عێراق و تیۆری فه‌وزای دروستكه‌ر ...ستیڤان شه‌مزینی
تیۆری فه‌وزای دروستكه‌ر، تیۆرێكی سیاسیی، فه‌لسه‌فیی دێرینه، بۆ یه‌كه‌مین جار ئه‌م چه‌مكه له‌لایه‌ن "ئه‌فلاتۆن" گوزارشتی لێكراوه، به‌ڵام له هه‌نووكه‌دا ئه‌و بیرۆكه‌یه سترۆكتۆری ستراتیجی ئه‌مه‌ریكایه بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست."مایكڵ لیدن" له په‌یمانگای "ئه‌مه‌ریكا ئه‌نته‌رپرایز" و كه‌سایه‌تی ناسراوی ناو گروپی نیو كۆنسه‌رڤاتیزم.یه‌كه‌م كه‌س بوو هه‌ستا به فۆرمۆڵه و سیاغه‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و تیۆره.ناوه‌ڕۆكی ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ش بریتییه له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌موو جێگه و جوگرافیایه‌ك كه به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان مایه‌ی مه‌ترسی بێت بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا، كه به‌پێی ئه‌م تیۆره ده‌بێت له رێگه‌ی پرۆسه‌ی "هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه" پاشان "دروستكردنه‌وه" ئه‌و مه‌ترسییانه لاببرێن.
گومانی تیا نییه ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێ ئه‌م ناوچه‌یه به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندییه سیاسیی و ئابوورییه‌كانی خۆی دیزاین بكاته‌وه.ده‌یه‌وێت ئه‌و دیزاینه بگۆڕێ كه زاده‌ی قۆناغی ئیمپریالیستیی دوای جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مه.چوونكه وه‌ك جارێكی دیكه‌ش له شوێنێكی تردا ئاماژه‌م پێداوه، ئه‌مه‌ریكا هیچ كاریگه‌رییه‌كی نه‌بووه له ره‌نگڕێژكردنی ئه‌م نه‌خشه‌یه‌ی بۆ سه‌د ساڵ ده‌چێت له‌م ناوچه‌یه‌دا جێگیر بووه.ئه‌مه‌ریكا له دوای یانزه‌ی سێپته‌مبه‌ری 2001 ده‌رفه‌تێكی گونجاوی بۆ ره‌خسا، پیاده‌ی ئه‌و ستراتیجه دێرینه‌ی خۆی بكات، له‌م نێوه‌نده‌دا "تیۆری فه‌وزای دروستكه‌ر" بایه‌خێكی گرنگی په‌یدا كرد به‌تایبه‌ت له‌لای ئه‌و ده‌سته‌یه‌ی به پارێزگاره نوێیه‌كان ناسراون.
ئه‌و شانۆگه‌رییه‌ی ئه‌مڕۆ له عێراقدا ده‌گوزه‌رێت و له هه‌مووی سه‌رنجڕاكێشتر بێده‌نگی ئه‌مه‌ریكا، له هه‌مبه‌ر ئه‌و رووداوانه‌ی له عێراقی هه‌نووكه‌دا ده‌گوزه‌رێن، جێی رامانێكی زۆره و پرسیاری سیاسیی گرنگ به دوای خۆیدا ده‌هێنێت.ئایا بۆچی ئه‌مه‌ریكا له‌و فه‌وزا مه‌ترسیداره‌ی ناوخۆی عێراق بێده‌نگه؟ ئایا ئه‌مه‌ریكا ریژێمی به‌عسی رووخاند، بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕه‌پانی عێراق ببێته جێگه‌ی شه‌ڕێكی مه‌زهه‌بی كه ریشه‌یه‌كی چوارده سه‌ده‌یی هه‌یه؟.ئایا بۆچی هه‌میشه ئه‌مه‌ریكا كه پێشتر له هه‌ر رووداو و پێشهاتێكی ناوخۆیی عێراق یان په‌یوه‌ست به عێراق قسه‌ی هه‌بووه، ئێستا هیچ هه‌ڵوێستێكی نییه؟.ئه‌م پرسیارانه، ده‌مانخه‌نه سه‌ر كه‌ڵكه‌ڵه‌ی ئه‌وه‌ی بڵێین ره‌نگه ئه‌وه‌ی له عێراق ده‌گوزه‌رێت، له سیناریۆیه‌كی ئه‌مه‌ریكی شتێكی زیاتر نه‌بێت.
