لە یادی هەژدە ساڵەی تیرۆرکردنی هرانت دینک دا (15.09.1954 - 19.01.2007) ... بەکر شوانی

لە یادی هەژدە ساڵەی تیرۆرکردنی هرانت دینک دا (15.09.1954 - 19.01.2007) ... بەکر شوانی


(19 کانوونی دووەمی 2007، کاتێك ڕۆژنامەنووسی تورکیایی بەڕەچەڵەك ئەرمەن هرانت دینك بەر گوللـە درا و تیرۆر کرا، هێشتا سەعاتێك نەبوو ژمارە 564ی ڕۆژنامەی "ئاگۆس"ی نیو تورکی و نیو ئەرمەنی گەیشتبووە بازاڕەکانی ئیستانبوڵ. ئەمەی خوارەوە دوایین وتاری دینک-ە و لەو ژمارەیەدا بڵاو کراوەتەوە. دینك خۆی دامەزرێنەر و خاوەن و سەرنووسەری ڕۆژنامەکە بوو. دینک لەبەرئەوەی ئەرمەنی و هاوکات دۆست و هاوسۆزی کورد بوو، دووقات کەوتبووە بەر تووڕەیی ڕەگەزپەرستان. هاوسەری وی لە فیلمێکی دۆکومێنتاریی یەکێک لە کەناڵەکانی ئەڵمانیدا گوتی پێش ئەوەی ببێت بە هاوسەری دینک و لە مووشەوە هاتە ئیستانبوڵ، تەنیا زمانی کوردی زانیوە و دواتر ئەرمەنی و تورکی فێر بووە. کەسوکاری دینک لەژێر کاریگەریی ئەم وتارەی لای خوارەوەدا کێلی گۆڕەکەیان لەسەر شێوازی دوو کۆتر بە دیزانیکردن دا... ب. شوانی)
* * * *
باری دەروونیم هاوشێوەی دڵەڕاوکێی کۆترە
هرانت دینك / و. لە توکییەوە: بەکر شوانی
ئەو لێکۆڵینەوەیەی کە لە بارەگای سەردۆزگەریی کۆماری لە شیشلی بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە تورکایەتی" دژ بە من دەست پێکرا، لە سەرەتادا پێی نیگەران نەبووم، چونکە ئەوە یەکەمجار نەبوو، بەڵکو هەر لە ئورفاوە ئاشنای دۆزێکی هاوشێوە بووم. ئەوە بوو لە کۆنفرانسێکدا کە ساڵی 2002 لە ئورفا بەسترا، من وتارێکم خوێندەوە و تیایدا گوتم: "من تورك نیم. من تورکیایی و ئەرمەنیم." لەبەر ئەو وتەیەم، ئەوا ماوەی سێ ساڵە بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە تورکایەتی" دادگایی دەکرێم. ئاگام لە ڕەوتی دانیشتنەکانی دادگا نەبوو و هیچ بایەخم پێ نەدەدان. لەبری من، هاوڕێ پارێزەرەکانم لە دادگا ئامادەی دانیشتنەکان دەبوون. زۆریش بێباك بووم لە ڕۆیشتنم بۆ سەردۆزگەریی شیشلی بۆ گوێگرتن لە وتەکانم، چونکە متمانەی تەواوم بە وتارەکەم و نیازی خۆم هەبوو. سەردۆزگەر، ئەگەر تەنیا لەبری ئەو ڕستەیە کە بەتەنیا هیچ واتایەك ناگەیەنێت، سەرلەبەری وتارەکەمی هەڵبەسەنگاندبایە، زۆر بەئاسانی تێدەگەیشت من نیازی "سووکایەتیکردن بە تورکایەتی"م نەبووە و ئەم کۆمیدیایەیش کۆتایی پێ دەهات. تەواویش دڵنیا بووم لە ئاکامی لێکۆڵینەوەکاندا هیچ داوایەکم لەسەر تۆمار ناکرێت.
