ئێواره‌ی رۆژی شه‌شه‌می ئه‌م مانگه، رۆژنامه‌نووسێك له كه‌لار به ناوی كاوه گه‌رمیانی، له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك چه‌كداره‌وه و به ئۆتۆمۆبێلێكی به‌رزه، له‌به‌ر ده‌رگه‌ی ماڵی خۆیاندا، كه‌وته به‌ر ده‌سڕێژی گولله و هاته كوشتن. من ئه‌و هه‌واڵه‌م له رۆژنامه‌دا خوێنده‌وه. ئه‌و چه‌ند وشه‌یه‌ی هه‌واڵه‌كه‌ش به‌سن بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ تێ بگات ئه‌و كوشتنه له‌لایه‌نی كێوه بووه. بكوژی ئاسایی ناتوانێ بێ‌باك له ده‌سه‌ڵاتی یاسا و لێپێچینه‌وه، كارێكی ئاوه‌ها گه‌وره، به‌و شێوه‌یه به‌جێ بگه‌ینێ. هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یه له شوێنه‌كه‌دا پرێس كۆنفرانسیان نه‌كردووه ئه‌گینا هیچی كه‌م نه‌بووه له‌لایه‌نی رووقایمی و چاونه‌ترسییه‌وه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه، دانانی لێژنه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌و كاره تیرۆرییه، ئه‌ویش به سه‌رۆكایه‌تیی جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌ت خۆی، به‌ڵگه‌یه‌كی تره بۆ روونیی بكوژ. دانانی لێژنه واته، یه‌كه‌م: داوده‌زگه‌ی دادوه‌ری له كورستان شه‌ل و گۆجن له كاری وا گه‌وره‌دا و هیچ به هیچ ناكه‌ن. دووه‌م: ئاماژه‌یه‌كی ژێربه‌ژێریی ناویستانه‌یه، كه بكوژ له‌سه‌ره‌وه‌ی یاسادایه. هه‌ر خۆی، بوونی جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌ت له سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌و لێژنه‌یه‌دا واته كاره‌كه له ده‌سه‌ڵاتی له خۆی به خواره‌وه، هه‌ورازتره.
له‌باره‌ی كوشتنی كاوه‌وه پێویست نییه له‌وه زیاتر بدوێم. پاشماوه‌ی تری نووسینه‌كه‌م قسه‌ی گشتییه له‌باره‌ی ئازادیی ده‌ربڕین و ئازادییه‌لی تر له كوردستان له پاش راپه‌ڕینی نه‌وه‌ت و یه‌كه‌وه. ده‌سه‌ڵات له كوردستان له‌و كاته‌وه تا ئێسته، به تایبه‌تی له دامه‌زرانی حكوومه‌تی هه‌رێمه‌وه له نه‌وه‌ت و دوو، زۆر به گه‌رمی له خه‌می ئه‌وه‌دا بووه كوشتن له كوردستان كه‌م ببێته‌وه به تایبه‌تی له بواری كێشه‌ی خێڵه‌كایه‌تی و تۆڵه‌ی خوێن ئه‌ستاندنه‌وه‌دا. پێش راپه‌ڕین كوردستان پڕ بوو له كه‌یس و دۆزی تۆڵه‌ی خوێن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بینیمان زۆر كه‌م رووی دا و رۆژ به‌ڕۆژیش كه‌متر بووه‌وه. ده‌زگای تایبه‌ت به كۆمه‌ڵایه‌تی هاتنه دانان بۆ بڕینه‌وه‌ی ئه‌و كه‌یسه‌یله به خه‌رجییه‌كی زۆریشه‌وه. به‌ڵام به ته‌ریبی ئه‌وه، جۆرێكی تری كوشتن به‌رز هه‌ڵكشا. ئه‌و جۆره كوشتنه‌ش دوو بواری گرته‌وه: یه‌كه‌م بواری ئافره‌ت سه‌باره‌ت به ئابڕووی بنه‌ماڵه‌یی و خێڵه‌كایه‌تی، كه ئه‌وه‌ش به‌رده‌وام پێوه‌ندیی به ئازادیی ئافره‌ته‌وه هه‌یه له پرسی خۆشه‌ویستی یان شووكردن. دووه‌مین جۆری كوشتن: بواری ئازادیی بیری سیاسی، رۆژنامه‌نووسی (بیانیش له‌گه‌ڵدا) یان به گشتی كوشتنی لێهاتوویی (كه‌فائات) ده‌گرێته‌وه. ئێسته كه ئه‌م وتاره ده‌نووسم نێزیكه‌ی پازده ناوم دێنه‌وه بیر له مێژووی راپه‌ڕینه‌وه، كه گشتیان قوربانیی ده‌ستی لێهاتوویی، یان بیری بوێرانه، یان كه‌سایه‌تیی به‌هێزی خۆیان بوون له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی بێ یاسادا.
