سه‌ردێری هه‌واڵ له ماوه‌ی رابردوودا: توركیا و ئێران گرژیی نێوانی خۆیان خاو ده‌كه‌نه‌وه و ده‌ست به سه‌ردانی یه‌كتر ده‌كه‌ن. پێوه‌ندییه‌لی ئه‌مه‌ریكه و ئێران به‌ره‌و كرانه‌وه ده‌چن. ئێران ده‌ست هه‌ڵده‌گرێ له پیتاندنی یۆرانیۆم. سووریه چه‌كی كیمیاییی خۆی به‌ده‌سته‌وه دا. به‌رهه‌ڵستیی سووریه بڕیاری دا له كۆنگره‌ی جنێڤ دوودا به‌شدار بێ. ئه‌مه‌ریكه داوای له نووری مالیكی كرد چی تر سوننه و كورد له بڕیاردانی سیاسی به‌دوور نه‌گرێ. هه‌ڵبژاردنی گشتی له عێراق دوا ناكه‌وێ. وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكه ناوه‌ناوه سه‌ردانی فه‌ڵه‌ستین و ده‌وڵه‌تی جووله‌كه ده‌كاته‌وه له‌پێناو نێزیككردنه‌وه‌یان. سعوودیه دڵه‌ڕاوكێی هه‌یه له نێزیكبوونه‌وه‌ی ئێران و ئه‌مه‌ریكه، ئه‌مه‌ی دواییش دڵی ده‌داته‌وه، كه هه‌موو چت باش ده‌ڕواته رێوه و خه‌می نه‌بێ. سه‌رۆكی رووسیه ده‌یه‌وێ پێوه‌ندی خۆش بكاته‌وه له‌گه‌ڵ سعوودیه‌دا. توركیه و عێراق دوای سه‌ردانی وه‌زیری ده‌ره‌كییان بۆ وڵاتی یه‌كتر، به‌ره‌و ته‌بایی ده‌ڕۆن و بانگی سه‌رۆك وه‌زیره‌یل ده‌كه‌ن بۆ سه‌ردان. ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه هه‌مووی پێكه‌وه و وه‌ك ده‌سته‌واره‌یه‌ك هاتنه پێش. گه‌لۆ چی روو ده‌دا و بۆچی ئێمه بێ ئاگاین؟ به‌ڵام خه‌ویش خۆشه له گوێی گادا ئه‌گه‌ر دنیایه‌كه به دڵی خۆمان بێ و داهاتوومان ده‌سته‌به‌ر بكا.
مه‌ترسی به زه‌نگوڵ لێدانه‌وه دێ، به‌ڵام خۆشی وه‌ك شنه‌ی با به‌بێ ئاگه‌داریی پێشینه خۆی ده‌كات به ژووردا. زۆر خۆشه، پێ ده‌چێ ئیتر، دوو زله‌هێزه‌كه‌ی دنیا ده‌ست له گۆنگه‌ر نانه‌وه و خۆشكردنی ئاگر له ناوچه‌ی رۆهه‌ڵاتی ناوین به‌ربده‌ن و رێك بكه‌ون بۆ كوژاندنه‌وه‌ی. ئه‌و سیناریۆیه‌ی پێشی چه‌ند ساڵ له خه‌یاڵی توركیه و قه‌ته‌ر و "برایه‌ل"دا ده‌گه‌ڕا ئه‌وه‌بوو ناوچه‌كه بكه‌ن به دوو به‌ره‌وه، به‌ره‌ی سوننه به سه‌رۆكایه‌تیی توركیه و به‌ره‌ی شیعه به سه‌رۆكایه‌تیی ئێران. ئه‌مه‌ریكه لاریی له‌و سیناریۆیه نه‌بوو له‌به‌رئه‌وه‌ی بۆ ئه‌مه‌ریكه، ئیسرائیل گرینگه له‌و نێوانه‌دا. به‌ڵام رووس لێوان‌لێو داخدار بوون له‌به‌رئه‌وه‌ی رۆڵێكی مه‌زن به توركیه‌ی هاوسێ، ده‌یكرد به كه‌ڵه‌گایه‌ك له ناوچه‌كه‌دا. هه‌موو چت له گه‌رووی شووشه‌ی سووریه‌دا ئاسێ ما تا دواجار ئه‌و سیناریۆیه هه‌ڵوه‌شایه‌وه. له‌و رۆژه‌وه‌ش هه‌ڵوه‌شانه‌وه ده‌ستی پێ كردووه، كه دوو "حه‌مه‌د"ه‌كه‌ی قه‌ته‌ر پاشه‌كشێیان كرد له دیمه‌نی سیاسی. پاشان برایه‌ل له میسر و تونس بۆڕیان خوارد له‌به‌رئه‌وه‌ی له ته‌وژمێكی مامسه‌لامه‌تۆكه‌وه بووبوون به ئاگر و په‌نگر. ئه‌وه‌ی له سووریه و عێراقدا مه‌ترسیی ده‌نواند به ناوی "ده‌وڵه‌تی عێراق و شام" یان "نوسره"وه، هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌كرد ناوچه‌كه به جارێك ژێره‌وژوور ده‌كاته‌وه. باش بوو لێره‌دا هه‌ردوو براگه‌وره‌ی دنیا: ئه‌مه‌ریكه و رووسیه گه‌یشتنه رێككه‌وتنێك و بڕیاریان دا بیوه‌ستێنن.
