وەڵامێک بۆ مەلاییەکی سەرلێشێواو: نەورۆز تەنها جەژنی ڕەسەنی کورد و کوردستانە ... خەبات لاوباخ

وەڵامێک بۆ مەلاییەکی سەرلێشێواو: نەورۆز تەنها جەژنی ڕەسەنی کورد و کوردستانە ... خەبات لاوباخ

‌من نامەوێت بچمه‌ سه‌ر باسی مێژووی نەورۆز، کە تەنها جەژنێکی ڕەسەنی کوردە، گەر هەر کوردێك خاوەنی هەست وسۆزی کوردایەتی و لەڕەگەزی پاکی کورد بێت بە بێ ڕەچاوکردنی هیچ ئایینێك و بیروباوەڕیكی سیاسی، ئەبێت شانازی پێوە بکات و بە خۆشحاڵییەوە یادی چه‌ژنی نه‌ورۆز بکاتەوە، لە بەر ئەوەی جەژنی نەورۆز، جەژنێکی تایبەت بە کوردە و هەلقوڵاوی کۆمەڵگای کوردستانە، بەڵام بە داخەوە لە بەر ئەوەی مێژووی کورد بە دەستی خۆی نەنوسراوەتەوە، بەڵکو داگیرکاران و دوژمن و هەندێك جاریش بە دەستی ڕۆژهەڵاتنناسانی بێیانی بۆ سودی دوژمنان نوسراوەتەوە، بۆیە سەرەتای نەورۆز و خاوەندارێتی وسەر گوزشتەکەی بە هەڵە لێکدراوەتەوە و دزراوە و کراوە بە موڵکی چەند نەتەوەیەکی تریش دواتر بۆ چەند ووڵاتێکی ڕۆژهەڵات بڵاو بۆتەوە وەکو ووڵاتانی ( ئێران، ئەفغانستان، هندستان، بلوجستان، تورکیا ، سوریا، تاجیکستان، گورجستان،  ئازربایجان، ئوزباکستان، پاکستان، کازاخستان، جۆرجیا، تورکمانستان، تەنانەت لە زۆر وولاتی باڵکان)کە میللەتی ئەم ووڵاتانەش هەریەکەیان خاوەنی ئایین و بیروباوەڕی تایبەتی خۆیانن و بە شانازی و خۆشحاڵییەوە یادی نەورۆز ئەکەنەوە، هەر یەکەشیان ناوێکی پێ بەخشیوە .تا لە ڕێکەوتی ١٠- ٥ -٢٠١٠ دا لە٦٤ هەمین کۆبونەوەی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتوەکان دا بە فەرمی دان نرا بە جەژنی نەورۆزدا، کە مێژووەکەی ئەگەڕێتەوە بۆ ٣٠٠٠ ساڵ لەمەوپێش، تا ئێستاش نزیکەی ٣٠٠ ملیۆن مرۆڤ لە جیهاندا یادی ئەم جەژنە ئەکەنەوە.
‌کەچی لە سەدەی٢١ دا و لە هەولێری پایتەختی هەرێمدا، لە ژێر دەسەڵاتی کوردیدا مەلایەك فتوای حەرام کردنی ئاهەنگیڕانی نەورۆز ئەدات، کە جێ ی شەرمەزارییە بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم کە ڕێگا بەو کەسانە ئەدات، مێشکی گەنجانی نەخوێندەوار و ساویلکەی کورد بە حەرامکردنی ئاهەنگی نەورۆز گۆش بکەن و فێری دوژمنایەتی کردنی جەژنی ڕەسەنی نەتەوەیی کورد بکرێن، ئەبوایە دەسەڵاتداران هەوڵیان بدایە لە ڕێی پیاوانی ئایینی و دڵسۆزی کورد و کوردستانەوە، مناڵانی کوردیان بە هەستی کوردایەتی و خۆشەویستی بۆ کوردستان، ڕێز گرتن لە جەژنی نەتەوایەتی کورد ‌پەروەردە بکردایە، نەک چاوپۆشی لەم جۆرە کەسانە بکردایە .

.
‌ئایا ئەم مەلایە ئەزانێت:

+ کەچەندین ڕابەر و سەرکردەی شۆڕشەکانی کورد، لە ئایینی ئیسلامدا توابوونەوە و خواپەرست وخاوەن بڕوایەکی زۆر بون و خزمەتێکی زۆری ئیسلامیان کردووە، شان بەشانی ئەوەش گرنگی تایبەتیان بە ئاهەنگی نەورۆز داوە و ڕێزێکی تایبەتی هەبووە لایان .

 + پێش ئەوەی ئایینی جولەکە و کریست و ئیسلام هەبێت وبڵاو ببێتەوە ، ئاهەنگی نەورۆز هەر هەبووە و یادی کراوەتەوە ،  ئەتوانێت ئەم مەلا زانایە لە سوچێکی پەڕتوکە ئاسمانییەکان دا ووشەی نەورۆز و حەرام بونەکەیمان پێ نیشان بدات ؟

+ ئەی کاتێك کە تەلەفیزۆنەکانی هەرێم، دراما تورکی یەکانی وەك( بێریڤان، دۆڵی گورگ ..تاد ) نیشان ئەدا، کە سوکایەتی ئاشکرا بە کەلتور و کۆمەڵگای کوردستان ئەکەن ، فتوای ڕاگرتن و حەرامکردنی بۆ دەرکردن ؟


‌+ ئەی کاتێک ڕژێمی بەعس بە هەزاران لادێی کوردستان بە مزگەوت و قورئانەوە ئەسوتاندا، ئەی بۆ فتوایەکی لە دژی ڕژێمی بەعس دەر نەکرد ؟

