ئێمه کێین و ئێوه کێن: زنجیره ووتار؟!. ( به‌شی یه‌که‌م) ... نه‌جمه‌دین شێخ بزێنی - سوید.

من له‌ سه‌ره‌تاوه که هه‌نگاوم هه‌ڵنا به‌ره‌و ڕێبازی کوردایه‌تی، له ‌سه‌رتای شه‌سته‌کاندا له‌سه‌ده‌ی بیسته‌م، چومه ڕێزی پارتی دیموکراتی کوردستانه‌وه، که له‌وسه‌رده‌مانه‌دا، تاکه ڕێکخستنی کوردایه‌تی بو، له‌خزمه‌ت کردنی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تیدا، پێره‌وی پارتی له‌و سه‌رده‌مه‌دا، هه‌ر که‌سیك داوای چونه ناو پارتی بکردایه، ئه‌بو پێشه‌کی بۆماوه‌ی، ٦ مانگ، بۆ هه‌ندێ که‌س، زیاتر له‌ساڵیش ئه‌بو‌ له ‌ژێر چاوه‌دێریدا بمایه‌ته‌وه، تاکو به‌ته‌واوه‌تی له‌ هه‌ڵسوکه‌‌وتی دڵنیابن، له ‌بوواری ڕه‌وشت به‌رزی و دڵسۆزی، به‌رانبه‌ر به گه‌ل و نیشتمان و نه‌بونی گومانی پێوه‌ندی کردن، به‌ڕژێمه‌وه له ‌بوواری سیخوڕی و کاسه لێسیه‌وه.

به‌ڵام، به‌هۆی ئه‌وه‌‌وه که من، له‌ سه‌ره‌تای ساڵی(١٩٥٩) وه، ئه‌ندامی یه‌کیه‌تی قوتابیان و یه‌کیه‌تی لاوانی دیموکراتی کوردستان بوم و چالاکیه‌کی زۆر به‌رچاوم هه‌بو، نه‌ک ته‌نها له‌ماوه‌ی چاو‌دێری کردنم به‌خشرام، به‌ڵکو له‌ساڵێکی ته‌مه‌ن که‌میش به‌خشرام، واته له‌ته‌مه‌نی ١٧ ساڵیدا ڕیزلێنانی ئه‌ندامه‌تی پارتیم لێنرا، که‌ئه‌بو١٨ ساڵان بومایه، به‌ڵام له‌ بسوله‌ی ڕێز لێنانه‌که‌م نوسرابو، هه‌رچه‌نده به‌ته‌مه‌نی ساڵ، ١٧ ساڵانی، به‌ڵام به‌ڕه‌وشت و هه‌ڵسوکه‌وت، زۆر له‌وه زیاتری، بۆیه پارتیمان چاو پۆشی له‌ته‌مه‌نت کرد.

له‌یه‌که‌م کۆبونه‌وه‌ی پارتیدا چییان فێرکردم؟.

زۆرم به‌لاوه گرینگ بو، کاتێک به‌رپرسی شانه‌که‌مان یادی به‌خێر نازانم ماوه یان نا، خه‌ڵکی شۆڕێجه ‌بو، به‌ناوی جه‌لال زه‌ینه‌ڵ، که‌فه‌رموی: ئێمه‌ی پارتی، گه‌لی کورد باوکمانه‌و کوردستان وه‌ک نیشتمان دایکمانه. له‌و کاته‌وه تێگه‌یشتم، که ‌پارتی دیموکراتی کوردستان، پارتێکی نه‌ته‌وه‌یی پیرۆزه‌و، ئاوات و ئامانجه‌کانی ته‌نها خزمه‌ت کردنه به‌دۆزی سیاسی کورد و کوردستان، له ‌پێناو ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی گه‌لی کوردستاندا، نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی هه‌مو چین و توێژه‌کانی خه‌ڵکی کوردستانه به‌بێ جیاوازی چینایه‌تی و هۆایه‌تی.

