
کاتێک پۆلی دوانزەم تەواو کرد، کۆنمرەی (81)م بەرکەوت، بۆ یەک دوو نمرە لە بەشی زمانی ئینگلیزیی لە زانکۆ وەرنەگیرام بەڵام بەشی قانوونی زانکۆی کۆیە وەری دەگرتم و نەڕۆشتم. بە کۆنمرەی (81)ـــەوە چوومە بەشی زمانی ئینگلیزیی لە پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی، وە پەیمانگام بە پلەی یەکەم تەواو کرد و بەهیوای ئەوەی لە زانکۆ لە بەشی زمانی ئینگلیزیی وەربگیرێم و مەعامەلاتی ڕۆتینی ئیدارییم کرد بۆ وەرگرتنەوە لە زانکۆ، بەڵام وتیان دەبێت ئیمزای حیزبت هەبێت یان حیزبیی بیت ئینجا وەردەگیرێیت. من ئەو ئیمزایەم نەکرد و وەرنەگیرام لە زانکۆ و دواتر لە قوتابخانەیەکی بنەڕەتی دامەزرام.
قۆناغێکی تر، چوار ساڵ دوای ئەوە یەکەم زانکۆی ئەهلیی کە زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی بوو کرایەوە و لە بەشی زمانی ئینگلیزیی دەستم کرد بە خوێندن و بە پلەی یەکەم لە کۆی (75) خوێندکار بەشی زمانی ئینگلیزییم تەواوکرد.
دەستم کردەوە بە مەعامەلات و سەردانی ئەم فەرمانگەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئەو دائیرە و ئەم دائیرە، ئیتر مەگەر خۆم بزانم چەندە سەرئێشەیان تووش کردم! هەردوو بەرنامەی تواناسازیی و گیرفانسازیی هەبوون کە خوێندکارە ئەوائیلەکانیان (یەکەم و دووەم و سێیەم) دەناردە دەرەوەی وڵات بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا و پەیتا پەیتا خوێندکار دەڕۆشتنە دەرەوە بۆ خوێندن هەندێک بە واسیتە و هەندێکی تر بە حەقی خۆی. ئاخیر جار بۆم دەرکەوت کە ئەمە هەمان سیناریۆی پێشووترە و دووبارە دەبێتەوە. داوای پشتگیریی حیزبییان لێکردم. وتم من واسیتە ناکەم و داوای مافی خۆم دەکەم. وتیان شتی وانابێت، بەتایبەت قسەی زۆر نەشیاوی دکتۆرێک کە ئەو سەرووبەندە کاروباری خوێندکارانی ماستەر و دکتۆرای لابوو زۆر عەزییەتیدام، کە پرسیارم کرد وتیان ئەمە دکتۆری دەروونییشە! بەهەرحاڵ، وتیان هەر دەبێت پشتگریی حیزبییت هەبێت، من ڕەتمکردەوە و نەمکرد.
دوای تێپەڕبوونی چوار ساڵ، مۆڵەتی بێمووچەم کردەوە و دەستم کرد بە خوێندنی ماستەر لە زانکۆی کوردستانی سنە لە وڵاتی ئێران لەسەر گیرفان و خەرجی خۆم. وە ماستەرەکەشم بە پلەی یەکەم تەواو کرد لە کۆی (14) خوێندکاری نەتەوە جیاواز (کورد، عەرەب، فارس، تورک) کە هەندێکیان خۆیان بەکالۆریسەکەیان لە هەمان زانکۆ تەواو کرد بوو. کە ئەمە دەڵێم بۆ ئەوەیە بزانین کە پێشبڕکێ و کێبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی پلەی یەکەمی چەندە سەخت بوو. پێم باشە ئەوەش بڵێم، ماوەیەک پێش چوونم، حیزبێک پێیان وتم تەنها وەرە ببە بە ئەندام و چەند جارێک بە نووسین وەسف و سەنامان بکە، کرێی ماستەرەکەت لەسەر ئێمەیە و تەنانەت وڵاتەکەشیان بۆ دەستنیشان کردم. بەڵام ڕەتم کردەوە. پێش ئەوەش سکۆلەرشیپی وڵاتی کۆماری میلیی چینم بۆ دەرچوو کە لە ڕێگای سیستەمی ئۆنلاینی وڵاتەکەوە بوو، کە ڕۆشتم لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی پەروەردە معامەلات بکەم، گاڵتەیان دەکرد لە کاتێکدا خۆیان لە پەیجەکان و ماڵپەڕەکانەوە وتیان پڕی بکەنەوە. دوای چەند جارێک لە سەردانی وەزارەت، کارمەندێک لە وەزارەت وتی: بڕۆرەوە چونکە لە جیاتی تۆ خەڵکی تریان ناردووە، هەر خۆت تووشی سەرئێشە دەکەیت!