 
‌+ ئەی ئێستا لە لایەن ڕژێمی ئیسلامی ئێران (لەم ووڵاتە ئیسلامییەدا یەك هەفتە یادی نەورۆز ئەکرێتەوە) و تورکەوە بە هەزاران ژن و مناڵ و پیر و گەنجی کورد لە ناوئەبرێن و لەسێدارە ئەدرێن، کەچی هیچ فتوایەکی دژی ئەو ڕژێمانە دەرناکات ؟

+ ئایا ئەم مەلا زانایە هۆنراوی ئەم کەڵە مەلایانەی کوردی خوێندۆتەوە کە باس لە خۆشی نەورۆز ئەکەن، بۆ نمونە:

نالی: تەشریفی نەوبەھارە کە عالەم دەکا نوێ
 دڵ چونکە میسلی خونچەیە بۆیە دەپشکوێ

مەولەوی: نیشانەی نەورۆز وادەی وەھارەن
 یا نەشئەی ئامای نامەی نیگارەن

   حاجی قادری کۆیی: رۆژتە ئەی بایی نەورۆزی لەبن بەفری گران
 کانی پێی سڕ بوو چناریش دەستی چوو پەنجەی تەزی
 سونبولی زوڵف و گوڵی روخسار و سەروی قامەتی
 مانگی نیسان و گوڵان نەیدی لە نێو باخی وزەوی

پیرەمێرد: ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە ھاتەوە
 جەژنێکی کۆنی کوردە بە خۆشی و بە ھاتەوە

   سەید کامیل ئیمامی(ئاوات): ھەی ھەی چ بەھارێکە وەک جەننەتی مەئوایە
 وەک بولبولی زار عاشق ئاو بردەیی سەحرایە

شێخ نافێع مەزھەر (شپرزە): شەماڵ لە لووتکەی کێوی نەکەرۆز
 ھێنایە سەقز پەیامی نەورۆز
 وتی ئەم جەژنەی کاوە و فەرەیدوون
 لە کوردانی پاک پیرۆز بێ پیرۆز

مەلا کەریمی زاری: سەبا ھەستە لە خەو نەورۆز واھات
 بڵێ با لەشکری زستان بڕوات
 بەسە جەور و جەفای بەھمەن و دەی لە دڵ سەبر و لە تەن خۆ گیان دەرھات
 بە ‌سەرمانا کڕێوەی بەفر تاکەی
 بدات و دابپۆشێ شار و دێھات
 ھەتا کەی تەم بەری خورشێد بگرێ
 لە رووناکی بەری بن ھەردو باغات..
 لە بەندیخانەکەی دەردێ گوڵاڵە؟
 ئیلاھی تا بولبول بگات بە ئاوات
 بە ئاوی شەونمت پێویستە سەوزە
 سەر و زڵف و دەم و چاوێک بشوات
 سەبا بێ دێرە نازانی کە "زاری"
 لە جەوری بەھمەن و دەی چی بە سەر ھات؟

   مەلا عومەر ساڵحی ساحێب (کۆلیل): بەھارێکم گوڵی شێن ھەردەکەم شین
 لە "حەوسین"م نراوە ناوی‌ حەو شین
 شەل و شێت و شەق و شڕ، شێعر و شیوەن
 شەوی تاریکی یەلدای بێ گڕ و تین

مەلا غەفوور کەسنەزانی: سەری ساڵە ‌و سەحەر بۆنی عەنبەری
 ئەپڕژێنێ لە حەیفی زمھەریری
 دەبا بولبول بکا شاباش لە ‌بۆ گوڵ
 کە بووکی ئارەزووی ھاتن بەپیری

   مەلا رەحمان ئاوارە: یادگاری چەکوشی کاوەیە نەورۆز
 قەڵای زوحاکی کرد بە ‌تەپ و تۆز
 ئاوری تۆڵەیە، بۆکوردەواری
 لە رەش و رووتی کودستان پیرۆز ***

با ئەم مەلا زانایەی هەولێر چاوێك بە بەرهەمی زۆر لە کەڵە شاعیرانەی تری کوردا بخشێنێت، کە هەستی کوردایەتی و نەتەوایەتیان چەند پیرۆز بووە لایان، لەگەڵ ئەوەی خواپەرستێکی ڕاستەقینەوە و موسلمانێکی دڵسۆزیش بوون بۆ ئایینەکەیان، هەرگیز نەورۆزیان لە یاد نەکردووە

 زۆر سەیرە بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم کە مل کەچن بەرامبەر بە فتوای ئەم کۆنەپەرستانە ، کە لە ژێر ناوی ئایینی ئیسلامەوە بەرژەوەندییەکانی دوژمنی کورد ئەپارێزن و زیان بە کۆمەڵگای کوردستان و کەلتورەکەی ئەگەیەنن و هەستی چەندین ملیۆن مرۆڤی کورد بریندار ئەکەن .ڕۆژێك فتوای حەرامکردنی وێنە، ڕۆژێك ماکیاژ و خۆ ڕازاندنەوەی کچان و ژنان، ڕۆژێك بڕیاری ڕاگرتنی درامای (ئۆکلۆن)، ئینجا هەوڵی حەرامکردنی ئاهەنگی نەورۆز ئەدەن .جا ئێرە هەرێمی کوردستانی خاوەن سیستەمی دیموکراتی و پەرلەمانی یە یان کۆپییەکە لە سیستەمی تاڵیبانی ئەفغانی لە کوردستان ؟

  *** سەرچاوە: ویکیپێدی کوردی و ئەڵمانی


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.