هەندێ جار بێ ئەوەی تەنانەت بیریش بکەینەوە درۆ دەکەین و تەنانەت نازانین بۆچی درۆمان کرد! بۆچی درۆکردن بووەتە یەکێک لە خووەکانی ڕۆژانەمان؟، ئایا بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو درۆ دەکەین یان نا؟، ئایا دەکرێت بەبێ درۆ بژین؟ ، تا ئێستا بیرمان لەوە کردۆتەوە کە درۆ چییە و درۆکردن چی دەگەیەنێت؟.
ئەگەر بە وردی سەرنجی کەسانی دەوروبەرمان بدەین، بۆمان دەردەکەوێت کە زۆربەیان ڕۆژانە درۆیەکی یەکجار زۆر دەکەن.
هەموو مرۆڤێکی سەر ئەم هەسارەیە بە شێوازی جیاواز درۆ دەکات. زۆریان پێیان وایە کە بارودۆخەکەیە بەسەریان زاڵ دەبێت، بۆیە ناچاریان دەکات درۆ بکەن.
لە زۆر حاڵەتدا مرۆڤەکان درۆ دەکەن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە شەخسییەکانیان، بەڵام کەسانێکیش هەن بۆ فریودانی کەسانی تر درۆ دەکەن، هەندێ خەڵکییتر گیرۆدەی درۆکردنن. زۆر کەس درۆ دەکەن چونکە دەیانەوێت لە کۆمەڵگادا ڕەخنەیان لێ نەگیرێت.
ئێمە بەبێ سنوورو بەشێوەیەکی ناشیرین بەردەوام درۆ دەکەین، بە شێوەیەکی نەشیاو بۆ مەبەستەکانمان درۆ بەکار دەهێنین، درۆ بۆ بەرژەوەندی خۆمان دەکەین، درۆ دەکەین بۆ سەلماندنی بێتاوانی خۆمان، درۆ دەکەین بۆ سەلماندنی بێتاوانی کەسانی نزیک لە خۆمان، درۆ دەکەین بۆ بەدیهێنانی رێز، درۆ دەکەین لە پەیوەندی کردن لەگەڵ هاوڕێکانمان، درۆ دەکەین لەگەڵ خزم و کەسە نزیکەکانمان، درۆ زیاتر لەگەڵ کەسانی نامۆدا دەکەین ئێمە درۆ دەکەین تەنانەت هەرچەندە ئێمە زۆر باش دەزانین کە درۆکردن گونجاو نییە، پێمان وایە کە دەبێت ڕاستییەکان بڵێین، بەڵام ئێمە لە پشت ویژدان و ئەخلاقمانەوە خۆمان دەشارینەوە بۆ ئەوەی هەڵەیەک لەبارەی خۆمان ئاشکرا نەکرێ و ڕاستییەکانمان نەدرکێنین.
درۆ حەقیقەت پووچەڵ دەکاتەوە، لە کۆتاییدا ئێمەین کە زۆرترین ئازار دەچێژین بەو شتانەی کە دەیڵێین و دەیکەین، وا دەزانین کەباشترە درۆ بکەین بۆ ئەوەی لەکارەکانمان سەرکەوتوو بین و وادەی دۆڕانی خۆمان دوابخەین...
ئێمە ترس و دووڕوویی لە باوەش دەگرین، هەرگیز کەسایەتیمان لەکەدار ناکەین، درۆ لەگەڵ کەسایەتی ئێمەدا دەگونجێت و هەرچەندە ئێمە گەورەترین دۆڕاویشین کاتێک درۆ دەکەین.
هەموو ئاینەکان درۆکردنیان حەرامکردوە و وەک کارێکی بێ ئەخلاقی باسی دەکەن، بەڵام زۆربەی خەڵکی گرنگیی پێنادەن، وەک شتێکی رۆتین وەریان گرتوە تەنها لەبەر ئەوەی لەئەنجامدا دەسکەوتێکی کورتخایەن بەدەست دەهێنن، لەروانگەی دینیش مەلاو ووتار خوێنەکان بەگرنگ لێی ناڕوانن و ئەوەش وایانکردوە لە مامەڵەکردنیان لەگەڵ درۆکردندا بە کارێکی ئاسایی بمێنێتەوە، مرۆڤایەتی درێغی نەکات لە ئەنجامدانی ئەم کردەوە بێ ئەخلاقییە، بۆیە بەشێوەیەکی بەرفراوان و بێشەرمانە خەڵک درۆ دەکەن.
ئەو کەسانەی ئامانجیان گەیشتنە بە سوود و قازانج، ئەوە درۆ دەکەنە پاساوێک بۆ ئامرازەکان، شتە حەرامەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان حەلال دەکەن، درۆ دەکەنە ئامرازێک بۆ دوورکەوتنە لەراستی و فریودانی خەڵک.