كه یه‌كێك كتێب ده‌خوێنێته‌وه، له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا چیی پێ ده‌ڵێن؟ ده‌ڵێن: بۆ ئه‌وه‌نده سه‌ری خۆت شۆڕ ده‌كه‌یه‌وه؟ یان ده‌ڵێن ئه‌وه‌نده مه‌خوێنه‌وه با تێك نه‌چی. زۆر جار به خۆمیان گوتووه: ئه‌رێ چۆنه تا ئێسته تێك نه‌چووی؟ جاران له هه‌ولێر شێت زۆر هه‌بوون به شاردا ده‌سووڕانه‌وه. یه‌كه‌مین پرسیار به مێشكی یه‌كێكدا بهاتایه ئه‌وه بوو: ئه‌و كه‌سه بۆ شێت بووه؟ یه‌كه‌مین وه‌ڵامیش كوردێك بیدایه‌ته‌وه ئه‌وه بوو: زۆری خوێندبووه‌وه بۆیه. به كورتی فه‌لسه‌فه‌ی كوردی بۆ كتێب ئه‌وه‌یه: كتێب هۆیه‌كه، ئاوه‌ز به مرۆڤ له ده‌ست ده‌دا، سه‌ریشی زۆر پێ شۆڕ ده‌كاته‌وه. به پێی ئه‌م فه‌لسه‌فه كوردییه، ئه‌گه‌ر تۆ بته‌وێ سه‌رت له‌ناو كۆمه‌ڵدا به‌رز بێ و مێشكیشت وه‌ك سه‌عات چركه‌ی بێ، خۆت له‌و ده‌رد و به‌ڵایه به دوور بگره، كه كتێبی ناوه. ئه‌مه‌ش فه‌لسه‌فه‌ی چینێكی باڵاده‌ست واته ده‌سه‌ڵاتێكه و بووه به فه‌لسه‌فه‌ی گشتی.
پێش چه‌ند رۆژێك، راپۆرتێكم له تیڤیی كوردییه‌وه بینی چه‌ند گه‌نجێك چووبوونه چایه‌خانه‌ی مه‌چكۆ له هه‌ولێر بۆ كتێب خوێندنه‌وه. ده‌یانویست هانی لاوه‌یل بده‌ن بۆ ئه‌و كولتووره. رێزم هه‌یه له دڵه‌وه بۆ ئه‌و كاره‌یان به‌ڵام ئاسنی سارد ده‌كوتنه‌وه. كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه پرسی مێشكی به‌لاوه ناوه. پێش ماوه‌یه‌ك راپۆرتێكی ترم بینی له نۆینێكی بیانییه‌وه ده‌یگوت به‌پێی هه‌ندێك سه‌رئه‌ژمار: له ئه‌مه‌ریكه تاكی مرۆڤ ساڵانه 11 كتێب ده‌خوێنێته‌وه، له به‌ریتانیه 9 كتێب، به‌ڵام له وڵاته‌یلی عه‌ره‌بیدا چاریه‌كه لاپه‌ڕه‌یه‌ك. بێگومان كورد له عه‌ره‌بیش كڵۆڵتره ئه‌گه‌ر سه‌رئه‌ژمێرییه‌كه رۆژێك له رۆژان بیگرێته‌وه. پێشی حه‌وتووێك ساڵوه‌گه‌ڕی دامه‌زرانی ده‌زگای ئاراس تێ په‌ڕی. ویستم ئه‌م ئه‌ستوونه‌ی پێ پڕ بكه‌مه‌وه، پاشان بیرم گۆڕا. گوتم مرۆڤ بۆچی شانازی به كارێكه‌وه بكا، كه زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگه به باشی نازانێ. ئه‌وانه‌ی رۆشنبیریشن و ده‌ستیان ده‌ڕوا له‌م وڵاته‌دا، ته‌نانه‌ت ئه‌وانیش زۆربه‌ی هه‌ره زۆریان كاره‌كه‌یان به‌لاوه گرینگ نه‌بوو. ئه‌گه‌ر رۆژێك ئه‌و ناوه‌یله‌ت بۆ ریز بكه‌م، سه‌رت سوڕده‌مێنێ له‌به‌رئه‌وه‌ی پێت وایه ئه‌مانه سه‌رگه‌له و جڵه‌وكێشی بیر و هۆشیاریی كوردین، چۆن ده‌بێ دژی ده‌زگای كتێب بووبن.
