عومه‌ر به‌شیری سه‌رۆكی سوودان گوته‌یه‌كی هه‌یه ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر به‌رهه‌ڵستی، توانیی ئه‌نیشكی خۆی بلێسێته‌وه، ئه‌وا من به‌ڵێن ده‌ده‌م ده‌گا به ده‌سه‌ڵاتیش. پێشی ساڵێك به‌رهه‌ڵسته‌یلی سوودانی ویستیان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و كاورایه، له رۆژێكی هه‌ینیدا كۆوه‌بوونێك بكه‌ن، ناوی بنێن "هه‌ینیی لێستنه‌وه‌ی ئه‌نیشك". به‌ڵام بۆیان نه‌چووه سه‌ر. به‌شیر ده‌زانێ چ ماڵێكی هه‌یه بۆیه ترسی نییه له گره‌و. ئه‌و هه‌ڵكه‌وته‌یه، به‌سه‌ر كوردستانیشدا ده‌شكێته‌وه.
به‌رهه‌ڵستیی كوردستان ناگا به هیچ. ئه‌نیشكیش بلێسێته‌وه "به‌شیر گوته‌نی" ناگا به هیچ. با دڵی خۆی خۆش نه‌كا، كه‌سیش ته‌فره‌ی پێ نه‌خوا. هۆی ئه‌وه‌ش روونه: ئه‌و به‌رهه‌ڵستییه، هه‌ڵقوڵاوی هه‌ناوی گه‌ل نییه. یان جیاوه‌بووی ده‌سه‌ڵاته یانیش له هه‌ل ده‌گه‌ڕێ بۆ چنینه‌وه‌ی ده‌سكه‌وتێك. هیچ خه‌م و خه‌یاڵێكی كۆمه‌ڵی كورده‌واریی له كۆڵی خۆیدا هه‌ڵنه‌گرتووه و بۆ فریودانه كه به ناوی وانه‌وه ده‌دوێ. له گشت بواره‌یلی: ئاوه‌دانكاری، فێربوون و خوێندن، دروستی، رێگه‌وبان، دادوه‌ری و هه‌تا دواییدا، كێشه هه‌یه، به‌ڵام تۆ گوێ له وتاری به‌رهه‌ڵستی بگره هیچ یه‌كێك له‌وانه‌ی نه‌كردووه به بنه‌وای ململانه له ئاست ده‌سه‌ڵاتدا له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌وه‌ته‌ی ئه‌م هه‌رێمه له سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریدایه، ئه‌و ته‌نیا له پێناوی خۆیدا ململانه‌ی كردووه.
ئه‌و بۆچوونه‌ی سه‌ره‌وه‌م به خۆدانه‌پاڵ ده‌سه‌ڵات و داپۆشینی كه‌موكورتییه‌لی وی لێك مه‌ده‌وه. هه‌ر كه‌سێك ئاگه‌دار بێ ده‌زانێ من به‌رده‌وام ره‌خنه‌م گرتووه و له هیچیش ناسڵه‌مێمه‌وه. ئه‌وه‌ی له رۆشنبیرێك بێته ویستن ده‌یكه‌م. به‌ڵام هه‌رچه‌ندی جارێك گوێ ده‌ده‌مه وتاری ئۆپۆزسیۆن "یان به گوته‌ی خۆیان: ئۆپۆزسوێن"، دێمه‌وه سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات نایه‌ته به‌راورد له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆندا و ده‌بێ گه‌ل لێی ون نه‌بێ. گه‌لێك به ته‌مای ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه بێ، زۆر له داوه به‌جێ ده‌مێنێ.
باش ورد ببینه‌وه ده‌بینین، كێشه‌ی كوردستان، پرسی دیموكراسی و گۆڕینی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی نییه تاوه‌كو له‌م ده‌م و ده‌سته‌دا، كورده‌واری بیكا به خه‌م و خۆی بۆ بخاته گۆڕه‌پانه‌وه. كوردستان كێشه‌ی گه‌وره‌تریشی هه‌یه له دیموكراسی هه‌موو كه‌س ده‌یزانێ. راسته سكاڵا زۆره، داخوازی بێ ژماره، به‌ڵام كه‌س هیوابڕاو نییه له‌و باره‌ی هه‌یه. خه‌ڵك ده‌زانن هۆیه‌لی زۆرینه‌ی كێشه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چه‌وتیی سیسته‌می كاربگێڕی و خراپیی خزمه‌ت، چاره‌سه‌ری ئه‌وانه‌ش له‌لای به‌رهه‌ڵستیدا نییه له‌لای ده‌سه‌ڵات خۆیدایه. كێشه‌ی دیموكراسی له گۆڕێ‌دا نییه، هه‌شبێ، زووه بو ئه‌م شه‌ڕه گه‌وره‌یه. ئه‌وه‌ی به پێی پێناسه‌ی كتێب، دیموكراسیی پێ دێته گوتن، چووزه‌ره‌یه‌كیشی هه‌یه ئه‌گه‌ر "ئۆپۆزسوێن" لێ گه‌ڕێ.
