌خاته ژێر پێی".
موسڵیح هه‌رووتی، له نووسینێكدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كردووه كه "سه‌لاحه‌دین به‌هادین تاكو ئازادكردنی كوردستان، دوور له ئازار و مه‌ینه‌تییه‌كانی گه‌لی كورد له وڵاتی ئێران ژیاوه سه‌رقاڵی په‌ره‌پێدانی رێكخستنه‌كانی ئیخوان بوو، له كاتی ئازادكردنی كوردستانیشدا خۆی و سه‌ركرده‌كانی تری یه‌كگرتوو به‌شداریكردن له راپه‌رینیشیان به ره‌وا نه‌زانیووه، له كۆڕه‌وه‌كه‌ی ساڵی 1991 كه گه‌لی كورد ئاواره‌ی چیا و سنووره‌كان بوون مه‌رگه‌ساتێكی ئه‌وه‌نده كاریگه‌ربوو ویژدانی وڵاتانی غه‌یره ئیسلامی هه‌ژاند، ئه‌وه‌ی بێ ده‌نگ و بێ هه‌ڵوێست بوو ته‌نیا گه‌وره ئیخوانه‌كان و جامیعه‌ی ئه‌زهه‌ر و شێخ و برا گه‌وره‌كانی سه‌لاحه‌دین بوون، تۆزقاڵێك ویژدان و ئیمانیان نه‌جوڵا، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه رابه‌ری گشتیی ئیخوان موسلیمین له به‌یاننامه‌یه‌كدا پشتیوانی خۆی بۆ رژێمی به‌عس دووپات كرده‌وه".
سه‌لاحه‌دین به ئه‌جیندای محه‌مه‌د مورسی كار ده‌كات
ئیخوان موسلمین رێكخراوێكی جیهانییه، لقی زیاتر له 70 وڵات هه‌یه، راسته هه‌ر لقێك كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندیی و لامه‌ركه‌زییه‌تی خۆی هه‌یه، به‌ڵام هه‌موویان به شێوه‌یه‌كی گشتیی پابه‌ندن به ستراتیژ و به‌رنامه‌ی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینیی ئیخوانه‌وه، چوونكه ئه‌وه‌ی هه‌موویان له ژێر چه‌ترێكدا كۆ ده‌كاته‌وه تێڕوانینه‌كانی حه‌سه‌ن به‌نا و ستراتیجی فه‌رمی ئه‌و رێكخراوه‌یه. بۆیه ناكرێت له كوردستان یه‌كگرتووی ئیسلامی هیچ كارێك بكات پێچه‌وانه‌ی خواستی ئیخوان بێت له میسر یان پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بنه‌مایانه بێت كه ئیخوان كاری له‌سه‌ر ده‌كات. له‌م سۆنگه‌وه ده‌توانین بگه‌یننه دوو ده‌رئه‌نجام. یه‌كه‌م: یه‌كگرتوو هێزێكی كوردستانیی نییه، به‌ڵكو هێزێكی ئیسلامییه له كوردستان كار ده‌كات، هه‌روه‌ك سه‌لاحه‌دین به‌هادین سه‌ركرده‌یه‌كی كوردستانیی نییه، به‌ڵكو سه‌ركرده‌یه‌كی ئیسلامییه له كوردستان كار بۆ ئیخوان ده‌كات. دووه‌م: یه‌كگرتوو بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ مه‌رجه‌عیه‌ته‌كه‌ی كه له میسره ناتوانێت په‌نجه به ئاودا بكات.
ئه‌وه‌نده‌ی ده‌زانین دوو ره‌وتی سه‌ره‌كیی ئیسلامی سیاسیی، نوێنه‌رایه‌تی مه‌یله ئیسلامییه‌كان ده‌كه‌ن له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا، ره‌وتی یه‌كه‌م، كه ده‌توانین به جیهادیی و ته‌كفیرییه‌كان ناوزه‌ده‌یان بكه‌ین، نموونه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتیان له ئه‌فغانستانی سه‌رده‌می تاڵیباندا گه‌یشته لوتكه، به‌ڵام ئه‌م ره‌وته به كه‌وتنی ئه‌فغانستان و هه‌ره‌سیان له عێراق و كوشتنی ئوسامه بن لادن، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین كۆتاییان هاتووه، ئه‌وه له قۆناغی متبووندان. ره‌وتی دووه‌م، بریتییه له ئیخوان، كه دوای ساڵێك كۆتایی به ده‌سه‌ڵاتی هات له میسر. بۆیه ئه‌گه‌ر ته‌ماشای سه‌لاحه‌دین به‌هادین بكه‌ین سه‌ر به ره‌وتی دووه‌مه، كه مورسی ببووه پێغه‌مبه‌رێكی تازه بۆیان. له كاتێكدا ئه‌و سه‌رۆكه ئیخوانه له‌سه‌ر كار لابراوه خه‌ریكبوو میسر به نموونه‌ی ئه‌فغانستان بباته دواوه، بۆیه ده‌كرێ بڵێین بۆ كه‌سێك كه بیه‌وێت له سه‌لاحه‌دین به‌هادین تێبگات با بچێت ته‌ماشای مورسی بكات. ئه‌گه‌ر كه‌سێك ده‌یه‌وێ بزانێت له سایه‌ی حوكمی سه‌لاحه‌دیندا، كوردستان چی به‌سه‌ر دێت؟ با بچێت سه‌یری ئه‌م رۆژه ره‌شانه بكات میسر له یه‌ك ساڵی ته‌مه‌نی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی "مورسی"دا تێیكه‌وتبوو.
