ئه‌ی به‌ڵێن و داواکاری، بنبڕکردن چی به‌سه‌رهات؟!. نه‌جمه‌دین شێخ بزێنی - سوید
هه‌روه‌ک باوه، ئه‌گه‌ر که‌سێکی نه‌زان خۆی بخه‌ڵه‌تێنێ و هه‌ڵه‌یه‌ک بکات، ته‌نها پێی ئه‌وترێ نه‌زانه. ئه‌ی ئه‌گه‌ر که‌سانی زانا، خۆی بخه‌ڵه‌تێنێ و هه‌ڵه بکات، چیی پێ ئه‌وترێت؟.
به‌ڕاستی جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه، بۆ ئه‌بێ سه‌رکردایه‌تی سیاسی، له هه‌لوێسته‌کانی به‌ر له‌بڕیاردان پاشگه‌ز ببێته‌وه‌و، بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر خاڵی(. )، هه‌روه‌ک دوێنی، واته ٢٩/٤/٢٠١٣، له ڕاگه‌یاندنه‌کانی شاندی سیاسی پایه‌به‌رزی هه‌رێم له به‌غدا، له‌پاش وتووێژ و گوفتوگۆکاندا، له گه‌ڵ هه‌ر یه‌ک، له سکرتێری هاوپه‌یمانی نیشتیمانی و سه‌رۆک وه‌زیرانی ناوه‌ند، نوری مالیکیدا، زۆر به‌ڕونی پاشه کشه‌و سازش کردنیان به‌ده‌رکه‌وت له‌سه‌ر کێشه ناکۆکه‌کانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، زۆر له‌وه زیاتر بو، که به‌ر له چونی شانده‌که بۆ ناوه‌ند و هه‌ڵویست وه‌رکرتنی سه‌رکردایه‌تی سیاسی باسیان لێوه ده‌کرد، به‌تایبه‌تیش خودی سه‌رۆکی هه‌رێم به‌ڕیز، سه‌رۆک کاک مه‌سعود بارزانی!.
لێره‌دا پێویست ناکات، ئاماژه به بۆچون و داواکاری، به‌رپرسانی باڵای سه‌رکردایه‌تی سیاسی و سه‌ربازی بکه‌ین به‌گشتی، به‌ڵکو ته‌نها ڕاگه‌یاندنه‌که‌ی سه‌رۆکی هه‌ڕیم، که ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر، له‌به‌رانبه‌ر شاندی هاونیشتانی شیعه‌و ده‌نگۆی ده‌ست پێکردنی دیالٶگ بکرێته‌وه، به‌ڕیزیان، واته سه‌رۆک بارزانی، فه‌مرموی، ئێمه ماندوبوین له کۆبونه‌وه‌و گوێ گرتنی به‌ڵینی بێبنه‌ما، کێشه‌کان هه‌مو باسێکی له‌سه‌ر کراوه، کردارمان ئه‌وێت، که‌چی به‌داخه‌وه، به‌پێی ڕاگه‌یاندنه‌کانی، به‌ڵاوکراوه‌تنه‌وه، سه‌رله‌نوێ تێهه‌ڵ ئه‌چینه‌وه له‌سه‌ر پێک هێنانی لێژنه، بۆ به‌دوادا چون و چاره‌سه‌ر کردنی کێشه‌کان، ئه‌وه‌ش گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ سه‌ره‌تا!.
ناوه‌ڕۆکی ڕاگه‌یاندنه‌کان، وه‌ک له‌ماڵپه‌ڕ و ڕۆژنامه‌کاندا به‌ڵاوکراوه‌ته‌وه، شتێکی تازه‌و دڵخۆشکه‌ری ئه‌وتۆی تێدا نیه، که‌شایانی باسکردن بێت، لێره‌دا به‌پێوستم زانی زۆر به‌کورتی، ئاماژه به‌ناوه‌ڕۆکی به‌شێک له‌و هه‌واڵانه بکه‌م که خرانه‌ته به‌ر دیدی خوێنه‌ران، بۆ نمونه:
ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی، له به‌رواری ٢٩/٤/٢٠١٣ دا، له‌ڕاگه‌یاندنه‌که‌یدا هاتووه: سه‌رۆک وه‌زیران له‌نوسینگه‌که‌ی خۆیدا، پێشوازی کردووه له نێچیرڤان بارزانی و به‌جدی و ڕاشکاوانه، سه‌رجه‌م خاڵه ناکۆکیه‌کانی نێوانیان تاووتوێ کردووه، تێدا هه‌ردولا ویستی خۆیان بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کان نیشانداوه!.
