گوزاره‌ی نه‌وه‌ی دووه‌می کورد له‌هه‌نده‌ران ... دڵشاد تاقانە

    

گوزاره‌ی نه‌وه‌ی دووه‌می کورد له‌هه‌نده‌ران ...دڵشاد تاقانە

 ته‌عۆ ..

یه‌ک یه‌کی به‌و ناوه‌ بانگ ده‌کرد، به‌ئه‌ندازه‌یه‌ک کوڕ و کچه‌ بیانیه‌کانی هاوه‌ڵیان ده‌یانگۆته‌وه‌: ته‌ئـــــۆ له‌جیاتی ته‌عۆ .ناوی نهێنی یان خوازراوه‌ی پێشگر و پاشگری ناسناوی نه‌بوو، هه‌رکه‌سه‌کی نوێیان بدیتبا پێکڕا بانگیان ده‌کرد: ته‌عـۆۆۆۆۆۆ .ئه‌ویش یه‌کسه‌ر ده‌چووه‌ پۆتێ، که‌س پێ دڵگران نه‌بوو، وای لێهاتبوو ناوی یه‌کتریان هه‌رنه‌ده‌ینا، هه‌رایه‌که‌ ته‌نێ لۆ پێکه‌نین به‌مه‌به‌ستی پێڕابواردن و فشه‌ی گاڵته‌ش نه‌بوو به‌ڵکو وه‌ک وشه‌یه‌کی تازه‌ به‌ده‌میان گرتبوو .که‌سایه‌تیه‌ ڕاستی یه‌که‌ کاریگه‌ری ته‌واوی له‌سه‌ردانابوون وێنه‌یه‌کی خۆشه‌ویستی و سۆزی زگ پێسوتان هێنده‌ شیرین به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ده‌رنه‌ده‌بڕا جگه‌ له‌ناونانی هه‌موو خۆشه‌ویستێک به‌ته‌عۆ .ته‌عۆش چ ته‌عۆ ! یه‌کی دوژوونی ته‌نگی پێهه‌ڵچنی بوو، له‌ناو عاره‌قی ڕه‌ش و شیندا هه‌رگه‌ڕابوو، هه‌رزووزوو سه‌ر و لاگێچکه‌لاکی هه‌رده‌کڕاند .هه‌ژاری کۆره‌ ڕێکانی ژیانی پێ ده‌کوتاوه‌، به‌دبه‌ختێکی هه‌رزه‌ی خۆشی نه‌دیته‌ی بێ نازی بابه‌، بارگران به‌بژێوی دایک و دوو خوشک له‌گه‌ڵ برایه‌کی تازه‌ دوو ساڵی .ڕه‌نگ زه‌رد و ماندی لاگوپه‌کانی قوپاوه‌، شه‌که‌تی گوزه‌ران سه‌ر و پرچیشی له‌جیات کرێم یا جێل له‌‌ڕوون و گریز ئاڵابوو قه‌د قه‌د گرمۆڵه‌ی کردبوو .وه‌ستا و بن وه‌ستا، شوفێر و موفێر گازیان ده‌کرد: ته‌عۆ ! وه‌ره‌ ته‌عۆ بڕۆ ته‌عۆ، ئه‌وه‌بکه‌ ته‌عۆ ئه‌مه‌بێنه‌ ته‌عۆ ...قوڕبه‌سه‌ره‌ی ده‌تگۆت خه‌ڕه‌کی شکایه‌ لاکه‌ی لێوه‌ ده‌هات به‌و گه‌رمایه‌ هه‌ندی بێ و بچی .کوڕه‌ زانکۆییه‌ هه‌نده‌رانیه‌که‌ له‌دواساڵی ‌کۆلێجی پزیشکی ده‌خوێند له‌م سه‌ردانه‌ی کوردستانی بۆ چاکردنه‌وه‌ی ماشێنه‌که‌ی ڕێڕه‌وی که‌وتبووه‌ کارخانه‌ ماشێنسازیه‌که‌ی هه‌ولێر‌ بانگی کرد: ته‌عۆ وه‌ره‌، ئه‌وه‌ی هاته‌ ده‌ستی چه‌ند په‌ڕێک دۆلاری خسته‌ ناوده‌ستی، به‌که‌س مه‌رێ با وه‌ستاش نه‌زانی ...له‌ڕامانێکی چاو ئه‌بڵه‌قی به‌منداڵی خۆی و براکه‌ی ده‌هاته‌وه‌ پێش چاو ماڵیان هه‌ر له‌کوردستانه‌ هه‌ردووکیان شاگرد فیته‌ربوون وێنه‌یه‌کی له‌ته‌عۆ چووبوون ! ده‌ی ته‌عۆگیان هه‌نده‌ک دانیشه‌ بحه‌سێوه‌ دڵنیام ئه‌گه‌ر کوڕه‌ هه‌ژار نه‌بای به‌کاک ته‌حسین بانگ ده‌کرای به‌س چ بکه‌ین ئه‌وه‌ کورد و هه‌ولێره‌ کورتبڕی ده‌کا محه‌مه‌د ده‌بیته‌ معۆ، ته‌حسینی کرده‌ ته‌عۆ، ده‌زانی چی: ناوه‌که‌ت هه‌نده‌ خۆشه‌ له‌ژیانم له‌بیرم ناچی هه‌رکه‌سه‌کیشم خۆش بوێ به‌ناوی تو بانگی ده‌که‌م، له‌ئێستاوه‌ هه‌رئه‌تو ته‌عۆ نی هه‌رهه‌موومان ته‌عۆین .

             

          This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.       


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

 This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.  


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

بابەتی زیاتری نووسەر