
ماوەیەکە چەندین کەس و لایەن هەن ئەڵێن سەری ساڵ جەژنی دوژمنانی ئیسلامە و نابێت بەهیچ شێوەیەک خۆشی خۆت دەرببڕیت لە رۆژی سەری ساڵی میلادی.
پرسیار: سەری ساڵی میلادی لە چییەوە هاتووە؟
وەڵام: سەری ساڵ رۆژی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیحی (عیسای کوڕى مەریەم)ـە (د.خ)، ئایە لەدایکبوونی ئەو زاتە پیرۆزە کە شۆڕشێکی گەورەی مرۆڤایەتی دروست کرد لەو تەمەنە کەمەیدا و جگەلەوەش ئەو پیغەمبەری خوایە وەک چۆن پیغەمبەرەکانی دیکە، ئایە هەمو ئەمانە ئەوەناهێنێت ئێمەی موسوڵمان لەورۆژەدا ئەگەر هیچ نەبێت لەدڵەوە خۆشی خۆمان دەرببڕین.
حەزم کرد ئەوەشتان بۆ روون بکەمەوە کە چون ئیسلام لە دوبەشی سەرەکی پێکدێت ئەویش (شیعە و سونە) جگەلەوەش لە ناو هەریەک لە بەشەکاندا چەندین بەشی تر هەن لەوانە مەزهەبەکان ( مەزهەبی شافعی و حەنەفی و حەمبەلی ...هتد) بۆیە ناتوانین بڵێن سەرجەم مەسیحێکانی ئێستا بێباوەڕن، بێگومان مەسیحێکانیش هەمویان یەک بیر و ڕایان نییە لە مەسەلە ئاینێککاندا، گاوەریش لە 3 بەشی سەرەکی پێکدێت لەوانە (الكاثوليك، أرثوذكسية، البروتستانت)، ئەمانیش وەک مەزهەبەکانی لای موسوڵمان بیروڕای جیاوازیان هەیە و هەمویان بەیەک شێوە بیرناکەنەوە بۆنمونە بەشێک لەم سێبەشەی مەسیحی ئەڵێن عیسای پێغەمبەر کوڕی خوا نییە ئەوانیتر بەپێچەوانەوە.
جگەلەمانەش، زانایانی ئیسلام پێدانی دیاری لە رۆژی سەری ساڵی میلادی بە برادەر و دراوسێی مەسیحی حەڵاڵ کردوە ئەگەر ئەو دیارییە شەرعی بێت.
تکام وایە چیتر کەس لە خۆیەوە هیچ شتێک حەرام نەکات ئەگەر زانیاری تەواوی لەسەر نەبێت، چونکە بە بەڵگەوە لە ئیسلامدا بەبێ زانیاری هەرکەسێک شتێک حەرام بکات یاخود حەڵاڵی بکات و زانیاری لەسەر نەبێت سزایەکی توند دەدرێت بە پێی یاساکانی ئاینی ئیسلام.
ئاشکرایە لای هەموان دینی پێش دینی ئیسلام دیانەتی مەسیحیەت بووە، بۆیە پێویستە لە موسوڵمانان رێز لە دینەکانی پێشوتری خۆیان بگرن و هەربۆیە ئەڵێم..من موسوڵمانم ..عیسای پێغەمبەرم خۆشئەوێت.
هیواشم وایە 2013، ساڵی خۆشی و کامەرانی بێت بۆ هەمولایەک و ساڵی دروستبونی کۆماری کوردستان بێت.
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
