پارتی و پەکەکە خەریکی چین؟ ... لێزان بکر

 سەرەڕای هەموو ڕەخنە و تێبینییەکان لەسەر یەکێتی، بەڵام کاتێک پرسی پشتگیریکردنی پەکەکە وەک هێزێکی کوردی دێتە ئاراوە نموونەی زەق: لە دادگاکانی سنووری سلێمانیدا سزای یاسایی بەسەر سیخوڕاندا سەپێنراوە و تەنانەت ئەندامی باڵای میت دەستگیر کراوە، بەرپرسە باڵاکانی دەوڵەتی تورکیا لێدوانەکانیان بەشێوەیەکە دەڵێن: پەکەکە کۆنترۆڵی سلێمانی کردووە، بەو مانایەی پەکەکە وەک قەندیل ئازادە لە سلێمانی. گەورەترین بەڵگەش بۆ سەلماندنی حەقیقەتی پشتیوانی یەکێتی لە پەکەکە، ئاستی دوژمنایەتییە بەردەوامەکانی دەوڵەتی تورکیایە دژ بە یەکێتی و سنووری پارێزگای سلێمانی. کەچی دەیان کادر و گەریلا و تەنانەت هاووڵاتی نزیک لە پەکەکە لە زیندانەکانی هەولێر بە چەندین ساڵ هێڵدراینەوە. کەناڵە میدیاییەکانی پارتی، بە نمونە ئاڤامیدیا لە کاتی بڵاوکردنەوەی هەواڵێک وێنەی ئۆجەلان تەڵخ دەکەن و وەک قەدەغەیەک مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.

ئەوەی جێی سەرنج و تێڕامانی جدییە، ئەم هاودژییە توندەیە کە لە ناو جەرگەی بزووتنەوەکەی ئۆجەلان دەبینرێت! لە لایەک ئۆجەلان لە زیندانەوە نامە بۆ بارزانی دەنێرێت و لە بابەتە چارەنووسسازەکاندا ڕاوێژی پێ دەکات، لە لایەکی تریشەوە مەزڵوم عەبدی، سەرەڕای سوپاسگوزاریی بەردەوامی بۆ پارتی، بارزانیی کردووەتە بڕیاردەر لە پرسی ڕۆژئاوادا. باسی سیاسییەکانی (دەم پارتی)یش هەر ناکرێت! کە هێندەی خەریکی ستایشکردنی بارزانین، نیو ئەوەندە باسی ئۆجەلان ناکەن! لوتکەی ئەم دژبەیەکبوونە ئەوەیە لە شاری عامودا بینرا، دوای بێدەنگییەکی درێژخایەن بەرامبەر هێرشەکان بۆ سەر باشوور، ڕێپێوانێک بۆ پشتگیریی باشووری کوردستان ڕێکخرا، کەچی ئەوەی لەوێ بیندرا ئاڵای پارتی و وێنە و ستایشی بارزانی بوو!

پرسیار بۆ خوێنەر ئەوەیە: میدیای پەکەکە لە بابەتی ڕۆژئاوا و باکور پارتی بە خیانەتکار ناودەبرد کەچی لەزاری بەرپرس و خودی ئۆجەلاندا لەتەک سوپاسگوزاری بەردەوام، دەگەڕێنەوە لای بارزانی و پارتی! ئەم گەمە سیاسییە ناڕوونە و ئەم هەموو هاودژییە لە هەڵوێستەکاندا، ئاماژەن بۆ چ جۆرە ڕێککەوتنێکی پەردەپۆشکراو، یان تەنیا تاکتیکێکی کاتییە؟

پارتی جاشە یان باش؟

 

بابەتی زیاتری نووسەر

خولە بووز