
کە زۆرینەی خەڵکی کوردستان موسوڵمانن، کە وەڵاتانی دەوروبەری کوردستان هەموویان موسوڵمانن، کە هیچ مەترسییەک لەسەر ئیسلام نییە، کە شارەکانی کوردستان پڕن لە مزگەوت، کە خواپەرستی ئازادە، کە گوند نییە مزگەوتی تێدا نەبێت، کە مەلای مزگەوت مووچەخۆری میرییە، کە حوجرە و فێرگەی دینی ئاوەدانن، ئیدی کورد چ حەوجەی بە حیزبی ئیسلامییە؟ حیزبی کوردی بۆ ئەوە دروست دەبێت، داکۆکی لە زمان و کولتوور و ناسنامەی کوردی و خاکی کوردستان بکات، کە هەڕەشەیان لەسەرە، حیزب هەیە بۆ داکۆکیکردن لە چەوساوەکان دێتە کایەوە، حیزب هەیە بۆ پاراستنی ژینگە خەبات دەکات، بە ڕاست ئەرکی حیزبی ئیسلامی چییە، بە مەرجێک وەک ئیسلامییەکان خۆیان دەڵێن، ئیسلام بەرەو ڕووی هیچ تەنگژەیەک نەبووەتەوە.
کە حەسەن بەننای دامەزرێنەری ئیخوان موسلیمین، داوا لە سعوودستان دەکات، لقێکی حیزبەکەی لەوێ بکاتەوە، شای سعوود پێی دەڵێت: (پێویستمان بە حیزبی برایانی موسوڵمان نییە، ئاخر ئێمە هەموومان برای موسوڵمانی یەکترین!) حیزبەکەی هیتلەر بۆ ئەوە سەری هەڵدا، تۆڵەی ئەو شکستە بکاتەوە کە ئەڵمانیا لە یەکەمین جەنگی جیهانگرەوەدا تووشی هاتبوو، ئیخوان موسلیمینیش لە هەمان سەردەمدا بۆ ئەوە دروست بوو، گیان بە بەری خەلافەتی ئیسلامیی عوسمانیدا بکاتەوە کە تووشی تێکشکان هاتبوو. وەک چۆن لای حیزبەکەی هیتلەر، ئینسان بۆ ئەوە دەژی (کیفاح) بکات، لای ئیخوانیش ئینسان بۆ ئەوە دەژی (جیهاد) بکات. خۆ ئەوە ڕێککەوت نییە کە حەسەن بەننا، چەندان جار پەسنی مۆسۆلینیی داوە و ئیلهامی لۆگۆی ئیخوانیشی کە دوو شمشێری یەکتربڕە، لە لۆگۆی باڵی سەربازیی حیزبەکەی هیتلەرەوە بۆ هاتووە، کە دوو خاچی خواروخێچە.
لە ٢٨ی ٢ی ٢٠١٩دا ئەزهەر کە گرنگترین ناوەندی دینییە لە دونیای ئیسلامدا، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە، تێیدا ئیخوانی بە گرووپێکی تیرۆریست لە قەڵەم دا، لە ١٠ی ١١ی ٢٠٢٠یشدا، گەورە زانایانی سعوودستان کە میراتگرانی پێشەوای ئیسلامن، ناوی ئیخوانیان خستە لیستی تیرۆرەوە، ئایا وەختی ئەوە نەهاتووە لیژنەی باڵای فەتوا، ئیخوانچییەکانی هەرێمی کوردستان بخاتە شوێنی شیاوی خۆیانەوە کە لیستی تیرۆرە؟