هه‌ر ئه‌و هۆکاره‌ش بو که‌به‌رگه‌ی هه‌مو ئازارێکی کونجی به‌ندی خانه‌و پێشمه‌رگایه‌تی و ماڵوێرانیم گرت و تاکو ئێستاش به‌بێ هیچ به‌ر‌ژه‌وه‌ندی و ده‌ستکه‌وتێکی ماکی و میناکی(مادی و معنوی) به‌وپه‌ڕی دڵسۆزیه‌وه مل که‌چی سه‌رکردایه‌تی ئه‌و ڕێبازه پیرۆزه‌م و له‌خزمه‌ت کردنی به‌رده‌وامدام له‌ڕێگه‌ی نوکی خامه‌وه!.

لێره‌دا دێمه سه‌ر ناوه‌ڕۆکی مه‌به‌سته‌که‌م له‌م نوسینه‌دا، پێشه‌کیش به‌چه‌ند پرسیاری ده‌ست پێ ئه‌که‌م، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رگای شرۆڤه کردن بکرێته‌وه، تا به‌تێر و ته‌سه‌لی نامه‌که‌م بگه‌یه‌نم به‌دڵسۆزانی نیشتمانپه‌وه‌ری کوردایه‌تی، نه‌ک ته‌نها پارتایه‌تی بیر ته‌سک، بۆ ‌سود وه‌رگرتن له‌دروشمی پیرۆزی نه‌ته‌وایه‌تی!.

من وائه‌زانم هه‌رتاکێکی مرۆڤی کورد، که‌ خولیای بیری نه‌ته‌وایه‌تی بوبێ ئه‌گه‌ر بۆمایه‌ک که‌میش بوبێت، شاره‌زاییه‌کی له‌سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی بارزانی په‌یدا کردووه، که ‌زیاتر له‌یه‌‌ک سه‌ده‌یه‌و، بۆ سێ پشت ئه‌گه‌ڕیته‌وه به ‌بنه‌ماڵه‌وه بونه به قوچی قوربانی، له‌ڕیبازی پیرۆزی کوردایه‌تیدا، هه‌میشه‌ش که‌سایه‌تی بارزانی پله‌ی سه‌ره‌کی بزوتنه‌وه‌و به‌رخۆدانی له‌سه‌ر ئه‌ستۆ بووه، دیاره ئه‌مه بۆچون و ڕاگه‌یاندنی من نیه، به‌ڵکو ئه‌وه مێژووه ئه‌وه ئه‌سلمێنێت و ده‌ربڕینه‌كه‌م پشتڕاست ئه‌کاته‌وه‌و، خۆش به‌ختانه‌ش، دیاره به‌ده‌ستی نوسه‌ر و مێژوو نوسی کوردیش نه‌نوسراوه‌ته‌وه، که گومانی هه‌ستی هۆزایه‌تی وناوچه‌‌ گه‌رایه‌تی بخرێته سه‌ر!.

مێژوو بۆ گه‌لی کوردی ئه‌سه‌لمێنێت، له ‌هیچ سه‌رده‌مێکیشدا بنه‌ماڵه‌ی بارزانی نه‌بونه‌ به کۆسپ، له‌به‌رده‌م بزاڤی ڕزگاری و ئازادی خوازی گه‌لی کوردستان، به‌ڵکو هه‌میشه هانده‌ر و هاوکاریکه‌ر بونه، به‌بێ له‌به‌رچاو گرتنی تیره‌و هۆز و ناوچه‌و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تیه‌وه، له‌کوێ بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی سه‌ری هه‌ڵدابێت، ئه‌وان به‌هی خۆیانیان زانیوه‌و ڕویان تێکوردووه نه‌وه‌ک پشت، به‌ڵگه‌ی زیندوی سه‌لمێنه‌ریش، به‌شداری کردنیانه له ‌شۆڕشی شێخ سه‌عیدی پێران، له ‌باکوری کوردستان و کۆماری کوردستان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا!.

