
کێ خائینــە:(کۆسرەت رەسوڵ) یان (صەدام حوسێن) و دارودەستەکەی یان بەگزادەکانی عارەب؟ ...فــازیــل شـەوڕۆ - دبلن
دوای ئەوەی کەناڵی تیڤی ئاسمانی " العربیة" شەوی پێنجشەممە ( ٢١/٢٢ -٣) فلیمێکی دۆکمێنتەری سێ - سعاتی بە ناونیشانی " اخر حروب صدام" نمایشکرد و لە بەشی سێیەمیدا حکایەتی چۆنیەتی دەستگیر کردنی (صدام)ی خستە روو، کە تێیدا لە سەر زاری هەڤاڵ ( عەلی کۆسرەت رەسوڵ) ە وا دەگێرێتەوە کە ئەندامانی بنە ماڵەی (صدام) لە خێڵی (عۆجە) راستەوخۆ پەیوەندییان بە کاک (کۆسرەت)ەوە هەبووە و تەواوی زنیارییەکان دەربارەی (صدام) گەیاندۆتە ئەو.دوایی کەناڵی تیڤی " العربیة" لە ماڵپەرەکەی خۆی ( العربیة نیت) ئەو فلیمەی داگرت و ناونیشانێکی تری بۆ داڕشت : " حکایة خیانة صدام بین روایة الامریکیة و الکردیة" واتا : " حیکایەتی خیانەتکردن لە صدام لە نێوان سەربوردەی ئەمەریکایی و کوردی"دا، جا لە خانەی کۆمێنت و توانجی ئەو فلیمەدا.وەک جاری جاران کورد و سەرکردەکانی دەکەونە بەر چەقۆ و شمشیری عارەبە داخ لە دڵەکان و ئەم بابەتە بۆ سوینەوەی تیغی ژەهراوی خۆیان لە ملی کوردی بێجارە دەقۆزنەوە دەیانخەنە رێزی خائینە گەورەکانی مێژوو!
بەندە وەکۆ کوردێکی خاوەن قەڵەم خاوێن و بێلایەن حەق بەخۆم دەدەم کە بە مشتێ لە راستیی و حەق و حەقیقەتەوە لە دەمی ئەو بێ مروەتە دڵڕەشانە بدەمەوە و با خوێنەرێ خۆی سەر پشک بێ کە ئایا هەڤاڵ ( عەلی کۆسرەت رەسوڵ ) خیانەتی کردووە یان (صدام و دارودەستەکەی) یان خێلە نەجیبزادەکانی عارەب؟
ئەو دەها فەردە بەڵگەنامانەی کە ئیمرۆ دەربارەی دۆسیەکانی (صدام) لە بەردەستدایە، بۆ دۆست و دۆژمن، دەیسەلمێنی کە ئەو صدام پیاوی ئینگلیز و ئەمەریکاییەکان بووەو هەر زوو ( جەمال عەبدوڵناصر) سەرۆکی پێشووی کۆماری مەسر لە ساڵی (١٩٦٣) ئاماژەی بەو راستییە کردوە .خۆ لە گەرمەی جەنگی عیراق – ئێراندا وەزیری بەرگری ئەمەریکا و خودی صدام رۆژانە لە هوتێلەکانی بەغدا، نەخشەو پلانی شەریان بەیەکەوە دادەڕشت و تاوتوێ دەکرد.ئەوا جگە لە دەها کارو چالاکی و پلانی شەرانگێزی ژێر پەردە کە دژ بە خەڵکانی عیراق و ناوچەکە و جیهان جێبەجێکروان، بەڵگەکان هێندە زۆرن نایەنە ئەژماردن: لە ژەهراوی کردنی (هەواری بومیدون)ی سەروککۆماری وڵاتی جەزائیرو ئەو نامە بۆبمرێژکراوەی کە بۆ (یاسیر عەرافت)ی سەرۆکی بزووتنەوەی ئازادیخوازی فەلەستینی نارد بوو تا تێوەگڵانی صدام لە شەری حەڤدە ساڵەی لوبنان و جەنگی ئێران و داگیرکردنی کوێت و پەلامارەکانی بۆ هەر چوار ئیقلیمی دەوورو بەر! خۆ گەر قەتل و عامکردنی خەڵکانی هەموو عیراق و سیاسەتی بە جینۆسایدکردنی کوردان بە درێژایی تەمەنی حوکمی سی و پێنج ساڵەی ئەو، بخەینە سەر ئەم ریزبەندە ئەوا خیانەتەکانی صدام دەرحەق بە میللەتەکەی خۆی دەگاتە لوتکە.