پێده‌چێت، ئه‌م فه‌وزایه‌ی هه‌نووكه له عێراق بوونی هه‌یه و رۆژ له دوای رۆژ تاو ده‌سه‌نێت، به‌شێك بێت له پیاده‌ی ئه‌و تیۆره‌ی ئێمه ئاماژه‌مان پێداوه "فه‌وزای دروستكه‌ر"، چوونكه به پێی ئه‌م تیۆره ده‌بێت نه‌خشه و قه‌واره‌یه‌ك هه‌ڵبوه‌شێته‌وه، تا نه‌خشه و قه‌واره‌ی دیكه له‌سه‌ر جه‌سته‌ی ئه‌وی پێشوو دروست بێت.چوونكه ناوه‌ڕۆكی ئه‌و تیۆره ته‌نیا بریتی نییه له گۆڕینی نه‌خشه‌ی سیاسیی، به‌ڵكو نه‌خشه‌ی جوگرافیش ده‌گرێته‌وه، ئه‌مه‌ش له سه‌ره‌تای ساڵی 2003 و دوای رووخانی رژێمی به‌عس به گه‌رمی له میدیاكانی جیهانیدا باسی لێ ده‌كرا و ببووه مایه‌ی مشتومڕێكی زۆر، به تایبه‌ت كه ئه‌و گۆڕانكارییه به "رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی گه‌وره" ناوزه‌د ده‌كرا.
بێده‌نگیی ئه‌مه‌ریكا، هیچ ته‌فسیر و خوێندنه‌وه‌یه‌كی تری نییه، جگه له‌وه‌ی خودی عێراقییه‌كان بوونه‌ته ئه‌كته‌رێكی سه‌ره‌كیی ئه‌و سیناریۆیه‌ی بیریارانی ستراتیجی ئه‌مه‌ریكی بۆ گۆڕینی ناوچه‌كه دایانڕشتووه وه‌ك بنه‌مایه‌كی ستراتیجی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا.ئه‌مه گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كه بۆ پێشنیاری پێش ده ساڵ به‌ر له ئێستای "هێنری كسینگه‌ر" كه باسی له دابه‌شبوونی عێراق ده‌كرد بۆ سێ هه‌رێم یان سێ ده‌وڵه‌تی جیاواز.هه‌نووكه‌ش "جۆ بایدن" ته‌مسیلی هه‌مان سیاسه‌ت و بیركردنه‌وه ده‌كات، چوونكه بایدن هه‌رگیز نایشارێته‌وه لایه‌نگری دابه‌شكردنی عێراقه بۆ سێ هه‌رێمی شیعه و سووننه و كورد.
به تێگه‌یشتنی من، مالیكی به ئاگایی بێت یان نا، ئه‌و نه‌خشه‌یه پیاده ده‌كات، له مێشكی "جۆ بایدن"دایه.چوونكه ئه‌و بارودۆخی عێراق له هه‌موو روویه‌كه‌وه ئاماده ده‌كات بۆ دابه‌شكردن، زه‌مینه‌ی پێكه‌وه ژیان و له یه‌كتر گه‌یشتن له ناو ده‌بات، كار له‌سه‌ر سڕینه‌وه‌ی خاڵه هاوبه‌شه‌كانی نێوان پێكهاته‌كانی عێراق ده‌كات، ده‌وڵه‌تی كردۆته دامه‌زراوه‌یه‌كی سه‌ركوتكار دژی دوو پێكهاته‌ی گرنگی وه‌ك سووننه و كورد، هه‌وڵی خۆ به‌هێزكردن و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی ناوه‌ندیی به‌هێز ده‌دات، ئه‌مانه هه‌مووی سترۆكتۆره‌كانی پێكه‌وه هه‌ڵكردن و پێكه‌وه ژیان هه‌ڵده‌ته‌كێنن، بێ متمانه‌یی دروست ده‌كه‌ن، بۆیه هیچ رێگه چاره‌یه‌ك له‌به‌رده‌مدا نامێنێت، جگه له‌وه‌ی هه‌ر كه‌س بیر له خۆی و ماڵی خۆی بكاته‌وه، به‌شێوه‌یه‌كی ئۆتۆماتیكیش ئه‌مه هه‌نگاوی دابه‌شكردنی عێراقه لانیكه‌م بۆ سێ هه‌رێم، به‌مه‌ش ئامانجی ستراتیجی ئه‌مه‌ریكا دێته‌دی.
به‌ده‌ر له‌وانه، هه‌ندێك كه‌س گوومانی ئه‌وه ده‌وروژێنن، ئه‌مه‌ریكا هێشتا لایه‌نگری دابه‌شبوونی عێراق نییه، به‌ڵام لایه‌نگرانی ئه‌م بۆچوونه پاڵپشتێكی عه‌قڵانییان بۆ بۆچوونه‌كه‌یان پێ نییه، ته‌نیا بڕیار له‌سه‌ر رووكه‌ش و دیوی ده‌ره‌وه‌ی نمایشه‌كه ده‌ده‌ن، من پێموایه ئه‌مه‌ریكا به پیاده‌كردنی "تیۆری فه‌وزای خه‌لاق" عێراق ئاماده ده‌كات بۆ دابه‌شكردن، خوله‌ك له دوای خوله‌كیش له‌و راستییه نزیكتر ده‌بینه‌وه.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