دووای سه‌رهه‌ڵدانی بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و کۆمه‌ڵایه‌‌تی له‌ناوچه‌که‌دا، له‌‌شێوازێکی هۆزایه‌تی و ناوچه گه‌ریه‌تی پڕژ و به‌ڵاوه‌وه، گۆڕا بۆ شێوازێکی تری سیاسی و هاوبیری و یه‌ک هه‌ڵویستی، پارت دروست بون له‌شێوه‌ی سوپای نهێنی بۆگه‌یاندنی کۆمه‌ڵگا به‌مافی نه‌ته‌وایه‌تی و کۆمه‌ڵایه‌تی پێشکه‌وتو، نه‌ته‌وه‌ی ئێمه‌ی کوردیش که‌وته سه‌ر ئه‌و ڕێبازه‌و، لێره‌و له‌وی بزوتنه‌وه‌ی سیاسی ده‌ستی پێکرد له‌شێوه‌ی پارتایه‌تی، به‌ڵام به‌هۆی نه‌خوێنده‌واری و کاریگه‌ری بیرۆکه‌ی ئاینیه‌وه له‌سه‌ر هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی، به‌داخه‌وه زۆر به‌سستی پێشکه‌وتنی به‌خۆوه ئه‌بینی، هه‌تا کۆتایی چله‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌م، که کۆماری کوردستان له‌سابڵاخ له‌دیک بو، پارتێکی بنکه فراوانی وه‌ک دیموکراتی هێنایه کایه‌وه، که‌ باڵێکی خۆی ڕاکێشایه باشوری کوردستانه‌وه بو هه‌مان ئاوات و ئامانج، که‌ ڕزگار کردنی باشوری کوردستان بو، له‌ژێر ده‌سته‌یی عه‌ره‌بی داگیرکه‌ردا!.

هه‌رچه‌نده به‌هۆی کۆتایی هاتنی شه‌ڕی جیهانیه‌وه‌و سه‌رکه‌وتنی هاوپه‌یمانان، شێوازی جوگرافی ناوچه‌که که‌وتبوه به‌ر گۆڕانکاری له‌پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی زلهێزه براوه‌کاندا، به‌ڵام هه‌میسان زه‌مینه‌ی سیاسی له‌بار نه‌بو به‌رانبه‌ر به‌سه‌ربه‌خۆیی گه‌لی کورد به‌گشتی، بونی ئه‌و باڵه‌ی دیموکرات له‌باشور، هه‌ستیاری زۆری په‌یدا کردبو، بۆیه، سه‌رکرده‌ی گشتی سوپای کۆماری کوردستان، نه‌مر موسته‌فا بارزانی، به ‌پێویستی زانی ئه‌و باڵه هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌و ڕێکخستنێکی تری تایبه‌ت له‌جێگای ئه‌وڕێک بخرێت، تاکو بتواندرێت به‌شێوازێکی تری تۆکمه‌و گونجاوتر، په‌ره به‌و ڕێکخستنه سیاسیه نه‌ته‌وایه‌تیه پیرۆزه بدرێت، بۆ ئه‌و مه‌سته‌ش، پارتی دیموکراتی کوردستان له ‌دایک بو!.

دیاره لێره‌دا ئێمه مێژوو نانوسینه‌وه تا به‌قوڵی بچینه ناوشرۆڤه کردنی پێک هێنان و شێوازی ڕێکخستنی پارتی له‌سه‌ره‌تادا، بۆیه زیاتر باس له هه‌ڵوێست و گۆڕانکاریه سیاسیه‌کان ئه‌که‌ین، که ‌به‌سه‌ریدا زاڵبوه‌و تێپه‌ڕیوه‌، وه‌ک به‌ڵگه‌یه‌ک بۆخۆڕاگری و پشو درێژی و کۆڵنه‌دری، له ‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتی نه‌ته‌وایه‌تیدا، وه‌ک ئه‌‌بینرێت تاکو ئه‌مڕۆش به‌رده‌وامه له‌سه‌ر ئه‌و ڕێبازه پیرۆزه‌‌و، له‌هه‌مو کاتێکیش به‌گوڕ و به‌هێزتره!.