لە خۆم دڵنیا بووم
وەلێ سەیرە! داوام لەسەر تۆمار کرابوو. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا گەشبینی خۆمم لە دەست نەدا. ئەوەندە نەبێت لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بۆ بەرنامەیەکی زیندووی تەلەڤزیۆنی سەبارەت بە پارێزەر "کەرینچسز" کە منی تاوانبار کردبوو، گوتم: "با زۆر شاگەشکە نەبێت. من لەم داوایەدا هیچ جۆرە سزایەك نادرێم. خۆ ئەگەر سزا بدرێم، ئەوا لەم وڵاتە دەڕۆم." لە خۆم دڵنیا بووم. بەڕاستیش هیچ –باوەڕ بکەن هەر هیچ- مەبەستم نەبووە لە وتارەکەمدا سووکایەتی بە تورکایەتی بکەم. ئەوانەی هەموو زنجیرە وتارەکانم دەخوێننەوە، زۆر بەڕوونی لەم ڕاستییە تێدەگەن. هەروەها ئەو ڕاپۆرتەی کە لەلایەن لیژنەیەکی سێ کەسی پێکهاتوو لە شارەزایانی ئەنجوومەنی مامۆستایانی زانکۆی ئیستانبوڵەوە خرابووە بەردەم دادگا، پشتیوانێکی تری بۆچوونەکانی من بوو. هیچ هۆیەك نەبوو بۆ ئەوەی نیگەران بم. دڵنیا بووم لەوەی ئەو داوایەی لەسەرم تۆمار کراوە، لەبەرئەوەی هەڵەیە، لە یەکێك لە قۆناغەکاندا دەکێشرێتەوە.
پشوودرێژ و بێدەنگ چاوەڕێم کرد
بەڵام نەکێشرایەوە. سەرەڕای ڕاپۆرتی دەستەی شارەزایان، سەردۆزگەر خوازیار بوو سزام بۆ ببڕدرێتەوە و لە ئاکامیشدا دادوەر سزای شەش مانگ زیندانیکردنی بۆم بڕییەوە. هەر ئەوەندەی هەواڵی سزاکەم بەرگوێ کەوت، بە هەموو ئەو ئاواتانەوە کە بەدرێژایی ماوەی لێکۆڵینەوەکان بۆ خۆم بنیادم نابوون، کەوتمە ژێر گوشارێکی قورسەوە. سەرم سوڕما. تووڕەیی و یاخیبوونم هەموو سنوورێکی تێپەڕاند. بە ڕۆژان و بە مانگان دانم بەخۆمدا گرتبوو و دەمگوت: "بڕوانە، با ئەو بڕیارە دەربچێت و بێتاوانیم بنوێنرێت، ئەوسا بزانن چۆن لەو لێدوان و نووسینانەتان پەشیمان دەبنەوە!" لەگەڵ هەر دانیشتنێکی دادگادا، لە هەواڵی ڕۆژنامەکان و لە وتاری گۆشەنووسەکان و لە پرۆگرامی تەلەڤزیۆنەکاندا، ئەوە دەهێنرایە گۆڕێ گوایە من گوتوومە: "خوێنی تورك ژەهراوییە!" هەرجارێكیش پلەیەك زیاتر وەك دوژمنی تورك دەناسێندرام. فاشیستەکان لە ڕێڕەوەکانی دادگادا بەدەم بەخشینەوەی جنێوی ڕەگەزپەرستانەوە شاڵاویان بۆم دەهێنا و بە نووسراوی سەر لافیتەکانیان سووکایەتییان پێم دەکرد. لە چەند مانگێکدا بە سەدان تەلەفۆن و ئیمایل و نامەی پڕ لە هەڕەشەم بەسەردا باری و جار لە دوای جار هەڕەشەکان زیاتر دەبوون. لەبەرامبەردا پشوودرێژیم نواند و لە چاوەڕوانیی بڕیاری بێتاوانیمدا بەرگەی ئەو گشت ڕەفتارەم گرت. بە خۆمم دەگوت: "هەرچۆنێك بێت لەگەڵ ڕاگەیاندنی بڕیاری دادگادا ڕاستییەکان ئاشکرا دەبن و ئەوسا ئەو کەسانە شەرم لە ڕەفتارەکانی خۆیان دەکەن."
