هاوسەری چالاكێكی دیكە بانگهێشتی ئیتڵاعاتی مەریوان كرا
بۆ جاری دووەم هاوسەری چالاكێكی سیاسی كورد لەشاری مەریوان بانگهێشتی ئیدارەی ئیتڵاعاتی ئەو شارە كراوەو داوای لێكراوە لەهاوسەرەكەی جیابێتەوە، یان هاوسەرەكەی رادەستی هێزە ئەمنیەكان بكات.
رۆژی چوارشەممە (17/4/2013) هاوسەر و خەزوری چالاكی سیاسی عەلی دانش (عەلی ئحا مەلای خانمەكۆن) بانگهێشتی ئیتڵاعاتی شاری مەریوان كراونو داوای رادەستكردنەوەی عەلیان لێكردون.
بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگادار داوا لە كەژاڵ هوژەبری هاوسەری عەلی دانش كراوە خۆی یەكلایی بكاتەوەو دەستبەرداری منداڵەكانی عەلی بێتو دوای ژیانی خۆی بكەوێت.
هاوكات بەرپرسانی ئیتڵاعاتی شاری مەریوان بەڵێنی ئەوەشیان بەو بنەماڵەیەو رەحمان هوژەبریی خەزوری ئەو چالاكوانەداوە، لەئەگەری گەڕان بەدوای عەلیو رادەستكردنەوەی بە ئیتڵاعات ئەوا دوای ماوەیەكی كورت عەلی ئازاد دەكەنو لەسەر كاریش دایدەمەزرێنن.
وەك سەرچاوەكە ئاماژەی پێكرد بەرپرسانی ئیتڵاعات هەڕەشەی ئەوەشیان لەبنەماڵەكەی عەلی دانش كردوە، عەلی بۆ هەر كوێ بچێت دەیدۆزنەوەو لەدەستیان دەرناچێت.
ئەوەش لەكاتێكدایە دوو مانگ پێشتر و لە بەرواری (20/2/2013)دا كەژاڵی هاوسەری عەلی بانگهێشتی ئیتڵاعاتی شاری مەریوان كرابو و داوای جیابوونەوەیان لە هاوسەرەكەی لێكردبوو.
جێی ئاماژەیە عەلی دانش بەهاری ساڵی رابردو بەهۆی ئاشكرا بوونی پەیوەندی بە لایەنێكی سیاسی كوردییەوە دەكەوێتە ژێر چاودێری هێزە ئەمنیەكانو ناچار دەبێت ئێران بەجێبهێڵێت، بەڵام سەرباری ئەوەش گوشارەكان لەسەر بنەماڵەكەی درێژەی هەیەو دەستیش بەسەر 2 ئۆتۆمبێلی ناوبراودا گیراوە.
ئەو چالاكوانە سیاسییە باوكی 3 منداڵە بەناوەكانی محەممەد تەمەن 9 ساڵو مەتین تەمەن 5 ساڵو لاوێنی تەمەن 2 ساڵو نیو.
بەردەوامی گوشارەكان بۆ سەر بنەماڵەی چالاكوانەكان لەكاتێكدایە رێوشوێنێكی توندی ئەمنی بە بۆنەوەی نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەكانەوە لە زۆربەی ناوچەكاندا گیراوەتەبەرو لەسەرەتای بەهاری ئەمساڵیشدا هێزە ئەمنیەكانی ئێران لە چەند هەڵمەتی رەشبگیری لە ناوچەكانی پاوەو مەهابادو سەردەشتو ورمێ زیاتر لە 50 چالاكوانو رۆژنامەنوسو خوێندكاریان دەستگیركردوە، كە چارەنووسی زۆربەیان نادیارە.
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