له‌بڕگه‌یه‌ک تردا هاتوه: نوری مالیکی و نێچیرڤان بارزانی، ڕێککه‌وتن له‌سه‌ر په‌سه‌ند کردنی ئه‌ویاسایانه‌ی کاریگه‌ریان له‌سه‌ر چاره‌سه‌رکردنی کێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کانی نێوان هه‌ڕیم و ناوه‌ند هه‌یه، له‌وانه یاسای نه‌وت و غاز، وه‌ک ئه‌وه‌ی سه‌رتای ووتووێژی هه‌رێم و به‌غدا بێت، له‌وه‌پێش هیچ ڕوی نه‌دابێت!!!.
له هه‌مان هه‌واڵدا هاتووه، که شاندی هه‌رێم، له گه‌ڵ دوکتۆر ئیبراهیم جه‌عفه‌ری، سکرتێری هاوپه‌یمانی نیشتمانیدا، تاووتوێی سه‌ردانه‌کانیان کردوه، به ئه‌رێنی هه‌ڵیان سه‌نگاندوه، هاوپه‌یمانی داوایان کردوه، وه‌زیر و ئه‌ندام په‌ڕله‌مانه‌کان بگه‌ڕێنه‌وه!.
من لێره‌دا ناچمه ناو شرۆڤه کردنه‌وه، چونکه له گێڕانه‌وه‌ی مه‌ته‌ڵێکی چه‌ندین جار دوو باره کراوه زیاتر، هێچی تری تێدا نابینم، ته‌نها ڕوداوێکی سه‌یر نه‌بێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، که کێشه‌ی ماده‌ی١٤٠ و پێشمه‌رگه له جانتاکه‌دا که‌وتوه‌و له ناوچوه، وه‌ک له‌نێوان سه‌رۆک وه‌زیرانی ئێراق، نوری مالیکی و سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێم، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانیدا، له بڕگه‌ی په‌سه‌ند کردنی یاساکاندا ده‌ر ئه‌که‌وێت، ئیتر هه‌ر ماوه بڵێن خۆمان خۆش و خودا خه‌راپتر نه‌دا، ١٤٠ ماڵئاوا!!.
ڕۆژنامه‌ی ئاوێنه: هه‌مان سه‌رچاوه‌و هه‌واڵه‌کانه، ته‌نها له‌ڕسته‌ی ووشه‌کاندا جیاوازی هه‌یه، له ترش و خوی به‌سه‌ر کردندا، هه‌ر وه‌ک نوسیویه‌تی، هه‌ردولا ڕێککه‌وتن له‌سه‌ر چاره‌سه‌رکردنی سه‌رجه‌م کێشه‌کان، به‌پێی ده‌ستور و سیستمی فیدرالی، له‌ژێر سایه‌ێ ئێراقی یه‌کگرتو. لێره‌شدا هه‌ر ئه‌توانین بڵێن، هه‌ندێ شاره‌زای ده‌ستوره‌که بوینه که چۆنه، به‌ڵام ئه‌بێت ئه‌و سیستمه فیدرالیه‌ته چۆن بێت، که له دایک نابێت، چونکه ئێراقی یه‌کگرتو پێویستی پێ نیه!.
ماڵپه‌ڕی خه‌ندان: هه‌واڵیکی تازه‌ی تیدا دیاری کراوه، بریتیه له‌پێکهێنانی هێزێکی هاوبه‌ش له‌دانیشتوانی ناچه‌که، به‌مه‌رجی په‌نجا به په‌نجا، بۆ ناوچه کوردستانیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم، که زیاتر له سالێکه به‌ر له‌ئێستا، به‌ئاگاداری و به‌شداری کردنی لایه‌نی ئه‌مریکی، بڕیاری پێکهێنانی ئه‌و هێزه هاوبه‌شه درا، به‌ڵام وادیاره له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ووشه‌ی پێشمه‌رگه ئازاریان ئه‌دات، بۆیه ئه‌نجامیان نه‌داوه، به‌رگێکی تازه‌یان له‌به‌ر کرده‌وه، زۆر پیرۆزه‌و، جارێکی تریش، هێزی پێشمه‌رگه‌ی خۆ ڕاگر و قاره‌مان، خواتان له‌گه‌ڵ!!.