وه‌ک له ‌سه‌ره‌تادا ئاماژه‌م پێکرد، پارتی به‌ر له‌هه‌مو بیر و بۆچونێک منی به‌وه په‌روه‌رده کرد، گه‌لی کورد باوکه‌و کوردستان وه‌ک نیشتمان دایکه، تێگه‌یشتم ئه‌وه‌ به‌واتای ئه‌وه‌یه بۆ کوردایه‌تی دروست بووه نه‌ک پارتایه‌تی بیر ته‌سک، به کرده‌وه‌و هه‌ڵوێستیش ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه، بۆ نمونه:

ئاشکرایه پارتی له‌دووای له‌دایک بونی به‌ماوه‌یه‌کی زۆر که‌م، له ‌دامه‌زرێنه‌ر و خه‌م خۆره ڕاسته‌قینه‌که‌ی دابڕا، که‌ سه‌رۆک موسته‌فا بارزانی نه‌مر بو، به‌هۆی ئاواره بونیه‌وه بۆ ووڵاتی شۆره‌وی له‌ دووای ڕوخانی کۆماری کوردستان، هه‌ر له‌پێناوی گه‌یشتن به‌و ئامانجه پیرۆزه‌ی ڕایگه‌یاندبو، به‌ڵام قوتابیه‌ دڵسۆزه‌کانی له‌وڕێبازه‌دا، ده‌ستبه‌ردانی تێکۆشانی سیاسی نه‌بون و به‌نهێنی دریژه‌یان به‌‌ڕێکخستن و تێکوشانی پارتی دراو، هه‌ر له‌کۆنگره‌ی یه‌که‌مدا، نه‌مر موسته‌‌فا بارزانی به‌سه‌رۆک و هه‌مزه عه‌بدوڵا به‌سکرتێر دیاری کرا.

دووای ١٢ ساڵ ئاواره‌ بون له‌پێناوی کوردایه‌تیدا، که ‌شۆڕشی ١٤ده‌ی ته‌موزی ١٩٥٨، له‌به‌غدا ڕویدا، بارزانی نه‌مر گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ئێراق و به ‌پێشوازی لێکردنێکی زۆر گه‌رم، له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و به‌تایبه‌تی خودی سه‌رۆک وه‌زیران، سه‌رکرده‌ی شۆڕش، عه‌بدولکریم قاسم به‌تایبه‌تی و گه‌لی ئێراق به‌گشت نه‌ته‌وه‌و پێكهاته‌کانیه‌وه، له به‌غداش جێ نشین کرا.

کاتێ سه‌رۆکی پارتی بارزانی نه‌مر، ئاگادار بوه‌وه له‌هه‌ڵویستی هه‌مزه عه‌بدوڵا سکرتێری پارتی، که‌ئه‌وێت ڕێبازی پارتی بگۆڕێ له‌بیرۆکه‌یه‌کی نه‌ته‌وایه‌تی پیرۆزه‌وه، وه‌ک مافی چاره‌ی خۆنوسین، به‌ره‌و بیرۆکه‌یه‌کی چه‌پڕه‌وی کۆمۆنیستی، که به‌هیچ جۆرێک یه‌ک ناگرێته‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و ئامانجه‌ی، که پارتی له ‌پێناویدا هاته کایه‌وه‌و له‌دایک بو، بۆیه بڕیاری به‌ستنی کۆنگره‌ دراو، هه‌مزه عه‌بدوڵای دور خسته‌وه‌و، مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌دی پارێزه‌ر، به‌سکرتێر دیاری کرا، که‌ به‌وه‌ش پارتی له‌ومه‌ترسیه ڕزگار کرد و سه‌لماندی بۆ دۆست و دوژمن، که بزوتنه‌وه‌یه‌کی نه‌ته‌وایه‌تیه، بۆ به‌ده‌ست هێنانی مافی ڕه‌وای گه‌لی کورد، نه‌ک پارتێکی سیاسی بۆ مه‌رامێکی تایبه‌ت و سنورداری چینایه‌تی!.

