چریکەیەک لە بۆنی خاک و نێرگز، وەسفێک بۆ محەمەد ڕەئوف کەرکوکی ... نووسینی: ئاوات قەرەداغی

 

 کاتێک باس لە دنیای دەنگ و سەروەری هونەری ڕەسەنی کوردی دەکەین، ناوی (محەمەد ڕەئوف کەرکوکی) تەنها وەک ناوێکی ئاسایی نایەتە سەر زمان، بەڵکو وەک تابلۆیەکی ڕەنگین لە مێژوویەکی زێڕین و وەک گەوهەری درەوشاوە لە ناو تاجی هونەری نەتەوەیەکدا خۆی دەنوێنێت. ئەو تەنها گۆرانیبێژێک نییە کە ئاوازەکان بۆ چرکەساتێک بژەنێت، بەڵکو ئەو نوێنەری ئەو ڕەسەنایەتییەیە کە لە خوڕەی چەمە سەرکێشەکان و هاژەی ئاوی کوێستانە تەمگرتووەکانی کوردستانەوە سەرچاوەی گرتووە. محەمەد ڕەئوف کەرکوکی، ئەو دەنگە ئەفسوناوییەیە کە وەک پردێکی ڕۆحی لە نێوان نەوەکاندا وەستاوە، ئەو ڕێبوارە ماندووەی سەر ڕێگای عەشقە کە توانیویەتی تێکەڵەیەکی بێوێنە لە نێوان (سۆزی دەروون و شکۆی خاک)دا بخولقێنێت.

کاتێک گوێبیستی شاکارە هەمیشە زیندووەکەی دەبین بە ناوی (میحرابی عیشق)، هەست دەکەین لەبەردەم پەیژەیەکی نورییندا وەستاوین کە بەرەو ئاسمانەکان هەڵماندەکێشێت. ئەو کاتەی دەچریکێنێت: (لە میحرابی عەشقا چرام پڕ لە نوری ئیلاهی بوو)، تەنها گۆرانی ناڵێت، بەڵکو وەک عاریفێکی گۆشەگیری ناو خانەقای عەشق، پەردە لەسەر ڕازی بوون لادەبات. ئەم دەنگە، تەنها شەپۆلێکی دەنگی نییە، بەڵکو جۆرێکە لە ئیلهامی ئاسمانی کە دڵە تینووەکان ئاو دەدات. لای کەرکوکی، هونەر ئامرازێک نییە بۆ ناوبانگ، بەڵکو میحرابێکە بۆ سوجدەبردن لەبەردەم جوانییەکانی خودا و سروشتدا، ئەو لەم ڕێگەیەوە بیسەر دەباتە جیهانێک کە تێیدا ماددە دەتوێتەوە و تەنها ڕۆح دەمێنێتەوە کە بە نوری عەشق داگیرساوە.

لە لایەکی ترەوە، کاتێک دەچینە ناو جیهانی خەم و حەسرەتە مرۆییەکان، دەبینین چۆن ئەم هونەرمەندە بە لێهاتووییەکی بێوێنە، خەم لە بێدەنگییەکی بکوژەوە دەگۆڕێت بۆ مۆسیقایەکی پڕ لە مانا. لە گۆرانیی (خەم)دا، کاتێک بەو هەناسە گەرم و پڕ سۆزەیەوە دەڵێت: (سڵاو ئەی خەمی ئاشنام، بەخێر بێیتەوە باوانم، پەرۆشت بووم تۆ لە کوێ بووی گیانەکەم نوری چاوانم)، لێرەدا فەلسەفەیەکی نوێ بۆ ژان دادەڕێژێت. خەم لای ئەو، دوژمن نییە، بەڵکو هاوڕێیەکی دێرینە کە پێویستە بە گوڵ و ماچەوە پێشوازی لێ بکرێت. ئەمەیە ئەو هێزە ئەفسوناوییەی کە وای کردووە کەرکوکی ببێتە هاوڕێی تاقانەی ساتە تەنیاییەکانی هەر کوردێک، ئەو دەزانێت چۆن برینەکان بدوێنێت و چۆن فرمێسک بکاتە هەوێنی مانەوە و ئومێد.

