
جگه له به‌كارهێنانی پۆسته‌كه‌ی و هه‌ندێك خاترانه‌ی ئه‌م و ئه‌و له براده‌رانی، بێ ئه‌وه‌ی بێ یاسایی پێوه دیار بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌كاتی سه‌ردانیكردنی بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی، كۆمه‌ڵێك حه‌بی فیاگرای بۆ وه‌فده یاورهكهی كریوه، دنیا شڵه‌ژاوه و خه‌ریكه به رۆژی نیوه‌رۆ شاربه‌ده‌ری ده‌كه‌ن. سه‌ره‌رای به‌فر و باران و كڕێوه، هه‌ر دوێنێ له كه‌شێكی ئاهه‌نگێراندا زیاتر له ملیۆنێك كه‌س ته‌نها له شاری سیئۆڵ به چه‌پڵه و گۆرانی و ده‌هۆڵ و زورنا هاتنه سه‌ر شه‌قام داوا به‌ركه‌نار خستن و داداگایی كردنی سه‌رۆكی كۆریای باشوور پارك گوین هی یان ده‌كرد. ئه‌م ئیراده و ویست و گوشاره‌ی كۆی گشتی بیر‌ورا و هه‌ست به‌م پله به‌رزه له به‌رپرسیارێتی له لایه‌ن تاكی كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌و وڵاته‌وه و، رێگه گرتن له به‌لارێدا بردنی حوكم و دوركه‌وتنه‌وه له یاسا و دادپه‌روه‌ری و، نه‌هێشتنی به‌كارهێنانی پۆست و پله له كاری تایبه‌تی و له پێناو خۆشگوزه‌رانی خودی، جێگه‌ی سوپاس و سهرسامبونیشه.
ئه‌وان كاره‌بایان ته‌واو و بیست و چوار سه‌عاته و به ده‌قیقه چیه نابرێت، مه‌عاشی كارمه‌ندانیان هه‌موو مانگێك و له‌كاتی خۆیدا ده‌چێته سه‌ر حسابه بانقیهكانیان و خه‌می بێ ئاوی و نه‌وت و غازیان نیه و، منداڵانیان له قوتابخانه ده‌خوێنێت و ژیانیان ده‌سته‌به‌ره، هیچ ترسێكیان له دڵدا نیه له هیچ شتێك و، له باری وه‌زعی تایبه‌یتی خۆیانه‌وه زیانێكی ئه‌وتۆیان له ره‌فتاری سه‌رۆكه‌كه‌یان نه‌بینیوه، به‌ڵام وریایی و په‌یوه‌ستبون به ئه‌خلاق و دادپه‌روه‌ری و رێگه نه‌دان به هه‌ڵه‌ی هیچ كه‌سێك به سرۆكهكهیانیشهوه و خۆشه‌ویستی و هه‌ستی ئینمتیما بۆ وڵات و پابه‌ندبون به ئازادی و دیموكراسی، وای له‌خه‌ڵك و تاكی كۆمه‌ڵكه به گشتی كردووه كه هه‌میشه چاو‌دێر بن و به‌دواداچون بۆ ره‌فتار و كرداری سه‌رجه‌م به‌رپرس و ئه‌ندامانی حكومه‌ته‌كه‌یان بكه‌ن و نه‌هێڵن به ملیم به لارێ‌دا بروات، ده‌بێت بپرسین بۆ ئه‌وان وان؟
سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی به چه‌ندین قۆناغ گه‌یشتونه‌ته ئه‌م حاڵه ته‌ندروسته و مێژوویان پره له نه‌هامه‌تیش، به‌ڵام جگه له‌كوردستان، خۆ وڵاتی وا له‌م رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راسته هه‌یه به شارستانیه‌ت و مێژوو بێت كۆریا ده‌خاته كونه‌وه.
بێگومان جگه له بارودۆخی خودی وه‌زعه بابهتیهكهش هۆكاری سه‌ره‌كیه له مانه‌وه‌ی ئه‌م ره‌فتار و كه‌لتور و باری ژیانی خه‌ڵكی ئه‌م ناوچه‌یه له‌سه‌ر ئاستێك كه وه‌ك ریتمی ژیانی خه‌ڵكی سه‌ده‌كانی ناوه‌راست بێته به‌رچاو، كه‌لتوری نابه‌جێ و زیانبه‌خش، ئیستغلالكردنی وڵاته ته‌ماعكار و بهرژهوهنخوازه جیهانیه‌كان و زیانه‌كانی بونی سامانه سروشتیه‌كان و چونێتی مامه‌ڵه كردنی وڵاتان له‌گه‌ڵ ناوچه‌كه له‌وباره‌وه، جگه له كاریگه‌ری سه‌لبی ئاین و ده‌رهاویشته‌كانی له‌سه‌ر عه‌قڵی میله‌ت و راوبۆچونه‌كان له ملكه‌چی بۆ والی و مامه‌ڵه كرن له‌گه‌ڵیدا وه‌ك وه‌لی ئه‌مر و، نه‌بونی ئاستێكی باشی رۆشنبیری و تێكه‌ڵاوبونی بارودۆخی سیاسی و رۆشنبیر و ئابوری و، نه‌بونی گۆشاره‌ی كۆی بیری گشتی كۆمه‌ڵ و بێ بههابونی رای گشتی و كاریگه‌ریه‌كانی، ئه‌م هه‌مووی له سایه‌ی نه‌بونی سه‌ركردایه‌تی مێژوویی و خاوه‌ن عه‌قڵی گه‌وره‌دا بێت چاوه‌رێی چی بكه‌یت.
ئه‌وه‌تا به رۆژی نیوه‌رۆ له خۆپیشاندانێكی بچوكی چین و توێژێكی كه‌می خه‌ڵكی كوردستان، ده‌سه‌ڵاتێكمان هه‌یه وه‌ك دوژمن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌ر نارهزایهتیهكدا ده‌كات و، تاوه‌كو ده‌كاته ئه‌وه‌ی ده‌ست بۆ مومته‌له‌كات و پێداویستیه تایبه‌تیه‌كانی خه‌ڵكه نارازیه‌كه ده‌بات وزیانیان پێ ده‌گه‌یه‌نێت تاوه‌كو ده‌گاته ته‌نانه‌ت حاڵه‌تی تیرۆر و تۆقاندنیش، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی داوای مافی تایبه‌تی خۆی ده‌كات نه‌ك مافه گشتیه‌كانیش.
