بەوردی دور لە هەموو هەڵچون وگرژبونێك تەماشای پۆستە حزبیی وئیدارییەكانی یەكێتی بكەن، یەك رستە رون وئاشكرا دەبێت :سلێمانی لەئێستادا لە پەراوێزدایە، كەمترین (هەرزۆركەم) پۆست وبەرپرسیارێتی حزبیی وحكومیی وئەمنی وسەربازیی وهەواڵگریی لەلایەن ئەم حزبەوە كە خۆی بە بەرگریكار لەم ناوچەیە دەزانێت دراوە بە كەسانی خەڵكی سلێمانی.
ئەمە شارچێتی نییە، لەبەرئەوەی بەرگریكردن لەشار وەك كیانێكی سیاسیی ناچێتە بواری شارچێتییەوە بەڵكو دەرخستنی راستییە.
ناكرێت پۆستە هەستیارەكان جا ئەمنیی بێت یان ئیداریی و حزبیی لەدەستی سلێمانی وەرگیرابێتەوە بۆ دەرەوەی شار،
زۆرترین پۆستەكان لای هەڵەبجەییەكان و خانەقینەكان وكەركوكییەكانبن، كەمترین پۆست لای شارباژێری وقەرەداغی و خەڵكی ناو سلێمانیی بێت .
ئەمە دابەشكردنی ناعەدالەتی پۆستە و سپاردنی شارە بە دەرەوەی خۆی.
قسەیەك هەیە بەگاڵتەوە كراوە بەڵام تانەیەكی كوردانەش هەیە دەڵێن: نێوەی گاڵتە راستییە، گاڵتەكە ئەوەیە دەڵێن :كادرێكی یەكێتی وتویەتی خۆزگە كەركوكی بومایە بۆیە پۆستیان پێمدایە، یان دایكم هەڵەبجەیی بوایە باوكم كەركوكی ئەوا دوو شەشم بوو.
ئەم نامۆكردنی شاری سلێمانییە بەپۆستە حزبیی وئیداریی وئەمنیی وسەربازییەكان جگە لەزیان لەیەكێتی هیچ رستەیەكی تری لێناخوێنرێتەوە.
رەنگە یەكێك راستبێتەوە بڵێت ئێوە دەتانەوی لەناو شەستی سلێمانی تەنها پۆستەكان دابەشبكرێت، نەخێر بەڵام ناشكرێت هەموو پۆستیك بۆناو سلێمانی بەقەدەغە بزانیت بەڵام كاتێك باسی پۆست وغەدریش بكەن بڵێن ئێوە شارچێتی دەكەن.
بەئامار وژمارە حەزدەكەن بۆتان دەسەلمێنم كە جومگەی هەستیار وگرنگ كە پەیوەندی بە سلێمانی خۆیەوە هەیە بەدەست كەسانێك نین خەڵكی سلێمانی بن،
ئاخر ناشكرێت هیچ پۆستێك بە رەوای سلێمانی نەبینی لەوبوارانەی تایبەتن بەشارخۆیەوە.
هەموو شار وناوچە وگوند و مەكانێك شایستەیە كە كەسانی شارەزا وپسپۆر ولێهاتوو تێیدا پۆست وەرگرن، بەڵام ناشكرێت یەك شاریش لەزۆرترین پۆستدا فەرامۆشبكرێت.
لەقۆناغی داهاتووی حكومڕانیی كابینەی دەی هەرێم ئەم هاوكێشەیە دەگۆڕێت؟پرسیارێكە یەكێتی دەبێت وەڵام بداتەوە.