نایه‌ته وه‌شاردن، كه محه‌مه‌د مه‌رسیی سه‌رۆكی میسر، له ماوه‌ی ساڵێكدا هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ی كرد و هه‌لی گه‌وره‌ی له ده‌ست چواند. له یه‌كه‌مین بواری ئیخواندا، پاش 85 ساڵ كوێره‌وه‌ری، ویستی ده‌ستوور به گوێره‌ی شه‌ریعه‌ت داڕێژێ بێ گوێ دانه ئه‌وه‌ی راده‌یه‌ك له گه‌لی میسر موسڵمان نین یان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نین ئاین بنه‌وای ژیانیان بێ، بێ گوێ دانه ئه‌وه‌ی مه‌رج نییه هه‌موو چتێكی شه‌ریعه‌ت له‌گه‌ڵ سه‌رده‌مدا بێته‌وه. مه‌رسی كه‌وتبووه پێچینه‌وه له ئازادیی ده‌ربڕین، راوه‌دوونانی رۆژنامه‌نووسه‌یل و پێوه‌دانی نۆینه‌یلی راگه‌یاندن. ئه‌وه‌ش گۆڕ لێده‌ری هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكه. له هه‌مووی به مه‌ترسیتر، ده‌یویست ژێر به ژێری ده‌وڵه‌ت بگۆڕێ بۆ ده‌وڵه‌تێكی ئیخوانی. سه‌باره‌ت به‌وانه و زۆر چتی تر، هه‌ندێك له رووناكبیره‌یلی میسر و عه‌ره‌ب، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه بزاوی برایه‌لی موسڵمان "ئیخوان"یان به بزاوێكی فاشیست چواند.
فاشیزم له رێگه‌ی دیموكراسییه‌وه ده‌گا به ده‌سه‌ڵات، به‌ڵام پاش گه‌یشتنی، ده‌كه‌وێته دوای به‌جێهێنانی به‌رنامه‌ی خۆی. به‌لای بزاوه‌یلی ئیسلامییه‌وه دیموكراسی ئامانج نییه، ئامێره. ئه‌و مه‌ترسییه‌ش، له هه‌موویانه‌وه دێته وه‌خوێندن. هه‌موویان به‌هیوای ئه‌وه‌ن خه‌لافه‌تی ئیسلام و جیهادی ڕێی ئاین له پاش یه‌كه‌مین بردنه‌وه‌ی گره‌و ده‌ست پێ بكه‌ن، له‌و ده‌مه‌ی گرینگ‌ترین بنه‌وای دیموكراسی "ده‌سته‌وده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵاته". له دیموكراسیدا، كورسی بۆ كه‌س تا سه‌ر نییه.
له به‌ره‌كه‌ی تر، هێزه‌یلی به‌رهه‌ڵست هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یان كرد و هه‌لێكی گه‌وره‌یان له ده‌ست چواند. هاتن په‌نایان بۆ هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی سه‌ربازی برده‌وه، كه ده‌مێكه ئه‌و شێوه كرێته باوی نه‌ماوه. وه‌ك چۆن مه‌رسی گه‌وره‌ترین زه‌بری له بزاوه‌یلی ئیسلامی دا تا ڕاده‌ی بنووسێكی عه‌ره‌ب گوته‌نی: "ڕۆژی ئیخوان، به‌ر له‌وه‌ی گزینگ بدا، ئاوا بوو". به‌هه‌مان شێوه، محه‌مه‌د به‌رادعی، سه‌ركرده‌ی بزاوی دیموكراسی، زه‌برێكی گه‌وره‌ی سره‌وانده ئه‌و بزاوه‌ی له‌مه‌ڕه خۆی. هێزه‌یلی به‌رهه‌ڵست، له پێناو گه‌یشتن به كورسیی ده‌سه‌ڵاتدا، به‌شدارییان كرد له هه‌ڵگێڕانه‌وه‌یه‌كی سه‌ربازی و لێره‌وه هیوای گه‌یشتنی بژارده‌ی جڤاكی ئه‌م ناوچه‌یه به ده‌سه‌ڵات، له رێگه‌ی هاوسه‌رده‌مییانه‌وه، به جارێك به با ڕۆیی.
