
ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئه‌و ناوچه گرنگ و خاوه‌ن پێگه جێوگرافی و جێ‌و سیاسیه كه له ڕووباری نیله‌وه ده‌ست پێده‌كات تا دۆڵی ڕافده‌ین واته دوو زی ی دیجله‌و فوارت به مانا ته‌سكه‌كه‌ی و له مه‌غریبی عه‌ره‌بیه‌و تا پاكستان به مانا فراوهنهكهی، ئه‌و ناوچه ده‌گرێته‌وه به هه‌موو مانا و بۆ ماوه مێژوویی شارستانیه جیاوازه‌كانیه‌وه كه وه‌كو ناوه‌ندێكی ستراتیجی نه‌وت و ووزه و خاوه‌نی كه‌شوهه‌وایه‌كی گونجاو.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌ش ناوچه‌ی ڕۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاست به خاڵی هاوبه‌ش و به یه‌ك گه‌یشتنی هه‌رسی كیشوه‌ره كۆنه‌كه‌ی جیهان ئاسیا‌و ئه‌وروپا و ئهفریقیادێته ئه‌ژماردن و وه‌كو هه‌رێمێكی زه‌مینی و جوگرافیایه‌كی یه‌كگرتوو كه له خۆرئاوای ئاسیا‌و باكووری ئه فریقیا و ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا خۆی ده‌بینێته‌وه و له‌ڕووی جوگرافیای دهریاییهكهشیهوه لی ی بڕوانیین سنووره‌كانی ده‌كه‌وێته سه‌ر كه‌ناره‌كانی ڕۆژهه‌ڵات و باشووری ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست وكهنارهكانی باشووری ده‌ریای ڕه‌ش و ده‌ریای قه‌زوین، جگه له‌وه‌ی لهسهرزهمینهكهی چه‌ندین ده‌ریاو كه‌نداوی گرنگ هه‌ن له‌وانه ده‌ریای سوور و كه‌نداوی عه‌ره‌بی.
كه ده‌ڵێین ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌بێت باسی زۆر شتی گرنگ بكه‌ین ئه‌گه‌ر چی به كورتیش بێت له بۆ به‌رچاو ڕوونی و بۆ ئه‌وه‌ی مافی پڕ ئه‌همیه‌تی ئه‌م ناوچه‌ش بخه‌ینه به‌ر چاوان، یه‌كێكی تر له‌و تایبه‌تمه‌ندیه گرنگانه ئه‌وه‌یه كه ئه‌م ناوچه له ناوچه‌كانی تری جیهان جیا ده‌كاته‌وه ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه كه سه‌رچاوه‌ی له وقووڵاییه مێژووییه‌وه وه‌رگرتوه كه ناوچه‌كه هه‌یه‌تی به‌وه‌ی زۆر پێشكه‌وتنی ڕۆشنبیری هزری و ده‌ركه‌وتنی هه‌رسی ئایینی گه‌وره له جیهاندا مه‌سیحی و یه‌هوودی و ئیسلام له‌م ناوچه‌یه وه سه‌ریانهه‌ڵداوه‌و كاریگه‌ریان بۆ سه‌ر شوێنه‌كانی تر ی جیهان ڕۆیشتووه.
خاڵێكی تری جێوسیاسی و ده‌ریایی و ستراتیجی و گرنگ كه ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوینی پڕ ئه‌همیه‌ت كردووه ئه‌وه‌یه كه پێنج له نۆ ڕێڕه‌وه‌ی ده‌ریایی له جیهاندا ده‌كه‌ونه سه‌ر سنووره‌كانی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئه‌وانیش ته‌نگه‌ی ئه‌سته‌مبوڵ و ته‌نگه‌ی تشاناق قلعه و كه‌ناڵی سوێس و ته‌نگه‌ی هورمزو ته‌نگه‌ی عه‌ده‌ن و جگه له ته‌نگه‌ی جه‌به‌ل تاریق ئه‌ویش هه‌ر ده‌كه‌وێته سنوره فراوانه‌كه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوینه‌وه.
له‌ڕووی ئابوریشه‌وه ئاماژه‌م بۆ نه‌وت كرد پێشووتر وه‌كو سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگی وزه له ناوچه‌كه‌دا له هه‌مان كاتیش‌دا له دێرزه‌مانه‌وه تائێسته كشتوكاڵیش له به‌رئه‌وه‌ی ئاوهه‌وایه كی له‌بارو مامناوه‌ندی هه‌یه توانایه‌كی به‌رفراوانی بۆبه‌رهه‌مهێنانی به‌روبوومی كشتوكاڵی به هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه هه‌بووه.
