-
* سه‌لاحه‌دین به‌هادین هه‌رگیز ناتوانێت ببێت به شۆڕشگێڕ
-
*یه‌كگرتووی ئیسلامی لایه‌نێكی كۆنه‌پارێزی سونیگه‌رای هه‌لپه‌رسته
-
*ماوه‌ی نیو سه‌ده بۆ یه‌ك جاریش ئیخوان باسی مافی كوردی نه‌كردووه
-
*ئه‌گه‌ر ئیخوان یه‌ك بست به‌ره‌و پیری شۆڕشی ئه‌یلول بچوونایه، بارزانی یه‌ك فرسه‌خ لێیان ده‌چووه پێش
-
*وا چاكتر بوو سه‌لاحه‌دین به‌هادین، لباكه‌ی له‌سه‌ر داهاتی حزبه‌كه‌ی هه‌ڵنه‌گرێ
"تۆتالیتاریزمی رۆحی و ئه‌ركه‌كانیی رۆشنگه‌ری هاوچه‌رخ" ناونیشانی تازه‌ترین كتێبی "مه‌لا به‌ختیار" كه ته‌رخانه بۆ "هه‌ڵسه‌نگاندنی راپۆرتی ئه‌میندار
ی یه‌كگرتووی ئیسلامی" بۆ شه‌شه‌مین كۆنگره‌ی یه‌كگرتوو. ئه‌م كتێبه به‌م دواییانه و له ناوه‌ڕاستی مانگی ئایار به تیراژی 3000 دانه كه‌وته به‌رده‌ستی خوێنه‌ران. كتێبه‌كه‌ش پێكهاتووه له چوار به‌شی سه‌ره‌كیی كه هه‌ر به‌شێك چه‌ند سه‌رباسێكی له خۆگرتووه، له‌گه‌ڵ پاشكۆیه‌كی تایبه‌ت كه ده‌قی راپۆرته‌كه‌ی ئه‌مینداری پێشووی یه‌كگرتوو "سه‌لاحه‌دین به‌هادین"ه بۆ شه‌شه‌مین كۆنگره‌ی یه‌كگرتوو.
مه‌لا به‌ختیار به درێژایی 286 لاپه‌ڕه ره‌خنه‌ی جیددی و توند و خاڵ به خاڵ، له دیدی سه‌لاحه‌دین به‌هادین ده‌گرێت. ره‌خنه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌ن ئاڕاسته كراون. بۆ نموونه له لاپه‌ڕه 23 له ژێر تایتڵی "رێزمان و كۆنگره و قه‌ده‌ر" ره‌خنه‌ی زمانه‌وانی له راپۆرته‌كه‌ی سه‌لاحه‌دین به‌هادین ده‌گرێت و ده‌نووسێت "با له‌وه‌وه ده‌ستپێبكه‌ین كه ئه‌میندار و ته‌واوی دروشم و نووسینه‌كانی شه‌شه‌مین كۆنگره له میدیاكانی یه‌كگرتوودا، به هه‌ڵه ناونراوه (كۆنگره‌ی شه‌شه‌می یه‌كگرتوو) له كاتێكدا له رووی رێزمانی كوردییه‌وه راسته‌كه‌ی (شه‌شه‌مین كۆنگره‌ی یه‌كگرتوو) ه".
مه‌لا به‌ختیار له لاپه‌ڕه "49" ره‌خنه له سیاسه‌تی ئیخوان به گشتیی و ئیخوانی كوردیی به تایبه‌تی ده‌گرێت كه به درێژایی چه‌ندین ده‌یه له به‌رانبه‌ر تاوانه‌كانی به‌عس بێده‌نگ بوون و چالاكی سیاسیی خۆیان هه‌ڵپه‌سارد. ته‌نانه‌ت سه‌رسوڕمانی خۆی ده‌رده‌بڕێت كه ساڵانێك به‌رامبه‌ر به‌و هه‌موو كرده‌وه نامرۆڤانه‌ی به‌عس چاوپۆشیان كردووه و ئێستاش "بۆ قوربانیانی جه‌نگه‌كانی له ناوبردنی فاشیسته‌كان، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌شكری بۆ رووخاندنیان ناردووه، هۆن هۆن فرمێسكیان لێ داده‌چۆڕێ".