خۆ ئه‌گه‌ر كه‌سێك سه‌رسامه به هه‌ڵوێستی سه‌لاحه‌دین كه دوای 25 ساڵ ده‌ستبه‌رداری رابه‌رایه‌تی ئیخوان بوو له كوردستان، ده‌بێت له بیرمان نه‌چێت ئه‌وه‌ش له ژێر فشاردا بووه. هه‌روه‌ك نووسه‌ر "محه‌مه‌د هه‌ریری" ده‌ڵێت "هه‌تا ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی ئه‌مینداری یه‌كگرتوو له خۆ كاندید نه‌كردنه‌وه‌ی بۆ پۆسته‌كه‌ی، كه زیاده‌ڕه‌ویی كرا له وه‌سفكردنی به زه‌ماوه‌ندی دیموكراسی، به رای زۆربه‌ی چاودێران كۆتایی هات به هه‌ڵبژاردنێكی ئاڕاسته‌كراو له‌لایه‌ن خودی ئه‌میندار و هه‌ڵبژاردنی كه‌سێكی ناكاریگه‌ر و دۆست و خزمی خودی ئه‌میندار كه له به‌ره‌ی موحافیزكاره‌كانه، بۆ رێگه‌گرتن له هه‌ڵبژاردنی كه‌سێك له كاته سه‌خته‌كان ده‌نگی ناڕه‌زایی هه‌قیقی هه‌ڵبڕێ له دژی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی ئه‌میندار و كێشه‌گه‌لێكی تریش، له‌وانه‌ش هادی عه‌لی به‌رپرسی پێشووی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كگرتوو كه له شه‌شه‌مین كۆنگره‌ی حزبه‌كه‌یدا یه‌كێك بوو له پاڵێوراوانی پۆستی ئه‌مینداریی، به‌ڵام نه‌یتوانی ده‌نگی پێویست بێنێ، راپۆرته‌كه‌ی ئه‌مینداریش وشه‌ی نهێنی بوو بۆ ئه‌ندامه‌كان تا ده‌نگ نه‌ده‌ن به هادی عه‌لی".
ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ر تایتڵی سه‌رباسه‌كه‌مان و ده‌ڵێم سه‌لاحه‌دین به‌هادین كار به ئه‌جیندای مورسی سه‌رۆكی له‌سه‌ر كار لابراوی میسر ده‌كات و له باشترین حاڵه‌ته‌دا ناتوانێت نموونه‌یه‌كی له‌و باشتر بێت. ده‌بینین میسر ئه‌وه‌نده‌ی له ماوه‌ی یه‌ك ساڵی ده‌سه‌ڵاتی مورسی زیانی پێگه‌یشت له زه‌مه‌نی فیرعه‌ونه‌كانه‌وه پێی نه‌گه‌یشتووه. هه‌ر وه‌ك پرۆفیسۆر مایكل سینگ به‌ڕێوه‌به‌ری كارگێڕیی ئامۆژگای واشنتۆن بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له توێژینه‌وه‌یه‌كدا ئاماژه‌ی پێكردووه، كه به چه‌ند خاڵێك سیمای میسری ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئیخوان موسلمینمان بۆ وێنا ده‌كات:
1. له‌و ماوه‌یه‌ی ئیخوانه‌كان له میسر حكومڕانی ده‌كه‌ن رێژه‌ی بێكاریی گه‌یشتۆته 13%، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه 8500000 بێكار له میسر بوونی هه‌یه.
2. به‌هۆی ئه‌و ناسه‌قامگیرییه‌ی حكومڕانی ئیخوانه‌كان له میسر درووستیان كردووه، ته‌نیا له‌بواری وه‌به‌رهێنان و به‌پێی ئاماره‌كانی بانكی ناوه‌ندیی میسر زیاتر له 3. 3 ملیار دۆلار زه‌ره‌رمه‌ند بووه.
