
ئه‌و دیمانه‌یه‌ی رۆژی 16ی مانگ له نێوان سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆك وه‌زیره‌یلی توركیه‌دا له شاری ئامه‌د رووی دا، دیمانه‌یه‌كی گرینگ بوو. به‌ڵام نابێ به شێوه‌ی رواڵه‌تی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ین وه‌ك ئه‌وه‌ی له راگه‌یاندندا هه‌یه. یه‌كێك بڵێ "دیرۆكی بوو به جلی كوردی و زمانی كوردییه‌وه، بارزانی له ئامه‌د ده‌ربكه‌وێ"، ئه‌وی تر بڵێ "نه‌خێر ده‌بوایه ئۆجه‌لانیش له‌وێ بێ". جلی كوردی و زمانی كوردی، كولتووری نه‌ته‌وه‌ییی خۆمانن، كه‌س پێی نه‌داوین تا سوپاسی بكه‌ین به تایبه‌تی بۆ سه‌رۆك بارزانی، كه به‌رده‌وام و له هه‌موو شوێنێكدا به‌و جلانه و به‌و زمانه‌وه ده‌ركه‌وتووه ته‌نانه‌ت له كۆشكی سپیشدا. گرینگیش نییه ئه‌ردۆگان وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ بارزانیدا بكا. بارزانی، هه‌ڵبژارده‌ی گه‌لی كوردستانه و به گوێره‌ی ده‌ستوورێك سه‌رۆكه. به بۆچوونی من، گرینگ له‌و دیمانه‌یه‌دا ئه‌وه‌یه سه‌رۆك وه‌زیره‌یلی تورك، به شێوه‌یه‌كی رژدانه‌تر پرسی ئاشتیی هێنایه‌وه به‌ر باس، به تایبه‌تیش له ناوجه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردیدا و له‌به‌رده‌م سه‌رۆكی پارچه‌یه‌كی تری كوردستاندا. گرینگه كوردی عێراق له‌و پرۆسێسه دیرۆكییه‌دا له رێی سه‌رۆكی خۆیانه‌وه به‌شدار یان چاو‌دێر بن. به‌ڵام راستیت ده‌وێ، كوردی باكور خاوه‌نی پرس و جێی بایه‌خن، ئه‌وانن هاوزمان و هاوڕه‌گه‌زی ئێمه و له‌م بۆنه‌یه‌دا دۆزی ئه‌وان گرینگه بۆمان.
وتاره‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم كورت بوو. نه‌چووه ناو وردایه‌تییه‌وه. ده‌بوایه هه‌ر واش بێ له‌به‌رئه‌وه‌ی كێشه‌ی كورد له توركیه دواجار كێشه‌ی وڵاته‌كه خۆیه‌تی. ئه‌و بانگهێشتن و دیمانه‌یه‌ی نێوان سه‌رۆكی تورك و سه‌رۆكی كورد، رووداوێك بوو له چوارچێوه‌ی دیپلۆماسیدا. ئه‌وانه‌ی داوا ده‌كه‌ن بارزانی زیاتری بگوتایه، ده‌یانه‌وێ له نرخی رووداوه‌كه كه‌م بكه‌نه‌وه یان هه‌ر تێ نه‌گه‌یشتوون ئه‌و رووداوه چی بوو. بارزانی ده‌بوایه هه‌ر ئه‌وه‌نده بڵێ كه گوتی و شاره‌زایانه هه‌ڵسوكه‌وتی كرد.
چتێكی تری گرینگ، بانگهێشتنی شڤان په‌روه‌ر و ئیبراهیم تاتڵیسه‌س بوو. ئه‌و دووه، هێمای هونه‌ری كوردین به تایبه‌تی شڤان، كه وه‌ك كه‌ڵه‌پیاوێكیش دێته ژمار له خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ییی كوردیدا و 37 ساڵه به هۆی هه‌ڵوێستی سیاسییه‌وه له نیشتمان دووره. سه‌رۆك وه‌زیره‌یلی توركیه، جگه له سه‌رۆك بارزانی، ویستی شڤان و برایمیش بكاته چاو‌دێر له‌و كرده‌وه سیاسییه‌دا، كه كرده‌وه‌یه‌كی ئاڵوَز و هه‌ستیاره. هه‌روه‌ها ویستی له‌م رێیه‌وه، تێمان بگه‌ینێ یان فره‌پاته‌ی بكاته‌وه، كه‌وا كرده‌وه‌ی ئاشتی كرده‌وه‌یه‌كی ته‌واو راستگۆیانه‌یه.
