منداڵ بووین، زۆریش منداڵ نه‌بووین راستیت ده‌وێ، به‌ڵام له ریزی منداڵه‌یلدا ده‌هاتینه ژمار. وه‌ك ئێسته نه‌بوو له خۆته‌وه ببی به پیاو. زۆر جار ده‌بوو به مقۆمقۆ له نێوانماندا له‌باره‌ی پرسێكه‌وه بۆ نموونه: ئه‌رێ ئێمه شیعه‌ین یان سوننه؟ كێشه‌كه به‌وه یه‌كلایی ده‌بووه‌وه یه‌كێكمان پرسیاره‌كه‌ی له باوكی خۆی ده‌كرد و وه‌ڵامه‌كه‌ی ده‌هێنایه‌وه. ئێسته زۆر جار بۆ به‌راورد له‌گه‌ڵ وێ ده‌مێدا، ده‌مه‌وێ له وه‌چه‌ی نوێ بپرسم ئاخۆ دیتن و دیمایان له‌باره‌ی په‌یڕه‌وكاره‌یلی مه‌زه‌وی شیعه‌وه چییه؟ جارێ وا هه‌بووه زۆر به ده‌م هه‌راشییه‌وه وه‌ڵامه‌كه‌م وه‌رگرتووه‌ته‌وه: بۆچی شیعه‌ش موسڵمانن؟
ئه‌مه له كوردستان، ئه‌و كوردستانه‌ی چ رۆژێك كێشه‌ی جیاوازیی مه‌زه‌ویی تێدا نه‌بووه و كورد وه‌ك كوردایه‌تی سه‌یری دنیای كردووه. هه‌روه‌ها له هه‌ولێر، ئه‌و هه‌ولێره‌ی له سایه‌ی بوونی جیاوازیی ئه‌تنیكی و ئاینییه‌وه تێیدا، سینگی له خه‌ڵك فره‌وانتر بووه. ئاخۆ له به‌غدا یان له به‌یرووت یان له كوێت، ئێسته چ خه‌یاڵێكی پووچ بگه‌ڕێ له مێشكی ئه‌و خه‌ڵكه‌دا؟
ماوه‌ی زیاتر له شێست ساڵ، واته له هاتنه كایه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی جووله‌كه‌وه له 1949 تا یه‌كه‌مین پڕیشكی شۆڕش له تونس له سه‌ره‌تای 2010دا، دۆزی فه‌له‌ستین بووبووه دێوجامه‌ی فریودانی گه‌له‌یلی ئه‌و ناوچه‌یه و لێسوواربوونیان له هه‌موو لایه‌كه‌وه. ئێسته باوی فریودان بووه‌ته مه‌زه‌و و تایفه، سه‌ركرده‌یلی ناوچه‌ی عه‌ره‌ب و ئیسلام ده‌یانه‌وێ گه‌ڕێكی تر به‌و ناوه‌وه، له خه‌ڵكه‌كه سوار ببنه‌وه.
له كۆنگره‌یه‌كدا له كوێت، پێشی هه‌شت مانگ له‌وانه‌یه، وڵاته‌یلی سعوودیه و كوێت و قه‌ته‌ر و به‌حرێن، یه‌ك ملیار دۆلاریان بۆ راپه‌ڕینی گه‌لی سووریا ته‌رخان كرد. پاشی چه‌ند مانگێك، به‌رهه‌ڵستێكی سووریایی گوتی یه‌ك دۆلار چییه له‌و ملیاره به ئێمه نه‌گه‌یشتووه.
خه‌یاڵت بۆ چتی لابه‌لا نه‌ڕوا و من خۆم پێت ده‌ڵێم ئه‌و پاره ئه‌ستووره بۆ كوێ چووه: بۆ كڕینی چه‌ك، بێگومان. رۆئاوا به‌گشتی، به‌تایبه‌تی ئه‌مه‌ریكا و فره‌نسا و به‌ریتانیا، توركیاش له‌گه‌ڵدا، چه‌كێكی مشه ده‌نێرن بۆ راپه‌ڕیوه‌یلی سووریا و پاره‌كه‌شی له وڵاته‌یلی كه‌نداو وه‌رده‌گرن. به هه‌مان شێوه، چه‌كێكی زۆر له رووسیا و چینه‌وه ده‌ڕژێته ناو سووریا بۆ به‌ری رێژیمه‌كه‌ی. پاره‌ی ویش له‌لایه‌ن ئێران و نووری مالیكییه‌وه دێته دان. ئیتر وه‌ك ده‌بینی له‌سه‌ر ئاخی سووریادا، مێشك پووته‌یل به‌ناوی جیاوازیی تایفه و مه‌زه‌وه‌وه، "به پاره‌ی خۆشیان"، ئه‌م چه‌كه زۆر و زه‌وه‌نده ده‌ده‌ن به سه‌ری یه‌كتردا.
