دینار بۆته بیروباوه‌ڕ...عمر امین علی - ڕانیه
به‌هاری عه‌ره‌بی خه‌ریكه پایز به‌سه‌ر دۆزی كورددا دێنێت، كوردیش له‌به‌ر ململانێی ناوخۆی، زۆر به‌زه‌حمه‌ت ده‌توانێت درز‌و كه‌له‌به‌ره‌كانی ساڕێژبكات و هه‌نگاوی شارستانیانه‌ی گه‌وره بهاوێت، (شوبات) خه‌ریكه ئه‌نفال و كیمابارانمان له‌بیرده‌باته‌وه، هه‌سته‌نه‌ته‌وه‌ییه‌كان خه‌ریكه له‌گۆڕده‌نرێن، دینار بۆته بیروباوه‌ڕ، به‌ڕاستی تێكڕای كورد به‌ڕێبازێكی هه‌ڵه‌دا ده‌ڕۆن بۆداربینكردنی دواڕۆژی نه‌ته‌وه‌كه‌یان، به‌م هه‌ڵسوكه‌وته‌ی ئێستای حیزبه كوردستانیه‌كان ئاینده‌یه‌كی ڕه‌ش له‌ناوماندا ده‌رده‌كه‌وێت، ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن دژ به‌یه‌كترین بۆ ده‌ستگرتن به‌سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵاتدا، كه‌س بیر له‌به‌رژه‌وه‌ندی میلله‌ت ناكاته‌وه، جا له‌و ململانێیه‌دا ئایا ئۆپۆزسیۆن ده‌توانێت سه‌ر به‌ده‌سه‌ڵات شۆڕبكات؟ ئایا ئه‌م ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه كه ئێستا سیاسیانه‌یه ده‌گاته ئه‌ندازه‌ی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌كداری؟ یان شێواندنی باری ناو شه‌قامی كوردی؟ ئایا هه‌ندێك له‌ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن ڕۆڵی خۆشكردنی ئاژاوه‌كه نابینن له‌م له‌سه‌رده‌مه‌ی ئێستادا؟ ئایا ئه‌و چاكسازیه‌ی ئۆپۆزیۆن داوای ده‌كات، مانای ئه‌وه‌ناگه‌یه‌نێت كه ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ستی خۆی گۆڕ بۆخۆی هه‌ڵكه‌نێت؟ ئه‌گه‌ر بارێكی وه‌ها هاته‌پێشه‌وه پارتی و یه‌كیه‌تی ناچاربكرێن واز له‌ده‌سه‌ڵات بێنن، ئایا ئۆپۆزسیۆن ئه‌و توانایه‌ی هه‌یه كوردستان به‌ڕێوه‌ببات؟ ئه‌گه‌ر هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی پارتی و یه‌كیه‌تی به‌ره‌كانی جه‌نگ جێبێڵن، ئایا كورد هێزێكی تری یه‌ده‌گی هه‌یه جێگه‌ی ئه‌وان بگرێته‌وه؟ ئایا سوكایه‌تیكردن به‌سه‌ركرده كورده كۆچكردووه‌كان هیچ شتێك له‌به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی نه‌ته‌وه زیادده‌كات؟ پرسیار زۆرن، به‌ڵام دۆزه‌كه ئه‌وه‌نده بۆگه‌نیوه، پێویسته هه‌رتاكێك له‌لای خۆیه‌وه هه‌ڵوێسته‌یه‌ك بكات و ژیرانه بیربكاته‌وه بۆئه‌وه‌ی تووشی كاره‌ساتێكی نه‌ویستراو نه‌بین.
