* ڕاگهیاندنی وهزارهتی خوێندنی بالاو تویژینهوهی زانسی
ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی( ٧/١١/٢١٠٣ ) لە سایتی ئاوێنە بابەتێک بهناونیشانی (داواکردن لە خوێندکاران بۆ ئەوەی ڕوو لە زانکۆی ئەهلی بکەن گاڵتەجاڕییە) بڵاوکراوەتەوە، دەربارەی ئەم بابەتە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینهوهی زانستی بە پیویستی دهزانێ ئەم ڕوونکردنەوەیەی لای خوارەوە بخاتە بەر چاوی ڕای گشتیی و خوێنەرانی سایتی ئاوێنە:
- ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی( ٦/١١/٢٠١٣ ) لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەیدا دكتۆر عهلی سهعید وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی ئەنجامی وەرگرتنی دەرچووانی ئامادەییەکانی لە کۆلێژ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند، لەو کۆنگرە ڕۆژنامەیەدا وەزیری خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەمساڵ (٤٧٨٦٠) دەرچووی ئامادەیی داواکارییان پێشکەشکردوە بۆ وەرگرتن لە کۆلێژ و پەیمانگەکانی هەرێم، لەوانەش (٣٤٠٧١) دەرچووی ئامادەیی له زانكۆ و پهیمانگهكان وەرگیران و، (١٣٧٨٩) دەرچوش لە دەرەوەی پلانی وەرگرتن ماونەتەوە، بەم پێەش بۆمان ڕون دەبێتەوە کە کۆلێژ و پەیمانگهکانی هەرێمی کوردستان توانیویانە (٧٢. ٢ ٪)ی دەرچوانی ئامادەیی لەخۆ بگرن، ئهوه لە کاتێکدا ئەم ڕێژەیە بەبەراورد لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە ئاستێکی بەرزدایە، کە ڕێژەی وەرگرتن لەو وڵاتانە لە (٤٠٪) تێناپەڕێت.
- بۆ ئەم ساڵی خوێندن، وەزارەتی خوێندنی باڵای عیراقی فیدراڵ (١١٨ هەزار) دەرچووی ئامادەیی وەرگرتووە بۆ (١٥) پارێزگای عیراق، لە کاتێکدا کە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینهوهی زانستی لە هەرێمی کوردستان بۆ (٣) پارێزگا (٣٤٠٧١) دەرچووی ئامادەیی له زانكۆ و پهیمانگهكان وەرگرتوە، هەر بۆیە خوێنەران و ڕای گشتیی سەرپشک دەکەین بۆ بەراوردکردنی ئەم ڕێژانە.
- لە لێدوانەکەی وەزیری خوێندنی باڵادا بەهیچ جۆرێک داوا نەکراوە کە دەرچووانی ئامادەییەکان ڕوو لە زانکۆ ئەهلییەکان بکەن، بەڵکو بەڕێزیان تەنها باسیان لە ڕێژەی پلانی وەرگرتن لە زانکۆ تایبەتەکان کردوە، کە ئەوانیش دەتوانن بۆ ئەمساڵ تا (١٠هەزار) دەرچوی ئامادەیی وەربگرن، ئەم زانیاریەش بە هیچ جۆرێک ناچێتە خانەی گاڵتەجاڕییەوە، بەڵکۆ تەنها پێدانی زانیارییە دەربارەی ڕێژەی پلانی وەرگرتن لەو زانکۆیانە.
- وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەوڵی تەواوی داوە کە سوود لەوپەڕی توانای وەرگرتنی کۆلێژ و پەیمانگەکانی هەرێم وەربگیرێت، بێگومان هەموو زانکۆیەکی کوردستان توانای وەرگرتنی سنووردارە، بۆ ئەمساڵیش وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینهوهی زانستی بڕیاریدا کە (٤٠٪)ی توانای وەرگرتن بۆ هەموو کۆلێژ و پەیمانگهیەک زیاد بکات بۆ ئەوەی بتوانن زۆرترین ژمارەی دەرچووانی ئامادەیی لە ئامێز بگرن، ئهوه له كاتیكدایه لە هیچ وڵاتێکی دونیادا هیچ حکومەتێک ناتوانێت هەموو دەرچوانی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگهکان وەربگرێت، بەڵکو زۆرینەی دەرچوان لە دەرەوەی پلانی وەرگرتن دەمێننەوە.
لە کۆتاییدا چاوەڕێمان دەکرد کە ڕاگەیاندنەکان بەشێوەیەکی زانستییانە بەراوردکاریان لە نێوان ڕێژەی وەرگرتن له هەرێمی کوردستان و عیراقی فیدراڵ و وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی دیکەی دونیا بکردایە، نەوەک بەشێوەی نەگەتیڤ لە ئەنجامەکانی وەرگرتن لە زانکۆو پەیمانگاکانی هەرێم بڕوانن.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
10/11/2013
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