تاکە چەکی دەستم، سووربوونم بوو
بڕیار ڕاگەیەندرا و کۆشکی ئاواتەکانم هەرەسی هێنا. خۆم لە دژوارترین ڕەوشێکدا بینییەوە کە مرۆڤ تێی کەوتبێت. دادوەر بەناوی "میللەتی تورك"ەوە بڕیاری دا و تاوانبارکردنی منی بە "سووکایەتیکردن بە تورکایەتی" لە یاسادا جێگیر کرد. بەرگەی هەر شتێکی ترم بگرتایە، مەحاڵ بوو بەرگەی ئەمە بگرم. بە بۆچوونی من، مرۆڤ لە ناو کۆمەڵێکدا بژی و بەهۆی جیاوازیی نەژادی و ئاینەوە سووکایەتی بە مرۆڤەکانی ئەو کۆمەڵگەیە بکات، ئەوا ئەم ڕەفتارەی دەکەوێتە خانەی ڕەگەزپەرستییەوە و بەهیچ جۆرێك لێخۆشبوونی بۆ نییە. ئا بەو بارە دەروونییەوە ڕووم لە هاوڕێیانی دەزگاکانی چاپەمەنی و ڕاگەیاندن کرد کە لەبەردەم دەرگای ماڵەکەم ڕاوەستابوون و دەیانویست ئەو لێدوانەم پشتڕاست بکەمەوە کە پێشتر سەبارەت بە "بەجێهێشتن، یان نەهێشتنی وڵات ڕامگەیاندبوو." ڕووم تێیان کرد و ئەم لێدوانەم بۆ ڕاگەیاندنەکان دا: "ڕاوێژ بە پارێزەرەکانم دەکەم. سەر لە دادگای تێهەڵچوونەوە دەدەم و ئەگەر پێویستیش بکات، سەر لە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا دەدەم. ئەگەر لە هیچ کام لەم ڕێگەیانەوە بێتاوانیم نەسەلمێندرا، ئەوا وڵاتەکەم بەجێدەهێڵم، چونکە من بۆچوونم وایە کەسێکی تاوانبارکراو بەو تاوانەی دراوەتە پاڵ من، مافی ئەوەی نییە لە ناو ئەو هاووڵاتییانەدا بژی کە سووکایەتی پێ کردوون." لە کاتێکدا ئەم وشانەم دەردەبڕی، وەك هەموو جارێك هەستی سۆزداریم بزوا. تاکە چەکی دەستیشم، هەر سووربوونم بوو.
کۆمیدیای ڕەش
بەڵام وەرن و ببینن. ئەم هێزە دێرین و شاراوەیە کە هەوڵ دەدات من لە چاوی مرۆڤی تورکدا تاق بخاتەوە و بمکات بە ئامانج بۆ هێرش و پەلامار، بیانووی لەم لێدوانەمدا دۆزییەوە و ئەمجار بە تۆمەتی دانانی کاریگەری لەسەر دادگا، داوایەکی تری لەسەرم تۆمار کرد. هەموو دەزگاکانی چاپەمەنی و ڕاگەیاندن لێدوانەکەی منیان بڵاو کردبووەوە، کەچی ئەوان وڕکیان لەوەی (ئاگۆس) دابوو. ئەمجار لێپرسراوانی (ئاگۆس) و خۆمیش بە تۆمەتی دانانی کاریگەری لەسەر دادگا، دادگایی کراین. پێویستە ئەمە ناوبنرێت کۆمیدیای ڕەش. ئاخر منم تۆمەتبارکراو! ئایا لە تۆمەتبارکراو بترازێت، کێی تر مافی ئەوەی هەیە کاریگەری لەسەر دادگا دابنێت؟ دە توخوا سەیری ئەم گاڵتەجاڕییە بکەن کاتێك تاوانبارکراو بە تۆمەتی دانانی کاریگەری لەسەر دادگا، دادگایی دەکرێت!