له‌مه‌ودوا: شه‌ڕ له سووریه به‌ره‌و ساردبوونه‌وه ده‌چێ و باره‌كه روو له گۆڕینی سیاسییانه ده‌كا. میلیشیای نابه‌رپرس چ حزبوڵڵا چ ئه‌بولفه‌زڵ عه‌باس، به‌ره‌و پووكانه‌وه ده‌ڕۆن. دوای ئه‌وه، هه‌موو لایه‌ك به یارمه‌تیی ئه‌مه‌ریكه و رووس به‌رده‌بنه گیانی ئیسلامی مه‌نده‌مووری جۆری قاعیده و نوسره و داعش. ئه‌وانه كاری ئاسان نین به‌ڵام بێگومان بچووكترن له‌و كاره گرینگانه‌ی وه‌ك: به‌ده‌سته‌وه‌دانی چه‌كی كیمیاییی سووریه و چه‌كی ناوكه‌ییی ئێران، كه خه‌ریكه ته‌واو ده‌بن.
گرینگه بۆ ئێمه، باری ناوچه‌كه راسته‌ڕێ ببێته‌وه. ئێمه دۆزێكی مرۆڤییانه و دیموكراسیمان هه‌یه، كه به هیچ بارتێك له سایه‌ی گرژیدا هه‌نگاو نانێ بۆ پێشه‌وه. ئێمه سوود وه‌رگر نین و نه‌بووین له شه‌ڕی سووریه. ره‌نگه وه‌ك نه‌ته‌وه سوودێك به‌ر ئێمه كه‌وتبێ، كه كوردی ئه‌وێ خه‌ریكه به مافێك بگه‌ن، به‌ڵام شكانه‌وه‌ی شه‌ڕی سووریه ئه‌گه‌ر وه‌ك ئێسته‌ی به‌رده‌وام بێ، ئه‌وه‌ی له كوردستانی عێراقدا به‌دیمان هێناوه، ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه. ئێمه بۆ خۆمان هه‌ست ناكه‌ین كه‌وا ئه‌و شه‌ڕه‌ی له سووریه سێ ساڵه ده‌گه‌ڕێ و ئه‌و خوێن به‌گۆره‌وه‌كردنه‌ی رۆژانه له عێراقدا هه‌یه، چه‌ند لێره له‌م هه‌رێمه‌دا به‌ده‌ری داوه‌ته‌وه به تایبه‌تی له باری ده‌روونیی خه‌ڵكه‌كه‌مان.
ئه‌وه‌ی له‌م رۆژانه‌دا، له راگه‌یاندنی دنیاوه ده‌یبیستین، دڵخۆشكه‌ره. ئه‌مه‌ریكه و رووس خه‌ریكه ئاوێك ده‌كه‌ن به ئاگره‌كه‌دا. به هیوای ئه‌وه‌ی شكانه‌وه‌ی ئه‌رێنیی به‌سه‌ر كوردستانیشدا ببێ. به هیوای ئه‌وه‌ی، ئه‌و بێباكییه‌ی سه‌رتاپێی ژیانمانی گرتووه، به‌ره‌و هێوری بچێته‌وه. من و هه‌موو كه‌س له‌م هه‌رێمه‌دا به هیچ شێوه‌یه‌ك ئاگه‌دار نین: ئاخۆ كێشه و ده‌ردی سیاسیمان چییه؟ چونكه هیچ زانیاری و هه‌واڵێك نابیستین. نازانین له گێژه‌نگه‌ی مه‌ترسیداین یان له لێواری ته‌ناهیدا؟ به‌ڵام له زمانی جه‌سته‌ی خه‌ڵكه‌كه‌وه و له‌و هیستیریایه‌ی به هه‌موو كه‌سێكه‌وه دیاره، تێ ده‌گه‌ین كه‌وا نیشانه زۆرن بۆ ناباشیمان.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