له درێژه‌ی هه‌مان باس‌دا، له لاپه‌ڕه "50"دا ده‌نووسێ "ئیخوانه‌كانی عێراق چۆن له 1972-2003 سی و یه‌ك ساڵی ره‌به‌ق، به‌رامبه‌ر هه‌موو تاوانه‌كان به‌عس، له سه‌راپای عێراقدا چالاكیان هه‌ڵپه‌سارد و به هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی به‌عس كه ته‌واوی حیزبه‌كانی به یاسای (مه‌جلیسی قیاده‌ی سه‌وره) قه‌ده‌غه كرد. ئیدی ئه‌مانه جوڵه‌ی سیاسیان بڕا. یه‌كگرتووی ئیسلامیش چلۆن له ساڵی 1972-1994 به ره‌سمی وه‌كو هێزێكی سیاسیی، ئه‌مانیش بیست و دوو ساڵی ره‌به‌ق، هه‌مان سیاسه‌تی ئیخوانه‌كانی عێراقیان په‌یڕه‌و كرد و خۆیان هه‌ڵپه‌سارد".
نووسه‌ر، له لاپه‌ڕه 52-58 له ژێر سه‌رباسی "كام میانڕه‌و؟"، گوومان ده‌خاته سه‌ر میانڕه‌ویی یه‌كگرتوو وه‌ك به‌شێك له ئیخوان. له لاپه‌ڕه 56یشدا ده‌نووسێت "له قۆرغكردنی ناكۆكی نێوان جیهانی ئیسلامی‌دا، پێموایه، ئه‌و لایه‌نه‌ی خۆیان به میانڕه‌و ده‌زانن، سه‌له‌فیتر و چالاكتربوون له دژایه‌تی حزبایه‌تی و عه‌قیده‌شدا، به ناو میانڕه‌وه‌كان، كاریگه‌رتر و به‌هه‌ڵمه‌تترن، ته‌نیا شێوازی كاركردنیان ده‌گۆڕێ. ئه‌گینا به ئه‌سپایی، سه‌له‌فیه‌ت بڵاو ده‌كه‌نه‌وه و نه‌رم نه‌رمیش پێشكه‌وتن بۆ دواكه‌وتن ده‌گۆڕن. گه‌ر له باری ئه‌ركه دیموكراسییه‌كان و گۆڕانكاریی قۆناغه‌كانیش، سه‌یری ئه‌و لایه‌نانه بكه‌ین كه گوایه میانڕه‌ون، ئه‌مانه له ناو كۆمه‌ڵ و له فریودانی رای گشتیی موسڵماناندا، مه‌ترسیدارتر و زۆرتر و فراوانتر دوژمنی دیموكراسین". بۆ روونكردنه‌وه‌ی ئه‌مه‌ش مێژوو و ئه‌زموونی كاركردن ره‌وتی ئیخوان به نموونه ده‌هێنێته‌وه.
له لاپه‌ڕه "68" مه‌لا به‌ختیار، ئاماژه به‌وه ده‌دات كه ئیسلامی سیاسیی به گشیی و ئیخوان به تایبه‌تی سه‌ركردایه‌تی راپه‌ڕینه‌كانی وڵاتانی عه‌ره‌بیان نه‌كردووه، به‌ڵكو ئه‌وان كه زانییان گڵۆڵه‌ی رژێم روو له لێژییه، هه‌له‌كه‌یان بۆ سوودی خۆیان قۆسته‌وه و هاتنه ناو خۆپیشانده‌ران. بۆیه ده‌نووسێت "كاتێك ئیخوان موسلمینه‌كان زانییان راپه‌ڕینه‌كه ناوه‌ستێ و رژێم ناتوانێ سه‌ركوتی بكات، هه‌نگینێ به‌ره به‌ره هاتنه ناو راپه‌ڕینه‌كه. كاتێكیش ئیخوانه‌كان وه‌ك سه‌له‌فیگه‌رایی ناڤین بۆ ماوه‌یه‌ك سه‌نگی خۆیان و مۆركی ئیخوانه‌كانیان دا له راپه‌ڕینه‌كه، سه‌له‌فیگه‌را تونده‌ڕه‌وه‌كانیش كه پێشتر ده‌یانگووت توخنی سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵات ناكه‌وین، ئه‌وانیش ورووژان و رژانه ناو خه‌ڵكه‌كه‌وه".
