ته‌پڵی شه‌ڕ ده‌ستی به كوتان كرد. وه‌ك بڵێی ئه‌وه‌ی تا ئێسته له سووریا رووی داوه ته‌نیا به‌ركوڵێك بێ و هێشته جه‌می سه‌ره‌كی نه‌هاتبێته پێشكێشكردن. له‌م شه‌ڕه‌دا به پێچه‌وانه‌ی گشت شه‌ڕێكی تر، هه‌موو دنیا شه‌ڕكه‌ر یان ته‌ماشاكه‌ره، نییه ناوبژیكه‌ر بێ. هۆی ئه‌وه‌ش وه‌ك دێته به‌رچاومان، زۆر له به‌رژه‌وه‌ندییه‌لی ناوچه‌یی و ناوده‌وڵه‌تی، له‌و شه‌ڕه ئاڵۆزه‌دا تێك ده‌سره‌وێن تا یه‌كلا ده‌بنه‌وه، به‌س جێی داخ و كه‌سه‌ره له هیچ یه‌كێك له‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌له‌دا، هه‌ستی مرۆڤییانه و بنه‌وای ره‌وشتی سه‌رده‌مییانه، نایه‌نه دیتن.
شێخ یوسف قه‌ره‌زاوی، گه‌وره فتواده‌ری رێچكه‌ی ئیسلامی سووننه مه‌زه‌و، بانگی خۆبه‌ختكردن و ماڵ به‌ختكردنی راهێڵا و گوتی ئه‌وه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د و هاوپه‌یمانه‌یلی ده‌یكه‌ن له سووریا، جاڕی شه‌ڕه له دژی گشت موسڵمانه‌یلدا. بێ له‌وه، وڵاته‌یلی كه‌نداو له‌پێناو ته‌نگژه‌نانه‌وه بۆ حزبوڵڵای به‌شدار له‌و شه‌ڕه، بیریان له‌وه كرده‌وه هه‌رچی شیعه‌ی لبنانی، كه له‌و وڵاته‌یله‌دا كار ده‌كه‌ن، به‌ڕێیان بكه‌نه‌وه به بیانووی ئه‌وه‌ی لایه‌نگری حزبوڵڵان و پاره‌ی بۆ ده‌نێرنه‌وه. هه‌روه‌ها، ئه‌مه‌ریكا كه تا دوێنێ باوه‌ڕی به ده‌ستهاوێژ و به‌ڵگه‌ی فه‌ڕه‌نسییه‌ل نه‌ده‌هێنا له‌مه‌ڕ ئه‌وه‌ی، كه رێژیمی سووریا چه‌كی كیمیاییی له‌و شه‌ڕه‌دا به‌كار هێناوه، ئێسته ئه‌ویش باوه‌ڕی هێناوه و گه‌رمتریشه له‌وان.
له لایه‌كی تر، ئوردن خۆی گیڤ ده‌كاته‌وه بۆ شه‌ڕ، كه سه‌ت كێشه‌ی ئابووری و سیاسیی ناوه‌خۆی هه‌یه. میسر بۆ ده‌ربازبوون له ته‌نگژه‌ی به‌ربینگری ناوه‌خۆیی و شه‌قامێكی هه‌ڵایساو، چووه به‌ره‌ی دژ به سووریاوه و گشت پێوه‌ندییه‌لی خۆی له‌گه‌ڵیدا بڕی. ماوه‌ی ساڵێكه، ئیخوانی میسر له‌گه‌ڵ ئێران‌دا ته‌بان و پێیان وایه ده‌بێ ئه‌و شه‌ڕه سیاسییانه به‌كۆتا بێ، ئێسته بایان دایه‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ی سوودی خۆیان باشتر له گه‌رمكردنی شه‌ڕه‌كه‌دا ده‌بیننه‌وه. بۆ هه‌موو لایه‌ك، هه‌رێمی بێ یان ناوده‌وڵه‌تی، شه‌ڕی سووریا بووه‌ته وه‌ریسی رزگاری. ته‌نانه‌ت توركیاش كه دوو حه‌وتووه به ده‌ستی خۆپێشانده‌ریلی خۆیه‌وه داماوه، ئێسته بۆی بلوێ، باشتر خۆی ده‌خاته ناو كووره‌ی ئاگره‌كه‌وه هه‌رچه‌نده دوو ساڵ و نیویشه بێباكانه داری تێوه ده‌ژه‌نێ. به كورتی، له‌و شه‌ڕه‌دا كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی به گشتی، نه‌خۆش ده‌رده‌كه‌وێ، نه‌خۆشێك كه پێویستی به چاره‌سه‌ری ته‌واو هه‌یه. نه‌خۆش نه‌بێ ئه‌و كاره‌ساته وا به‌رده‌وام نابێ.