رێ پێدان به كوشتن و تاڵان، سووتاندن و كاولكاری، سه‌باره‌ت به جیاوازیی مه‌زه‌و، ئه‌وپه‌ڕی بێ ره‌وشتییه له جڤاكه‌یلی ئێمه‌دا، كه سه‌رچاوه‌كه‌ی ته‌نیا جه‌هل و گه‌وجه‌یییه هه‌رچه‌نده له ژێر تایتلی تردا. كۆماری ئیسلامی، بزاوی ئیخوانی "نه‌دیتكه و تازه ده‌سه‌ڵات به‌خۆوه دیو" و میره‌یلی گه‌نده‌ڵی كه‌نداو، ئه‌م فه‌رته‌نه و كوشتوبڕه‌یان ناوه‌ته‌وه بۆ درێژه پێدانی مانه‌وه‌ی خۆیان له ده‌سه‌ڵات و سواربوونی ئه‌و داماوه‌یله له گشت لایه‌كه‌وه.
من ده‌ستم له‌وه شوشتووه كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه به‌ره‌ودوا ده‌ڕوا، جارێكی تر خێرت لێی به‌ده‌ست بكه‌وێته‌وه. جڤاكه‌یلی عه‌ره‌ب و ئیسلام رۆژ به‌ڕۆژ به‌ناخی زه‌ویندا ده‌چنه خوار، به‌هیواش نیم تا له ژیاندام ئه‌وانه بێنه‌وه هۆش. به‌ڵام دڵه‌ڕاوكه‌ی من: رۆئاوایه. رۆئاوای خاوه‌نی به‌ها و ره‌وشت، رێز له مافی مرۆڤ گر، لانكه‌ی ژیاره‌تیی سه‌رده‌م، باوك و دایكی دیموكراسی، بۆچی له‌پێناوی فرۆشتنه‌وه‌ی چه‌ك و ساغكردنه‌وه‌ی جبه‌خانه‌ی كۆندا، ئه‌و بێ ره‌وشتییه ده‌كا؟ ئێمه، وه‌ك گوتم و هه‌موو دنیاش ده‌یزانێ، له‌م دنیا دواكه‌وتووه‌ی له‌مه‌ڕ خۆمان و له‌م رۆهه‌ڵاتی ناوینه‌دا، مرۆڤه‌یلێكی جاهیل و ناته‌واوین، ره‌وشت داڕماوین، كوشتنی ئازیزترین كه‌سی خۆمان به‌لاوه ئاوخواردنه‌وه‌یه، به هیچ چتێكیش ته‌ڕ نابین. تاكه جڤاكێكین ناسڵه‌مینه‌وه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پێشمان بڵێن: ئێوه له‌گه‌ڵ بنه‌وا و باوه‌ڕی خۆتاندا درۆ ده‌كه‌ن. به‌ڵام ئه‌دی رۆئاوا؟ ئه‌دی تۆ ئه‌ی رۆئاوا؟ ئاخۆ تۆش له‌وه ناترسی پێت بڵێن له‌گه‌ڵ خوای خۆتدا، له‌گه‌ڵ بانگه‌شه و دروشم و بنه‌وایه‌لی خۆتدا خاوه‌ن ره‌وشت ده‌رنه‌چووی؟ من له‌و باوه‌ڕه‌دام رۆژێك دادێ، ره‌نگه هه‌ر ئێسته‌ش، رۆئاوا ئه‌و پرسیاره به‌ره‌وڕووی خۆی بكاته‌وه. به‌ڵام كێشه ئێمه‌ین، ئێمه پرسیارمان نییه له خۆمانی بكه‌ینه‌وه چونكه جاهیلین، هه‌قیقه‌تیش به‌لای جاهیله‌وه "دائیمه‌ن وا له كن خۆیه‌تی ".
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