کە قەڵەمبەدەستە خۆفرۆشەکان، دەیانەوی دەستی جەوری و گڵاوی خۆیان بە ئێمەی کوردی زوڵم لێکراو بسرنەوە، ئەوا نەک هەر دەیانەوەی صدام بکەنە فریشتەو پیغەمبەر بەڵکو مەبەستییانە کە هەرچی نەهامەتی و کارەساتەکانی بەسەر عارەب داهاتووە بیخەنە گەردنی ئێمەوە.وەک بڵێت ئەوا ئێمەی کورد بووین لە زیندانەکانی سەرتاسەری عیراقدا، هەزارن هەزار عارەب و تورکمان و شیعەو فەلەو یەزیدیمان لە سێدارەداوە! ئێمە بووین جەنگی ئێرانمان هەڵگیرساندو هێرشمان کردو سەر کوێت! ئیـە بووین شارو گوندەکانی عارەبەکانمان ژەهربارانکردوو سەدەها هەزارمان لێ ئەنفالکردن! ئێمە بووین سیاسەتی تەکردی و تەبعیس و تەرحیلمان دەرحەق بەوان پەیرەو دەکرد!
پرسیارێکی زۆر سادە، گەر صدام حوسێن هێندە قارەمان و خۆشەویستی عارەب بوو، بۆ سەرکردەی مخابەراتی عیراقی – وەک لە فلیمەکەدا نمایشیکرد- سێ ساڵ بوو بۆ دەزگای سیی ئای ئەیی کاری سیخوری دەکردوو بە بەرچاوی (قوصی) کوڕی صدامەوە لە فرۆکەخانەی بەغدا بەرەو ئەمەریکا فڕی؟ باشە بۆ خزم و دۆست و ئەحبابەکانی صدام لە خێلی (عۆجە) و ئەوانی تر، کێبڕکییان بوو لە پێشکەشکردنی زانیاریی و فرۆشتنی صدام بە کاک (کۆسرەت )و کەسانی تر! خۆ پاسەوانە دڵسۆزەکەی صدام کە بووە چاوساغی ئەمەریکاییەکان، زیلەیەکی لێنەدرا و سووک و ئاسان تەسلیمی ئەوان بوو.با ئەوان بزانن کە بەسەدان زیندانی کورد، بە ژن و پیاو، لە ژێر ئەشکەنجەو تەعزیبی پیاوە دڕەندەکانی صدام گیانیان لە دەستدەدا و حەرفێک لە لێو دەرنەدەچوو و هەرگیز ئامادە نە بوون ئیعتراف بکەن!
خاڵی کرۆکی بابەتەکە ئەوەیە، بۆ گەر ( کۆسرەت رەسوڵ) ێکی بەرکەتەی چەکی کیمیاوی و خاوەن سەد و هەشتا هەزار ئەنفالکراوو هەزارن هەزار شەهیدو سەدان گوندو شاری وێرانکراو بەدەستی صدامەوە، هەوڵی تۆڵەسەندە بدات و بیەوێت دۆژمنی خۆی و میللەوتەکەی بگرێ و رادەستی دادگای بکات خیانەتە؟ بۆ کەناڵی عارەبییەش کە دەیەوێ صدام بخاتە رێزی نەمرو شەهیدان، کوردانیش بکاتە خائینی دین و وڵات، دەڵێم خۆ گەر ئەمەریکاییەکان رێیان لە صدام نەگرتبا، لە ساڵی (١٩٩١) هەر لە گەڵ شاڵاوەکەی بۆ سەر کوێت، تەخت وتاراجی مەملەکەتەکەی سعودیەشی ڕادەماڵی جا ئێستا ئێوەش دەبوون بە بەشێک لە رابوردوو.خوێنەری ئازیز دوور نییە رۆژی لە کەناڵەکانی تیڤی برا عارەبەکان مانشێتێکی وا بخوێنینەوە :" صەلاحەدینی ئەیوبی ئەو گەورە خائینە بوو(قودسی) ئازاد کرد!" بۆ نا خۆ صەڵاحەدینیش کورد بووە! خۆ ئەوان جگە لە خیانەت، شتێکی تر بە کورد ڕەوا نابینن.هەزار ئەفسووس!
Face book: fazil shawro
e-
بۆ بینینی ڤیدۆکە کلیکی ئێرە بکە
https://www.facebook.com/photo.php?v=4496752705433&set=vb.127894930583153&type=2&theater
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
