هێڵێکی زەمەنی لە کامەران بەدرخانەوە تا د. مارف عومەر گوڵ ... بەکر شوانی

هێڵێکی زەمەنی لە کامەران بەدرخانەوە تا د. مارف عومەر گوڵ ... بەکر شوانی

ئەم وتارە پێشکەشە بەو هاوڕێیانەی کە پێشتر بەرچاویان نەکەوتووە!
لە ساڵیادی سێیەمی کۆچی دواییدا سڵاو بۆ ڕوحی پ. د. مارف عومەر گوڵ
هێڵێکی زەمەنی لە کامەران بەدرخانەوە تا د. مارف عومەر گوڵ ... بەکر شوانی
#ئەدەبیات_شوانی
#کتێب_شوانی
لە ساڵی 1895-وە کە ساڵی لەدایکبوونی سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیری ناسراو میرزادە کامەران عەلی بەدرخانە، تا دەگاتە 2022 کە ساڵی کۆچی دوایی یاساناس و شاعیر و ڕۆشنبیری ناسراو پ. د. مارف عومەر گوڵە، هێڵێکی زەمەنی هەیە 127 ساڵ درێژ دەبێتەوە. لەو مەودا زەمەنییەدا دەیان کەسایەتی هاوشێوەی ئەو ئەستێرانەی سەر وێنەکە لە جوگرافیای کوردستاندا هاتنە سەر گۆڕەپانی مێژوو و هەریەکەیان لە بواری خۆیدا کۆمەڵێک کاریگەری دانا و چەپکێک تیشکی لە دوای خۆی بەجێهێشت بۆ ڕۆشنکردنەوەی ڕێگەی پڕ لە هەڵدێر و نەهامەتیی کوردان بۆ نەوەکانی داهاتوو.
ئەو پۆلە ئەستێرەیە "کامەران بەدرخان، د. عەبدولڕەحمان قاسملۆ، موسا عەنتەر، د. عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ و د. مارف عومەر گوڵ" لە میانەی گوزەریان بەسەر ئەو هێڵە زەمەنییەدا، ڕاستەخۆ یان ناڕاستەوخۆ، باندۆریان بەسەر یەکەوە هەبووە و هاوکاری و بەهاناوە هاتنی هەندێکیان ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی هەبووە لە دەستنیشانکردن و ڕەنگڕێژکردنی داهاتوو و چارەنووسی ئەوانی تردا.
با پێکەوە لەسەر ئەو هێڵە زەمەنییە بە شوێنپێی ئەو مرۆڤە تایبەت و جوامێرانەی مێژووماندا بڕۆین و بزانین چارەنووس چۆن ئەوانی بەیەک گەیاندووە؟
موسا عەنتەر چەند لاپەڕەیەکی بیرەوەرییەکانی خۆی بۆ د. قاسملۆ تەرخان کردووە و من چەند ساڵێک لەمەوبەر ئەو بەشەم وەرگێڕا و بڵاوم کردەوە. قاسملۆ کە لەو سەردەمەدا گەنجێکی تازەپێگەیشتوو دەبێت، لەگەڵ دووان لە براکانی، لە نیوەی دووەمی ساڵانی 1940لە ئیستانبوڵ دەخوێنن و شوێنی مانەوەیان لەو باشە ناوخۆیییە دەبێت کە خاوەندارێتیی بۆ عەنتەر دەگەڕێتەوە. عەنتەر لە گێڕانەوەکەیدا دەڵێت "پێم وابێت ساڵی 1945 بوو"، بەڵام لە ڕاستیدا دەبێت ساڵی 1947 یان 1948 بووبێت، چونکە کامەران بەدرخان پاش بەسەربردنی ماوەیەک ژیان لە سووریا و لوبنان و ئەڵمانیا، ساڵی 1947 ڕوو لە پاریس دەکات و لەوێ نیشتەجێ دەبێت. قاسملۆ ئارەزوو دەکات لە ئەوروپا بخوێنێت. عەنتەر بە تەلەفۆن ئەو پەیامە بە بەدرخان دەگەیەنێت و ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: "سەرسەر و سەرچاو، کوڕی خۆم. بۆم بنێرە، من لێرە بورسێکی بۆ دابین دەکەم." بەوجۆرە قاسملۆی گەنج ڕوو لە پاریس دەکات و ساڵانی دواتر پلەکانی خوێندن دەبڕێت و تێکەڵ بە کۆڕی تێکۆشان دەبێت و ڕۆڵێکی گەورە لە سیاسەتی کوردستاندا دەگێڕێت و لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان دەناسرێت. لە ئاکامیشدا، وەک عەنتەر دەڵێت، دەبێت بەو مرۆڤەی کە ئێستا لە ناو گەلی خۆیدا وەک ئاڵا دەشەکێتەوە.