رۆژانه كه‌ناڵی تازه‌ی تیڤی، رۆژنامه و كۆوار و وارگه‌ی ئینته‌رنێت به هه‌موو زوانێك زیاد ده‌بن له‌ناویشاندا كوردی. زۆر كه‌س پێیان وایه ئه‌و كه‌ناڵه‌یله شوێنی كتێبیان گرتووه‌ته‌وه بۆیه كتێب وا پاشه‌كشێی كردووه. ئه‌و بیره بیرێكه به هه‌ڵه‌دا رۆییووه. بڕۆ بۆ ئه‌وروپا ده‌بینی كتێب له هه‌ڕه‌تی خۆیدایه سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی راگه‌یاندنێكی هه‌ره پیشه‌ییش. ئه‌گه‌ر كتێبی (په‌ڕه) ییش پاشه‌كشێی كردبێ، كتێبی ئه‌لیكترۆنی جێی گرتووه‌ته‌وه، كه ئه‌ویش هه‌ر كتێب خۆیه‌تی. با لێكی بده‌ینه‌وه جیایی چییه له نێوان كتێب و ئه‌و هۆیه‌له‌ی تردا، كه ناومان هێنان و گوایه شوێنیان به كتێب چۆڵ كردووه. كتێب پڕۆژه‌یه‌كی ستراتیجییه بۆ مرۆڤ، چ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ینووسێ و چ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌یخوێنێته‌وه. له‌وه‌یه وتارێكی رۆژنامه‌یی یان به‌رنامه‌یه‌كی رادیۆیی چه‌ند گرینگیش بن، له بیرت نه‌مێننه‌وه له چه‌ند رۆژێك زیاتر. به‌ڵام كتێب پاش ده ساڵ، بیست ساڵیش له خوێندنه‌وه‌ی، له بیرت ناچێته‌وه. تا تۆ مابیت له بیرت ناچێته‌وه چیت خوێندووه‌ته‌وه له كتێب. به كورتی جیایییه‌كه ئه‌وه‌یه: كتێب مرۆڤ ئاوس ده‌كا، به‌ڵام هۆیه‌لی راگه‌یاندن ده‌یئاوسێنن. ئه‌وه جیایییه‌كی زۆره. یه‌كه‌میان تۆوێك له مێشكدا ده‌ڕوێنێ، كه چه‌كه‌ره ده‌كا و له داهاتوودا ده‌بێ به به‌رهه‌مێك ئه‌ویش مێشكێكی زیندووه. دووه‌میان پڕت ده‌كاته‌وه و ده‌تئاوسێنێ بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی، زووش داده‌مرێته‌وه و شوێنه‌واری نامێنێ.
له‌م جیایییه‌وه تێ ده‌گه‌ین، ده‌سه‌ڵات بۆچی له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و گشت كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دواكه‌وتوودا، ئه‌وه‌نده به پلانێكی ستراتیجی پشت له كتێب ده‌كا، هه‌روه‌ها پشت له سینه‌مه و شانۆش ده‌كا شان به‌شانی یه‌كتر. سینه‌مه و شانۆ و كتێبی كوردی پێشی چل ساڵ حاڵیان خۆشتر بوو له حاڵی ئه‌مڕۆیان، به‌ڵام هۆیه‌لی راگه‌یاندن تا دێ بره‌و ده‌ستێنن. ده‌سه‌ڵاتێك بیه‌وێ كۆمه‌ڵگه وه‌ك مێگه‌ل لێ بخوڕێ، هۆیه‌لی راگه‌یاندن زۆر ده‌كا و كتێب ده‌داته دواوه. ده‌سه‌ڵاتێك بیه‌وێ كۆمه‌ڵگه ده‌به‌نگ بكا، رێ ده‌دا فیشاڵی راگه‌یاندن سه‌ری لێ بشێوێنێ. له ماوه‌ی بیست ساڵی رابردوودا هیچ چتێك ئه‌وه‌نده‌ی كه‌ناڵی ئه‌لجه‌زیره خه‌ڵكی ئه‌حمه‌ق نه‌كرد. مه‌به‌ستم له ده‌سه‌ڵات لێره‌دا به واته فره‌وانه‌كه‌یه‌تی: ده‌سه‌ڵاتی گه‌وره‌ی ماڵ كه باوكه، ده‌سه‌ڵاتی قوتابخانه و زانسگه له كۆمه‌ڵ، ده‌سه‌ڵاتی ئاینی و كولتووری نه‌ریتی له وڵات، ته‌نانه‌ت ده‌سه‌ڵاتی رۆشنبیریی ره‌سمیش ده‌گرێته‌وه، كه ئه‌وه‌ی دوایی له گشتیان هه‌ناسه‌ی سوارتره بۆ مراندنی رۆڵی كتێب له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