هه‌ر له به‌ر ئه‌و فاكته‌رانه‌ی كه‌له سه‌ره‌وه زۆر به كورتی ئاماژه‌م بۆ كردوون هه‌میشه‌و به درێژایی مێژووی ناوچه‌كه ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیان كردۆته گۆڕه‌پانی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی زۆرێك له كێشه‌و ململانێكانی جیهان و ناوچه‌كه‌ش.
له ساڵی 1955 سه‌ده‌ی پێشوو په‌یمانی به‌غداد كه خاوه‌نی بیرۆكه‌كه‌ی ئه‌مریكا بوو هه‌رچه‌نده خۆی ڕاسته‌وخۆ به‌شداری تێدا نه‌كرد هه‌ر به یارمه‌تی و كۆمه‌كی سه‌ربازی و دارایی پشتیوانی كردن له نێوان وڵاتانی ئێران و توركیا‌و پاكستان و به‌ریتانیای عوزمادا پێكهێنرا دوای ساڵێك واته له ساڵی 1956 عێراقیش چووه ناو په‌یمانه‌كه‌وه،
شایانی باسه ئامانج له دامه‌زراندنی په‌یمانه‌كه له‌و كاته‌دا به‌رگرتن بوو له شه‌پۆلی كۆمۆنیستی له‌و سه‌رده‌مه‌دا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.
هه‌رچه‌نده په‌یمانی به‌غداد زۆر درێژه‌ی نه‌كێشا و له دوای شۆڕشی 14 ته‌موزی 1958 عێراق له په‌یمانه‌كه هاتهدهرو په‌یمانه‌كه گۆڕا بۆ په‌یمانی (cento) هیچ ڕۆڵێكی گرنگی نه‌گێڕا له ڕووداوه‌كانی ناوچه‌كه‌دا به ڕای زۆرێك له چاودێران.
به‌ڵام له ئێستادا هه‌ندی له وڵاتانی ناوچه‌كه كه له ئێران و سوریا‌و عێراق له گه‌ڵ ڕوسیا دا هاوپه‌یمانیه‌تیه‌كی تازه‌یان دامه‌زراندوه كه وه‌كو خۆیان ڕایانگه‌یاندووه هاوپه‌یمانیه‌تیه‌كی سهربازیو سیاسی و ههواڵگریشه بۆ به گژا چوونه‌وه‌ی تیرۆری داعش هه‌روه‌كو هه‌مووان ئاگادارین له كاتێكدا ئه‌م هاوپه‌یمانێتیه ڕاده‌گه‌ینرێت هاوپهیمانیتیهكی تری زۆر له‌مه مه‌زنترو به‌هێزتر له زیاتر له ساڵێك له‌مه‌وپێشه‌وه به سه‌ركردایه‌تی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی ڕاگه‌یه‌نراوه‌و شه‌ڕی داعش له عێراق و شام ده‌كه‌ن.
هه‌رچه‌نده سیاسه‌ته‌كانی سه‌رۆك ئۆباما‌و دیموكراته‌كان به‌رامبه‌ر به تیرۆر‌و داعش وه‌كو پێویست نه‌بووه‌و نه‌یان توانی كێشه‌ی سوریا چاره‌سه‌ر بكه‌ن و ئه‌و كێشه‌یه درێژه‌ی كێشا‌و په‌لی بۆ عێراق به هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه هاویشت و ده‌رگای كرده‌وه بۆ زۆر لایه‌ن و وڵاتی تر به ڕاسته‌وخۆ و نا ڕاسته‌وخۆ بێنه ناو قهیرانهكهوهو ناكۆكی و ململانێكان قووڵتر بكه‌ن.
بۆیه ده‌كرێت بپرسین ڕوسیا بۆ ئه‌م هاوپه‌یمانێتیه تازه‌ی پێكهێنا و ئامانجی چیه؟
ئه‌گه‌رچی له كۆتایی ساڵه‌كانی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌و یه‌كێتی كۆماره‌كانی سۆڤیتی هه‌ڵوه‌شایه‌وه و بوون به 14 وڵاتی سه‌ربه‌خۆ ڕوسیا وه‌كو جێنشینی ئه‌و وڵاته زلهێزه كه په‌یماننامه‌ی دۆستایه‌تی وهاریكاری له گه‌ڵ ڕژێمه‌كانی عێراق و سوریادا هه‌بوو دوای ئه‌وه‌ی عێراق له ساڵی 2003 ه‌وه له لایه‌ن ئه‌مریكاوه داگیركراو كۆتایی به ڕژێمی سه‌دام حسین هات و ئیتر عێراق له ژێر هه‌ژموون و هاوپه‌یمانی ڕوسه‌كان ده‌رچوو سوریاش له ساڵی 2011 ه‌وه له شه‌ڕو ململانی یه‌كی سه‌خت و دژواردایه له گه‌ڵ هێزه ئۆپۆزهسێۆنهكانی ئه‌و وڵاته‌دا به هه‌موو باڵه جیاوازه‌كانیه‌وه.