له لاپه‌ڕه 77 به دواوه، ره‌خنه‌ی توند له‌م په‌ره‌گرافه‌ی راپۆرته‌كه‌ی ئه‌مینداری پێشووی یه‌كگرتوو "سه‌لاحه‌دین به‌هادین" ده‌گرێ كه ده‌ڵێ "ئه‌م ئه‌ركه ده‌خوازێ خۆی رێكبخات بۆ پێشه‌نگی بزافێكی میللی گه‌وره و فراوان له ئاست سیستمی حوكمڕانی و ده‌سه‌ڵاتداریدا".
مه‌لا به‌ختیار له شیكردنه‌وه و ره‌خنه‌گرتن له‌م په‌ره‌گرافه ده‌نووسێت "مامۆستا ئه‌و قسانه بۆیه ده‌كات، هه‌تا بڵێ: ئیسلامییه‌كان جڵه‌وی بزووتنه‌وه‌یه‌كی فراوان ده‌گرنه ده‌ست و له ده‌ستیشیان ده‌رناچێ، هه‌ر بۆیه دوور و نزیك خۆی له قه‌ره‌ی دیموكراسیی و ئازادیی و ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات نادات. ناڵێ له دوای رووخاندنی حكوومه‌تی دژه دیموكراسی موباره‌ك، حكوومه‌تێكی دیموكراسی پێویسته بێته سه‌ركار و كاره‌كان راپه‌ڕێنێ، بۆ چه‌ند وشه‌یه‌كیش بێ، توخنی دیموكراسی، ئازادیی، مه‌ده‌نیه‌ت، نوێگه‌ریی (باسی عه‌لمانیه‌ت هه‌ر ناكه‌ین) سه‌ربه‌ستی و یه‌كسانی ژن و پیاو، عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی. تاد باسی ئه‌م ئامانجانه كه گه‌وهه‌ری ستراتیجی دیموكراسی و پێناسه‌ی سه‌رده‌مه‌كه‌ن، كه‌م و زۆر باسیان ناكات و نایانبه‌ستێته‌وه به (بزافێكی میللی گه‌وره) ه‌وه. . كه ئه‌مه‌ش مه‌ترسیدارترین سیاسه‌تی ئیخوانه‌كانه".
سه‌باره‌ت به دیدی سه‌لاحه‌دین به‌هادین، ئه‌مینداری پێشووی یه‌كگرتووی ئیسلامی، له باره‌ی راپه‌ڕینه‌كانی وڵاتانی عه‌ره‌بی و به‌ستنه‌وه‌ی به دۆخی هه‌رێمی كوردستانه‌وه. مه‌لا به‌ختیار، ده‌نووسێت قسه‌كانی سه‌لاحه‌دین به‌هادین ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نن "17ی شوبات، كۆپی نه‌بووه، وزه و هیوا و ئومێد گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ میلله‌ت، ده‌سه‌ڵاتی كوردستانیش راچڵه‌كیون، چوونكه له رووی بابه‌تییه‌وه وه‌كو هه‌مان ده‌سه‌ڵاته‌كانی رۆژهه‌ڵاتن. ئه‌م ده‌سته‌واژانه یان وشانه له خۆڕا به‌كار نه‌هاتوون. ئه‌میندار ده‌یه‌وێ بڵێ: ئه‌وه‌ی كردوومانه راست و دروست بووه، ئه‌گه‌ر ده‌ستبه‌جێ ئه‌نجامه گشتییه‌كه‌ی نه‌هاتۆته دی، بێگوومان له رێڕه‌وی رووداوه‌كانی رۆژهه‌ڵاتدا، یام هه‌روه‌كو ئیسلامگه‌راكان پێیانخۆشه له‌ناو (به‌هاری عه‌ره‌بی) دا به‌رنامه‌یان هه‌یه، ئه‌وانیش ده‌سه‌ڵاته‌كان بگۆڕن".
