له‌باره‌ی ده‌ستووره‌وه ناخۆشیان كرد. نه‌ك ته‌نانه‌ت سیاسییه‌ل، كه كردوویانه به هه‌لێك بۆ چنینه‌وه‌ی ده‌سكه‌وتی رۆژانه و به‌رژه‌وه‌ندی پووچی حزبایه‌تی، بگره ئه‌وانه‌ی پسپۆڕی یاساشن له روانگه‌یه‌كی "سیاسییانه" نه‌ك پسپۆڕییانه‌وه مامڵه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسه‌دا ده‌كه‌ن. زۆر دادوه‌ر و دوكتۆری یاسا ده‌بینین حزبییانه ده‌دوێن. راستیت ده‌وێ، ئه‌م شێوه ده‌ركه‌وتنه‌ی ئه‌وان به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی مۆركی یاساپارێزی یان پسپۆڕییان لێ بێته داماڵین. پیاوه‌یلی یاسا ده‌بێ گه‌وره‌تر بن له‌وه‌ی لایه‌ندارانه قسه بكه‌ن. خاڵێكی تر كه ده‌بێ هه‌موولا له بیرمان نه‌چێته‌وه ئه‌وه‌یه ئازادی هه‌لێك نییه تاوه‌كو چت تێكه‌ڵاو بكه‌ین و دواجار بیكه‌ینه مایه‌ی سه‌ر لێشێواندنی گه‌ل. ئازادی ده‌ق پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌یه و به‌رپرسایه‌تییه‌كی زۆر پیرۆزه. بۆیه ئه‌وه‌ی بووه‌ته مایه‌ی دڵه‌ڕاوكه ئه‌وه‌یه: گه‌ل له‌م نێوانه‌دا چۆن راست له چه‌وت جیا بكاته‌وه؟
به كورتی، ئه‌وه‌ی له‌م رۆژانه له‌باره‌ی ده‌ستووره‌وه دێته گوتن، گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی ته‌واو گه‌وره‌ی به‌ره‌و دواوه‌یه. به ده‌ستی مه‌به‌ست و بۆ شێواندنی سه‌ر له خه‌ڵك، چه‌ند باسێكی جیاجیا دێنه تێكه‌ڵكردن. یه‌كه‌م: "ده‌ڵێ گه‌ڵاڵه‌ی ده‌ستوور كه‌موكورتیی تێدایه". من بێ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێمه‌وه بۆ ئه‌و گه‌ڵاڵه‌یه، سه‌تی سه‌ت ددانی پێدا ده‌نێم بۆچوونێكی راسته و كه‌موكورتیی تێدایه. كۆمه‌ڵگه به‌ره‌وپێش ده‌ڕوا و ده‌بینین هه‌موو ساڵێك وڵاته‌یل به ده‌ستووری خۆیاندا ده‌چنه‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ی ناچارن بیگونجێننه‌وه له‌گه‌ڵ گۆڕانه‌یلی به‌رده‌وامی ژیاندا. ده‌ستوور ئاینێكی تری ئاسمانی نییه "هیچ كه‌موكورتییه‌كی تێدا نه‌بێ" وه‌ك هه‌ندێك رۆشنبیری كوردستان داوای ده‌كه‌ن. به ته‌مای ده‌ستووری بێ كه‌موكورتی بیت، كورد نابێ به خاوه‌نی هیچ ده‌ستوورێك. بێگومان نابێ به خاوه‌نی هیچ چتی گه‌وره‌ی تری چاره‌نووسییانه‌ش.