لە ئەم گێڕانەوەیەوە ئەم چەند خاڵە بیردەهێنمەوە:
یەکەم: سیستەمی خوێندنی هەرێمی کوردستان بێکەڵکە و ئەوە من تەنها نموونەیەکم لە ئەو هەزاران هەزار خوێندکارەی کە ساڵانە دەبنە قووربانیی. ئەگەر ئەو هەموو بەربەستە نەبوایە، ئێستا من زۆر دەمێکە دکتۆراشم تەواو کرد بوو.
دووەم: من بۆیە باسی ئەزموونی خۆم دەکەم، بۆ ئەوەی بەلایەنی کەمەوە ئەو کەسانەی ڕۆژگارێک خوێندکاری من بوون یان دەبن یان من دەناسن بزانن کە دەتوانن سەر بۆ هیچ کەس و حیزب و بەرپرسێک دانەوێنن، بەڵام بشگەن بە خەونی خۆیان، بە مەرجێک ئیرادەیەکی پۆڵایینیان هەبێت.
سێیەم: ئەم ئەزموونە دەبەستمەوە بە بواری نووسینمەوە بە تایبەت نووسینە سیاسیی و پەروەردەییەکانم. من هیچ کاتێک و لە ژێر هیچ پاساوێکدا بۆ سوود و بەرژەوەندیی کەس و هیچ حیزبێک نانووسم.
دوای ئەوەی پلەی یەکەمم بەدەستهێنا لە خوێندنی ماستەر بەپێی ڕێنمایی و یاساکانی خوێندنی باڵای وڵاتی ئێران و زانکۆی کوردستانی سنە، من سکۆلەرشیپی خوێندنی دکتۆرام پێدرا و بەرپرسانی زانکۆی کوردستانی سنە کارئاسانییان بۆ کردم و خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕی و ئامادەی هەموو هاوکارییەک بوون. بەڵام بەرپرسانی پەروەردەیی و وەزارەت و لایەنی پەیوەندییدار لە هەرێمی کوردستان دەیان ڕێگریی و سەدان سەنگەریان بۆ لێ دام و نەیانهێشت دکتۆرا بخوێنم، ئەوە هەرچەندە خوێندنی دکتۆراکەم بە سکۆلەرشیپ بوو، وە یەک دینار لەسەر وەزارەتی دارایی و پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی نەدەکەوت و زانکۆی کوردستانی سنە خۆیان خەرجی دکتۆراکەمیان دابین دەکرد و من بارگرانیی نەدەبووم بۆ بوجەی گشتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵک.
ئەم ئەزموونە، گێڕانەوەی هیچی تێناچێت و تەنها چەند پەرەگرافێکە بەڵام لە واقیعدا جەستە شەکەت دەکات و ڕۆح دەگووشێت و تەنانەت گیرفانیشت بەتاڵ دەکات. بەس ئیتر کاتێک ئیرادە هەبوو، ڕێگایەکیش هەر دەبێت.
ئەم دەستکەوتانەم پێشکەش دەکەم بە زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی و هەموو ئەو مامۆستایانەی بەشی زمانی ئینگلیزیی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی کە شەونخوونیان بە وانە وتنەوە و پرسیاردانان و فێرکردنی منەوە کێشاوە. زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی و مامۆستایانی بەشی زمانی ئینگلیزیی هیوای خوێندن و فێربوونی زمانی ئینگلیزییان بۆ من گێڕایەوە لە کاتێکدا هەموو دەرگا حکومییە حیزبییەکان بە ڕووی مندا داخرابوون، هەربۆیە ئەم سەرکەوتنانەم پێشکەش بە ئەوان بێت.
"ئاراز ئەحمەد محەممەد: مامۆستا لە بەشی زمانی ئینگلیزی لە کۆلێجی زمانی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی"
--------------------------------------------------------
کورتەیەک لە ژیانی ئەکادیمی بەڕێز (مامۆستا ئاراز ئەحمەد محەممەد):
- بڕوانامەی دبلۆمی لە بواری زمانی ئینگلیزیی لە پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی بەدەستهێناوە بە پلەی یەکەم.
- بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بواری زمانی ئینگلیزیی لە زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی بەدەستهێناوە بە پلەی یەکەم.
- بڕوانامەی ماستەری لە بواری زمانی ئینگلیزیی و پسپۆڕی ئەدەبی ئینگلیزییدا لە زانکۆی کوردستانی سنە لە وڵاتی ئێران بەدەستهێناوە بە پلەی یەکەم.
- لە بواری ڕۆمان و شیعر و ئەدەبدا (7) کتێبی بە زمانی کوردی نووسیوە و چاپی کردووە.
- لە بواری زمانی ئینگلیزییدا (4) توێژینەوەی زانستی لە گۆڤارە زانستییە ئاست بەرزەکانی جیهاندا بڵاوکردووەتەوە.
- توێژینەوەکانی زیاد لە (3) جار وەك سەرچاوەی زانستی لە توێژینەوەی تردا پشتیان پێبەستراوە (Citations) لە لایەن توێژەران و زانایانی جیهانەوە، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە توێژینەوەکانی لە ئاستی جیهاندا کاریگەرییان هەبووە.