له لاپه‌ڕه 108دا، نووسه‌ر ره‌خنه‌كانی توند و چڕ ده‌كاته‌وه و به وردیی دیدی سه‌لاحه‌دین به‌هادین له باره‌ی شۆڕش و شۆڕشگێڕییه‌وه ده‌خاته ژێر نه‌شته‌ری ره‌خنه‌وه، ته‌نانه‌ت تاوانباریشی ده‌كات كه ئه‌مینداری پێشووی یه‌كگرتوو، له قۆناغی خه‌باتی شاخی گه‌لی كورددا، رۆڵێكی نه‌رێنی بینیوه له ساردكردنه‌وه‌ی وره‌ی خه‌ڵك و پێشمه‌رگه و هه‌ستی شۆڕشگێڕانه‌ی نه‌وه‌كانی ئه‌وسای كوردستان.
مه‌لا به‌ختیار له‌م باره‌وه ده‌نووسێت "نازانم ئه‌میندار چۆن له ده‌سته‌واژه‌ی شۆڕشگێڕ و شۆڕشگێڕێتی تێگه‌یشتووه، بریا جه‌نابی تێگه‌یشتنی خۆی و یه‌كگرتووی له‌سه‌ر چه‌مكی شۆڕش رۆشن بكردایه‌ته‌وه. هه‌نگینێ باشتر ده‌مانتوانی مشتومڕی له‌گه‌ڵدا بكه‌ین، به‌ڵام ئێستا ئه‌و ده‌سته‌واژه‌كه‌ی به‌بێ روونكردنه‌وه‌ی چه‌مكی شۆڕشگێڕ به‌كارهێناوه، هه‌تا به حسابی خۆی، جگه له خۆی و یه‌كگرتوو، به‌ڵك بتوانێ خه‌ڵكی تریش، به تایبه‌تی لاوان له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا بخاته ژێر كاریگه‌ریی سیاسه‌تی ئیسلامگه‌راییه‌وه".
مه‌لا به‌ختیار زیاتر درێژه به قسه‌كانی ده‌دات و نووسیوویه‌تی "سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی دیدێكی له‌سه‌ر شۆڕشگێڕ ده‌رنه‌بڕیوه و سه‌رباری ئه‌وه ده‌مێكه، پێش راگه‌یاندنی یه‌كگرتووش، هه‌ر له ئێرانه‌وه، پێش راپه‌ڕینیش، دوای كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال، ئێمه ده‌زانین ئه‌م ئه‌مینداره، چه‌ند رقی له شۆڕشگێڕ و شۆڕشگێڕه‌كانی كوردستان بووه و ئۆردوگا به ئۆردوگا ده‌گه‌ڕا، هه‌تا خه‌ڵك له شۆڕش و شۆڕشگێڕێتی هه‌ڵگێڕێته‌وه و چه‌كی پێشمه‌رگانه و به‌ره‌نگارییان پێ فڕێ بدات".
له لاپه‌ڕه "109"دا نووسه‌ر، بێ هیچ پێچ و په‌نایه‌ك، رووی ده‌می ده‌كاته ئه‌مینداری پێشووی یه‌كگرتووی ئیسلامی و ده‌نووسێ "تازه تازه، ئه‌مینداری ئیسلامگه‌را، هه‌رگیز ناتوانێ ببێته شۆڕشگێڕ، چوونكه ئه‌و ئایدۆلۆژییه‌ت و ستراتیژه‌ی باوه‌ڕی پێیه‌تی، هه‌ر زۆر دووره له شۆڕشگێڕێتی. كه نه‌شتوانێ ببێته شۆڕشگێڕ، بێگوومان، جگه له حزبه‌كه‌ی و ئیخوان و هه‌ندێ لایه‌نی ئیسلامگه‌را، كه ده‌توانێ په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵدا به‌رده‌وام ببه‌ستێ و ئامانجی هاوبه‌شیشی هه‌بێ له‌گه‌ڵیاندا، هه‌رگیز ناتوانێ له‌گه‌ڵ هێزه شۆڕشگێڕه‌كان په‌یوه‌ندیی ببه‌ستێ و بیبه‌ستێته‌وه به هه‌رێم و گه‌لی كوردستانه‌وه".
