نیازپاكی پارتی پێویستی به‌ لێداونی نه‌وشیروان موسته‌فا نیه‌ ... عیماد عه‌لی

ئه‌گه‌ر پارتی دیموكراتی كوردستان بیه‌وێت روو له‌ چاره‌سه‌ری قه‌یرانه‌كه‌ی كوردستان بكات و، راسته‌رێی رێره‌وی ده‌سه‌ڵاتی كوردستان بگرێته‌به‌ر. به‌ هه‌نگاوی بچوك و به‌ خۆداچونه‌وه‌ و راستكردنه‌وه‌ی هه‌نگاوه‌ هه‌ڵه‌كان و به‌ له‌خۆبوردویی و نیشاندانی عه‌قڵمه‌ندی و گه‌وره‌یی و، به‌ پشت به‌ستن و پابه‌ندبون به‌ یاسا و رێسا به‌ركاره‌كان، ده‌توانێت ئاسانكاریه‌كی زۆر گه‌وره‌ له‌ چاره‌سه‌ركردنی كیشه‌كان بكات و قه‌یرانه‌كه‌ هێوربكاته‌وه‌ و پرسه‌ ئاڵۆزه‌كان به‌ره‌و رێگه‌ی راست ببات.

ئه‌وه‌ی بووه‌ هۆكاری دروستبونی ئه‌م قه‌یرانه‌ به‌رده‌وامه‌، نه‌گه‌یشتنی پێشوه‌ختی رێكه‌وتنێك بوو له‌سه‌ر سیستمی سیاسی كوردستان و پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ ده‌كرا به‌م ده‌رده‌ نه‌برێت و، هه‌مووان به‌ راشكاوی و كۆبونه‌وه‌یه‌كی باڵا و له‌ ئاستی كه‌سه‌ یه‌كه‌مه‌كانی سه‌رجه‌م حزبه‌ كاریگه‌ره‌كان، دراسه‌تی وه‌زعه‌كه‌ و پیشهاته‌كان بكه‌ن و دوور له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سك و به‌ نیازپاكیه‌وه‌، چوَنێتی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ كیشه‌كان تاوتوێ بكه‌ن و، به‌ بریاری گونجاو ده‌ربچن. هه‌رچه‌ند له‌بنه‌ره‌تدا ده‌یانتوانی خه‌ڵك توشیی ئه‌م نه‌هامه‌تیه‌ نه‌كه‌ن، به‌ڵام هۆكاری زۆر له‌ به‌رژه‌وه‌ندخوازی كه‌سی و حزبی و ناكۆكی و ته‌كتیكی سیاسی له‌ ململانێی هه‌ندێك له‌لایه‌نه‌كان و ناكۆكی زۆر سانا و رۆڵی نابه‌جێی راگه‌یاندنه‌كانی حزبه‌كان و به‌ناو كادر و چاودێری حزبی، ره‌وشه‌كه‌ی به‌م جۆره‌ی لێكرد و باری سیاسی كوردستانی ئاڵۆزتر كرد.

بۆیه‌ ئه‌گه‌ر پارتی خۆی به‌برا گه‌وره‌ ده‌زانێت و، ته‌نها بیر له‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ته‌سكه‌كه‌ی خۆی ناكاته‌وه‌ و گیانی لێبورده‌یی قبوڵه‌، ده‌توانێت به‌ هه‌نگاوێك، دڵسۆزی خۆی بۆ پرسه‌كه‌ له‌م كاته‌ هه‌ستیاره‌دا بسه‌لمێنێت.

پێش ئه‌وه‌ی چاوه‌رێی لێدوان و هه‌ڵوێستی نه‌وشیروان موسته‌فا بیت. ده‌بێت بزانیت كێ رێگه‌ی هه‌ڵه‌ی گرتۆته‌ به‌ر، ده‌كرێت ئیستێكی بۆ بكات و، له‌مه‌شدا خه‌ڵك به‌ گه‌وره‌یی بۆ له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، نه‌ك به‌ ملهوری و عینادی كێشه‌كان ئاڵۆزتر بكات و پرسه‌كان بباته‌ نێو مه‌تاهاتێكه‌وه‌ سه‌ری لێده‌رنه‌كات.

بۆ پاراستنی روسووری و هه‌ست نه‌كردن به‌ پاشگه‌زبونه‌وه‌، كه‌ له‌ نێو دابونه‌ریتی كورده‌واری ئێمه‌ ئه‌وه‌نده‌ ئاڵۆزكاوه‌ و كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌نگاوه‌ سیاسیه‌كانیش داناوه‌، ده‌كرێت به‌ پاكێجێك سه‌رجه‌م چاره‌سه‌ره‌كان و له‌ یه‌ك كۆبونه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان له‌ په‌رله‌ماندا بازدانێك به‌سه‌ر كێشه‌كه‌دا بدرێت و، له‌ چاره‌سه‌ر نزیك ببنه‌وه‌. هه‌ر له‌ په‌رله‌مان به‌ ئاماده‌بونی سه‌رجه‌م سه‌رۆك و سكرتێری پێنج حزبه‌كه‌ به‌ مه‌سعود بارزانیشه‌وه‌ و به‌ ئاماده‌بونی سه‌رۆكی حكومه‌ت و سه‌رۆكی په‌رله‌مان و، پێشوه‌خت له‌په‌راوێزی په‌رله‌ماندا، كۆبونه‌وه‌ی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بكرێت و، له‌هه‌مان رۆژه‌دا له‌كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌ماندا، له‌سه‌ر ئه‌جێندای كاری ده‌سه‌ڵاتی كوردستان و پرسه‌ گرنگه‌كان گفتوگۆ و بریاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بدرێت و، پێشوه‌خت هیچ مه‌رجێك نه‌هێنرێته‌ ئاراوه‌. به‌ لێدوانێكی مه‌سعود بارزانی و نیازپاكیه‌ك و گه‌وره‌ییه‌ك، كاره‌كان زۆر ئاسان ده‌بێت و، هیچ پێویستیه‌كی نه‌ به‌ لێدوانی نه‌شیروان موسته‌فا و نه‌ش هیچ سه‌رۆك حزبێكی تر هه‌یه‌ و نش پێویستی به‌نێوانگیری هه‌یه‌. بۆیه‌ كۆبونه‌وه‌ی راسته‌وخۆ و ناراسته‌وخۆكانی پشت په‌رده‌ له‌م باره‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌جێندایه‌كی له‌و شێوه‌یه‌ رێكبخرێت كه‌ سازانێك بێنێته‌ ئاراوه‌، له‌ ماوه‌ی رۆژێكدا چاره‌سه‌رێكی گونجاو به‌رقه‌رار ده‌بێت.

 

بابەتی زیاتری نووسەر