کێن ئه‌وانه‌ی دژی پارتین، دژایه‌تی کردنی له پێناو چیدا؟.نه‌جمه‌دین شێخ بزینی - سوید-( به‌شی دوهه‌م)
هه‌روه‌ک له‌کۆتایی به‌شی یه‌که‌مدا، ئاماژه‌مان به‌ناسکی بارودۆخی سیاسی کۆماری کوردستان کرد، که‌زۆر به‌وردی چاودێری ئه‌کرا له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی دراوسێ و ده‌ره‌کی به‌گشتی و ئێراق و تورکیا به‌تایبه‌تی، بۆیه لێژنه‌ی ئازادی که وه‌ک ئه‌نجومه‌نی بزۆتنه‌وه‌ی ئازادی خوازی ڕێبازی بارزانی بوو، پاش ئه‌وه‌ی ده‌رکه‌وت بۆیان، که‌حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، به‌تاقی کردنه‌وه‌یه‌کی سه‌ختدا تێپه‌ڕیوه‌و، زۆر به‌کارامه‌یی سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ست هێناوه، به پێویستیان زانی پارتێکی هاوشێوه‌ی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، دامه‌زرێنن بۆ کوردستانی ئێراق به‌تایبه‌تی.بۆ ئه‌وه‌ی دوژمنان واهه‌ست نه‌که‌ن کۆماری کوردستان، ده‌ستی بۆ پارچه‌کانی تری کوردستان درێژ ئه‌کات و ئه‌بێته مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئێراق و تورکیا، ئه‌و لقه‌ی دیموکرات کوردستانی ئێران، هه‌ڵوه‌شێننه‌وه‌و، پارته تازه‌که جێگه‌ی بگرێته‌وه.
دیاره بیرۆکه‌که گه‌شه‌ی کرد و په‌سه‌ند کرا، له‌لایه‌ن خودی سه‌رۆک مسته‌فا بارزانی نه‌مره‌وه، بڕیاری له‌سه‌ر دراو، له‌١٦/ ئابی/ ١٩٤٦، بارزانی له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ک له: پارێزه‌ر، هه‌مزه عه‌بدوڵا، نه‌قیب، میرحاج ئه‌حمه‌د، عه‌قیدڕوکن، عزه‌ت عه‌بدولعزیز، نه‌قیب، مسته‌فا خۆشناو، نه‌قیب، خیروڵا عه‌بدولکه‌ریم، مولازم، نوری ئه‌حمه‌د ته‌ها، مولازم، محه‌مه‌د مه‌حمود قودسی کۆ بوه‌وه، بناغه‌ی هۆکار و پێویستی دروست بونی پارتیان داڕشت و ڕایان گه‌یاند به نهێنی، له‌هه‌مان کاتدا، له‌لایه‌ن سه‌رۆک کۆمار قازی محه‌مه‌دی نه‌مر و به‌رپرسانی کۆماری کوردستانه‌وه، ده‌ست خۆشیان لێکراو، به په‌سه‌ندیان زانی.هه‌رچه‌نده تێبینیانیش هه‌بو، پییان باش نه‌بو تێکۆشانی ئاشکرایان هه‌بێ له ناوه‌وه‌ی سنوری کۆمار.پێیان وابو، گیر وگرفتیان بۆ دروست ئه‌بێ له لایه‌ن داگیرکه‌رانی پارچه‌کانی تری کوردستانه‌وه.دیاره بارزانیش ئه‌و بۆچونه‌ی ئه‌وانی به‌ڵاوه په‌سه‌ند بو.
بۆڕاگه‌یاندن و په‌یوه‌ندی کردن، به‌که‌سایه‌تی پێویست و بزوتنه‌وه سیاسیه کانی گۆڕه‌پانی سیاسی ئه‌وسه‌ر ده‌مه‌ی کوردی باشور و هه‌روه‌ها گواستنه‌وه‌ی سنوری چالاکی ئه‌و پارته تازه‌یه، بڕیار درا، پارێزه‌ر، هه‌مزه عه‌بدوڵا، بنێرنه‌وه بۆ ئێراق، له‌لایه‌ن بارزانی و ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ره‌وه، هه‌مو ده‌سه‌ڵاتێکی پێدرا، ته‌نها ئامۆژگاری کرا، که شێخ له‌تیف شێخ مه‌حمود، دیاری بکا وه‌ک جێگری یه‌که‌می سه‌رۆک.کاکه محه‌مه‌د زیاد، جێگری دوهه‌م بێ.هه‌روه‌ها جارێ ده‌ست کاری ئه‌و په‌یڕه‌و و پرۆگرامه سه‌ره‌تاییه نه‌که‌ن، که له مهابات داڕێژراوه تاکاتێکی تری دیاری کراو.هه‌روه‌ها خۆیانیش بپارێزن له تێڕوانین، له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی به‌ریتانیا به شێوه‌ی کاتی، تاکو پارتی جێ پێگه‌ی خۆی دائه‌ڕێژێت و ئه‌که‌وێته سه‌ر پێ، بۆ ئه‌وه‌ی دوربێت له‌په‌لاماردان و ڕاودونان و گرتن.