تۆ بۆ یه‌ك رۆژ ئاخاوتنی خه‌ڵك و به‌رهه‌ڵستی له به‌ریه‌كدا رابگری ده‌زانی چه‌ند دۆڵیان نێوانه. به‌رهه‌ڵستی ناڵێ ئاوی لووله به كه‌ڵكی وه‌خواردن نایێ، ناڵێ خۆراكی ئه‌نباره‌پۆ و كات به‌سه‌رچوو، تۆوی ئه‌م گه‌له‌ی بڕییه‌وه، ناڵێ فێربوون و خوێندن دابه‌زیون، ناڵێ خزمه‌تی دروستی به‌ربه‌ژێره، ناڵێ سیسته‌می داوده‌زگه به‌ره‌ودواوه ده‌ڕوا، هیچ چتێك له‌مانه ناڵێ. كێشه‌ی ئاوه‌ڕۆی نییه، كێشه‌ی ده‌رمانی ئێكسپایه‌ری نییه، كێشه‌ی زۆریی قوربانیی ترافیكی نییه. تۆ سات بگره‌وه، ئه‌و به چركه له باسی داگه‌ڕاوه "عوائد"ی نه‌وت و شیرینیی نه‌وت دوور وه‌ناكه‌وێ. ئه‌و وتاره، كه له رێگه‌ی راگه‌یاندنێكی چه‌قاوه‌سووه‌وه ده‌یدا به گوێی خه‌ڵكدا، زیاتر له به‌رده‌فڕكه‌ی هه‌رزه و لاساره‌یل ده‌چێ كاتێ ده‌یانه‌وێ داخوازه‌یلی خۆیان به كه‌ڵه‌گایی بسه‌پێنن.
نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده، ده‌توانم به رژدییه‌وه بڵێم، به‌رهه‌ڵستی بووه به ڕێگر له پێش سه‌رهه‌ڵدانی بزاوێكی سكاڵاكه‌ر یان ریفۆرمخواز له هه‌ناوی كورده‌واریدا. بزاوێكی ئه‌وتۆیی، كه ببێ به رێ‌نوێن و ته‌كانده‌ری گۆڕین. جگه له‌وه، به‌رده‌وام ده‌ڵێ مه‌ترسیی من ئه‌وه‌یه ده‌سه‌ڵاتێكی دیكتاتۆری بێته كایه‌وه. خۆی راستیت ده‌وێ ده‌ق پێچه‌وانه‌كه‌ی ته‌واوه، ئه‌گه‌ر دیكتاتۆرێك سه‌ری هه‌ڵدا ئه‌وا "ئۆپۆزسوێن" به‌رپرسیاره له‌به‌رئه‌وه‌ی گوێی ئه‌م وڵاته‌ی كاس كردووه و نایه‌ڵی كه‌س بیرێك به شێنه‌یی بكاته‌وه تا بزانین ئێمه له كوێی ئه‌م دنیایه‌داین.
من زوو زوو هه‌ڵسه‌گاندنم بۆ چت ده‌گۆڕێ، نه‌ك بۆ پێچه‌وانه، بگره به‌رده‌وام به بیروباوه‌ڕی خۆمدا ده‌چمه‌وه. ته‌نیا له‌باره‌ی به‌رهه‌ڵستیی كوردستانه‌وه نه‌گۆڕ ماوم. وتاری سیاسی و كرده‌وه‌ی رۆژانه‌ی ئه‌و به‌رهه‌ڵستییه، ته‌نیا بۆ ئاڵۆزی نانه‌وه و گێره‌شێوێنییه نه‌ك بۆ به‌رژه‌وه‌ندێكی گشتی. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه بگره په‌ژاره‌ی من ئه‌وه‌یه: ئه‌و به‌رهه‌ڵستییه به چاكه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌گه‌ڕێ، ده‌سه‌ڵاتێكی داهاتوو كه ئێمه له په‌یدابوونی ده‌ترسین، ئه‌ویش له‌به‌رئه‌وه‌ی بووه به كۆسپ له پێش شینبوونی بزاوێكی به‌رهه‌ڵستییانه‌ی راست له‌م هه‌رێمه‌دا، كه چه‌كه‌ره‌كه‌ی وا له‌ناو ئاخاوتنی هه‌موو ده‌مێك و بیركردنه‌وه‌ی هه‌موو ساتێكی خه‌ڵكدایه. "ئوپۆزسوێن" نایه‌ڵێ.
گه‌مه‌یه‌كی نابه‌رپرسانه‌یه، به‌ڵام بێ ئاگه‌داریی یه‌كتر و بێ رێككه‌وتن.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
