ئه‌وه‌ی له تونس و له میسر روو ده‌ده‌ن له سێ ساڵه‌وه، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی له مێژه‌وه له توركیا و له كۆنه‌وه له ئێران روو ده‌ده‌ن، وایان كردووه لێم، په‌ژیوان ببمه‌وه له پرسی دیموكراسی بۆ ئه‌م ناوچه‌یه‌ی خۆمان و تا په‌نجا ساڵی تر باسی نه‌كه‌مه‌وه. ئه‌وه‌ش له بارێكدا ئه‌گه‌ر له‌و په‌نجا ساڵه‌دا شه‌ڕ و كێشه‌ی وا نه‌یه‌نه پێشه‌وه، كه په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تی بوه‌ستێنن و وا له كۆمه‌ڵگه بكه‌ن راستی له چه‌وتیدا بدۆزێته‌وه. ئه‌گه‌ر چتی وا روو بدا ئه‌وا تا سه‌ت ساڵی تر باسی دیموكراسی ناكه‌مه‌وه، بڕۆ بۆ سه‌ت و په‌نجاش. له نموونه‌ی ئه‌و وڵاته‌یله‌وه تێ گه‌یشتم، كه پرسی هه‌ڵبژاردن و دیموكراسی بابه‌تی ئێمه نین له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌مان ئه‌نجام دووباره ده‌كه‌نه‌وه.
ده‌ركه‌وت، پرسی دیموكراسی لێره، داوای كه‌مینه‌یه‌كی كۆمه‌ڵگه‌یه ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم خوازی ته‌نیا بژارده‌یه‌كی بچووكیشه له‌و كه‌مینه‌یه‌دا. زۆرینه، خۆی به باسی دیموكراسییه‌وه خافڵ نه‌كردووه و به‌لاشیه‌وه گرینگ نییه هه‌بێ یان نه‌بێ. بابای سه‌ر به زۆرینه، كه دینارێك له گیرفانی خۆیدا نابینێ پێی وایه خوا به‌شی ویی كه‌م داوه، كه‌سی تریش به به‌رپرسیار نازانێ و بۆ ژیانیش به‌رۆكی هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی سه‌ر زه‌وی ناگرێ. بابای زۆرینه ده‌نگ ده‌دا به چتێك، كه پێوه‌ندیی به به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كی و باشیی سیسته‌می سیاسییه‌وه نییه له بواری ئابووری و پێوه‌ندیی ده‌ره‌كیدا، به پێچه‌وانه‌وه زۆر جار ده‌نگ ده‌دا له پێناو سه‌ركوتینه‌وه و چه‌وساندنه‌وه‌ی كه‌مینه‌ی وڵاته‌كه‌ی خۆیدا.
له‌و وڵاته‌یله‌ی له ژووره‌وه‌دا ناوم هێنان، سه‌رۆك له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌نگی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی هێناوه، پێی وایه كه‌مینه له كاوێژی ناو كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان به‌ولاوه هیچ مافێكی تری نه‌كه‌وتووه. زۆر جار ئه‌وه‌شی پێ زیاده‌ڕۆیییه. زۆرینه‌ش كه ده‌نگی پێی داوه، به‌لایه‌وه گرینك نییه له تونس شوكری بلعید دێته كوشتن، یان له میسر جاهیلێك ده‌بێ به وه‌زیری رۆشنبیری و تیرۆریستێك ده‌بێ به وه‌زیری گه‌شته‌وه‌ری، كه ئه‌و دوو بواره پێناسه‌ی وڵاته‌كه‌ن و شاده‌ماری ئابووریی وین. له توركیا، سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستی بژارده‌یه‌كی بچووك له ئاست پڕۆژه‌یه‌كی ئاوه‌دانیدا، كه خۆی هیچ نییه، سه‌رۆك له جیاتی ئه‌وه‌ی نه‌رمی بنوێنێ، ده‌بێ به پۆڵا. یان دیوته له سایه‌ی كۆماری ئیسلامی‌دا، له ماوه‌ی سی و ئه‌وه‌نده ساڵه‌دا، نه‌ك ده‌نگێك بگره نووزه‌یه‌كیش له ئازادیی هونه‌ر و رۆشنبیری و كۆمه‌ڵایه‌تی هاتبێته بیستن؟ باسی سیاسه‌ت هه‌ر مه‌كه. ئه‌رێ كوا هه‌ڵوێستی زۆرینه له هه‌ڵبژاردندا؟