هیچ یه‌كێك له‌و پازده كه‌یسه‌ی دێنه‌وه بیرم، ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری یان ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، یه‌كلای نه‌كرده‌وه ئاخۆ هۆی كوشتنه‌كه چی بوو یان چ ده‌ستێكی له پشته‌وه بوو. به‌ڵام بۆ زۆربه‌ی خه‌ڵك هۆ و ده‌سته‌كه‌ش دیارن. هۆ، وه‌ك گوتمان پرسی ئازادیی بیره، یان ئازاییی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه، یان لێهاتوویییه. له‌به‌رئه‌وه‌ش كه هیچ ئه‌نجامێك له‌باره‌ی ئه‌و كه‌یسه‌یله‌وه نه‌هاتوونه‌ته راگه‌یاندن، ئیتر مافی خه‌ڵكه بیر بكه‌نه‌وه یان په‌نجه درێژ بكه‌ین بۆ ئه‌وانه‌ی به‌جێی گومانی خۆیانی ده‌زانن. خه‌ڵك ده‌ڵێن: میكانیزمی كاری كوشتن میكانیزمێكی ئاسان نییه. كۆمه‌ڵێك چه‌كدار و ئۆتۆمۆبێلێكی به‌رزه (لاندكرۆزه‌ر)، له‌به‌ر ده‌رگه‌ی ماڵی قوربانی خۆیدا. هه‌موو كوشتنێكیش به‌و شێوه‌یه رووی داوه. هه‌روه‌ها نه‌ترسین له لێپێچینه‌وه و بێباكی له یاسا، ئه‌مه‌ش له ده‌سه‌ڵاتی بكوژێكی ئاسایی به‌ده‌ره. كه‌واته روونه كێیه بكوژ و مانگ له چوارده پێویستی به ئه‌نگوست نییه. به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه ئاخۆ ئه‌وه كوردستان به‌ره‌و چی ده‌با؟
وێنه‌ی كاوه گه‌رمیانیم بینی، وێنه‌یه‌كی له تافی لاویدای رۆژنامه‌نووسێك. به‌و ته‌مه‌نه‌وه ناشێ تاقیكردنه‌وه‌ی زۆر بێ. كێشه‌ی ئه‌و جۆره رۆژنامه‌نووسه‌یله ئه‌وه‌یه ململانه‌یه‌كی نه‌شاره‌زایانه ده‌كه‌ن. له‌به‌ر ناپرۆفێشناڵیی خۆیان، گیان ده‌خه‌نه سه‌ر له‌پی ده‌ست. ئه‌وه نازانن، كه كورسیی ده‌سه‌ڵات بۆ ئه‌وانه‌ی بێ هیچ مافێك پێی گه‌یشتوون، گه‌وره‌تره له خوێنی رۆژنامه‌نووس. ئه‌وانه ده‌سبه‌رداری كورسی نابن نه‌ك كاوه گه‌رمیانی ئه‌گه‌ر هه‌موو گه‌رمیان و كوردستانیشی بۆ بكه‌ن به قوربانی. ده‌بێ ئێمه ده‌رسێك وه‌ربگرین له‌و شه‌ڕه‌ی سێ ساڵه له سووریه‌ی هاوسێماندا ده‌گه‌ڕێ. نیوه زیاتری گه‌لی سووریه، به كوشتن و به ئاواره‌یی و بێ سه‌روشوێنی، یان به دۆڕاندنی ماڵ، بوونه‌ته قوربانیی كورسییه‌ك، كه دڕنده‌یه‌ك له‌سه‌ری دانیشتووه و له باوكه‌وه بۆی ماوه‌ته‌وه. من داوای ئه‌وه ناكه‌م ده‌ستی رۆژنامه‌نووس له خه‌باتی پێناو ئازادی، پێناو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی خۆشبژی و وڵاتێكی جێگیردا شل ببێته‌وه، به‌ڵام با به‌و ته‌مه‌نی گوڵه‌شه‌وه خۆیان نه‌كه‌ن به نێچیری ئه‌وانه‌ی له ئاكاری مرۆڤییانه داشۆراون.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