له لاپه‌ڕه "115"دا، مه‌لا به‌ختیار شرۆڤه‌ی چه‌مكی ئازادیی ده‌كات له روانگه‌ی ئه‌مینداری پێشووی یه‌كگرتووه و پێیوایه تا ئه‌قڵ و ویژدان و هزر ئازاد نه‌كرێ بێگوومان چاوگه‌كانی ئه‌قڵ وه‌كو كوێره كانی ده‌مێنێته‌وه و ده‌شنووسێت "دڵنیاین كه باسی ئازادیی ده‌كات، ئازادیی به‌وه تێگه‌یشتووه، خه‌ڵك له ئازادیی دونیایی دوور بخاته‌وه و بیخاته فه‌زای ئازادیی رۆحی و ئازادیی ئاین و مه‌زهه‌بی و نوقمیان بكات له تێكسته‌كانی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست، ئه‌مه‌ش نه‌ك خزمه‌تی ئازادیی ناكات، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئازادیی مه‌ترسیداریشه".
سه‌لاحه‌دین به‌هادین له راپۆرته‌كه‌یدا، ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان به دیكتاتۆریی ناو ده‌بات، له وه‌ڵامی ئه‌م تێڕوانینه‌ی ئه‌مینداری پێشووی یه‌كگرتوودا، مه‌لا به‌ختیار نووسیوویه‌تی "حزبێك بگاته ئه‌و باوه‌ڕه كه ده‌سه‌ڵاتێكی دیكتاتۆر له‌سه‌ر كاره، بێگوومان ده‌بێ پێناسه‌ی دیكتاتۆرییه‌تی هه‌بێ، كه پێناسه‌شی بوو، به‌رنامه‌ی به‌رامبه‌ری ده‌بێ، كه به‌رنامه‌ی بوو، خه‌بات بۆ به‌دیهێنانی ده‌كات. نازانین ئه‌میندار تا چه‌ند پێناسه‌ی دیكتاتۆرییه‌تی لای خۆی یان یه‌كگرتوو ساغكردۆته‌وه، به‌ڵام ئێمه هه‌ر هێنده ده‌ڵێین، له‌م مۆری دیكتاتۆرییه‌ت پێ نانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كوردستاندا، هه‌ڵه‌یه‌كی سیاسیی گه‌وره‌ی كردووه، هیچ نه‌بێت نمه‌كی ئه‌وه بیگرتبا، كه كۆنگره‌كه‌یان له پایته‌ختی كوردستاندا به ئاشكرا به‌ستووه و راسته‌وخۆش دانیشتنه‌كانی په‌خش كران".
له لاپه‌ڕه "129"دا له روونكردنه‌وه‌ی زیاتری هه‌ڵوێسته نه‌رێنییه‌كانی یه‌كگرتوو و سیاسه‌تی دووفاقیان له پرۆسه سیاسییه جۆراوجۆره‌كاندا. مه‌لا به‌ختیار ده‌نووسێت "خۆ ئه‌گه‌ر ساڵنامه‌ی ساڵانی پێشووی ململانێ سیاسییه‌كان هه‌ڵبده‌ینه‌وه، راستیگه‌لێك خۆیان ده‌نوێنن، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه: یه‌كگرتوو له دامه‌زراندنییه‌وه، لایه‌نێكی كۆنه‌پارێزی سونیگه‌رای هه‌تا رادده‌یه‌ك هه‌لپه‌رستیش بووه. له‌گه‌ڵ پارتی به‌شێوه‌یه‌ك، له‌گه‌ڵ یه‌كێتی به‌شێوه‌یه‌كی تر، له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی تریشدا، شێوه‌ی جۆراوجۆر. ئه‌گه‌ر له‌مه‌یاندا هه‌تا رادده‌یه‌ك ئاسایی بێ كه حزبێك به به‌رنامه و تاكتیكی جۆراوجۆر هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ حزبه‌كانی تردا بكات، به‌ڵام ستراتیژی یه‌كگرتوو له‌سه‌ر سیستمی دیموكراسی، مه‌ده‌نیه‌ت، ئازادیی، ستراتیژێكی گونجاو له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كاندا نه‌بوو. ئه‌مانه به‌پێی به‌رنامه‌ی ئیخوانی، ئه‌وه‌ی كه زۆرتر لایان مه‌به‌ست بوو، به‌هێزكردنی حزبه‌كه‌یان و قۆزتنه‌وه‌ی هه‌لومه‌رج و هه‌له‌كان بوو".