سایتی سۆمه‌ریه نیوز، له‌سه‌ر زاری عه‌لی موسه‌وی، ڕاوێژکاری به‌ڕیز نوری مالیکی سه‌ڕۆک وه‌زیرانی ئێراق، به‌ڵاوی کردۆته‌وه، که له کۆبونه‌وه‌ی نێوان بارزانی و مالیکیدا، ڕێککه‌وتن کراوه له‌سه‌ر پێکهێنانی لێژنه بۆ تاوتوێ کردنی سه‌رجه‌م دۆسه‌کان، هه‌روه‌ها موسه‌وی ڕایگه‌یاندووه، وه‌زیره‌کانی کورد، بایکۆت ئه‌شکێنن و ده‌گه‌ڕێنه‌وه به‌غدا!.
لێره‌شدا وا ده‌رئه‌که‌وێت، وه‌زیره‌کان مۆڵه‌تی پشودانه‌که‌یان ته‌واو بووه، ئه‌گه‌ر نه‌گه‌ڕێنه‌وه، به‌ڕیز مالیکی که‌سانێ تری دیاری ئه‌کات بۆ جێگاکانیان، چونکه ئه‌گه‌ر وانه‌کرێ، به‌واتای ئه‌وه دێ مالیکی ڕاستگۆ نیه ئه‌وه‌ش بۆ سه‌رۆک وه‌زیران نه‌شیاوه، چونکه ئه‌بێته هۆی له‌ده‌ستدانی که‌سایه‌تی!.
خۆشبه‌ختانه به‌ر له‌وه‌ی نوسینی ووتاره‌که ته‌واو بکه‌م، ناوه‌ڕۆکی ڕێککه‌تننامه‌که ڕاگه‌یه‌ندرا که‌بریتی بو له(٧) خاڵ. دیاره به‌هۆی گرینگی بابه‌ته‌که‌وه، هه‌موو به‌ڕێزێک به‌ناوه‌ڕۆکی خاڵه‌کان ئاشنا ئه‌بێت، بۆیه نوسینه‌وه‌یان به‌پێویست نازانم. ناوه‌ڕۆکی خاڵه‌کانیشم زۆر به‌لاوه گرینگه، به‌ڵام چه‌ند تێبینیه‌ک هاتۆته کایه‌وه، که‌ناکرێت باسی لێوه نه‌کرێت، وه‌کو:
أ- ئه‌و خاڵانه‌ی دیاری کراون، وه‌ک نه‌وت و غاز، کێشه‌ی ناوچه کوردستانیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم، له‌ڕێگه‌ی لێژنه‌وه چاره‌سه‌ریان بۆ دیاری کراوه‌و جێبه‌جی نه‌کراوه، ته‌نها پێویستی به ئه‌نجامدانه ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی نیه‌ت پاکی هه‌بێت له‌لایه‌ن ناوه‌نده‌وه، به‌تایبه‌تیش خودی مالیکی!.
ب- هه‌موار کردنی بودجه، چ په‌یوه‌ندیه‌کی به لێژنه‌وه هه‌یه، هاوپه‌یمانی کوردستانی بایکۆتی بڕیاره‌که‌ی کردووه، پاڕله‌مان بڕیاری هه‌موار کردنه‌وه‌ی ئه‌دات، به‌تابه‌ت سه‌رۆکی پاڕله‌مان ئه‌گه‌ر بیه‌وێت.
ج- وا پێده‌چیت، کێشه‌ی فڕۆکه خانه‌و ئه‌سایشی ئێراق به‌گشتی، خرابێته خانه‌ی( ماده‌ی ١٤٠ و پێشمه‌رگه) ئایه ئه‌و دوو خاڵه گرینگه چاره‌سه‌ر کران به‌سڕینه‌وه، ته‌نانه‌ت ناویشیان نه هێنرێت، دور نیه هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه بوبێ، که‌په‌ڕله‌مانی کوردستان، بڕیاره‌که‌ی سه‌رکی په‌سه‌ند کرد، ئه‌وناوچانه، ئیتر ناو ببرێ به ناوچه کوردستانیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم، هه‌ربۆیه‌ش له ڕێککه‌وتن له‌سه‌ر دیاری کردنی هێزی هاوبه‌ش، به‌ناوچه جێ ناکۆکه‌کان ناوبرا، په‌ڕله‌مان توڕه بێت باشتره، نه‌ک مالیکی؟!.
