تێبينی: ئێمه وه‌کو چه‌ند هاوبيرێکی بيروباوه‌ڕی نه‌ته‌وه‌يی کوردی و رێبازی مرۆڤدۆستانه و سهردهميانهی کوردايهتی، ئه‌م پێشنياز و داخوازييانه بۆ مێژوو ئاڕاسته‌ی سه‌رکردايه‌تيی پارتی و يه‌کێتی و گۆڕان و سياسهتمهدارهکانی ده‌سه‌ڵاتی باشووری کوردستان ده‌که‌ین، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ی کورد بمانه‌وێت، ئه‌م ئه‌زموونه‌ی باشوورمان، ئه‌م ئازادی و ده‌سه‌ڵاته خۆماڵی و خۆبهڕيوهبردنهمان، به‌رده‌وام بێت و بمێنێته‌وه هه‌ره‌س نه‌هێنێت، پێويسته و ده‌بێت، بێ دواخستن، هه‌نگاو بۆ جێبه‌جێکردنی ئه‌م پێشنياز و داواکارييانه بنرێت. ئه‌گه‌ر به زووترين کات فريای خۆمان نهکهوين، به دڵنيايیهوه له چه‌ند ساڵی داهاتوودا، له باشووری کوردستاندا، هه‌مان ئه‌زموون و رووداوه کارهساتاوييهکانی ئێرانی ئيسلامی و ئه‌فگانستانی سه‌رده‌می تاريکستانی تاڵيبان، به خراپترين شێوه‌ی خۆی، دووباره ده‌بێته‌وه.
له پێناوی کوردستانێکی ئازاد و پڕ له ئاشتی و خۆشگوزه‌رانی و پێکهوهژيانی پێشکه‌وتووانه‌ی مرۆڤدۆستانه‌دا.
هه‌تا کار له کار نه‌ترازاوه و له‌مه دره‌نگتر نه‌بووه، داوا له سه‌رکردايه‌تيی پارتی و يه‌کێتی و گۆڕان و ده‌سه‌ڵاتی باشووری کوردستان ده‌که‌ين:
- وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی ئيسلامچێتی و تهعهرهبچێتی دابخه‌ن و شوێنه‌كه‌ی بکه‌ن به بنکهيهکی رۆشنبيريی نه‌ته‌وه‌يی و بوودجه‌که‌ی بۆ هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان ته‌رخان بکه‌ن.
- هه‌موو باند و گروپه ئيسلامييه سياسييه‌کان به ياسا، ياساخ بکه‌ن و کۆتايی به تهعريبچێتی: ئيسلامچێتيی سياسی و ئيخوانچێتی و تۆرانيچێتی و وه‌هابيزم و سهلهفيزم و داعشيزم بهێنرێت.
- گشت ئه‌و که‌ناڵه تيڤيی و راديۆ و بنکه ئيسلامييه سياسيانه دابخرێن و هيچ که‌س و لايه‌نێک بۆی نه‌بێت به‌ناوی خوا و ئايينه‌وه، خۆی تێکه‌ڵی کاروباری ژيانی ميللهت و ده‌سه‌ڵاتی سياسی بکات.
- وتار خوێندنه‌وه‌ی مه‌لا و بانگخواز و مامۆستا ئايينييهکان له‌ژێر سه‌رپه‌رشتيی لايه‌نه پێوهنديدارهکانی ئاساييشی نه‌ته‌وه‌يی و نيشتمانيدا بێت.
- هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی وتار و گرته‌ی ڤيدیۆيی خۆيان بڵاوکردووه‌ته‌وه، که تێيدا بانگاشه و بانگهوازيان بۆ بيرکتدنهوه و کاروکرده‌وه‌ی توندوتيژی و تهعريبچێتی کردووه، رووبه‌ڕووی لێپێچينه‌وه‌ی ياسايی بکرێنه‌وه و سزای خۆيان وه‌ربگرن.
