په‌ناخوازێكی به‌ڕه‌گه‌ز موسڵمانی كۆمه‌ڵگای ڕۆهنگیای بۆرما كه‌له ئێستادا له ئوسترالیا په‌ناخوازه به یه‌ك ده‌به به‌نزین له‌ناو بانكێكی ئه‌و ووڵاته‌دا ئاگری له جه‌سته‌ی خۆی به‌رداوه.
ئه‌و په‌ناخوازه كه ناوی نور بووه له‌پاش ئه‌وه‌ی ئاگری له‌جه‌سته‌ی خۆی به‌رداوه، چه‌ندین كه‌سی تریش به‌هۆی ئه‌وه‌وه بریندار بوون.
ئه‌و په‌ناخوازه ماوه‌ی زیاتر له سی ساڵه په‌ناخوازه و تا ئێستا مافی په‌نابه‌رێتی هه‌میشه‌یی له‌و ووڵاته وه‌رنه‌گرتووه.
چالاكێكی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیش له ئوسترالیا كه ئێستا خانه‌نیشن بووه ده‌ڵێت ڕه‌نگه هۆكاری خۆسوتاندنه‌كه‌ی ئه‌و په‌ناخوازه له ئێستادا ئاشكرا نه‌بێت به‌ڵام حكومه‌تی ئوسترالیا هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه له‌په‌ناخوازان ده‌كات كه ئهگهركهیسهكانیان ڕه‌تبكرێته‌وه، هاوكاریه دارایه‌كانیان ده‌بڕێت.
كه‌سێكی نزیكیش له نور ده‌ڵێت نور كێشه‌ی دارایی هه‌بووه و به زه‌حمه‌ت توانیوێتی شتێك له‌و پاره‌یه‌ی وه‌ریده‌گرت بینێرێته‌وه بۆ كه‌سوكاری له بۆرما. وه‌ك پهناخوازێكیش ئه‌و كه‌سه مافی كاركردنی له‌ئوسترالیادا نیه. به ووته‌ی ئه‌و كه‌سه، نور دواهه‌مین مووچه‌ی وه‌ك هاوكاری دارایی وه‌رنه‌گرتووه و پاره‌كه نه‌چۆته سه‌ر حساب بانكهیهكهی. ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ی به‌هۆی چاوه‌ڕوانی بۆ وه‌رگرتنی مافی په‌نابه‌رێتی له‌و ووڵاته، باری ده‌روونیشی زۆر جێگیر نه‌بووه.
ئوسترالیا یه‌كێكه له‌و ووڵاتانه‌ی كه توندترین یاسا به‌سه‌ر په‌ناخوازانی ده‌ریایی قاچاخدا ده‌سه‌پێنێن به‌جۆرێك له ئێستادا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناهێلێت هیچ كه‌سێك به‌قاچاخ و له‌ڕێگه‌ی به‌له‌مه‌وه بچێته ئه‌و ووڵاته چونكه ده‌ستگیریان ده‌كات و ڕه‌وانه‌ی ئه‌و ووڵاته‌یان ده‌كات كه به‌له‌مه‌كه لێوه‌ی هاتوون و گه‌وره‌ترین هێزی ده‌ریایی و چاودێری ئاسمانی ئه‌و ووڵاته‌ش به‌كارده‌هێنێت بۆ دۆزینه‌وه‌ی به‌له‌مه قاچاخه‌كان و ده‌ستگیركردنیان و گێڕانه‌وه‌یان بۆ ئه‌و ووڵاته‌ی لێوه‌ی هاتوون.
نور و سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ش كه بریندار بوون به‌هۆی ڕووداوه‌كه‌وه ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه كراون.
سه‌رچاوه: ماڵپه‌ری ده‌یلی مه‌یڵ
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.