د- ئایه بۆ دوهه‌مجار، له‌پاش هه‌ڵویست وه‌رگرتن بۆ ده‌ستگرتنه‌وه به‌سه‌ر ناوچه کوردستانیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم، په‌لکێشی هێزی پێشمه‌رگه ئه‌کرێت و جۆش و خرۆشیکی به‌تینی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی ئه‌وروژێندرێته ناو دڵی دڵسۆزانی کوردایه‌تیه‌وه، به‌ڵام زۆر به‌ساکاری و به‌چونی شاندێکی به‌ڕێزی کوردستان بۆ به‌غداو، به‌چه‌ند کاتژمێرێکی وتووێژ و وه‌رگرتنی چه‌ند به‌ڵێنێکی بێ بنه‌ماو ته‌ڵه‌که‌بازی، که چه‌ندین جاره دوباره ئه‌کرێته‌وه، هێور ئه‌بنه‌وه‌و، ده‌نگ له هێزی پێشمه‌رگه‌ی نه‌به‌ز و گیان له‌سه‌رده‌ست بکرێت بگه‌ڕێته‌وه، ئایه ئه‌وه سازش کردن نیه به‌رانبه‌ر به به‌غدا؟.
ئایه ئه‌وه نابێته هۆی ڕوخاندنی هۆره به‌رزی گه‌ل و هێزی پێشمه‌رگه؟ ئایه پاشگه‌ز بونه‌وه نیه له بڕیاری سه‌رکردایه‌تی سیاسی، که ڕایگه‌یاندبو، بێزار بوینه له کۆبونه‌وه، ئیتر کردارمان ئه‌وێ؟. ئایه مه‌به‌ست له داواکاری کردار، ته‌نها پێکهێنانی لێژنه‌ی ده‌سه‌خه‌ڕۆ کردن و خه‌ڵه‌تاندنه، وه‌یان چاوخشاندنه‌وه‌ی به‌غدایه به‌سه‌ر ڕێکه‌وتنه‌کانی پێشودا، ئه‌گه‌ر نیه‌تیان پاکه، با ئه‌نجامیان بده‌ن، کورد چی له لێژنه‌ی بێ ناوه‌ڕۆک به‌ده‌ست ئه‌هێنێت، که هه‌ر بڕیارێک ده‌ربکات له گیرفانی نوری مالیکیدا مردار ئه‌بێته‌وه!!.
به‌ڕاستی سه‌یره، له‌پاش ماوه‌یه‌کی دور و درێژ و دڵه‌ڕاوکێیه‌کی بێزاری ئه‌و خه‌ڵکه‌و، چه‌ندین کۆبونه‌وه‌ی پارت و لایه‌نه سیاسیه‌کان و، بایکۆت کردنی ئه‌ندامانی په‌ڕله‌مانتار له ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ند و کشانه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ وه‌زیره به‌ڕیزه‌کانی ناوه‌ند و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ کوردستان، سه‌رکردایه‌تی سیاسی، به‌تایبه‌تیش خودی سه‌رۆکی هه‌رێم، ڕیزدار سه‌رۆک مه‌سعود بارزانی، به‌ڵنیاندا، تا نه‌گه‌نه بڕیاری بنبڕ کردن، له‌ئه‌نجامدانی چێبه‌جێ کردنی داواکاریه‌کانیان، ئیتر گوێ ڕایه‌ڵی به‌ڵێن نه‌بن، که چی ئێستا هه‌روه‌کو جارانی پێش‌و بگره تۆزێ که‌متر و نه‌رم تریش، ڕازی بوین و گه‌ڕاینه‌وه، هه‌ر ئه‌توانین ئه‌وه‌نده بڵێن: ئه‌ی به‌ڵێن و داواکاریه بنبڕه‌کانی، سه‌رکردایه‌تی سیاسی به‌ڕێز له کوێ ما؟؟؟!.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