- سه‌ردانکردنی مزگه‌وت و کۆبوونه‌وه ئايينييهکان، ته‌نها بۆ ئه‌و که‌سانه بێت که ته‌مه‌نی ياسايی رێگه‌يان پێده‌دات. منداڵان و لاوانی خوار 18 ساڵ به هیچ شێوه‌یه‌ک بۆيان نه‌بێت و رێگه پێنهدرێن که به‌شداريی ئه‌و شوێن و کۆبوونه‌وانه بکه‌ن.
- ده‌رگای مزگه‌وته‌کان کراوه و ئازاد بێت بۆ کۆبوونه‌وه گشتييه فه‌رهه‌نگی و رۆشنبيری و کۆمه‌ڵايه‌تييه خزمه‌تگوزارييه‌کان.
- وانه‌ی ئايينی له خوێندنگه‌کانی سه‌ره‌تايی و ناوهندييهکاندا لاببرێت، يان به‌گشتی هه‌موو ئايينهکانی جيهان وه‌کو يه‌ك بخرێنه به‌رنامه‌ی فێرکاری و خوێندنه‌وه.
- هه‌موو ئه‌و چاپهمهنييانهی که له رابووردوودا به‌ناوی ئيسلاميی سياسييه‌وه بڵاوکراونه‌ته‌وه، له بازاڕه‌کاندا ياساخ بکرێن و ياسای سانسۆر بۆ گشت به‌رهه‌م و چاپهمهنييهکانی سه‌ربه ره‌وتی نه‌خوازراوی سهلهفيزم و وه‌هابيزم و ئيخوانيزم و تۆرانيزم و داعشيزم و تهعريبچێتی، دابنرێت و کۆتايی به پاشاگهردانيی ميديا و راگهياندی زيانبه‌خش و نه‌خوازراو بهێنرێت.
- گشت شوێنه پووچپهرستييه دواکه‌وتووه‌کانی وه‌کو نووشتهخانه و جادووگهريخانه و دهروێشخانه و شوێنه ناياساييه ئايينييهکان دابخرێن و به‌ياسا، ياساخ بکرێن.
- هه‌وڵ بدرێت، به‌پێی توانا، له هه‌موو گه‌ڕێکی شار و شارۆچکه‌کاندا، بنکه‌یه‌کی فه‌رهه‌نگی و رۆشنبيريی نه‌ته‌وه‌په‌روه‌ری و نيشتمانپه‌روه‌ری و ژينگهپارێزی و په‌روه‌رده‌ی ئاشتيخوازانه و مرۆڤدۆستانه دابمه‌زرێنرێت که له‌لايه‌ن کۆمه‌ڵناسان و ده‌روونناسان و پسپۆڕه تايبهتييهکانی ئه‌م بووارانه سه‌رپه‌رشتی بکرێن.
- رێگه و مۆڵه‌تی ياسايی بدرێت که پارتێکی نه‌ته‌وه‌يی پێشکه‌وتووی سه‌رده‌ميانه دروست بکرێت و وه‌کو پێويست له‌لايه‌ن ده‌سه‌ڵاتی کوردييه‌وه پشتيوانی و کۆمه‌کی ياسايی بکرێت.
هاوبيرانی بيروباوه‌ڕی نه‌ته‌وه‌يی و رێبازی کوردايهتی
- 2. 2015
تکا له ئێوه‌ی به‌ڕێز و دڵسۆز ده‌که‌ين، ئه‌م نووسراوه بۆ هاوڕێکانتان بنێرن و بڵاوی بکه‌نه‌وه.
هه‌موو کوردێکی دڵسۆز و نه‌ته‌وه‌په‌روه‌ر و نيشتمانپه‌روه‌ر، ده‌توانێت خۆی به خاوه‌نی ئه‌م پێشنياز و داخوازييانه بزانێت و هاوکار و هاوبير و هاوڕێمان بێت.