"بەناوی دەوڵەتی تورکەوە"
پێویستە دانی پێدا بنێم کە بە زیادەوە متمانەم بە سیستەمی دادوەری و یاساییی تورکیا نەمابوو. ئاخر چۆن متمانەم پێی بمێنێت؟! ئەدی مەگەر ئەو سەردۆزگەر و دادوەرانە لە زانکۆ نەیانخوێندووە و دەرچووی کۆلێژەکانی یاسا نین؟ ئایا نابێت لە ئاستێکدا بن بەجۆرێك ئەوەی خوێندوویانە، لێی تێبگەن؟ وەلێ وەرن و ببینن، دادگای ئەم وڵاتە سەربەخۆ نییە و ژمارەیەکی زۆریش لە پیاوانی دەوڵەت و سیاسەتمەداران لە درکاندنی ئەم ڕاستییە سڵ ناکەنەوە. دادگا پارێزگاری لە مافەکانی دەوڵەت دەکات، نەك هاووڵاتییان. دادگا لایەنی هاووڵاتییان ناگرێت، بەڵکو لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدایە. تەواو لەوە دڵنیا بووم کە ئەو بڕیارەی لە دژی من درابوو، بەناوی "میللەتی تورك"ەوە نەبوو، بەڵکو بەناوی دەوڵەتی تورکەوە درابوو. پارێزەرەکانم دەیانتوانی دۆسیەکەم بۆ دادگای تێهەڵچوونەوە بەرز بکەنەوە، بەڵام گەرانتی چی بوو ئەو هێزانەی پشت پەردە کە بڕیاریان دابوو من سنووری خۆم بزانم، کاریگەری لەسەر دادگا دانانێن؟ دوای ئەوە، خۆ مەرج نییە دادگا هەمیشە بڕیاری ڕاست بدات. ئەدی مەگەر هەر ئەو دادگایە نەبوو بە دەرکردنی چەندین بڕیاری ناڕەوا دەستی بەسەر ماڵ و سامانی وەقفگەلی کەمینەنەتەوەکاندا گرت؟
سەرەڕای هەوڵەکانی سەردۆزگەر
ئێ ئەوەتا سەرمان لە دادگای تێهەڵچوونەوەیش دا، چی ڕوویدا؟ سەردۆزگەر، وەك لە ڕاپۆرتی دەستەی شارەزایانیشدا هاتبوو، ڕایگەیاند هیچ هۆیەك نییە بۆ تاوانبارکردنم، بەڵام کەچی دادوەر منی هەر بە تاوانبار دانا. من هێندەی لە وتارەکەی خۆم دڵنیا بووم، ئەوەندەیش پشتقایم بووم کە سەردۆزگەریش خوێندوویەتییەوە و لێی تێگەیشتووە. ئەوە بوو سەردۆزگەر تانەی لە بڕیاری دادگا دا و داواکەمی خستە بەردەم دیوانی گشتیی دادگا. وەلێ بڵێم چی! ئەو هێزە گەورەیەی کە خوازیار بوو من سنووری خۆم بزانم، ئەگەری ئەوە هەیە بە چەند شێوازێك -کە بۆ من ئاشکرا نین-، دەستی خستبێتە قۆناغ بە قۆناغی ڕەوتی دادگاییکردنمەوە. ئەو هێزە دیسانەوە لە پشت پەردەوە لە بۆسەدا بوو بۆم. ئەمەیش وای کرد دیوانی گشتیی دادگا بە زۆرینەی دەنگ ڕابگەیەنێت کە من سووکایەتیم بە تورکایەتی کردووە.
