
بۆ سەرۆکێکی دیل، تکایە با تۆرانیە دڕندەکان ئاشبەتاڵ بە باکور نەکەن! ..ئەگەری لەتبوونی پەکەکە بەڕێوەیە.. ڕاپۆرتی مەیدانی لە قەندیلەوە ...ئاسۆ بیارەیی
قەندیل یەکەم رۆژی نەورۆزی ٢٧١٣
بەچەند پاسێک لە شاری سلێمانیەوە دەکەوینەڕی، سەرنشینەکان، ئەگەر ئەندامیش نەبن، زۆربەیان لایەنگر و دۆستی پەکەکەن.کە گۆرانی گەریلا لە بڵندگۆی پاسەکانەوە بڵند دەبێ، یان بە ناوشارێکدا تێپەر دەبێ، ئیدی ههر بژی ئاپۆیە، ئاپۆ خودایە و ڕوح بەبەر گیانی مردووەکاندا دەکا، ئاپۆ ژیانی منە، ئەوە دەبێتە گۆرانی هەندێ سەرنشینی ناو پاسەکان، لەو ساتەدا بیر لەوە دەکەمەوە، ئێمە سیانیشمان لە باشوور ههیە ئەدی کامیان سەرۆک نیە؟..دوای چەند کاتژمێرێک و وەستانێکی ناو دۆڵەکانی قەندیل و ههورازە جوانەکانی، ئیدی دەگەینە جێ و کورتەک و گوندی بۆڵە، بەجوانی نیشتمان مەست دەبم و بەههشتێکی نێو شینای ئاسمان و کەناری بەفر دەردەکەوێ..با کچۆڵە جوانەکانی سەر رێش بوەستن کە بەجلە ڕەنگاو ڕەنگەکانیان خۆیان کردبووە گوڵاڵەی رازاوەی نێو مێرگەکان...ههندێ ههڵدەپەڕێ، ، ههندێک ئۆقرەیان نەماوە بە پێیان بەرەو دیتنی گەریلاکان پەرۆشن و نازانن هیلاکی چییە، من یەکێک لەوانە، ، دوای دوو کاتژمێر بەپێ، دەگەینە جێ..ئای قەندیل چەن شیرنی! دەگەینە پانتاییەکی پڕ ئاپۆرە کە ئاڵاکانی پەکەکە لێرەو لەوێ دەشەکێتەوە...ههندێ لۆگوی گۆڕان، پارتی و یەکێتیشی تیایە..موسیقا، ووشە، هونەرمەندەکان و ووتارەکان ههمان چەمکی بۆنەی سالانی پێشو، ، لە ئاکامیشدا وەک کۆتایی خوێندنی ئایەتێکی قورئان بژی سەرۆک دەبێ و چەپڵە لێدان دەکرێ..
گەریلاکان و ئاپۆچیەکان لە نیوان بەرەبۆت و بوون و بێ گیانیەوە:
من ئەمرۆ لە پتر لە ٥٠ گەریلام پرسی کە ئایا بۆچوونیان چیە دەربارەی چەک دانان و ئاشتی لەگەڵ تۆرانیەکان؟ زۆربەیان هەمان وەڵامیان ههبوو کە ئاپۆ سەرۆکیانەو ئەو چی بڵێ ئەوان وادەکەن، گەر بڵی شەڕ دەجەنگێن، کە بلێ چەک فرێدەن فرێی دەدەن.ههمان پرسیارم لە کۆمەڵێ خەڵکئ ئامەد کرد کە بە میوانی هاتبوون، ههندێکیان بەبیستنی ههواڵەکە دەستیان بەگریان کرد.پێیانم ووت: کەمرۆڤ دیل بوو ئیدی هیچ بریارێکی نامێنی و دەستبەسەرە، بەلام ئەوان سووربوون لەسەر ئەوەی کە ئاپۆ خاوەن فەلسەفەی ئاپۆچیە و بەرههمی هزری هێناوە.ئەوە کارەساتی سەرکردەی تاکڕەوە کە بەرژەوەندنی گەلەکەی بە دووربینی ملیونەها مرۆڤ نابینێ و ئەو خەباتەی کە کردویانە تێک دەدات.
بۆچونی من:-
من ئەو پەیامەی ئەمرۆی ئۆجەلانم وەک ئاشبەتاڵەکەی ١٩٧٥ هاتە پێش چاو کە کورد خاوەن سوپایەکی سەد ههزاری بوو و لە ماوەیەکی کورتدا شکستی هێنا.پەکەکە چواردە ساڵە بێ ئوجەلان جوانترین و بەهێزترین ڕێکخراوی شۆرشگیر دروست کردوە، چپیویست دەکات قومار لەسەر بریاری دیلێک بکات کە لە نیوان چوار دیواردایەوە بۆی نیە لەگەڵ دنیای دەروەدا پێوەندی بگرێ.
قەندیل دەبێ رێزی ئەو دیلانەی خۆی بگرێ کەوەک فەرماندەیەکیان ئەمرۆ پێمی ووت، کە ١٢٧ ههزار کورد لە زیندانەکانی تۆرانیە دڕندەکانە، لەوانە ١١ ههزاری هی پەکەکەیە.
من چەند ساڵێکە تینوی دیداری گەریلاکان و قەندیلم و دەمویست لەگەڵ گوڵاڵەکانی نەوروزێکدا بیانبینم، دەست لە ملیان کەم ئافەرینیان پێ بلێم، کە ئەوان دوای ئێمە قەندیلیان بێ کەس نەکرد.ئەمڕۆ دوای چەندان ساڵ قەندیلەکەی خۆشم و گوڵەکانی ههرەتی لاویشم بیینەوە، ئای کە شاد بووم، وامزانی خوشەویستێکی ئەنفالکراوم بۆ گەڕاوەتەوە، بەڵام کە گوێم لە پەیامە لاوازەکەی ئۆجەلان بوو، ئارامی دڵم نەما و پەشۆکام، ههر چەندە لەدوێنێوە تەنها دوو کاتژمیر خەوتووم، بەلام خانەکانی میشکم چالاکن و وا ههست دەکەم، تۆرانیە فاشستەکان ئۆجەلانیشیان وەک سمکۆ، شیخ سەعیدی پیران ویەزدان شێر، خستوەتە تەڵەوەو ئاشبەتاڵ بەگەل کورد لە باکور دەهێنن، ،
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
