ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگانی سه‌رۆك وه‌زیره‌یلی توركیا له خۆباییبوونێكی بێ وێنه‌ی نواند، كه گوتی خۆپێشانده‌ره‌یلی گۆڕه‌پانی ته‌قسیم، "له كۆمه‌ڵه دزێك به‌ولاوه هیچی تر نین". پاش گه‌ڕانه‌وه‌شی بۆ وڵات، به هه‌مان ئه‌و زوانه له خۆباییبوانه‌یه ئاخاوته‌وه و داوای له لایه‌نگره‌یلی خۆی كرد له هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا "ده‌رسێكی وایان دابده‌ن له بیریان نه‌چێته‌وه". ئه‌و زوانه زوانی دیموكراسی نییه، له دیموكراسیدا ئه‌و لایه‌ن یان لایه‌نه‌یله‌ی ده‌دۆڕێنن، له گه‌مه‌ی دیموكراسیدا دۆڕاندوویانه نه‌ك له گۆڕه‌پانی شه‌ڕ. دیموكراسیه‌تی زۆرینه‌ش ده‌سه‌ڵات سه‌پاندن نییه به‌تایبه‌تی له باری توركیادا، كه زۆرینه‌یه‌كه كه‌مێك هه‌ورازتره له نیوه. دۆڕاو له گه‌مه‌ی دیموكراسیدا زوانی به‌بڕین ناچێ و بێبه‌شیش نابێ له مافی خۆپێشاندان و ناڕه‌زایی.
هه‌ڵوێستی ئه‌ردۆگان له پیاوی ده‌وڵه‌ت ناوه‌شێته‌وه، بگره پێشانی دا، فڕی به‌سه‌ر دیموكراسیشه‌وه نییه. هه‌مان ئه‌و زوانه بوو قه‌زافی پێی ده‌دوا و به راپه‌ڕیوه‌یلی ده‌گوت "هه‌ی جرج و مشكینه". خاوه‌نی ئه‌و جۆره ئاوه‌ز و زوانه یان له گرتیگه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه یان له كوشتیگه، له باشترین باردا وه‌ك بن عه‌لی له داڵده‌ی یه‌كێكدا.
لاری له‌وه‌دا نییه، كه پارتی داد و گه‌شه‌پێدان له توركیا گه‌شه‌ی ئابووریی هێناوه‌ته كایه یان گوایه "كرانه‌وه"یه‌كی كردووه به‌سه‌ر كێشه‌ی كورددا. هه‌رچه‌نده ئه‌و كرانه‌وه‌یه هێنده كه‌م و كورته ته‌نیا به‌شی ئه‌وه‌ی كردووه خۆی "واته كابرای كرایه‌وه" به تیله چاوێك "یان وه‌ك له درزی په‌چه‌وه" ده‌ره‌وه‌ی بینیبێ نه‌ك به كرده‌وه چتێكی به‌ڕاستی هاتبێته دیتن. سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌شی وه‌ك جۆرێك له تیز و گاڵته به‌م و به‌و ده‌باته رێوه.
پێی وایه هه‌ڕوگیڤێك له ئاست ئیسرائیل‌دا به‌سه بۆ راكێشانی سۆزی عه‌ره‌ب. بینیشمان چۆن به پێوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیی سه‌رۆك وه‌زیره‌یلی ئیسرائیل، ئه‌و گرژییه نه‌ما. یان پێی وایه دنه‌دانی راپه‌ڕین له سووریا به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌لی هه‌بێ باڵ بكێشێته‌وه به‌سه‌ر دنیای عه‌ره‌بدا كتومت وه‌ك ده‌مانی عوسمانی. ئه‌مانه تیز و گاڵته‌ن بێگومان، له ڕووی ناوه‌كیشه‌وه تیز و گاڵته‌ن نه‌ك ته‌نیا له رووی ده‌ره‌كی. له ده‌ره‌وه، پێی وایه ده‌شێ گه‌له‌یلی ساویلكه و لێقه‌ومای عه‌ره‌ب و ئیسلامی پێ فریو بدا، له ناوه‌وه‌ش كێشه‌یلی ناوه‌خۆی توركیای پێ بكاته‌وه سفر.
ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر "ماڵت له شووشه بوو نابێ به‌رد بهاوێیته ئه‌ملا و ئه‌ولا". ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه بۆ هیچ راست نه‌بێ، بۆ سیاسه‌تی ده‌ره‌كیی توركیا و ئێران راسته. وه‌ك چۆن كۆماری ئیسلامی هیچ هه‌لێك نابوێری بۆ راپه‌ڕاندنی په‌یره‌وكاره‌یلی مه‌زه‌وی شیعه له هه‌ر وڵاتێكدا، له‌به‌رئه‌وه‌ی پێی وایه زلی و زه‌به‌لاحیی خۆی له‌وه‌ڕا ده‌ست پێ ده‌كا، ده‌وروبه‌رێكی لاواز و به‌یه‌كداچووی هه‌بێ. توركیاش پێی وایه، بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕ له ماڵی خۆی دوور وه‌كه‌وێ ده‌بێ شه‌ڕه‌كه بكه‌وێته ناو ماڵی خه‌ڵك. ئه‌و ئاگره دواجار به‌رۆكی خۆگره‌وه‌یه‌وه و خۆسووتێنه بۆ هه‌ردوو وڵات. هه‌ردووكیان گه‌وره‌ترین كه‌مینه‌ی مه‌زه‌ویی جیاواز له مه‌زه‌وی ده‌سه‌ڵاتداریان تێدایه، كه ده‌شێ به فیكه‌یه‌ك، یان به نووكه‌یه‌ك، بێنه هاندان و هه‌ڵایسان.
ئه‌ردۆگان له یه‌كه‌مین به‌رته‌كدانه‌وه بۆ خۆپێشاندان له دژی سیاسه‌تی حكوومه‌ته‌كه‌یدا، كتومت وه‌ك قه‌زافی گوتی "ده‌ستی ده‌ره‌كیی له پشته‌وه‌یه". كابرا خۆی ده‌زانێ له ماوه‌ی ئه‌و دوو سێ ساڵه‌دا چ ئاوێك رژاوه و چی هاتووه‌ته چاندن، بۆیه دڵنیایه هاوسێیه‌ل ده‌توانن گۆبه‌ندی بۆ بنێنه‌وه له رێی په‌یڕه‌وكاره‌یلی غه‌یره مه‌زه‌و. ئه‌و گه‌مه‌یه‌ی ئه‌و وڵاته‌یله ده‌ستیان داوه‌تێ، گه‌مه‌یه‌كی تا بڵێی ناخۆشه، خوێنێكی زۆر به‌فیڕۆ ده‌دا و رووبه‌رێكی زۆر وێران ده‌كا، سامانێكی زۆری تایبه‌ت و گشتی ده‌چوێنێ، چه‌ندیش بڵێی سووك و ریسواكه‌ره بۆ مێژوو.
ئه‌ردۆگان به ئاخاوتن زیاتر له ئه‌كته‌ری سه‌ر سه‌كۆ ده‌چێ، كه بۆ بابای ته‌ماشاكه‌ر وه‌ك راستی وایه. ماوه‌ی ده ساڵه فه‌رمانڕه‌وایی ده‌كا و نه‌یتوانیوه به كرده‌وه خۆی به‌سه‌ر كێشه‌ی كورددا بكاته‌وه و چه‌ند هه‌نگاوێك به رژدی بهاوێ، كه ئه‌و كێشه‌یه هێنده ره‌وایه هه‌موو مرۆڤێك له ئاستیدا به‌چۆكدا دێ. ئه‌وه‌ی له‌وباره‌یه‌وه بینیومانه "تا ئێسته" ته‌نیا فاك و فیكێكی راگه‌یاندنه‌كییه و هیچی تر. خۆ كورد له شانۆ داده‌نیشتووه بۆ كات به‌سه‌ر بردن و دامركاندنه‌وه‌ی هه‌ست. ئه‌مه كه گه‌وره‌ترین كێشه‌یه له توركیا وابێ، ده‌بێ چه‌ندین سه‌ت كێشه‌ی تری گه‌وره و گچكه ئه‌وڕۆ له گۆڕه‌پانی ته‌قسیمدا چۆن بكه‌ونه به‌ر باس و كۆڵینه‌وه له‌لایه‌ن چه‌ند هه‌زار دز و خوێڕیله‌یه‌كه‌وه "به زوانی كابرا خۆی". به گوێره‌ی ئه‌زموونی به‌هاری عه‌ره‌بی، گرینگ ئه‌وه‌یه كێ دواجار ده‌چێته ده‌ره‌وه. بێگومان به شه‌رمه‌زاریش له مێژوودا.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