له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و بڕیارانه، له کۆتایی به‌هاری/١٩٤٦دا، هه‌مزه عه‌بدوڵا گه‌ڕایه‌وه بۆ باشوری کوردستان و په‌یوه‌ندی کرد له‌گه‌ڵ که‌سایه‌تیه‌کان، سه‌رکردایه‌تی حیزبی شۆڕش و ڕزگاری، که‌له‌و سه‌رده‌مه‌دا، بزوتنه‌وه‌ی سه‌ره‌کی ڕێکخستنی سیاسی بون، به‌شێوه‌ی سه‌ره‌تایی ڕازی بون به‌هه‌ڵوه‌شاندنه‌ی هه‌ردو حیزبه‌که‌و چونه ناو ئه‌وحیزبه تازیه‌وه، بۆ مه‌به‌ستی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حیزبه‌کانی خۆیان، کۆنگره‌ی تایبه‌تی خۆیان به‌ست، تاکو نوێنه‌رانی کۆنگره، له‌و هه‌ڵوێسته‌ی ده‌ریان بڕیوه له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و پارته تازه‌یه‌دا ئاگادار بکه‌نه‌وه‌و، به‌گشتی په‌سه‌ندی بکه‌ن، له‌سه‌ره‌تای مانگی ئابدا، هه‌ردو حیزب کۆنگره‌ی خۆیان به‌ست، به‌هه‌ره زۆرینه‌ی ده‌نگ، په‌سه‌ندکرا بچنه ناو ئه‌و حیزبه تازه‌یه‌وه.
دووای ئه‌وه‌ی ئه‌وسه‌رکه‌وتنه پیرۆزانه به‌ده‌ست هێنران، کۆنگره‌ی گشتی به‌سترا به‌ناوی حیزبی دیموکراتی کوردی له ئێراق، له‌پاش پێداچونه‌وه به‌سه‌ر په‌یڕه‌و و پرۆگرامه داڕێژراوه‌که‌ی مهابات و هه‌ندێ ده‌ستکاری کردنی سوک و ئاسایی، بڕیاری کۆتایی له‌سه‌ر دراو، ئه‌ندامانی لێژنه‌ی ناوه‌ندی هه‌لبژێردا به‌م جۆره:
1- مسته‌فا بارزانی: سه‌رۆکی حیزب.
2- شێخ له‌تیف شێخ مه‌حمود: جێگری یه‌که‌می سه‌رۆک.
3- کاکه حه‌مه زیاد: جێگری دوهه‌می سه‌رۆک.
4- هه‌مزه عه‌بدوڵا: ئه‌ندا.
5- میرحاج ئه‌حمه‌د: ئه‌ندام.
6- دوکتۆر جه‌عفه‌ر که‌ریم: ئه‌ندام.
7- عه‌لی عه‌بدوڵا: ئه‌ندام.
8- ساڵح یوسفی: ئه‌ندام.
9- عه‌بدولکریم تۆفیق: ئه‌ندام
10- ڕه‌شید عه‌بدولقادر: ئه‌ندام.
11- ڕه‌شید باجه‌ڵان: ئه‌ندام.12-
12- مه‌لا سه‌ید حه‌کیم خانه‌قینی: ئه‌ندام.
13- عه‌ونی یوسف: ئه‌ندام.
14- ته‌ها محێدین: ئه‌ندام.
15- عه‌بدوسه‌مه‌د محه‌مه‌د: ئه‌ندامی یه‌ده‌ک.
هه‌روه‌ها لێژنه‌ی ناوه‌ندی کۆبوه‌وه له‌یه‌که‌م دانیشتن‌دا، مه‌کته‌بی سیاسی هه‌ڵبژارد به‌م جۆره:
1- هه‌مزه عه‌بدوڵا: سکرتێر.
2- دوکتۆر جه‌عفه‌ر محه‌مه‌د که‌ریم: ئه‌ندام.
3- عه‌لی عه‌بدوڵا: ئه‌ندام.
4- عه‌بدولکریم تۆفیق: ئه‌ندام.
5- ڕه‌شید عه‌بدولقادر: ئه‌ندام.
