ڕێکەوتنی یەکینەکانی پاراستنی گەل لەگەڵ ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا و دەرەنجامەکانی ...جەلال چوارتایی

ڕێکەوتنی یەکینەکانی پاراستنی گەل لەگەڵ ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا و دەرەنجامەکانی ...جەلال چوارتایی

بەشی یەکەم - سەرنج و تێبینی لەسەر بەندەکانی ڕێکەوتننامەکە :-

لە یەکەم ڕۆژی دروستبوونی ئارتەشی (ئازاد)ی سوریاوە تا ڕۆژی تێکشکانیان لە "سەرێکانی"، هەمیشە تۆمەتی جۆراوجۆریان ئاڕاستەی لایەنی کوردی دەکرد و بە هاوکار و شەبیحەی ئەسادیان ناو دەبردن .بەڵام دوای سێ جار هێرشکردن بۆ "سەرێکانی" و تێکشکاندنە یەک لە دوای یەکەکانیان ناچار بوون کە هانا بۆ ڕێکەوتن بێنن و ڕێکەوتنێکی 11 بەندی واژۆ بکەن .کورتەی ڕێکەوتنەکە بریتییە لە :-

1- پاشەکشەکردن و نەهێشتنی دیاردەی چەکداری لە شارەکەدا .2- دامەزراندنی دەستەیەکی چاودێری کاتی لە هەردولا بۆ جێبەجێکردنی بەندەکانی ڕێکەوتننامەکە .3- دامەزراندنی ئەنجومەنێک لە تەواوی پێکهاتەکان بۆ بەڕێوەبردنی شارەکە .4- دەروازەی سنوور دەدرێتە دەست ئەنجومەنی شارەکە .5- ئەنجومەنی شارەکە بڕیاردەر و ڕێگرە لە دەستێوەردانی سەربازی لە کار و بارەکان .6- یەپەگە و ئارتەشی ئازاد زاڵگەی هاوبەش "خاڵی کۆنترۆڵی هاوبەش" دادەنێن لە دەروازەکانی شار .7- زاڵگە هاوبەشەکان کار ئاسانی دەکەن بۆ گواستنەوەی پێداویستی و دەربازبوونی خەڵک و هێزی چەکدار لە لایەکەوە بۆ لایەنی بەرامبەر.8- هەردوو لایەن هاوکار دەبن بۆ ئازادکردنی ئەو شارانەی کە بە داگیرکراوی ماونەتەوە .9- بە ڕاگەیاندنێکی هاوبەش دیاری بکرێت کە شارەکانی "درباسیە-عامودا-تەل‌تەمر-گرکی لەگێ" ئازادکراون لە دەست ڕژێم .10- کۆتایهێنان بە ڕاگەیاندنی دژ بە یەک .11- پێشەکی ڕێکەوتننامەکەش یەک لە خاڵە سەرەکیەکانە .

 بڕوانە ئەم لینکەی خوارەوە :-

http://www.welati.info/nuce.php?ziman=ar&id=5618&niviskar=192&cure=3&kijan=

بەندەکانی [ یەکەم و سێیەم و چوارەم و پێنجەم و حەوتەم و نۆیەم و دەیەم و یازدەهەم ] بریتین لە ئامانجە سەرەکیەکانی پەیەدە و یەپەگە و ئەنجومەنی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان .هەر لەگەڵ سەرهەڵدانەکانی گەلانی سوریادا پەیەدە زۆر چالاکانە کەوتە خۆ بۆ دامەزراندنی ئەنجومەنی گەل لە لایەک و ئەنجومەنی ئەو شار و گوند و گەڕەکانەی کە دەکەوتنە ژێر دەسەڵاتی، هەوڵی زۆری دەدا کە تەواوی پێکهاتە جۆراو جۆرەکان لە ئاین و نەتەوەی جیاواز بەشدار بکات لە ئەنجومەنی شار و گوند و گەڕەکەکاندا و ئەنجومەنەکە بکاتە بڕیاردەری سەرەکی، پەیەدە هەوڵی زۆری دەدا هێزی چەکدار لە شارەکان بچنە دەر بۆ کۆنترۆڵکردنی سنورەکان و دەروازە و ڕێگە سەرکیەکان و شوێنی خۆی لە شار و گوندەکاندا بسپێرێتە هێزی ئاسایش .