له لاپه‌ڕه "150" نووسه‌ر نووسیووێتی "هه‌ڵبه‌ت، یه‌كگرتوو له مێژووی خۆیدا، له‌وساوه سه‌ركرده و كادره‌كانی به‌شێك بوون له سیستمی حزبی و ئایدۆلۆژیی ئیخوانه‌كان. هه‌تا ساڵی 1994 كه خۆیان راگه‌یاندووه، كه ئه‌مه نزیكه‌ی نیو سه‌ده‌یه له مێژووی عێراقدا، ئیخوانه‌كان چ وه‌ك ره‌وتی سیاسیی و چ وه‌ك رێكخستن، دوور و نزیك بۆ یه‌ك جاریش له به‌رنامه‌ی خۆیاندا، باسی مافی كوردیان نه‌كردووه و توخنی فیدراڵیش هه‌ر نه‌كه‌وتوون".
له لاپه‌ڕه 154-155دا، مه‌لا به‌ختیار ره‌خنه له سیاسه‌تی یه‌كگرتووی ئیسلامی ده‌گرێت كه نه‌یتوانیوه هه‌ڵوێستی هه‌بێت له به‌رامبه‌ر ئه‌و هێرشه تیرۆریستییانه‌ی كراونه‌ته سه‌ر یه‌كێتی "دیاره مه‌به‌ستی په‌لاماره‌كانی ئه‌نسارولئیسلامه"، به‌ڵام هه‌ڵوێستی یه‌كێتی پێچه‌وانه بووه. پاشان نووسیووێتی "هاوپه‌یمانی ستراتیژیی نێوان پارتی- یه‌كێتی گرنگتر بوو یان رێككه‌وتنی تاكتیكی نێوان ئۆپۆزیسیۆن؟. وه‌ڵامه‌كه‌ی بۆ ئه‌میندار و سه‌ركردایه‌تی نوێی هه‌ڵبژێردراوی شه‌شه‌مین كۆنگره‌ی یه‌كگرتوو جێدێڵین، كه ئه‌مینداری پێشوویان به‌م راپۆرته هه‌تا كۆنگره‌ی ئاینده له قاڵبی داون و باڵی ریفۆرمیشی هاڕیوه".
نووسه‌ر، له لاپه‌ڕه 188-198 له ژێر سه‌رباسی "كام كوردایه‌تی یه‌كگرتوو؟" ره‌خنه له مێژووی یه‌كگرتوو ده‌گرێت وه‌ك به‌شێك له رێكخراوی ئیخوان، كه به درێژایی دیرۆكی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كوردستان بێ هه‌ڵوێست بوون. له لاپه‌ڕه "191" ده‌نووسێت "سه‌ركرده و كادره بنچینه‌ییه‌كانی یه‌كگرتوو، ریشه‌ی سیاسی‌یان بۆ په‌نجاكانی ده‌وڵه‌تی سه‌پێنراوی عێراق شۆڕ ده‌بێته‌وه. له په‌نجاكاندا كوردایه‌تی له‌لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه رابه‌رایه‌تی ده‌كرا، خه‌باته سیاسییه‌كه‌ش ئاوێته‌ی خه‌باتی نیشتمانی و دیموكراسی دژی كۆلۆنیالیزم و پاشایه‌تی بووبوو. په‌رۆشین، یه‌كگرتوو، به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كمان بۆ بخاته‌ڕوو كه هه‌نگینێ ئیخوانه‌كانی عێراق یان كورده‌كانی ناو ئیخوان، ته‌نانه‌ت بۆ یه‌ك جاریش باسی كورد و كوردایه‌تیان كردبێ و له‌سه‌ر كێشه‌ی كوردستان هه‌ڵیاندابێ، ته‌نها به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی چه‌ند دێڕیش بێت (لبیك) یان پێ ده‌ڵێین".