لێره‌دا به‌پێویستی ئه‌زانم، که خوێنه‌رانی به‌ڕیز ئاگادار بکه‌مه‌وه، مه‌به‌ستی من له‌نوسینی ئه‌م زنجیره ووتاره‌دا، چۆنیه‌تی پێکهاته‌و دروست بونی پارتی نیه، من هێشتا به‌ڕێوه‌م بۆ گه‌یشتن به ناوه‌ڕۆکی مه‌ست، به‌ڵام دیاره پێویستم به به‌رهه‌م و به‌ڵگه هه‌یه وه‌ک زه‌خیره، تابتوانم به‌جوانی مه‌به‌سته‌که‌م بپێکم، بۆیه ناچارم به‌وڕێچکه‌یه‌دا گوزه‌ر بکه‌م، که پارتی و سه‌رکردایه‌تیه پیرۆزه‌که‌ی دایانڕشتووه‌و تاکو ئێستاش به‌و په‌ڕی له‌خۆ بورده‌یی و دڵسۆزیه‌وه به‌رده‌وامن له داڕشتنی، تا ئه‌وبه‌ڵگه‌و به‌ر‌هه‌مانه‌ی پێویستم پێی ئه‌بێت به‌ده‌ستی بێنم بۆ کاتی پێویست.
هه‌روه‌ک له‌پێشه‌وه ئاماژه‌مان به پێکهێنانی لێژنه‌ی ناوه‌ندی مه‌کته‌بی سیاسی کرد، حیزبه‌که‌ش نازناوی ووشه‌ی( پارتی) گرته خۆی‌و که‌وته ڕێ له‌سه‌ر ڕێبازی داهێنه‌ر و سه‌رۆکه دڵسۆز و شۆڕشگێڕه‌که‌ی، که‌مسته‌فا بارزانی بو.لێره‌دا ئه‌گه‌ر بڵێن بارزانی وه‌ک هه‌ستی به‌وه کردبێت، بارودۆخی سیاسی ناوچه‌که ئه‌گۆڕی و په‌راگه‌نده بونی خۆی‌و هه‌ڤاڵه نزیکه‌کانیشی به‌دوواوه ئه‌بێت، بۆیه هه‌رزو ئه‌وهه‌نگاوه پیرۆزه‌ی نا، تاکو له دوای خۆی، ئه‌وڕێچکه کوردایه‌تیه پیرۆزه، کوێر نه‌بێته‌وه‌و، گری هه‌ستی بیری نه‌ته‌وایه‌تی خامۆش نه‌بێت و کاروانی تێکۆشان هه‌ر به‌رده‌وام بێت.ئه‌وه‌بو هه‌ر له‌پاش ماوه‌یه‌کی که‌م، ئه‌وکاره‌ساته ماڵوێرانیه به‌سه‌ر گه‌له‌که‌ماندا هات و کۆمار هه‌ره‌سی هێناو، سه‌رۆکی پارتی خۆی نه‌دا به‌ده‌سته‌وه، شێرانه‌و پلنگ ئاسا هاته جۆڵان و به ململانێ کردنێکی زۆر سه‌خت و دژوار، له‌نێوانی هه‌رسێ ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری کوردستاندا وه‌ک ئێران و ئێراق و تورکیادا، خۆی‌و هه‌ڤاڵانی ده‌رباز کرد به‌ره‌و ده‌وڵه‌تی شۆره‌وی، له ئاوی ئاراس په‌ڕینه‌وه‌و خۆیان دایه ده‌ست قه‌ده‌ری کریملینه‌وه‌و، بۆ ماوه‌ی(١٢) دانه ساڵ، ژیانێکی تاڵ و پڕ له‌ده‌رده سه‌ریان برده سه‌ر، له‌پێناوی ڕێبازی کوردایه‌تی پیرۆزدا.
دیاره من خۆم به‌دورگرت له شرۆڤه کردن له‌سه‌ر ژیانی بارزانیه‌کان، له‌وماوه‌یه‌ی له‌ڕۆژ هه‌ڵاتی کوردستان بون له‌خزمه‌ت کردنی کۆمار‌دا، که چۆن به‌ده‌ستی نه‌دارای و نه‌بونی خزمه‌ت گوزاریه‌وه ده‌یان ناڵاند، ڕاسته هاوڵاتیانی کوردستان درێغیان نه ئه‌کرد له‌یارمه‌تیدان به پێی تووانای خۆیان، به‌ڵام قورسایی ئه‌وهه‌زاران که‌سه له‌ئاستی ئه‌وه نه‌بو به‌وان دابین بکرێت، به‌تایبه‌تی له‌بوواری ته‌ندروستیه‌وه، هه‌ر بۆیه، که دوچاری په‌تای گرانه‌تا هاتن، نزیکه‌ی(٢) هه‌زار مرۆڤیان لێ مرد.بۆیه‌ش نه‌چومه ناو ئه‌و خاڵه گرینگه‌وه، چونکه ئه‌بو ئاماژه‌م به‌و شه‌ڕو پێکدادانه‌ش بکردایه، که هێزه بارزانیه‌کان به‌ره‌نگاری سه‌رباز و جاشه‌کورده‌کانی سوپای ئێران ئه‌بونه‌وه، به‌تایبه‌تی له‌سنوری شارۆچکه‌ی سه‌قز و بانه، ئه‌وکاته‌ش له‌ناوه‌ڕۆکی بابه‌ته‌که‌م، ده‌ر ئه‌چومه ده‌ره‌وه، هه‌رچه‌نده بابه‌تێکی پێکه‌وه گرێ دراون، به‌ڵام بۆ بیانو گره‌کان ئه‌بو به‌خاڵی لاوازی ناوه‌ڕۆکی ووتاره‌که.
