نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم له‌ یه‌کێتی ئه‌وڕوپا به‌شداری له‌ ڕۆژی شانشینی مه‌غریب ده‌کات

لە درێژەی کار و چالاکییەکانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، ڕۆژی سێشەممە 30/7/2013 بەڕێز دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکیتی ئەوروپا بە یاوەری شاندێکی نوێنەرایەتی بەشداری لە مەراسیمی ڕۆژی نیشتیمانی شانشینی مەغریب کرد کە بە ''جەژنی شانشین'' ناسراوە. شاندی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەڕێز ''سەمیر عدهار'' باڵوێزی مەغریب لە بەلجیکا و بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی مەغریب و ستافی باڵوێزخانەوە پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا. بەڕێز دلاوەر ئاژگەیی پیرۆزبایی گەل و حکومەتی هەرێمی کوردستانی گەیاندە بەڕێز باڵوێزی مەغریب و سوپاسی کرد بۆ بانگهێشت کردنی هەرێمی کوردستان. لە میانەی مەراسیمەکەدا شاندی هەرێمی کوردستان چاوی بە کۆمەڵێک لە باڵوێز و دپلۆماتکارانی ووڵاتان کەوت و بە گشتی ڕەوشی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ جیهانی دەرەوە تەوەری سەرەکی ئەو گفتووگۆیانە بوون. هەر لە میانەی مەراسیمەکەدا دلاوەر ئاژگەیی و شاندی هاوڕێی لەگەڵ باڵوێزی مەغریب لە بەلجیکا باسیان لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان مەغریب و هەرێمی کوردستان بە گشتی و لە برۆکسل بە تایبەتی کرد. شایانی باسە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، هاوشێوه‌ی باڵوێزخانەی ووڵاتانی تر بۆ زۆرێک لە مەراسیم و ئاهەنگی نیشتیمانی ووڵاتان بانگهێشت دەکرێت


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

بابەتی زیاتری نووسەر