وه‌كو كوردێكی بێلانه ئه‌گه‌ر به‌دووربینی عه‌قڵ ته‌ماشای ڕووداوه‌كان بكه‌یت، ده‌بینی هه‌موو هه‌ڵوێستێكی ئۆپۆزسیۆن دژی مه‌سعود بارزانی و بنه‌ماڵه‌كه‌یه‌تی، به‌نه‌مانی بارزانی و بنه‌ماڵه‌كه‌شی له‌مه‌یدانه‌كه‌دا كێشه‌كان چاره‌سه‌ر نابن، به‌ڵكو زۆریش ئه‌سته‌مه‌و ئاڵۆزتریش ده‌بن، جا له‌كاتێكدا كه‌یه‌كتری قبوڵناكه‌ین، به‌دڵنیاییه‌وه چاكسازیه‌كان به‌ئاره‌زووی هه‌مووان نابێت، بڕوبیانوی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ش دێنه‌ئاراوه، سوكایه‌تیكردن به‌سه‌ركرده‌یه‌كی وه‌كو مسته‌فا بارزانی له‌م كات و ساته‌دا، ئننه‌یه‌كی تێدایه، كه من ترسم له‌و ئننه‌یه هه‌یه، مێژوو سه‌لماندوویه‌تی كه‌بارزانی سه‌ركرده‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌ی كورده، بۆچی له‌م كات و ساته‌دا له‌كه‌ناڵێكی كوردستانیه‌وه سوكایه‌تی به‌م سه‌ركرده‌یه بكرێت، بارزانی ته‌نها موڵكی پارتی نییه، به‌ڵكو موڵكی هه‌موو كورده، مێژووی نیوسه‌ده‌ی ڕابردووی كورد سه‌لماندوویه‌تی كه مسته‌فا بارزانی تاقه سه‌ركرده‌بووه هه‌موو كوردی له‌ژێر ئاڵای شۆڕشه‌كه‌یدا كۆكردۆته‌وه، به‌ڵام واهه‌ستده‌كرێت ئه‌م هه‌واڵانه له‌م كات و ساته‌ی ئێستادا، وه‌كو چه‌رخێك وه‌هابێت بۆكه‌وتنه‌وه‌ی ئاگرێكی سوتێنه‌ر، له‌لایه‌كی تریشه‌وه ماوه‌یه‌كه ورته‌ورتێك له‌ناو شه‌قامدا سه‌ری هه‌ڵداوه كه له‌بیره‌وه‌ری (17) ی شوبات خۆپیشاندان ده‌كرێت، من واهه‌ستده‌كه‌م زامی ئه‌و شه‌هیدانه هه‌موویان له‌جه‌سته‌ی كه‌سانی نیشتیمانپه‌روه‌ردان، به‌ڵام هه‌ركاردانه‌وه‌یه‌ك له‌وڕۆژه‌دا برینه‌كان قوڵترده‌كه‌نه‌وه، لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتیش به‌ئاسانی ده‌ستدانادات، له‌به‌رئه‌وه‌ی ته‌نها ده‌سه‌ڵات تاوانبار نیه له‌م كێشانه‌دا، به‌ڵكو هه‌موومان تاوانبارین، لایه‌نێك بیه‌وێت به‌فیكه‌ی گه‌نجه‌كان ده‌سه‌ڵات بڕوخێنێت، ئه‌وه خه‌ونه نایه‌ته‌دی، وه‌هاشی نابینم ئێره (تونس) بێت و مه‌سعود بارزانیش (زه‌ینه‌لعابدینی كوڕ عه‌لی) نیه زووهه‌ڵێت و بۆیده‌رچێت، بۆیه قوڵكردنه‌وه‌ی ئه‌م كێشانه، كوردستان به‌ره‌و ڕه‌وشی ئێستای سوریا ده‌بات، ئاوابڕوات كوردستان له‌تده‌بێت، له‌تێكی دۆستی ڕۆژئاوا‌و له‌ته‌كه‌ی تریشی دۆستی ئێران، به‌دڵنیاییه‌وه له‌ته‌كه‌ی دۆستی ئێرانیش پارچه‌پارچه ده‌بێت هه‌رپارچه‌یه‌ی له‌سه‌ر مه‌زهه‌بێك، هه‌موو حیزبه‌كوردستانیه‌كان له‌ده‌ره‌وه‌ڕا ده‌جوڵێنرێن، ئێمه‌ی هه‌ژاریش ده‌بین به قوربانیده‌ر، خوێنی شه‌هیده‌كانیشمان وه‌كو مه‌ره‌كه‌بێكی ڕه‌ش به‌سه‌ركاغه‌زه‌كانه‌وه ڕۆژبه‌ڕۆژ به‌ره‌و كاڵبوونه‌وه ده‌ڕوات، بۆیه ڕوودوكه‌مه ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن و ده‌ڵێم: بیكه‌ن به‌خاتری خوا، به‌سه چیتر خوێنی ئه‌م خه‌ڵكه به‌به‌لاش مه‌ڕێژن، واچاكه ڕۆژی (17) ی شوبات كه‌س گوی له‌ده‌هۆڵ و زوڕنای سه‌رخۆشكه‌ر نه‌گرێت و كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندنیش خۆیان دووربگرن و هیچ هه‌واڵێك بڵاونه‌كه‌نه‌وه كه ببێته مایه‌ی بارگرژی، بۆبنه‌ماڵه‌ی شه‌هیده سه‌ربه‌رزه‌كانیش واچاكه خوێنی شه‌هیده‌كانیان بكه‌نه مه‌ره‌كه‌بی ته‌بایی بۆله‌دایكبوونی ده‌ستووره‌كه‌ی كوردستان.
8/2/2013
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