دووه‌م: ئه‌وه چ پێشینه‌یه‌كه روو ده‌دا، گه‌وره یاسایه‌ك كه په‌رله‌مان بڕیاری داوه و ته‌نیا ئه‌وه‌ی ماوه ده‌نگدانی گه‌لی بۆ بێته سازدان، تۆ داوا بكه‌ی جارێكی تر بگه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌ستكاری. ئه‌ندامه‌یلی په‌رله‌مانیش هه‌بن خاوه‌نی ئه‌م داوایه بن؟ باشه، له‌مه‌ودوا چ نرخێك بۆ ده‌نگ و بڕیاره‌یلی خۆیان وه‌ك ده‌زگایه‌كی نیشتمانی چاوه‌ڕوان ده‌بن؟
دیاره ئه‌وه گه‌مه‌یه‌كی روونه و ئامانجیش لێی شێواندنی پرسێكی گه‌وره‌تره. ئامانجه‌كه‌ش روون نه‌بێ، ئه‌نجامه‌كه روونه كه به‌ره‌و لێواری هه‌ڵدێربردنه‌وه‌ی كوردستانه. ئه‌و به‌ندوباوه‌ش، كه ده‌ڵێ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یله‌ی سه‌رۆك هه‌یه‌تی له ره‌شنووسه‌كه‌دا، هه‌لی پێ ده‌دا ببێ به دیكتاتۆر، من یه‌ك قسه‌م هه‌یه له به‌رامبه‌ریدا: ئه‌وه پرسێكی ده‌روونییه زیاتر، ده‌توانین لێكیشی بده‌ینه‌وه، ئه‌وانه‌ی وا ده‌ڵێن شیوه‌ن بۆ چاره‌نووسی به‌رهه‌ڵدایییه‌ك ده‌كه‌ن كه ئێسته هه‌یانه، نه‌ك ترسیان هه‌بێ له‌وه‌ی دیكتاتۆر په‌یدا ده‌بێ. ئه‌و به‌رهه‌ڵدایییه‌ش له نه‌بوونی ده‌ستوور و سیسته‌م و یاسایه‌كه‌وه هاتووه. به بوونی ده‌ستوور، وڵات ده‌چێته چوارچێوه‌یه‌كه‌وه و ئه‌وانه به‌شبڕاو ده‌بن له به‌رهه‌ڵدایی.
من بۆ داهاتووی كوردستان گه‌شبینم و دیكتاتۆر تێیدا سه‌ر هه‌ڵنادا ئه‌گه‌ر بژاره‌ی كورد نه‌یه‌وێ. له هه‌موو ئه‌و وڵاته‌یله‌ی دیكتاتۆریشیان تێدا هاته سه‌ر ته‌خت، بژاره‌ی خاوه‌ن تیۆری و ده‌م گه‌رم، هێنایانن نه‌ك ده‌ستوور و یاسا و ده‌نگدانی گه‌ل. په‌ژاره گه‌وره‌كه‌ی من ئه‌وه‌یه، رۆژێك بێ ئه‌و "بێ رۆشنبیر" و "بێ رۆشنبیری"یه به‌رپرسانه‌یه‌ی شه‌قامی كوردی، دیكتاتۆر بهێنێته‌وه نه‌ك ده‌ستوورێك كه خوا ده‌زانێ كورد چه‌ندی جێبه‌جێ ده‌كا.
وه‌كو كه‌س، كێ ده‌بێت به سه‌رۆك گرینگ نییه، گرینگ ئه‌وه‌یه ده‌بێ ده‌ستوورێكت هه‌بێ تاوه‌كو وڵاتێكی به‌هێز دروست بكه‌ی و سه‌رۆكێكی به‌هێزیشت هه‌بێ بتوانێ له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چاره‌نووسییانه‌دا بڕیاری پێویست بدا. ئه‌و ده‌ستووره‌ی كه سه‌رۆك ئاوه‌ڕووت ده‌كا له هه‌موو په‌ڕوپۆیه‌ك و هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی به‌ده‌سته‌وه ناهێڵێ، چتێكه داهاتووی پێ دروست نابێ. ئه‌وه چ گاڵته‌جاڕییه‌كه ئه‌وانه ده‌یانه‌وێ؟ سه‌رۆكایه‌تیی كورد له‌م قۆناغه‌دا له په‌رله‌مان نایه‌ته دیاریكردن، كه موختاری گوندێكیش وا نایه‌ته دیاریكردن. سه‌رۆكێك به ده‌نگی گه‌ل بێته سه‌ر كار، هێزی گه‌لی له‌گه‌ڵدایه به راسته‌وخۆیی، پیاوێك ده‌بێ سڵ نه‌كاته‌وه له بڕیاردان بۆ كورد.
كوردستان و سه‌ربه‌خۆیی، دووریی نێوانیان وه‌ك جاران ده‌یانگوت "پێچی مێزه‌رێكی ماوه". له‌گه‌ڵ ته‌وابوونی خولی دابێی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم و په‌رله‌مان و حكوومه‌تی كوردستاندا، كورد له 2017دا ده‌ست ده‌كێشێ به مێكوتی ده‌رگای مێژوودا و ده‌ڵێ: "سه‌ربه‌خۆیی ده‌رگام لێ وه‌كه". ئه‌وه‌ش به ده‌ستی سه‌رۆكێك ده‌بێ، كه خاوه‌نی فره‌وانترین بنكه‌ی جه‌ماوه‌ری بێ، نه‌ك رووته‌یه‌ك له‌وانه‌ی جاری پێشوو بۆ گاڵته به كورد "زۆر نابه‌رپرسانه" ده‌نگیان بۆی دا. ده‌یانه‌وێ ئه‌وجاره‌ش گاڵته‌یه‌كی له‌وجۆره به كورد بكه‌نه‌وه.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