پارتی له‌دووای ئاواره بونی سه‌رۆکه مه‌زن و نه‌به‌زه‌که‌ی، درێژه‌ی به تێکۆشانی نهێنی خۆیداو، که‌وته سه‌ر پێی خۆی و به شێوازێکی زۆر بوێرانه، تووانی خۆی تێکه‌ڵی هه‌موو چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگا بکات و خۆی پێیان بناسێنێت و لێیان نزیک بێته‌وه، تا گه‌یشته ئاستێک له ئێراقدا، له لایه‌ن هێزه سیاسیه نهێنیه‌کانی تره‌وه، به‌جۆرێ بایه‌خی پێ ئه‌درا، له‌ساڵی(١٩٥٦)دا، که‌به‌ره‌یه‌کی سیاسی پێکهات بۆ ڕوخاندنی ده‌سه‌ڵاتی پادشایه‌تی، به‌شانازیه‌وه باوشیان بۆ کرده‌وه، لهوبهرهیهدا، که حیزبی شیوعی و ناسریه‌کان و به‌عسیه‌کانی عه‌فله‌قی و وته‌نی دیموقراتی کامیل چادرچی تێدابو، لهوبهرهیهدا مایه‌وه تاکو شۆڕشی١٤ ته‌موز به‌رپاکرا به‌سه‌رکردایه‌تی زعیم ڕوکن عه‌بدولکریم قاسم، که هه‌رچه‌نده له‌ڕێکخستنی حیزبی شیوعیدا نه‌بو، به‌ڵام شیۆعیه‌کان به‌خۆ نزیک خستنه‌وه‌و نیشاندانی دڵسۆزی و پشتگیری لێکردن، توانیان ڕه‌نگی خۆیانی به‌سه‌را بسه‌پێنن، بۆیه له‌ئه‌نجامدا قومیه‌کانی ناسری، به کوده‌تا له‌ناویان برد و ده‌سه‌ڵاتیان گرته ده‌ست و یه‌که‌م هه‌نگاو نانیان لێدانی حزبی شیوعی بو له‌ده‌سه‌ڵاتدا!.
دیاره له‌دوای سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی ١٤ده‌ی ته‌موزی ١٩٥٨، پارتی که‌تاکه ڕێکخستنی سیاسی گه‌لی کورد بو له‌وسه‌رده‌مه‌دا، وه‌ک نوێنه‌ری ڕاسته قینه‌و باوڕ پێکراوی کورد، داکۆکی له‌مافه‌ڕه‌واکانی گه‌لی کوردستان ئه‌کرد بوێرانه، به‌تایبه‌تیش له‌پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رۆکه مه‌زنه‌که‌ی(مسته‌فا بازانی نه‌مر) گوڕ‌و تینێکی زۆر بێوینه‌ی هاته‌وه به‌ر و جه‌ماوه‌ری کورد و کوردستان باوشیان بۆ کرده‌وه، به‌جۆرێک ئه‌و پارته سیاسیانه‌ی که باڵیان هه‌بو له‌کوردستان و ناو جه‌ماوه‌ری کوردا له ئێراق، به تایبه‌تیش وه‌ک حیزبی شیوعی، که بڕوای به بزوتنه‌وه‌ی ئازادی خوازی گه‌لی کورد نه‌بو، کوردستانی به جیا ناناسی له ئێراقدا، له‌ئاست پارێزگایه‌کدا له ئێراق سه‌یری ئه‌کرد، هه‌ربۆیه‌ش له‌ژێر په‌رده‌ی لقێکه‌وه ڕێخستنه‌کانی ئه‌نجام ئه‌دا، به جۆرێ دوچاری پۆکانه‌وه هات، که خۆیان قه‌ت له‌و بڕوایه‌دا نه‌بون، وه‌ک دیاره‌و ئێستاش له‌به‌ر چاوه!!.
لێره‌دا کۆتایی به‌م به‌شه ئه‌هێنم، هیوادارم چاوه‌ڕوانی به‌شی سێهه‌م بن، که له‌سه‌ره‌تای ده‌سه‌ڵاتی کۆماری له ساڵی ١٩٥٨ وه ده‌ست پێ ئه‌کات.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