پەیەدە هەوڵی زۆریدا خۆی لە ململانێی حیزبایەتی بە دوور بگرێت و زمانی زبر و ڕاگەیاندنی شەڕخوازانە جێگەی دیالۆگ و زمانی ئاشتیخوازانە نەگرنەوە، هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە خۆی بە بەشێک لەو شۆڕشە پێناسە کرد بە چەندین جیاوازیەوە، ئەو جیاوازیانەش ئەوە بوو کە هێڵێکی سەربەخۆیان هەڵبژارد و خۆیان گرێ نەدا بەو هێزانەوە کە لە تورکیاوە گەورە دەکران، لە هەمان کاتدا هەر دەستێوەردانێکی دەرەکی ڕەت دەکردەوە و برایەتی گەلانی بە بناغە دادەنا و دەیخواست لە ڕێگەی خۆپیشاندانی جەماوەری و بە شێوەیەکی ئاشتیانە مافەکانی کوردان دەستەبەر بکات .بەڵام لایەنەکانی دیکە و لە سەروی هەموویانەوە ئیخوان‌الموسلمین و ئارتەشە بەناو ئازادەکەیان هیچ حسابێکیان بۆ خۆپیشاندانە جەماوەریەکان نەکرد و هەر لە سەرەتاوە خۆیان گرێدا بە تورکیا و هێزە دەرەکیەکانەوە و شەڕیان خستە نێو ماڵی خەڵک و تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی کە هێرش بکەنە سەر هەموو ئاین و مەزهەب و نەتەوە جیاوازاەکان و زۆرترین بێحورمەتیان بە سیمبوڵ و شوێنە ئاینیەکانی نەتەوە و ئاینە جیاوازەکان کرد و ئاڕاستەی سەرهەڵدانەکانیان لە شۆڕشەوە گۆڕی بۆ ئاژاوەگێڕی .

بەندی یازدەهەم، پەیوەستە بە پێشەکی ڕێکەوتننامەکەوە و یەک لەو خاڵانەی دیکەیە کە ئامانجی پەیەدە بوو، پێشەکی بەیاننامەکەش باس لە ئازادی سوریا و پێکەوە ژیانی برایانە و قبوڵکردنی بیر و باوەڕە جیاوازەکان و یەکپارچەیی خاکی سوریا و سیستەمی پەڕلەمانی دەکات .

بەندی دووەم، پەیوەستە بە دامەزراندنی دەستەیەکی چاودێری کاتی بۆ جێبەجێکردنی بەندەکانی ڕێکەوتننامەکە .ئەم بەندە هێندە گرنگیەکی ئەوتۆی نییە و لە هەموو ڕێکەوتننامەیەکدا ئەو کارە دەکرێت، لە ڕاستیدا ئەو بەندە تەنها بۆ زیادکردنی بەندەکانە دەنا بەبێ زیادکردنی ئەو بەندەش ئەو دەستەیە هەر دادەمەزرا .

بەندی چوارەم باس لە دەروازەی سنوور دەکات و پێویستە ڕادەستی ئەنجومەنی شارەکە بکرێت .ئەم خاڵەش 100% لە بەرژەوەندی کوردان و پەیەدەدایە، چونکە هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانەکانی سوریادا ئەو دەروازە سنوورییە لەلایەن تورکیاوە داخرا، پاشان دەروازەکە ڕادەستی ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا کرا و تەواوی چەتەکانی ئارتەشی (ئازاد) لەو دەروازەیەوە هێرشیان دەکردە سەر شاری سەرێکانی، ڕادەستکردنی دەروازەکە بە ئەنجومەنی شار هۆکارێک دەبێت بۆ کردنەوەی دەروازەکە لە لایەن تورکیاوە، ئەو کات هەم داهاتی دەروازەکە دەگەڕێتەوە بۆ گەل و هەم چەتەکانی ئارتەشی (ئازاد)ی سوریاش لەو دەروازەیە دوور دەکەونەوە .بە حوکمی ئەوەی دەروازەکە لەسەر سنوورە ئەوا هیچ کاتێک یەکینەکانی پاراستنی گەل نەیاندەتوانی دەستی بەسەردا بگرن، دەنا ئەگەر وا نەبوایە ئەوا چۆن ئارتەشی (ئازاد) لە تەواوی شاری سەرێکانی دەرکران دەتوانرا لەو دەروازەیەش دەربکرێن .