به كورتی، زۆرینه له‌و وڵاته‌یله‌دا له رێی ده‌نگدانه‌وه به‌ڵایه‌كی گه‌یاندووه به ده‌سه‌ڵات زۆر خراپتر له دیكتاتۆری ئاسایی، كه دیكتاتۆری ئاسایی، جاران به هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی سه‌ربازی و خوێنڕێژی ده‌گه‌یشتن به كورسی. ئه‌و به‌ڵایه له لایه‌كه‌وه ده‌ڵێ من به ده‌نگدان گه‌یشتووم به كورسی و زۆرینه‌م له پشته. له لایه‌كی تریشه‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ی ئاینی كردووه به سیاسه‌ت، هه‌ر به جارێك ماف و ئازادیت لێ زه‌وت ده‌كا ته‌نانه‌ت له‌و بواره‌یله‌دا، كه پێوه‌ندییان به ئاین و به سیاسه‌تیشه‌وه نییه. چی روو ده‌دا ئه‌گه‌ر وه‌زیری گه‌شته‌وه‌ری له میسر ئیسلامی نه‌بێ؟ كه‌ی ئیسلام رێی به گه‌شته‌وه‌ری داوه تا له‌وه‌شدا "چاره‌سه‌ر" بێ؟ یان چی ده‌بوو سیسته‌می تونس، كه سیسته‌مێكی ئیسلامییه و له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی سه‌رپاك موسڵماندا ده‌سڕۆییوه، رێی به شوكری بلعید بدایه بژی و به‌رهه‌ڵستیش بێ؟ ئه‌ردۆگان به‌ر له هه‌موو كۆڵینه‌وه‌یه‌ك، تۆمه‌تی چه‌پایه‌تیی دایه پاڵ خۆپێشانده‌ران، كه چه‌پبوون شه‌رم و شووره‌یی نییه. ئه‌رێ كوا هه‌ڵوێست و هه‌ستی زۆرینه؟
دیكتاتۆری ئاسایی وه‌ك بینیمان، بۆ نموونه له عێراق، زۆر جار ته‌كنۆكراتێكی سه‌ربه‌خۆی ده‌كرد به وه‌زیری داد یان وه‌زیری پلاندانان. زۆر جاریش رۆشنبیر و هونه‌رمه‌ندی ده‌لاوانده‌وه: "ته‌نیا دوور بن له سیاسه‌ت كێشه‌مان نییه له‌گه‌ڵتاندا". هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێك، ته‌نانه‌ت ئه‌وپه‌ڕی دیكتاتۆر و فاشستیش بێ، رێز له بژارده‌ی كۆمه‌ڵگه ده‌گرێ. ده‌زانێ له‌و بژارده‌یه‌دا كه‌ڵه كه‌ڵه‌ی مێژوویی هه‌ڵده‌كه‌ون، كه ئه‌و ناتوانێ بێ خه‌م بێ له ئاستیاندا. دیكتاتۆری ئاسایی ناتكا به ناپاك به‌بێ به‌ڵگه به‌ڵام ئه‌وانه‌ی له رێی هه‌ڵبژاردنه‌وه دێن، ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌نگت پێ نه‌داون، یان ده‌نگێكت لێوه ده‌رچووه، خۆت و حه‌وت پشتی رابردوو و داهاتووت ده‌خاته لیسته‌وه.
هیچی پێ ناوێ، كه من دیكتاتۆرخواز نیم چ ئه‌میان و چ ئه‌ویان، به‌ڵام ئه‌وه‌یه كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه و زۆرینه‌ی له‌مه‌ڕ ئێمه، تۆ دیكتاتۆرێك ده‌ر بكه به هه‌زار ناری عه‌لی وه‌ك له میسر، ئه‌و سبه‌ینێ یه‌كێكی تر ده‌زێته‌وه.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
