
بەمەبەستی زیاتر پەرەپێدانی پەیوەندیەکانی وەزارەتی کارەبا لەگەڵ کۆمپانیاکانی وڵاتی رۆمانیا، ئەمڕۆ 20/11/2013 وەزیری کارەبا لە نوسینگەی تایبەتی خۆی پێشوازی (میهەیتا ئەنا) کونسوڵی گشتی رۆمانیا لە هەولێر کرد.
لەم کۆبوونەوەیەدا کە بە ئامادەبوونی ڕاوێژکاری وەزارەت بەرێوەچوو، وێڕای بەخێرهاتنی کونسوڵی گشتی رۆمانیا لە هەولێر وەزیری کارەبا باسی لە ڕەوشی کارەبای هەرێم کرد، ئاماژەی بەو وەبەرهێنانەش کرد کە لە سێکتەرەکانی گواستنەوە و دابەشکردن کە لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت و هاتنی کۆمپانیاکانی ڕۆمانیای تایبەت بە بواری کارەباش بۆ هەرێمی کوردستان بەهەنگاوێکی گرنگ دانا ووتی وەزارەتی کارەبا بەبێ جیاوازی هەلی کاری بۆ سەرجەم کۆمپانیا بیانی و ناوخۆییەکان ڕەخساندووە و ئامادەیی تێدایە بۆ پێشکەشکردنی هەموو کارئاسانی و هاوکارییەک کە کۆمپانیاکانی وڵاتی ڕۆمانیا بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانیان لە هەرێمی کوردستان پێویستیانە. لەلایەن خۆشیەوە کونسوڵی ڕۆمانیا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ پێشوازیکردنی و ئامانجی سەردانەکەی بۆ وەزارەتی کارەبا خستەڕوو، کە لە نزیکەوە ئاگادار بوونە لە پڕۆژە و کارەکانی وەزارەت و ئەو بوارانەی دەکرێت کۆمپانیاکانی وڵاتەکەیان وەبەرهێنانی تێدا ئەنجامبدەن، هەروەها دەستخۆشی لە وەزارەتی کارەبا کرد لەبەرامبەر ئەم بەرەو پێشچوونە فراوانەی کە لە بواری کارەبادا هەرێمی کوردستان بەخۆیەوە بینیوە.
لەکۆتایی کۆبونەوەکەشدا وەزیری کارەبا داوای لە کونسوڵی وڵاتی رۆمانیا کرد هانی زیاتری کۆمپانیاکانی وڵاتەکەیان بدەن بۆ بەشداریکردن لە بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان.
هەر ئەمڕۆش بەسەرپەرشتی وەزیری کارەبا و ئامادەبوونی هەریەک لە بەڕێوەبەری گشتی دیوان و ڕاوێژکاری وەزارەت، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی زانیاریەکانی کارگێری بۆ بەرێوەبەرایەتییەکانی سەر بە بەرێوەبەرایەتی گشتی هەولێر و دهۆک سازدرا، لەم کۆبوونەوەیەدا وەزیری کارەبا باسی لەو پێشکەوتنە کرد کە لەبواری سیستەمی کارگێری ئەلیکترۆنی وەزارەت بەخۆیەوە بینیوە و رۆڵی لە کەمکردنەوەی رۆتین و خێرایی لە کارەکانی وەزارەت هەیە و ئاماژەی بە چۆنیەتی جێبەجێکردنی رێنماییەکانیش کرد.
-----------------------------
وهزارهتی كارهبا
راگهیاندن
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