ئه‌وه‌ی پێشه‌وه، رووی ئه‌رێنیی ئه‌و دیمانه‌یه بوو، به‌ڵام رووه نه‌رێنییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه پارتی كرێكاران و سه‌رۆك ئۆجه‌لان ناویان نه‌هات به تایبه‌تی له‌لایه‌ن ئه‌ردۆگانه‌وه، كه ده‌بوایه سووكه ئاماژه‌یه‌كیان بۆ بكا به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێ. راسته ئۆجه‌لان له گرتیگه‌دایه و دادگه‌یه‌ك بڕیاری به‌ندكردنی داوه. پارتی كرێكارانیش هێشته له لیستی تیرۆردایه و ئه‌ردۆگان ناتوانێ له چوارچێوه‌ی یاسا ده‌ربچێ. به‌ڵام ئۆجه‌لان و پارتی كرێكاران لایه‌نی سه‌ره‌كیی ئه‌و پرۆسێسی ئاشتییه‌ن. بێ ئه‌وان هه‌نگاوی رژدانه نایه‌ته ئاوێتن و باوه‌ڕی خه‌ڵكیش به‌م پرۆسێسه كه‌م ده‌بێته‌وه. خاڵێكی تر له كرده‌وه‌ی ئاشتیی نێوان كورد و توركدا، ئه‌وه‌یه ئه‌ردۆگان و حكوومه‌ته‌كه‌ی زۆر سستن له‌و پرۆسێسه‌دا. ته‌نیا وشه‌ی ئاشتی دووباره ده‌كه‌نه‌وه و هیچی تر. ئاشتی، خۆی بۆ خۆی ئامانجی كۆتایی نییه له‌و كرده‌وه‌یه‌دا. شه‌ڕی نێوان دوو وڵات نییه تا ئاشتی تاكه ئامانج بێ. ئه‌وه پرسی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ره بۆ كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ك، كه سه‌ت ساڵی خایاندووه و تا ئێسته‌ش رۆژانه ئازاری لێ ده‌چۆڕێته‌وه. كێشه‌ی ئه‌ردۆگان ئه‌وه‌یه وێرایییه‌ك له خۆیدا به‌دی ناكا له جۆری وێراییی سه‌دام حوسێن له ساڵی 1970دا، كه سواری باڵه‌فڕه‌یه‌ك بوو و چووه ناوپردان بۆ ده‌ست خستنه ناو ده‌ستی بارزانییه‌وه، كه تا دوێنێ له خه‌ونی له‌ناوبردنیدا بوو. كورد له توركیه گه‌لێكه، شه‌و و رۆژ جه‌ور ده‌كێشێ به ده‌ستی سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تی توركه‌وه. قسه‌ی خۆش دڵی كه‌س ئاو نادا، هه‌نگاوی رژدانه و به په‌له پێویستن. خاوه‌خاوی و سستیی ئه‌ردۆگان، حه‌ز بكه‌ین یان نا، ترس و دڵه‌ڕاوكه په‌نگ ده‌ده‌نه‌وه له دڵی هه‌موو ئه‌وانه‌ی په‌رۆشی چاره‌سه‌رن بۆ كێشه‌ی كورد له توركیا.
سه‌ردانی سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی بۆ شاری ئامه‌د و دیمانه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆگاندا، شان به‌شانی بوونی چه‌ندان گه‌وره‌پیاوی تر له‌و رۆژه‌دا، كارێكی له‌بیر نه‌چووه‌وه ده‌بێ به تایبه‌تی بۆ كوردی عێراق، كه وا ده‌رده‌كه‌وێ ئێمه بووینه‌ته ژماره‌یه‌كی سیاسی له ناوچه‌كه‌دا و چی تریش گوێ به‌وه ناده‌ین هه‌رێمێكی سه‌ربه‌خۆ نین له عێراق. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێت‌و به په‌له، چتێك نه‌یه‌ته كردن بۆ به‌ده‌نگه‌وه‌چوونی هاوار و ناڵینی كوردی باكور، گرینگیی هه‌موو چتێك كاڵ ده‌بێته‌وه.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