له كاتێكدا سوریا له گه‌ڵ ڕوسیادا په‌یماننامه‌ی هاریكاری و دۆستایه‌تی درێژخایه‌نیان هه‌یه‌و بنكه ی سه‌ربازی یان هه‌یه له به‌نده‌ری ته‌رتوس له سوریا كۆمهكو پشتگیری سهربازیو سیاسیان بۆ ڕژێمه‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د فه‌راهه‌م كردووه و زیاتر له سی جار له ئه‌نجومه‌نی ئاسایش مافی ڤیتۆ یان به‌كار هێناوه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ڕژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د،
ئێستاش كه فشاره‌كان له‌سه‌ر ڕژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د زیادی كردوه‌و هه‌ست به مه‌ترسی له‌ناوچوونی ده‌كه‌ن به هێزه‌و هاتونه‌ته پێشه‌وه و له ژێر ناوی شه‌ڕی تیرۆر‌و داعشدا سوپا‌و چه‌ك وته‌قه‌مه‌نی پێشهكهتویان هێناوه‌ته ئه‌و وڵاته و له‌ڕاستیدا ئامانجیان ڕزگاركردنی ڕژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌ده له‌و ته‌نگانه‌ی كه تی ی كه‌وتووه و داگیركردنی ناوچه‌كه‌و پاراستنی دوا پێگه‌یان له‌سه‌ر ئاوه گه‌رمه‌كان له لایه‌ن ورچی ڕوسیه‌وه.
له كۆتاییدا ده‌بێت بپرسین ئه‌ی كورد له كوی ی ئه‌م هاوپهیمانێتیهدایهو ڕۆڵی چی ده‌بێت؟
هه‌رچه‌نده له یه‌ك ساڵی ڕابردووی شه‌ڕی تیرۆر‌و داعشدا له عێراق و شام كورد فاكته‌رێكی كارا‌و ئاماده‌و چالاك و ده‌ست وه‌شێن بووه و قوربانی گه‌وره‌ی داوه به دانپێنانی جۆبایدنی جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا كه وتی ئێوه له جیاتی هه‌موو مرۆڤایه‌تی شه‌ڕی تیرۆر ده‌كه‌ن و ئه‌مڕۆ كورد وه‌كو دیفاكتۆیه‌ك له‌سه‌ر زه‌مین هه‌یه و كه‌س ناتوانێت نكووڵی له قوربانی و خۆڕاگریه‌كانی بكات.
ده‌مێنێته‌وه سه‌ر سه‌ركرده‌كانی كورد له هه‌ردوو پارچه‌كه‌دا چۆن هه‌ڵسووكه‌وت له گه‌ڵ ئه‌م هاوپه‌یمانیه‌تیه تازه‌دا ده‌كه‌ن چۆن بڕیاری یه‌كپارچه‌یی و وه‌لانانی ناكۆكیه‌كان وڕێكخستنی ناوماڵی كورد ده‌پارێزن و كه‌ڵك له ئه‌زموونه تاڵه‌كانی ڕابردوو وه‌رده‌گرن له گه‌ڵ ئه‌مریكیه‌كان و ڕوسه‌كانیش هه‌ر له كۆماری مهاباده‌وه تاوه‌كو شۆڕشی ئه‌یلول و. . . تد.
له كۆتایی ئه‌م باسه‌دا ده‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه ئه‌م هاوپه‌یمانێتیه كه فۆرمێكی تائیفی پێوه دیاره كێشه و ململانێكانی ناوچه‌كه قووڵتر و سه‌ختر ده‌كات له عێراق و سوریا چاره‌سه‌ری كێشه‌كان قوورستر ده‌كات و ڕوسیا كه له وڵاته‌كه‌ی خۆیدا نزیكه‌ی 20 ملێۆن موسڵمانی سونی تێدایه خۆی ده‌خاته به‌رده‌م به‌ر پرسیارێتیهكی مێژووی له حاڵه‌تی چوونه پێشی ململانێكان به هه‌ر ئاكارێكدا.