ئەگەر سەیری ڕەهەندە فۆلکلۆری و کەلەپوورییەکەی ئەم دەنگە بکەین، دەبینین (محەمەد ڕەئوف کەرکوکی )وەک پاسەوانێکی ئەمینی قەڵای ڕەسەنایەتی دەردەکەوێت. لە گۆرانییە ڕیتمییە پڕ لە وزەکانیدا، وەک ئەو دەنگەی دەڵێت (بە خوا ناچمە سەراێ بیلا ناچمە سەراێ، تاکو عەلی خان نەیە سەبرو قەرارم ناێ)، ئێمە تەنها گوێمان لە ئاواز نییە، بەڵکو گوێمان لە دەنگی هەنگاوەکانی مێژووە لە ناو کۆڵانە تەنگەبەەرەکانی کەرکوک و سلێمانیدا. یان کاتێک دەڵێت (هۆ خەجێ گیان وامەزانە کە دوورم لێت، گوێ ڕادێرە ئەوانێرگز گۆرانی عەشقت بۆ دەڵێ) لێرەدا سروشت دەبێتە بەشێک لە مۆسیقاکەی. نێرگزەکان دەبنە شایەتحاڵی عەشق و با و تەم دەبنە هاوکاری چریکەکەی. ئەم تێهەڵکێشکردنەی هونەر لەگەڵ خوڕەی چەم و هاژەی ئاو، وای کردووە دەنگی کەرکوکی ببێتە بۆن و بەرامی خاکی کوردستان، دەنگێک کە بۆنی بەڕوو و مازوو و چناری لێ دێت.

ئەوەی ئەم هونەرمەندە لە عەرشی نەمریدا دەهێڵێتەوە، تەنها گەرووە زوڵاڵەکەی نییە، بەڵکو ئەو ڕەوشتە بەرز و شکۆمەندییە مرۆییەیە کە وەک مۆرکێکی پیرۆز بە ناوچەوانییەوە دیارە. محەمەد ڕەئوف کەرکوکی لەو دەگمەن هونەرمەندانەیە کە هەرگیز ڕێگەی نەداوە ( با )ی مۆدێرنە و بازاڕیبوون، ڕەسەنایەتییەکەی لێ زەوت بکات. ئەو وەک داربەڕووەکانی کوردستان، ڕەگی لە ناو قووڵایی خاکدایە و سەری لە ناو هەورەکان. سیمای پڕ لە ئارامی، بزە هەمیشەییەکەی و شێوازی قسەکردنی، ئاوێنەیەکە بۆ مرۆڤی کوردی ڕەسەن، ئەو مرۆڤەی کە لەسەرخۆیی خۆی ناگۆڕێتەوە بە هیچ زەخرەفەیەکی کاتی.

یەکێک لە جوانترین و پڕ ماناترین دیمەنەکانی ژیانی ئەم هونەرمەندە، ئامادەیی بەردەوامیەتی لە ناو جەرگەی خەڵکدا. بینینی ئەو لە بەردەرکی سەرای سلێمانی، لە ناو مەجلیسی پیاوە خاوەن ئەزموون و ئەدیب و مەعریفەپەروەرەکاندا، وەک تابلۆیەکی کەم وێنە وایە.

ئەڵا ئەڵا لەو بۆن و بەرامە پڕ لە ئەدەب و ڕێزەی کە لەو مەجلیسەدا دەبارێت کاتێک کەرکوکی تێیدا دەستەوستان وەستاوە یان بەدەم تێڕامانەوە گوێ دەگرێت. ئەو لەوێدا تەنها هونەرمەند نییە، بەڵکو بەشێکە لە ناسنامەی شار، بەشێکە لە مێژووی زیندووی کوچە و کۆڵانەکان. محەمەد ڕەئوف کەرکوکی، دەنگێکە کە ژیان دەبەخشێتەوە، یادگارییەکان زیندوو دەکاتەوە. ئەو عەرشی هونەری هاژاندووە و بووەتە چیرۆکێک کە زەمەن هەرگیز ناتوانێت کۆتایی پێ بهێنێت.

بابەتی زیاتری نووسەر

خولە بووز