3. پێش حكومڕانیی ئیخوانه‌كان 5. 8 جونه‌ی به‌رامبه‌ر یه‌ك دۆلار بووه، ئێستا 7. 3 جونه‌ی به‌رامبه‌ر به دۆلارێكه، ئه‌مه‌ش بۆته هۆكار كه یه‌ده‌گی نه‌ختی میسر له 37 ملیار دۆلاره‌وه دابه‌زێت بۆ 13. 5 ملیار دۆلار.
4. عه‌جزی میزانییه‌ی میسر كه ئێستا 17 ملیار دۆلاره، پێشبینی ده‌كرێت تا مانگی ته‌مموزی دادێ بگاته 34 ملیار دۆلار.
5. وه‌زاره‌تی گه‌شت و گوزاری میسر به داتا رایاگه‌یاندووه له سایه‌ی حكومڕانیی ئیخوانه‌كان، كه‌رتی گه‌شت و گوزاری میسر 2. 5 ملیار دۆلار زه‌ره‌رمه‌ند بووه، به‌پێی راپۆرتی كۆڕبه‌ندی ئابووری جیهانیش، ئێستا میسر مه‌ترسیدارترین شوێنه بۆ گه‌شتیاران.
خه‌ونه‌كه‌ی سه‌لاحه‌دین به‌هادین تێكشكا
به پێی زانیارییه‌كان، سه‌لاحه‌دین به‌هادین پاڵێورای یه‌كگرتوو و یه‌كێك بوو له كاندیده‌كانی ئۆپۆزیسیۆن بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم. هه‌رچه‌نده روون نییه تا ئێستا هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ده‌كرێت یان نا؟ چوونكه رۆژی 30-6-2013 په‌رله‌مانی كوردستان به زۆرینه‌ی ده‌نگ ولایه‌تی مه‌سعود بارزانی بۆ دوو ساڵی تر درێژ كرده‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا سه‌لاحه‌دین به‌هادین چاوی له‌وه‌یه له هه‌ر ده‌رفه‌تێكدا خۆی بۆ ئه‌و پۆسته باڵایه كاندید بكات، به‌ڵام به پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی له چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌ته‌وه به ئێمه گه‌یشتووه، جه‌ماوه‌ری گۆڕان رازی نین، نه‌وشیروان مسته‌فا بۆ سه‌لاحه‌دین به‌هادین پاشه‌كشه بكات له خۆ كاندیدكردن، له‌لایه‌كی تریشه‌وه كۆمه‌ڵی ئیسلامی ئاماده نین كار بكه‌ن یان ده‌نگ بده‌ن بۆ سه‌لاحه‌دین به‌هادین.
پێشتریش، نازم عه‌بدوڵڵا، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی كۆمه‌ڵ، وه‌كو ئاماژه‌یه‌ك بۆ پشتیوانی نه‌كردنیان له سه‌لاحه‌دین به‌هادین ئه‌وه‌ی راگه‌یاند بوو "ئه‌گه‌ری دیاریكردنی كاندیدێك له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵی ئیسلامییه‌وه بۆ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ئه‌گه‌رێكی به‌هێزه و ده‌رگاش بۆ كاندیدی دوو لایه‌نه‌كه‌ی تری ئۆپۆزسیۆنیش كراوه‌یه". ئه‌م لێدوانه كه پێش رۆژی 30-6-2013 بوو، ئاماژه‌یه‌كی روونه كه هیچ ئاماده‌ییه‌ك له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵی ئیسلامییه‌وه نییه بۆ ده‌نگدان به سه‌لاحه‌دین به‌هادین، هه‌روه‌ك پێشتر به ئاشكرا ره‌تیانده‌كرده‌وه ده‌نگ به نه‌وشێروان بده‌ن.
له‌لایه‌كی تریشه‌وه دڵشاد گه‌رمیانی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی كۆمه‌لی ئیسلامی و به‌رپرسی باڵی سه‌ربازیی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان ده‌ڵێت سه‌لاحه‌دین به‌هادین ئه‌سپێكی شل و خاوه بێ پشتیوان و گیرفان به‌تاڵه، ناكرێت ببێته سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، چوونكه ئه‌م پۆسته شایسته‌ی ئه‌و نییه ببێته سه‌رۆكی كوردستان. ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد من بێ ترس و هیچ گومانێك ئه‌وه ده‌ڵێم بۆ مێژوو، ده‌نگدانیش به نه‌وشێروان مسته‌فا گوناهێكه له گوناهه گه‌وره‌كان. بۆیه له هه‌ردوو باره‌كه‌دا ئه‌گه‌ر مه‌سعود بارزانی رازی ببێت به درێژكردنه‌وه‌ی ولایه‌ته‌كه‌ی یان هه‌ڵبژاردن بكرێت. سه‌لاحه‌دین به‌هادین هیچ شانس و گره‌نتییه‌كی نییه بۆ ئه‌وه‌ی له خۆ كاندیدكردنی بۆ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم سه‌ربكه‌وێت، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه ده‌بێته نوكته‌ی سیاسیی.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
