"سەبارەت بە 111 کچ" لە فیستیڤاڵی ئافرەتانی "ئایچی" ژاپۆن نمایش دەکرێت

فیلمی سینەمایی "سەبارەت بە 111 کچ" لە دەرهێنانی هاوبەشی ناهید قوبادی و بیژەن زەمانپیرا لە 18مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئافرەتانی "ئایچی" لە وڵاتی ژاپۆن نمایش دەکرێت.

فیلمی سینەمایی "سەبارەت بە 111 کچ" لە دەرهێنانی هاوبەشی سینەماکارانی کورد ناهید قوبادی و بیژەن زەمانپیرا لە نوێترین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا بە نوێنەرایەتیی لە هەرێمی کوردستان کاتژمێر 10/10ی ڕۆژی شەممە 7ی ئەیلوول / سێپتەمبەری 2013 لە بەشی فیلمە دراماکانی 18مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئافرەتانی "ئایچی" Aichi لە هۆڵی ویڵ هاڵ لە شاری ناگۆیای ناوەندی پارێزگای ئایچی لە وڵاتی ژاپۆن نمایش دەکرێت.

بڕیاروایە کارناسی سینەمای ئێران و دانیشتووی وڵاتی ژاپۆن خاتوو "شۆهرە گولپەرییان" لەسەر ئەم فیلمە 79 خولەکییە کوردییە بێتە ئاخاوتن.

ئەم فیستیڤاڵە ساڵی 1996 بە مەبەستی بەرەوپێشچوون و پشتوانی کردن لە فیلمسازانی ئافرەت و ئاڵووگۆڕی بیروڕای نێودەوڵەتیی لە نێوان سینەماکاراندا دامەزراوە و هەموو ساڵێک بە بەشداری بەرهەمی سینەماکارانی ئافرەتانی دنیا، کردنەوەی کۆنفڕانس، کۆڕ و کۆبوونەوە و گۆڕینەوەی بیروڕا بە ئامانجی توێژینەوە و گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی یەکسانی ڕەگەزایەتیی بەڕێوەدەچێت.

فیلمی سینەمایی "سەبارەت بە 111 کچ" کە ئایدیای سیناریۆکەی بیرۆکەی سینەماکاری ناوداری کورد بەهمەن قوبادییە و سیناریۆکەی لە لایەن سینەماکاری کورد بەتین قوبادی نووسراوە، دوای بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین فیلمی بەشی پێشبڕکێی پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمە ئاسیاییەکان Pan- Asia لە وڵاتی بەریتانیا لە مۆزەخانەی هونەرەکانی پاڵم سپرینگ لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا.

ئەم فیلمە لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا بە نوێنەرایەتیی لە هەرێمی کوردستان لە بەشی "تەرکیز لە سەر فیلمە کوردییەکان" لە میانەی چل و هەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کاڕڵۆویواری Karlovy Vary لە سێ سانسی جیاوازدا لە ڕۆژانی 30ی حوزەیران / یۆنیۆ و 1 و 5ی تەمموز / یۆلیۆی 2013 لە شوێنەکانی تیئاتری هۆسۆڤکا و سینەما ئێسپەک دۆڕلیانسی شاری کاڕڵۆویواری لە وڵاتی کۆماری چیک نمایشکرا.

فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کاڕڵۆویواری گرینگترین فیستیڤاڵی ڕۆژهەڵاتی ئەرووپایە و یەکێکە لە گرینگترین فیستیڤاڵەکانی سینەمای دنیا کە خولی چل و هەشتەمینی بە نمایشی کۆمەڵێک فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە ڕۆژانی 28 حوزەێران / یۆنیۆ تا 6ی تەمموز / یۆلیۆی 2013 لە شاری کاڕڵۆویواری لە وڵاتی کۆماری چیک بەڕێوەچوو.

بۆ زانیاری زیاتر:

http://www.aiwff.com/2013/en/films-en/drama-en/about-111girls.html


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

بابەتی زیاتری نووسەر