ڕێک 40 ساڵ دوای گەیشتی د. قاسملۆ لە ئیستانبوڵەوە بۆ پاریس و بەوردی لە ساڵی 1988 و لە سەردەمی ئەنفال و کوشتوبڕی بەعسدا لە کوردستان، مارف عومەر گوڵی شاعیر و نووسەر و تێکۆشەر لای بەعس ئاشکرا دەبێت و ناچار دەبێت خۆی بشارێتەوە. وەک د. مارف گوڵ خۆی چەندین جار بۆ من و هەندێک لە هاوڕێیانی تری گێڕاوەتەوە، بۆ خۆشاردنەوە پەنا بۆ ماڵی د. عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ دەبات. د. عیزەدینیش دەیخاتە ژێر باڵی کوردایەتی و ئەدەب و مەردایەتی و جوامێریی خۆیەوە و هەنگاوێکی زۆر مەترسیدار دەنێت کە بۆ داهاتووی گوڵ چارەنووسساز دەبێت. د. عیزەدین لە ڕێی کەناڵێکی تایبەتەوە پەیام بۆ هاوڕێی خۆشەویست و جێی متمانەی خۆی، د. قاسملۆ دەنێرێت. د. قاسملۆی نەمریش لەو سەردەمە سەخت و ترسناکەدا هەمان هەڵوێست دەنوێنێت کە عەنتەر 40 ساڵ لەوەوبەر لەگەڵ وی نواندبووی. دەستوور بە کەناڵەکانی حزبی دیموکرات دەدات گوڵ لە سلێمانییەوە بگەیەننە ناوچە ئازادکراوەکان. لەوێ کاتێک گوڵ نیازی خۆی بۆ سەفەر بە نیازی خوێندن بۆ د. قاسلمۆ ئاشکرا دەکات، د. قاسملۆ زۆر هانی دەدات و پێی دەڵێت خوێندن و کاری ئەکادیمیش بە ئەندازەی پیشمەرگایەتی بۆ دۆزی کورد پێویستن. گوڵ سەفەر دەکات و لە ئۆکرانیا دەست بە خوێندن دەکات، بەڵام پێش ئەوەی گوڵ پلەی دکتۆرا بە دەست بهێنێت، د. قاسملۆ تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.
پ. د. مارف لە ساڵانی دوای بەدەستهێنانی پلەی دکتۆرادا لە بواری ئەکادیمی و ئەدەب و سیاسەتدا خزمەتی زۆری بە دۆزی نەتەوەکەی کرد و بە کار و کردەوە و هەڵوێست کوردستانی بوو، هەر بۆیە جەماوەرێکی زۆر لە هەر چوار پارچەی کوردستان و لە هەندەران سەرەتا بۆ نەخۆشکەوتنی و پاشان بۆ کۆچی ناوادەی، نیگەران و خەمبار بوون.
هەزاران دروود و سڵاو بۆ ڕۆحی ئەو پێنج ئەستێرەیەی ئاسمانی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەمیشە ڕێگەیان پڕ لە ڕێبوارە و ئامانج و خەون و هیواکانیان، تا ئەو ڕۆژەی بەدی دێن، بە دڵنیایی هەر بە زیندوویی دەمێننەوە.