ئیسلامی توندتیژ له چییه‌وه هاتووه؟ ئێمه زوو زوو ئه‌و پرسیاره ده‌بیستینه‌وه و به‌رده‌وامیش گوێ بۆ وه‌ڵام راده‌دێرین. وێڕای ئه‌وه‌ش، شیكردنه‌وه‌یه‌كی پێ سه‌لمێن نه‌كه‌وتووه‌ته به‌ر گوێمان تا لێیه‌وه ده‌ست به كاره‌ڕایی بكه‌ین بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسییه‌ی وای كردووه كه‌سمان به ته‌مای سبه‌ینه‌ی خۆی نه‌بێ. هه‌ر وه‌ڵامێكی ده‌یبیستین، ده‌مانباته‌وه سه‌ر یه‌ك چاوكانی، ئه‌وه‌یه ده‌ڵێ: بوونی هه‌ل و ژیگه‌ی گونجاوی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی، رێ خۆشكه‌رن بۆ سه‌رهه‌ڵدانی مه‌یلی توندتیژی. بۆ نموونه گووفه‌ك و سه‌ره‌نوێڵكی گه‌نده‌ڵی، یان سیسته‌می حوكمی دیكتاتۆرییانه، زۆر ته‌واون بۆی. یان ده‌ڵێ باری بژێوی به‌ره‌وژێری هه‌ندێك چینی جواكی، كژێكی سیاسیی سازاندووه، تا گرووپه‌یلی سه‌ره‌ڕۆ گه‌رای خۆیانی تێدا دابنێن و بیترووكێنن. زۆر هۆی تریش ده‌ڵێن، به‌ڵام هیچ یه‌كێك له‌وانه بڕمان ناشكێنن. راسته ئه‌وانه گشتیان هۆن، به‌ڵام به‌س نین بۆ فامینی ئه‌و دیارده‌یه و ئه‌وجا به‌گژداچوونه‌وه‌ی.
هه‌موو ئه‌و هۆیه‌له‌ی له‌باره‌ی توندتیژی یان تیرۆری ئیسلامییه‌وه ده‌یانبیستین، ده‌مانبه‌نه‌وه سه‌ر یه‌ك پنتۆكه وه‌ك گوتمان، كه ده‌ڵێ "مه‌رج یان بارێكی گشتی" بووه‌ته زه‌وینه‌ی په‌یدابوونی. كه‌س ئاماژه به "هۆیه‌لی خۆیی" یان ده‌ستی دروستكه‌ر ناكا له‌و دیارده‌یه‌دا. گشت لا وێنه‌كه وا ده‌كێشن: "بزاوه‌یلی ئیسلامی سیاسی داری خۆڕسكن، له هه‌ل و هه‌وای بۆلواودا سه‌ر ده‌رده‌هێنن". هیچ جار نایبه‌نه‌وه سه‌ر ئه‌و ویست و مه‌به‌سته سیاسییانه‌ی (به هه‌ر نیازێك) له پشت رووان و رسكانی ئه‌و داری زه‌قنه‌بووته‌وه‌ن.
ئیسلامی سه‌ره‌ڕۆ، به‌و شێوه‌ی ئێسته‌ی، بۆ یه‌كه‌مین جار له ئه‌فغانستاندا سه‌ری هه‌ڵدا. ئه‌ویش بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داگیركه‌ری سۆڤیه‌تی. ئه‌مه‌ریكه، ئه‌و كاته دروستی كرد و به‌خێوی كرد، بیانووشی بۆ هێنایه‌وه له رووی سیاسی. پاشان، سیحر به‌ڕووی سیحربازدا هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه. ئیسلامی ئه‌فغانی له‌و ساته‌وه بووه به ناوكه و هه‌وێنی بزاوه‌یلی لاڕۆ له گشت دنیا و سێره‌ی یه‌كه‌میشی له ئه‌مه‌ریكه‌یه.
كه دوو یه‌مه‌ن یه‌كیان گرته‌وه، دیكتاتۆره‌كه‌ی باكور، هه‌لی دا به قاعیده‌تا گه‌شه بكا له وڵات‌دا. به‌كاری هێنا بۆ له‌ناوبردنی هه‌موو بنكه و بنه‌وایه‌كی ئه‌و بزاوه سیاسییه‌ی، جاران سه‌ر به باشووری یه‌مه‌ن بوو. ره‌نگه ماوه‌یه‌كی زۆر نه‌با له ئێسته‌وه، یه‌مه‌نی باشوور له رێی بزاوێكی دیموكراسیی رووته‌وه، جارێكی تر به جیابوونه‌وه شاد ببێ، به‌ڵام باكور قاعیده‌یه‌كی كرد به تووشی خۆیه‌وه، رزگاریی لێ نه‌یه.
