حكومه‌تی له‌سه‌ره مه‌رگی كۆماری ئیسلامی به‌رده‌وامه له تاوان و گوێڕایه‌كی هیچ یاسا و ریسایهكی ئینسانی و ئیسلامی و نێوده‌وڵه‌تی نابێت و له‌م دواییانه‌دا شهپۆلێكیتری نوێی ئیعدام و له سێداره‌دان رووی له زیندانیانی سیاسی به گشتی و لاوانی كورد به تایبه‌تی كردووه. حكومه‌ت ده‌یه‌وێت به ئیعدامكردنی زیندانیانی سیاسی، ره‌وتی په‌ره‌سه‌ندووی ناڕه‌زایه‌تییه جه‌ماوه‌رییه‌كان بگرێته‌وه. به تایبه‌تی كه ئێستا شهڕهگورگی ناو ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران قووڵتر و باری ئابووریی وڵات شپرزه‌تر و خه‌ڵكی ئێران تووڕه‌تره له جاران..
(سامان نه‌سیم) كاتێ ده‌ستگیر كرا گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 17 ساڵ بوو. به هۆی لایه‌نگریكردنی له پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك) بڕیاری ئیعدامكردنی بۆ ده‌رچوو. چه‌ند مانگ به سه‌ختی ئه‌شكه‌نجه درا. شه‌هید سامان یه‌كێك بوو له مانگرتووانی زیندانی ورمێ له مانگی گه‌ڵاڕێزانی رابردوو بۆ ماوه‌ی 33 رۆژ مانیان گرتبوو له خواردن و ئه‌وه‌ش وایكرد كه هێزه‌كانی حكومه‌ت ئه‌زیه‌ت و ئازاری زیندانیه سیاسیه‌كانیان زیات بكه‌ن و ته‌نانه‌ت گوشاریان خستووه‌ته سه‌ر كه‌س و كاری ئه‌و زیندانیانه بۆ ئه‌وه‌ی داوایان لێ بكه‌ن واز له مانگرتنه‌كه‌یان بهێنن.
سامان نه‌سیم له كاتێكدا ئیعدام كرا كه له ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا زۆرێك له حكومه‌تان و رێكخراوه جیهانیه‌كان داوایان كردبوو بڕیاری ئیعدامكردنه‌كه هه‌ڵوه‌شێته‌وه.. هاوكات هه‌موو رێكخراوه سیاسییه ئێرانی و كوردییه‌كان وریاییان دابوو له ئاست ئیعدامكردنی سامان نه‌سیم و زیندانیانی سیاسی له ئێران. به‌ڵام حكومه‌تی ئێران كه تا ئێستا 61 جار له لایه‌ن رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه به توندی شه‌رمه‌زار كراوه وه‌ك رابردوو گوێی نه‌دایه ناڕه‌زایه‌تییه‌كان و جارێكی‌تر پێناسه‌ی دژه‌مرۆڤایه‌تی حكومه‌تی ولایه‌تی فه‌قیهی خسته‌ڕوو.
كۆمه‌ڵه‌ی (ژنانی ئازاد) ی كوردستان وێڕای شه‌رمه‌زاركردنی له سێداره‌دانی (سامان نه‌سیم) ی قاره‌مان داوا له هه‌موو لایه‌ك ده‌كات گوشارێكی نێوده‌وڵه‌تی درووست بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ته‌كلیف له دادگای نێوده‌وڵه‌تیی تاوانه‌كان بكات له دۆسێیه‌ی پێشێلكارییه‌كانی حكومه‌تی ناسه‌رده‌میانه و دژه‌مرۆڤانه‌ی حكومه‌تی ئێران بگرێته خۆی و به‌دواداچوونی له‌سه‌ر بكات.
كۆمه‌ڵه‌ی (ژنانی ئازاد) ی كوردستان
20-02-2015