له‌وه‌ به‌دوواوه، پارتی له‌سه‌ر ڕێبازی بیرۆکه‌ی بارزانی، باوشی کرده‌وه بۆ سه‌رجه‌م چین و توێژه‌کانی گه‌‌لی کوردستان، به‌بێ جیوازی چینایه‌تی و ئاینی و تایفه‌گه‌ری و ناوچه‌گه‌ری، هه‌ربۆیه له‌لایه‌ن ڕژێمی به‌غداوه که‌ حیزبی شیۆعی تێیدا باڵاده‌ست بو، تاوانبارکرا، به ‌پارتێکی دوواکه‌توی جیاوازی خوواز و به‌کرێ گیراوی بێگانه، تاکو بارودۆخ گه‌یشته ئه‌و ئاسته‌ی سه‌رکردایه‌تی پارتی به‌گشتی و خودی سه‌رۆکی هه‌میشه زیندو به‌تایبه‌تی، شۆڕشی چه‌کداری ڕاگه‌یه‌ندراو، چه‌می ڕێزان بۆ به‌یه‌که‌م بنکه‌ی پێشمه‌گایه‌تی شۆڕش!.

له‌وڕۆژه‌وه سرودی(پێشڕه‌وی کورد پارتیه. . . سه‌رۆکمان بارزانیه) وه‌ک دروشمێکی پیرۆزی کوردایه‌تی، که‌وته سه‌ر زمانی ڕۆله دڵسۆزه‌کانی کوردایه‌تی، به شانازیه‌وه ئه‌وترایه‌وه‌، هه‌‌رله‌خانه‌قینه‌وه هه‌تاکو زاخۆ، هه‌مو چین و توێژه‌کانی گه‌لی کوردستان پێشوازیان له‌شٶڕش ئه‌کرد، که پارتی ڕابه‌رایه‌تی ئه‌کرد به‌سه‌رۆکایه‌تی موسته‌‌فا بارزانی هه‌میشه زیندو، به‌چاوی خۆمان بینیمان، کۆمۆنیست و ده‌ره‌به‌گ، جۆتیارو کرێکار، قوتابی و نه‌خوێنده‌وار، ئه‌فسه‌ر و دوکتۆر، سه‌ید و شێخ ومه‌لا، ئیسلام و مه‌سیحی و یه‌زیدی، له‌سه‌نگه‌ره‌کانی شه‌ڕگه‌‌دا شان به‌شان یه‌کتری به‌ره‌نگاری هیزی دوژمن ئه‌بونه‌وه، به‌بێ بیرکردنه‌وه له‌هیچ بیرۆکه‌یه‌ک، دیاره‌ ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌ی به‌کرده‌وه سه‌لماندن بو، که‌ پارتی نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی گه‌لی کوردستانه، سه‌رۆک مسته‌فا بارزانی ته‌نها سه‌رۆکی پارتی نیه، به‌ هه‌ڵویست و کرده‌وه، سه‌رۆکی گه‌لی کوردستانه.

دیاره گومان له‌وه‌دا نیه، که ‌به‌هیچ جۆرێک گۆڕانکاری له‌ ئایدیۆلۆژیه‌تی پارتی و هه‌ڵسۆکه‌وتی دڵسۆزانه‌ی له ‌بوواری کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه ڕوی نه‌داوه، چونکه له‌ ده‌ستێکی پاکی جگه‌ر گۆشه‌ی بارزانیدا پارێزراوه، بۆیه به‌ دڵنییایه‌وه ئه‌ڵێن: گه‌لی کورد یه‌ک جه‌سته‌یه( ئێوه ئێمه‌ن و ئێمه‌ش ئێوه‌ین)ئیتر هیوادارین خوێنه‌رانی به‌ڕیز چاوه‌روانی به‌شی دوهه‌م بکه‌ن!!.

 ٢٦-١٢-٢٠١٣.