
دڵشاد کاوانى نووسەر و ڕۆماننووس، سێ کتێبى تازەى چاپ و بڵاو دەکاتەوە. دڵشاد کاوانى نووسەر و ڕۆماننووس و شاعیرە، لە بوارەکانى ڕەخنەى ئەدەبی و چیڕۆک و ڕۆمان و فەلسەفە و دەنووسێت. تا ئێستا خاوەنى بیست و شەش کتێبە و 14 لە کتێبەکانى چاپ و بڵاوکردۆتەوە.
نووسەر سێ کتێبى بەمزوانە چاپ و بڵاو دەبێتەوە و دەکەویتە بەردیدى خوینەران، کە پێکهاتوون لە کتێبى سەفەرى نامەکان، کتێبێکى ئەرشیفیی و 450 لاپەڕیە، دکتۆر هێمن عومەر خۆشناو پێشەکیى کتێبەکەى نووسیوە و پێداچوونەوەى بۆ کردووە. ئامانج بیلال کاوانى کارى هەڵچنى تێدا کردووە. لە چاپخانەى ئیسرا لە وڵاتى ئێران چاپ دەكرێت.
کتێبى دووەمى بیرەوەرییە بەناوى پەڕینەوە بە قاچاغ، هەشتاوهەشت بەش و (330) لاپەڕەیە و لە چاپخانەى کارۆ لى سلێمانى چاپ و بڵاو دەکرێتەوە. ئەم کتێبەش باس لە ڕووداو و بەسەرهاتەکانى ڕێگەى سەختەکانى قاچاغ دەكات. سەرهاتەكانی دوو کۆچى جیاواز و دۆخى کۆچبەری لە نێوان ساڵانى 1996 بۆ 2002 دەگێڕێتەوە. زرار سەرتاش و محەممەد مەلا ڕەحمان هەڵچنییان کردووە.
کتێبى سێیەم قەسیدەیەکى شیعریی (50) لاپەڕەییە و لەبارەى پڕۆسەى ئەنفالەوە نووسراوە. لە پاڵ پێشەکیی کتێبەکەدا شاعیر تێکستەکەى پێشکەش بە داپیرەى ئەنفالکراوى ساڵى 1988 کردووە. لە چاپخانەى چوارچرا چاپ و بڵاو دەبێتەوە.
دڵشاد کاوانى ڕایگەیاند: لە کتێبى سەفەرى نامەکانیدا نامە و ئەرشیفى سى ساڵى ڕابردووى ژیانى پاراستوون و سەرجەمی لە کتێبێکدا کۆیکردوونەتەوە و لەگەڵ پڕۆژە و پێشنیار و یادداشت و چالاکییەکانیدا لە کتێبیکدا خراونەتەڕوو. نامەکان بە زمانەکانى کوردی، عەرەبى، فارسى، ئینگیلزیی، و ئەڵمانین. خۆى 163 نامە و بەڵگەنامە دەبینێتەوە. 52 ئەدەبیی و 23 نامەى کەسیى و 2 نامەى سیاسیی و یەک نامەى دڵداریى و 16 یاداشتنامە و 14 پڕۆژە و پێشنیار و 55 نووسراوى فەرمیی و لەگەڵ چەندین وێنە و بەڵگەنامە و دیکیۆمێنت، لە بوارەکانى ئەدەبیی و هونەریى و ڕۆژنامەنووسیی و چالاکی ڕۆشنبیریی و كاری ڕێکخراوەییە.
هەروەها کتێبی پەرینەوە بە قاچاغ. كتێبێكی بیرەوەرییە بە زمانێكی ئەدەبیی بەرز نووسراوە. لە پێشەكییەكی نووسەر و دووبەشی سەرەكیی و هەشتاو هەشت بەشی بچووك پێك هاتووە. باسی دۆخی كۆچبەریی و باند و قاچاخچییەتی كردن بە مرۆڤ دەكات. یادداشت و بیرەوەی دوو گەشتی جیاوازی گەنجێكی تەمەن نۆزدە ساڵانی كوردە، لە ساڵانی كۆتایی نەوەتەكانی سەدەی ڕابردوو و سەرەتای ساڵی دووهەزار و دووی سەدەی بیستەم. كاتێك بە هۆی خراپی باردۆخی ئەو كاتەی كوردستان، وەك هەر گەنجێكی دیكە، نووسەر بەمەبەستی گەیشتن بە ژیانێكی خۆشگووزەرانیی ڕوو لە تاراوگە دەكات. پەڕینەوە بەقاچاغ گێڕەووەی دەیان دیمەنی ناخهەژێنی گەنجانی كوردە و ڕووداوە جیاوازەكانیان دەگێڕیتەوە. چیڕۆكەكانی پڕ لە نەهامەتیی و ناسۆریی كۆچبەرانی كوردە بۆ ڕووكردنە ئەوڕووپا، لە ڕیگەی سنوورەكانی عێراق و ئێران. توركیا و یۆنان و بولگاریا. تێیدا گرتن و كوشتن و دەستدرێژیی و مردن و خنكان لە دەریادا دەخاتەڕوو.
دواین کتێبیش قەسیدەى شیعرییە بەناوى شەوەبیبانیەکانى لم. دڵشاد کاوانى بۆ ئەم مەبەستە گوتى: ئەم قەسیدەیەى شێوە و ڕێچکەى شیعرییەتى تایبەتە بە خۆی و بە هەست و قوڵایی ئەنفالدا ڕۆچووە، کە بۆ پیرێژنێکى کوردی سەرووى هەشتا ساڵییەوە نووسیوە و کە لە ساڵى 1988 کەوتۆتە بەر شەپۆڵى ئەنفال و ئەویش ( زەیبنەب حەمەدەمین)ى داپیریەتى. شایانى باسە قەسیدەى شەوە بیابانییەکانى لم براوەى خەڵاتى سێیەمى 27 فیستیڤاڵى گەلاوێژ بووە بۆ ساڵى 2024.
دڵشاد کاونى لە کۆتایدا ئەمەى خستەڕوو: ئەم سێ بەرهەمەی زۆر لەلا تایبەتن، چونکە گەرانەوەیە بۆ مێژوو و پڕۆسەى تۆمارکردن و خۆنووسینەوەی زیاتر لە سى ساڵى ڕابردووى ژیانییەتی. لە ڕێگەى بەرهەمەکانیدا دەرد و مەینەتیی و چەوساندنەوەى گەلى کوری تێدا خۆستۆتە ڕوو.
هەرسێ کتێب لە ماوەیەکى زۆر نزیکدا لە دووتوێى بەرگێکى جواندا دەکەونە بەردەستى خوێنەران و دەخزێتە نیو کتێبخانەى کوردییەوە.