ئه‌گه‌ر باسی مرۆڤێكی میهره‌بان، ڕاستگۆ، ده‌ستپاك، ده‌مپاك و داوێنپاك بكرێت، ماندوو له خۆپێگه‌یاندن تا ده‌گاته ئه‌و پێگه و ئاسته وه‌زیفی و كۆمەڵایه‌تییه‌ی هەیەتی، به‌ڕێز و ڕووخۆش له‌گه‌ڵ خه‌ڵك، له‌گه‌ڵ هه‌ژاران پێش ئه‌وانیتر، خاوه‌نی بیروباوه‌ڕ و سوربوون له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی یاسا و بنه‌ماكانی دادپه‌روه‌ری، ئه‌وه كاك (جه‌لالی عومەری سام ئاغا)یه، وه‌ك یه‌كێك له‌و كەسانه‌ی كه دیار و تایبه‌تن بەمانای كه‌لیمه. هه‌ر بۆیه له‌و ساڵانه‌ی دواییدا چه‌ندینجار به بایه‌خه‌وه له پای هەڵوێستو دڵسۆزی و كاره جوانه‌كانی ڕێزی لێنراوه.
چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر به بۆنه‌ی یه‌كێك له‌و ڕێزلێنانه نامه‌یه‌كم نووسی. تیایدا وێڕای پیرۆزباییكردن، خۆشحاڵی خۆم ده‌ربڕی، ئاماژه‌م به سەرەتای ناسین و هاوڕێیه‌تی خۆم و كاك جه‌لال دا. كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵ (1974) ڕۆژانی شۆڕشی ئه‌یلول، ئه‌و كاته‌ی كه لیژنه‌ی باڵای دارایی شۆرش به سه‌رۆكایه‌تی خوالێخۆشبوو (خه‌سرۆ تۆفیق) پێكهێنرا. ئێمه هەردووكمان ئه‌ندامی ئه‌و لیژنه‌یه بووین، له‌گه‌ڵ چه‌ند شاره‌زایه‌كی تری بواری دارایی و ئابووری، له‌وانه شه‌هید شەهابی شێخ نوری، شه‌هید شاسوار جه‌لال (ناسراو به شه‌هید ئارام)، هه‌ر ئه‌و لیژنه‌یه‌ش بوو كه ئەركی داڕشتن و ڕێكخستنی دارایی داموده‌زگاكانی ئیداره‌ی شۆڕشی پێ سپێردرابوو. ئه‌وه سه‌ره‌تای یه‌كتر ناسینمان بوو.
هه‌رچه‌نده بیروباوه‌ڕ و كاری ڕۆژانه‌مان یه‌ك بوو، به‌ڵام له شێوازی كاركردنمان هه‌ندێك جار جیاوازی به‌دی ده‌كرا. من ئه‌م جیاوازییه‌م به سروشتی ده‌زانی كه هەندێكجار مرۆڤ له‌نێو خۆشی‌دا هه‌ستی پێ ده‌كات، به‌ڵام بۆ وه‌ختی خۆی شتێكی دیار بوو له ئاكامدا بێسوود نه‌بوو. زۆرجار ئه‌م جۆره جیاوازییانه ڕۆژگار یه‌كلایی دەكاته‌وه. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش جیاوازییه‌كه كاریگه‌ریی نه‌رێنی نه‌بوو له‌سه‌ر بەردەوامبوونی پەیوەندییەكانمان و زیادبوونی متمانه‌ی نێوانمان له ساڵانی پێكه‌وه كاركردنمان له وه‌زاره‌تدا. دواتر هه‌ردووكمان له وه‌زاره‌تی دارایی نه‌ماین. ئه‌و، بووه سه‌رۆكی دیوانی چاودێریی دارایی، منیش له (4-6- 2005) ه‌وه وه‌ك سه‌رۆكی پەرله‌مانی كوردستان ده‌ستبه‌كار بووم.
پێویسته ئاماژه به‌وه بكه‌م، ئه‌و له‌و ساڵانه‌دا سه‌رۆكی دیوانی چاودێریی دارایی بوو، سه‌دان راپۆرتی له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی و كه‌موكوڕیی داموده‌زگاكانی حكومه‌ت له سنوری ئیداره‌ی سلێمانی ده‌ركردبوو. كاك جه‌لال له ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی دیوانی چاودێریی داراییدا زۆر سه‌ركه‌وتوو بوو، جێی دەستخۆشیه، چونكه بوێرانه بێ گوێدانه پێگه‌ی هیچ لێپرسراوێكی حیزبی یا حكومی كه‌موكوڕی و گه‌نده‌ڵییه‌كانی ده‌ستنیشان ده‌كرد و له راپۆرته‌كانیدا تۆماری ده‌كردن. جارێكیان كاك جه‌لال پەیوه‌ندی پێوە كردم و گوتی: تیمێكی دیوانی چاودێریی له وه‌زاره‌تی دارایی سلێمانین، خاڵێكیان تۆماركردووه، گوایه من مووچه‌ی خانه‌نشینی مانگی (6ی2005) وەرگرتووه! كه ئه‌وه‌ش خیلافی قانونه به‌و ئیعتیباره‌ی مووچه لە پەرلەمان وه‌رده‌گرم، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆی ئاگاداربوو، من له ڕۆژی دەستبەكاربوونم له په‌رله‌مان، نووسراوم بۆ وه‌زیری دارایی ئیداره‌ی سلێمانی ناردبوو، كه ئه‌وسا خوالێخۆشبوو (شێخ باییز تاڵه‌بانی) بوو، داوام لێ كردبوو مووچه‌ی خانەنشینی جێگری سه‌رۆكوه‌زیرانم ڕابگرێت. جا به‌و ئیعتباره‌ی خۆم شاره‌زاییم له ژمێریاریدا هه‌یه، گوتم كاك جه‌لال: دیاره لیستی مووچه پێش جێبه‌جێكردنی ئه‌و نامه‌یه‌م نێردراوه بۆ بانك و خراوەته سه‌ر حیسابم. ئه‌گه‌ر له بانكه‌كه بپرسن، بۆتان ده‌رده‌كه‌وێ، هەرواش ده‌رچوو. لێره‌دا مه‌به‌ستمه بڵێم كاك جه‌لال كه‌سایه‌تییه‌كی بەهێزی هه‌یه. چه‌ند بوێرانه و بێ ڕه‌چاوكردنی هاوڕێیه‌تی و دۆستایه‌تی سوربوو له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی یاسا. ته‌نانه‌ت جارێكیان له‌سه‌ر سه‌رۆكی حكومه‌تی نووسیبوو. تێبینی له‌سه‌ر سه‌رفیاتێكی ئه‌ویش هه‌بوو، هه‌روه‌ها كه‌سه زۆر نزیك و خزمه‌كانی خۆشی له لێپرسینه‌وه‌ی یاسایی ڕزگاریان نه‌ده‌بوو. بوێرانه دەیان ڕاپۆرت و تێبینی به‌جێی له‌سه‌ر زۆرێك له لێپرسراوانی حیزبی و حكومی له ڕاپۆرته‌كانی ڕەچاو دەكرا. به هۆی ئه‌م ڕاپۆرتانه‌ش چه‌ندین لێپرسراوی دیار ڕووبەڕووی دادگا بوونه‌وه، به جۆرێك ئه‌م ڕاپۆرتانه بوونه جێی بایه‌خدانی سه‌رۆك مام جه‌لال، له زۆر بۆنه‌دا ئاماژه‌ی به دڵسۆزی كاك جه‌لال ده‌كرد و ستایشی هه‌نگاو و كاره‌كانی ده‌كرد.