با بچین بۆ میسر. میسرییه‌ل پێیان وابوو فه‌ڵه‌ستین به حه‌ماس رزگاری ده‌بێ. یانه‌خۆ، گرێی دیرۆكیی عه‌ره‌ب له ئاست ئیسڕائیلدا به پێگه‌یاندنی ئیسلامی لاڕۆ ده‌كرێته‌وه. حه‌ماسیان هێنایه پێش و فه‌تحیان دایه دواوه. پێچه‌وانه‌ش ده‌رچوو. ئیسلامی سیاسیی میسر، هه‌ر كه گه‌یشته كورسی، ده‌ستی كرد به مێچكه‌یی بۆ ئیسڕائیل. فه‌رمووش ئه‌مڕۆ میسر ببینه به ده‌ستی تیرۆریسته‌یله‌وه. هیچ وڵاتێكی عه‌ره‌ب نییه، ئیسلامی سیاسیی بۆ نیازێكی تایبه‌ت به‌كار نه‌هێنابێ. تا دواجار به‌ڕووی هه‌مووشیاندا هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه. به‌خێوكردنی ئیسلامی سیاسی وه‌ك راگرتنی به‌چكه گورگ وایه له‌ناو ماڵدا. تۆ پێت وایه، له برێتیی ئه‌و پیاوه‌تییه‌ی له ئاست به‌چكه گورگدا نواندووته، ئه‌و وه‌فای ده‌بێ و په‌لاماری منداڵت نادا. به‌ڵام گورگ گورگه و ماڵی نابێ.
پێشی چه‌ند رۆژێك نووری مالیكی گوتی "من هێشته له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی ساڵی 2009ی خۆمم، كه داوام كرد كۆمه‌ڵگه‌ی ناوده‌وڵه‌تی پرسینه‌وه له رێژیمی سووریه بكا سه‌باره‌ت به‌و هه‌موو تیرۆریسته‌یله‌ی له سنووری ئه‌و وڵاته‌وه ئاودیوی عێراق ده‌بوون". ئه‌وه‌ی رێژیمی به‌شار ئه‌سه‌د كردی له به‌خێوكردن و حه‌واندنه‌وه‌ی گرووپه‌یلی تیرۆریستدا، به‌شی په‌نجا ساڵی داهاتووی ناوچه‌كه ده‌كا. بڕۆ ده‌ردی خۆیشی ببینه به ده‌ستیانه‌وه. سه‌یر له‌وه‌دایه، گورگ به‌خێوكه‌ر ده‌رس له تاقیكردنه‌وه‌ی خه‌ڵك وه‌رناگرێ، وه‌ری بگرتایه به‌خێوی نه‌ده‌كرد. رێژیمی سووریه له تاقیكردنه‌وه‌ی خۆیشی سوود وه‌رناگرێ، ئێسته‌ش هه‌ر تیرۆریست به‌خێو ده‌كا و نیازی پێیه‌تی.
مه‌به‌ست له ئیسلامی سیاسی ته‌نیا ئه‌و گرووپه تیرۆریست و پارتییه سیاسییانه نین، كه به مۆڵه‌ت و بێ مۆڵه‌ت كار ده‌كه‌ن و بیری توندتیژی به‌ملا و به‌ولادا ده‌وه‌شێنن. سنووره‌كه له‌وه فره‌وانتره. ئیسلامی سیاسی هه‌موو ئه‌و تاكه سه‌ره‌ڕۆیانه‌ش ده‌گرێته‌وه، كه لووت له ژیانی گشتی و باری سیاسی وه‌رده‌ده‌ن. چاوپۆشین له‌وانه له هه‌ر بوارێكی: چالاكیی شارستانی یان كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌رنامه‌ی رێنوێنی یان خێرومه‌ندی، یان هه‌رچییه‌كی تر، گشتی ده‌چێته‌وه چوارچێوه‌ی به‌خێوكردنی ئیسلامی سیاسی. له‌وه‌دوا، هه‌ر سیسته‌مێكی فه‌رمانڕه‌وایی، سوود له تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌یله وه‌رنه‌گرێ كه ناوم بردن، ده‌ق ئه‌وه‌یه، به‌چكه گورگ له ماڵه‌كه‌یدا به‌خێو ده‌كا و پێی وایه خه‌ڵكی تری پێ ده‌ترسێنێ، كه‌چی خۆی بووه به نێچیر.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