وەك کۆتر
ئەوانەی هەوڵیان دەدا گۆشەگیر و لاوازم بکەن و ئامرازەکانی خۆپاراستنم لێ دابماڵن، دیاربوو بە بۆچوونی خۆیان پێیان وابوو بە ئاوات گەیشتوون. ئەوانە لە ئەنجامی کاریگەریی زانیاریی چەپەڵ و هەڵەوە توانیان توێژێکی بە ژمارە زۆر پێكبهێنن کە "هرانت دینك"یان وەك کەسێکی سووکایەتیکەر بە تورکایەتی دەبینی. پەردە و ئەرشیڤی کۆمپیوتەرەکەم لێوانلێون لەو هەڵچوون و هەڕەشانەی کە هاووڵاتییانی سەر بەو توێژە بۆ منیان ناردووە. (جێی خۆیەتی لێرەدا بڵێم یەکێك لەو نامانە لە پۆستەخانەی بورساوە ڕەوانە کراوە و بەهۆی ئەوەی هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆی لەخۆدەگرت، تەواو نیگەرانمی کرد. سەرەڕای ئەوەی نامەکەم ڕادەستیی سەردۆزگەری شیشلی کردووە، کەچی تا ئەمڕۆ هیچ ئەنجامێکم دەستگیر نەبووە.) ئایا ئەم هەڕەشانە چەند ڕاستن و چەند ناڕاستن؟ هەڵبەت مەحاڵە من ئەمە بزانم. بەش بەحاڵی خۆم، سەرەکیترین هەڕەشە بەلای منەوە، ئەو ئەشکەنجە دەروونییەیە کە پێوەی دەناڵم و خۆم پێ ڕاناگیرێت لەبەرامبەریدا. "ئەو کەسانە ئێستا چۆن بیر لە من دەکەنەوە؟" ئەمە ئەو پرسیارەیە کە هەموو هۆشی منی تەنیوە. بەداخەوە ئێستا بەبەراورد لەگەڵ ڕابردوودا، زیاتر ناسراوم و لە جاران زیاتر لە نیگای مرۆڤەکاندا هەست بە "ئا بڕوانە، ئەوە ئەو ئەرمەنییە نییە؟!" دەکەم و لە کاردانەوەی ئەمەیشدا دەکەومە ئەشکەنجەدانی خۆم. دیوێکی ئەم ئەشکەنجەیە خەم و ئەندێشەیە و دیوەکەی تریشی، ترسە. من هەر بەتەواوی لە کۆتر دەچم. وەك کۆتر نیگا دەبڕمە چەپ و ڕاست و پێش و پاشم. سەرم هێندەی سەری کۆترێك لە جوڵەدایە. لە ئان و ساتدا ئاوڕ دەداتەوە و تابڵێیت خێرایە.
ئەوەتا ئەلتەرناتیڤ بۆ ئێوە
ئەرێ ئەوە وەزیری دەرەوە عەبدوڵا گویل چی دەڵێت؟ وەزیری داد جەمیل چیچەك چی دەڵێت؟ (گیانەکەم، مادەی 301 هێژای هێندە زیادەڕۆیی پێوەکردن نییە. ئایا کەسێك هەیە بەم مادەیە سزا درابێت و چووبێتە زیندانەوە؟" ڕێك وەك ئەوەی ئەلتەرناتیڤ تەنیا ئەوە بێت مرۆڤ بخرێتە زیندانەوە. هانێ ئەلتەرناتیڤ بۆ ئێوە. ئێوە ئەی وەزیرەکان؛ ئایا ئێوە دەزانن "وەك کۆتر هەستکردن بە مەترسی" چۆن ئەلتەرناتیڤێکە بۆ زیندانیکردن؟ ئایا دەزانن؟ گەلۆ ئێوە هیچ سەرنجتان لە کۆتر داوە؟
وەك گوتراوە "لە نێوان ژیان و مردندا"
ئەوەی بەسەر خۆم و خێزانەکەم هاتووە، شتێکی ئاسان نییە. زۆر بەجدی هەندێك جار بیرم لەوە دەکردەوە وڵات بەجێبهێڵم و دوور بکەومەوە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی گەف و هەڕەشەکان گەیشتنە کەسانی نزیکم. لەم خاڵەدا هەمیشە بێچارەم. ئەمە دەبێت ئەوە بێت کە پێی دەگوترێت: "لە نێوان ژیان و مردندا". دەتوانم بەرگری لە ئیرادەی خۆم بکەم، بەڵام مافی ئەوەم نییە ژیانی هیچ کام لە کەسوکارم بخەمە مەترسییەوە، خۆم دەتوانم ببم بە پاڵەوان، وەلێ مافی ئەوەم نییە گەمە بە ژیانی کەسێکی تر بکەم بۆ ئەوەی جوامێری بنوێنم. بۆیە لە ساتەکانی بێچارەییدا هاوسەر و منداڵەکانم کۆ دەکەمەوە و هانا بۆ ئەوان دەبەم و هەر ئەوانیش گەورەترین پشت و پەنامن. متمانەی تەواویان پێم هەیە. دەڵێن: "تۆ لەکوێ بیت، ئێمەیش لەوێ دەبین." بڵێم "با بڕۆین"، لەگەڵم دێن. بڵێم "با بمێمنینەوە"، دەمێننەوە.