له لاپه‌ڕه‌ی دواتریش، نووسیووێتی "له‌و ده‌ورانه‌ش ده‌بورین و دێینه سه‌ر شۆڕشی ئه‌یلول، ده‌ی به‌ڵكو لێره‌دا به‌ڵگه‌ی كوردایه‌تی یه‌كگرتوومان ده‌ستبكه‌وێ، مه‌خابن سه‌رانسه‌ری شۆڕشی ئه‌یلول بپشكنین، یه‌ك هه‌ڵوێستی سیاسیی ره‌سمی ئیخوانه‌كان و هی كورده ئیخوانه‌كان، به‌ڵكو هی ته‌واوی ئیخوانه‌كانی جیهانیش ده‌ستناكه‌وێ گه‌واهی له‌سه‌ر كوردایه‌تی یه‌كگرتوو بدات. ئه‌مه له كاتێكدا سه‌رۆكی پارتی و رابه‌ری شۆڕشی ئه‌یلول، بارزانی ره‌حمه‌تی، پیاوێكی دیندار و سونی و نه‌قشی بوو، ئیخوان یه‌ك بست به‌ره‌و پیری شۆڕشه‌كه چووبان، به دڵنیاییه‌وه بارزانی یه‌ك فرسه‌خیان لێ ده‌چووه پێش".
له باره‌ی گه‌نده‌ڵی و شه‌فافیه‌تی یه‌كگرتوو له رووی داراییه‌وه، مه‌لا به‌ختیار وه‌ڵامی سه‌لاحه‌دین به‌هادین ده‌داته‌وه و ده‌نووسێت "له‌م پێودانگه‌وه – به‌رای ئێمه- پێویسته یه‌كگرتوو، باس له گه‌نده‌ڵی و (ده‌رد و داوی دارایی) بكات. به‌م پێیه‌ش بێت، ئه‌گه‌ر یه‌كگرتوو مانگانه سه‌رچاوه داراییه‌كانی له حكوومه‌ت یان ده‌ره‌وه‌ی وڵات، شه‌فافانه ئاشكرا كردبێ، راده‌ی داهاتیان، سامانیان، هاوكارییان، كۆمه‌كی مانگانه‌یان، ئابوونه‌دانی ئه‌ندام، دۆستان و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانیان و پڕۆژه ئابوورییه‌كانیان، ئه‌گه‌ر تێكڕا ئه‌و سه‌رچاوه داراییه‌یان، مانگانه یان وه‌رزانه، با خاتریان بگرین ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ساڵانه‌ش ئاشكرا كردبێ و خستبێته به‌رده‌م چاودێریی دارایی حكوومه‌ت یان رای گشتیی، هه‌نگینێ ده‌شێ ئه‌میندار شانازیی به پاكێتی یه‌كگرتووه‌وه بكات، به‌ڵام كه یه‌كگرتوو پرۆسه‌ی شه‌فافیه‌تی وای نه‌بووبێ، وا چاكتر بوو ئه‌میندار، لباكه‌ی له‌سه‌ر داهاتی حزبه‌كه‌ی هه‌ڵنه‌گرێ، هه‌تا ئه‌و رۆژه‌ی لیژنه‌یه‌كی ئه‌ستۆپاكی حكوومه‌ت یان بێلایه‌ن، ته‌واوی سه‌رچاوه‌كانیان ئاشكرا ده‌كات و ئه‌ویش پشتی پێ ببه‌ستێ بۆ راپۆرتی شه‌فافی دارایی یه‌كگرتوو".
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