چیی ترت بۆ باس بكه‌م؟ نووری مالیكی به ئاخاوتنی قه‌ره‌زاوی ته‌نگه‌تاو بووه و ده‌بینێ بارودۆخ به‌ره‌و ته‌نگژه‌یه‌كی گه‌وره‌تر له‌وه‌ی تا ئێسته هه‌یه، ده‌ڕوا و شه‌ڕ له ده‌رگای ماڵی ویش نێزیك ده‌بێته‌وه. تێ ده‌گات ئه‌و فتوای جیهاده‌ی قه‌ره‌زاوی و گه‌وره پیاوه‌یلی رێچكه‌ی سووننه، كه پێش چه‌ند رۆژێك له قاهیره دایان، ژێر به‌ژێری به كافر له‌قه‌ڵه‌مدانی ته‌واوی په‌یڕه‌وكاره‌یلی شیعه‌یه له سه‌رووشیانه‌وه رێژیمی كۆماری ئیسلامی. ئه‌وه‌ی من تێی گه‌یشتبم، جیهاد له دژی موسڵمانه‌یلدا نایه‌ته كردن. ئیتر با ئه‌وه‌ش تۆمار بكه‌ین لێره، ئه‌و فتوای جیهاده له‌كه‌یه‌ك ده‌بێ به ناوچه‌وانی ئیسلامی ئه‌م سه‌رده‌مه‌وه وه‌ك له‌كه‌ی ئه‌نفالی گه‌لی كورد له هه‌شتایه‌لی سه‌ته‌ی رابردوودا.
زیاتریش له‌وه، له‌لای گه‌له‌یلی عه‌ره‌بدا تا ئێسته رێزێك بۆ شیعه‌ی لبنانی و حزبوڵڵا ده‌هاتنه دانان، كه سه‌رچاوه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕایه‌وه بۆ به‌رگریی حزبوڵڵا و گه‌لی باشووری لبنان له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داگیركردنی ئیسرائیل‌دا. ئێسته ئه‌و رێزه‌ی جاران ده‌كێشنه‌وه و ده‌ڵێن ئه‌وه شه‌ڕێك بوو بۆ خاپاندنی ئێمه ئه‌گینا كه‌ی حزبوڵڵا دوژمنی ئیسرائیل بووه؟ راسته، ناحه‌زایه‌تی كه له بنه‌وای ره‌وشته‌كی ده‌رچوو، نه‌ك ته‌نیا ئێسته و داهاتووت ده‌سڕێته‌وه، رابردووشت لێڵ ده‌كا.
من بۆ خۆم وه‌ك ئه‌وه‌ی تازه له ژێر باری مۆته‌كه‌یه‌كدا راست بووبمه‌وه، چاو به ده‌روپشتدا ده‌گێڕم، ئاخۆ ئه‌وه‌ی روو ده‌دا راست و دروسته یان خه‌ون؟ چما ئه‌و هه‌موو كینه‌وه‌ری و رك و بوغزه، بۆ ئه‌و هه‌موو ماوه‌یه، له سینه‌ی شیعه و سووننه‌دا هاتبووه هه‌ڵگرتن؟ باشه ئه‌گه‌ر كێشه كێشه‌ی سووننه و شیعه‌یه، بۆچی وڵاته‌یلی زلی رۆهه‌ڵات و رۆئاوا وا ده‌كه‌ن؟ خۆ دیاره كه پرسی دیموكراسی له سووریا به شه‌ڕی شیعه و سووننه یه‌كلا نابێته‌وه. یان ئاخۆ هه‌ر پرسی چه‌ك فرۆشتنه یان شه‌ڕی داگیركردنی وڵاته‌یله له نێوان رۆهه‌ڵات و رۆئاوادا كتومت وه‌ك شه‌ڕی گه‌وره‌ی دنیا؟ ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌یه، بۆچی موسڵمانه‌یل بیرێك له خۆیان ناكه‌نه‌وه؟
به‌ڵام هه‌رچییه‌ك بێ له‌وانه، دواجار دێمه‌وه سه‌ر ئه‌وه‌ی، كه مرۆڤایه‌تی نه‌خۆشه و نه‌خۆشییه‌كی گرانیش. هه‌ر جارێكیش له مێژوودا، كه مرۆڤایه‌تی نه‌خۆش كه‌وتبێ، كاره‌ساتی گه‌وره رووی دنیای گرتووه‌ته‌وه.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