بەندی شەشەم باس لە بازگەی هاوبەش "خاڵی کۆنترۆڵی هاوبەش" دەکات .ئەم بەندە زۆر ئاڵۆزە (واتە هەم لایەنی باشە و هەم لایەنی خراپی تێدا بەدی دەکرێت) .ئەگەر ئەم بەندە جێبەجێ بکرێت ئەوا :-

لایەنە خراپەکانی ئەوەیە کە :- دوو هێزی جیاواز بە دوو ئایدۆلۆژیای جیاواز و دوو مەرامی جیاوازەوە مەحاڵە تا سەر بتوانن پێکەوە لە بازگە هاوبەشەکاندا هەڵبکەن، لە هەمان کاتدا ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا هیچ پێگەیەکی ئەوتۆی نییە لە نێو شارەکەدا و زۆربەی چەکدارەکانی لەو کەسە جیهادیانە پێکهاتوون کە غەیرە سورین و لە وڵاتانی دیکەوە هێنراون .ئایا لە کاتێکی وەهادا چ جۆرە کەسانێک لەلایەن ئارتەشی ئازادەوە دەستنیشان دەکرێن بۆ زاڵگە هاوبەشەکان ؟ بێگومان کەسانی بێگانە و غەیرە سوری بۆ ئەو جێگانە نابن .هەروەها لە دیدی ئیخوان‌الموسلمینەوە نابێت ئافرەتان لە دەرگای ماڵەکانیان بێنە دەرەوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە ڕێژەیەکی بەرچاو لە یەکینەکانی پاراستنی گەل لە ئافرەتان پێکهاتوون و ئاسایشی شارەکە دەپارێزن .

لایەنە باشەکانی ئەم بەندەش ئەوەیە کە :- شارەکانی( کۆبانی و عەفرین و تەل‌حاسڵ و تەل‌عەران و کوردەکانی حەلەب) ڕزگاریان دەبێت لەو گەمارۆ دڕندانەیەی کە لە لایەن ئارتەشی (ئازاد)ی سوریاوە بەسەریاندا سەپێنراوە، چونکە جوگرافیای ڕۆژئاوای کوردستان یەکگرتوو نیە بەڵکو خاکەکەی لێک دابڕاوە و لە نێوان هەر شارێک و شارێکی دیکەدا ناوچەیەکی بەرفراوانی عەرەبی هەیە و تەواوی ئەو ناوچە عەرەبنشینانەش بە دەست ئارتەشی (ئازاد)ی سوریاوەیە .ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا لەگەڵ ئەوەی گەمارۆی دەخستە سەر ئەو شارانە لە هەمان کاتدا زۆربەی کاتەکان ڕێگەی هاتوچۆیان لە کەسە سڤیلەکانیش دەگرت، باشترین نموونەش لە کاتی شەڕەکانی "ئەشرەفیەی حەلەب و سەرێکانی"دا بەدەرکەوت، کاتێک ئارتەشی ئازاد لەو شەڕانەدا تێکشکا لە بەرامبەردا ڕێگەی هاتوچۆی نێوان (حەلەب - عفرین) و (کۆبانێ - سەرێکانی)یان لە ڕێبواران بڕی و بە سەدان کرێکار و ژن و منداڵی کوردیان بە بارمتە گرت .

بەندی هەشتەم باس لە هاوکاری نێوان یەکینەکانی پاراستنی گەل "یەپەگە" و ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا دەکات بۆ ئازادکردنی ئەو شارانەی دیکەی جزیرە"پارێزگای حەسەکە" کە هێشتا لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمدان .ئەم بەندە هیچ سودێکی بۆ کوردان نییە، چونکە گەورەترین دوو شاری ناوچەی جزیرە واتە(حەسەکە و قامشلۆ) هێشتا ئازاد نەکراون .هاتنی ئیخوان‌الموسلمین و ئارتەشە بەناو ئازادەکەیان بۆ ئەو دوو شارە گەورەترین قەیران ساز دەکات، چونکە ئارتەشی ئازاد ڕووی لە هەر جێیەک کردبێت ئەو جێیەی لە خوێن هەڵکێشاوە و شوێنەکەشی دووچاری وێرانی کردووە .ئەگەر ئیخوان‌الموسلمین و ئارتەشە بەناو ئازادەکەیان بەم کردەوە قێزەونانەوە ڕوو لەو دوو شارە کوردیە بکەن دەبێت چ کارەساتێک ڕووبدات لە کاتێکدا وەکو سەرسەختترین دوژمن لە کوردان دەڕوانن ؟

درێژەی هەیە ...

جەلال چوارتایی


 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.