محەمەد شوکری سەگبان یان شوکری محەمەد سەگبان (١٨٨١-١٩٦٠) پزیشکێکی کوردی تایبەتمەندی نەخۆشییەکانی پێست و پرۆفیسۆری وانەبێژ بوو لە نەخۆشخانەی فێرکاریی جەراح پاشا لە ئیستانبوڵ و ماوەیەکیش وەک پزیشک لە ئیتاڵیا و فەرەنسا و نەمسا وئوردون و عێراق کاری کردووە و ساڵی ١٩١٩ چووەتە عێراق. سەگبان لە ساڵەکانی کۆتایی تەمەنیدا لە ئیستانبوڵ موسا عەنتەری بینیوە و پێێ گوتووە گوایە لەبەرئەوەی هاوڕێی نووری سەعید بووە، لە یەکەم حکوومەتی ناوبراودا کراوە بە وەزیری تەندروستی، بەڵام ئەو زانیارییە ڕاست نییە، چونکە نووری سەعید یەکەمجار لە ١٩٣٠ حکوومەتی دامەزراندووە و ناوی ئەمیش لە لیستی هیچ حکوومەتێکی عێراقیدا بەدی ناکرێت، بۆیە پێ دەچێت لە عێراق ڕاوێژکاری تەندروستی بووبێت یان هەروەک پزیشک کاری کردبێت.
دکتۆر سەگبان ساڵی ١٩٢٥ لە عێراق تووشی نەخۆشیی سیل دەبێت و بەمەبەستی چارەسەر ڕوو لە ئەڵمانیا دەکات. لە ماوەی مانەوەیدا لە نەخۆشخانە کتێبێک بە ناوونیشانی "پرسی کورد" دەنووسێت و پاشان لە چاپخانەی زانکۆی سۆربۆن لە پاریس چاپی دەکات. ناوبراو لەو کتێبەدا هەموو هەوڵی خۆی دەخاتە کار بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە شتێک نییە بەناوی کورد و ئەوانەی بە کورد ناودەبرێن، تورکن و لە ئاسیای ناوەڕاستەوە ڕوویان لە ئەنادۆڵ کردووە. پێشنیاریش بۆ کوردەکان دەکات خۆیان بە تورک بزانن و دڵ و مێشکیان بۆ زمان و کولتووری تورکی بکەنەوە و دەقاودەق دەنووسێت: کوردەکان تورکن.
دکتۆر سەگبان بە هۆی نووسینی ئەو کتێبەوە تووشی ڕەخنەی زۆر دەبێت و هەتا مردنیشی لە ساڵی ١٩٦٠، خۆی بە شەرمەزار دەزانێت. لە ساڵانی دوایی تەمەنیدا پەشیمانیی خۆی لای موسا عەنتەر دەربڕێت و دەڵێت گوایە مەبەستی لە نووسینی ئەو کتێبە کەمکردنەوەی ستەم و گوشارەکانی سەر گەلی کورد بووە. بەهەرحاڵ ئەوەیان بابەتێکی ترە و لێرەدا جێگەی نابێتەوە.
بە بۆچوونی من، واتادارترین و نەستەقترین ڕەخنە و توانج لە دکتۆر سەگبان ئەوەی میر جەلادەت بەدرخانە. وەک دکتۆر سەگبان بۆ موسا عەنتەری گێڕاوەتەوە، لە پاریسەوە ڕوو لە دیمەشق دەکات و لەوێ لەگەڵ میر جەلادەت بەدرخان دەچنە ڕێستۆرانتێک. خواردنێکی عەرەبیی لە باینجان ئامادەکراو دەخرێتە بەردەستی دکتۆر سەگبان، ئەویش نازانێت چییە، بۆیە لە بەدرخان دەپرسێت: "ئەمە چییە؟" ئەویش لە وەڵامدا پێی دەڵێت:
"ئەمە باینجانە، بەڵام تۆ دەتوانیت بڵێیت کولەکەیە!"
سەگبان لە درێژەی گێڕانەوەکەیدا بۆ موسا عەنتەر دەڵێت: "بە بیستنی ئەو توانجە نەک هەر ئیشتیام گیرا، بەڵکو بووم بە دڵۆپیک ئاو و بە زەویدا چوومە خوارێ."