من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نیم بزاوه‌یلی ئیسلامی جا هه‌ر ناوێكیان هه‌بێ، له ده‌سه‌ڵات نێزیكه‌وه ببن به‌هۆی ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی لێیانه‌وه دێته چاوه‌نۆڕیكردن. به تاقیكردنه‌وه ده‌ركه‌وتووه، هه‌موویان له ئیخوانه‌وه تا قاعیده، به موو له ناوه‌ڕۆكدا له یه‌كتر جودا نین. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نیم به‌شێوه‌ی سه‌ركوتینه‌وه، رووبه‌ڕوویان ببنه‌وه به تایبه‌تی له نموونه‌یه‌كی وه‌ك میسردا، كه له ڕێی هه‌ڵبژاردنه‌وه هاتبن و ره‌وایه‌تییه‌كی یاسایی‌یان هه‌بێ. پرسیارێكی زۆر ساده‌یه: ئه‌گه‌ر بێت‌و له هه‌ڵبژاردنی داهاتووی سه‌رۆكایه‌تی، یان جڤاتی ڕاوێژ (مجلس الشوری) ی میسردا، ده‌رچوونه‌وه، چی ڕوو ده‌دا؟ كه وابێ، ده‌بێ به‌رادعی و هاوه‌ڵه‌یلی وی، دایان نابێ به شێوه‌یه‌كی بنه‌بڕ، ڕێی ئه‌و بواره‌یان لێ بگرن به هۆی ده‌سكاری و چه‌واشه‌كارییه‌وه. كتومت وه‌ك له نموونه‌ی جه‌زائیری دوای 1990ه‌وه ده‌یبینین.
به‌رادعی و نموونه‌یلی وی، له هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا له دوو ڕێگه‌وه ده‌توانن بگه‌ن به كورسی، یه‌كه‌میان هه‌ڵبژاردنێكی چه‌واشه و ده‌سكار وه‌ك گوتمان، یانیش ددان به‌وه‌دا بنێن، كه لایه‌نگره‌یلی موباره‌ك و سیسته‌می پێشوو، كه ئیسلامیه‌ل ناویان ناون (فلوول: به‌زیوه‌یل)، زۆرینه پێك ده‌هێنن له كۆمه‌ڵگه‌دا و ده‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه. له هه‌ردوو ئه‌نجامیشه‌وه ناشێ چاوه‌نۆڕی هیچ هیوایه‌ك بین له‌به‌رئه‌وه‌ی دیكتاتۆرایه‌تی خۆی دووباره ده‌كاته‌وه. ته‌نگه‌تاوكردنی برایه‌لی موسڵمان له ڕێی سه‌ركوتینه‌وه و له گرتیگه‌ی "تڕه" په‌ستاوتنیان، باشترین ئاماژه‌ی دووباره‌وه‌بوونی ئه‌و سه‌رده‌مه به‌سه‌رچووه‌یه. دیموكراسی ده‌بێ له سه‌رگه‌یه‌كی پاكه‌وه ده‌ست پێ بكا ئه‌گه‌رنا بۆی نالوێ درێژه به ژیان بدا.
له بنهێنانی بزاوه‌یلی ئیسلامی، له ڕێی ته‌نگ پێ هه‌ڵچنین و بڕینه‌وه‌ی هه‌لی پێشیانه‌وه، نایه‌ته دی. ده‌بێ هه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر ماكه‌ی دروستبوونیان، سه‌ر ئه‌و ژیگه‌یه‌ی هه‌لی قوتبوونه‌وه‌یان، ده‌سازێنێ. ئه‌وانه له ژیگه‌ی له پاشدا مانه‌وه، له ده‌وروبه‌ری سه‌ره‌نوێڵك ئاسای كاربگێڕیدا ده‌خولقێن، كه ئه‌وانه كریار (فعل) ی سیاسه‌تی چه‌وت و گه‌نده‌ڵی و دیكتاتۆرین. ده‌بێ ماكه‌ی به‌رده‌وامیی ئه‌و ژیگه و ده‌وروبه‌ره، بێته چاره‌سه‌ركردن و له بنه‌وه ده‌رهێنان نه‌ك سه‌ركوتینه‌وه‌ی ئه‌م تاك و ئه‌و تاك. ئه‌و جۆره چاره‌سه‌ره چه‌وته، رك و كینه‌ی وان ئه‌ستوورتر، كژ و هه‌وای زۆربوونیان گونجاوتر ده‌كا. دیمه‌نی له بانه‌وه هه‌ڵدانی چه‌ند گه‌نجێك، پاشان به چه‌قۆ كه‌وتنه وێزه‌ی جه‌سته‌ی مردوویان، كه ئه‌م ڕۆژانه له ئیخوانی میسره‌وه بینیمان، باشترین به‌ڵگه‌ی سیاسه‌تی چه‌وتی چاره‌سه‌ركردنه. له‌به‌رئه‌وه، ئه‌م جاره‌ش بڕۆن جارێكی تر دێنه‌وه. ره‌نگه جاهیلانه‌تر و دڕندانه‌تریش.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
