هه‌ندێ لایه‌ن و سیاسی و رۆشنبیرانمان ده‌ڵێن ئه‌مڕۆ هه‌لومه‌رجه‌كه له‌بار نییه بۆ راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان به‌بێ خستنه‌ڕووی پاساوی مه‌نتقی و به‌بێ خستنه‌ڕووی پڕۆژه و نه‌خشه رێگه‌ی دیكه وه‌كو به‌دیلێك بۆ سه‌ربه‌خۆیی، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌مڕۆ له‌بارترین كاته بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و مافه ره‌وایه‌ی میلله‌ته‌كه‌مان.
به كورتی له‌به‌ر ئه‌م خاڵانه:
1-وڵاتانی عه‌ره‌بی : هیچ كاتێك هێنده‌ی ئه‌مڕۆ شه‌قامی عه‌ره‌بی و هێزی عه‌ره‌بی په‌رت و بڵاو و بێهێز نه‌بووه، به‌شێوه‌یه‌ك كه وڵاتێكی كاریگه‌ری وه‌كو سعوودییه به‌ئاشكرا پشتیوانی له ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان ده‌كات نه‌ك ته‌نها له باشووری كوردستان، به‌ڵكو ده‌وڵه‌تێكی یه‌كگرتووی كوردی له هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان!، ئه‌ڵبه‌ت له‌به‌ر خاتری چاوی ئێمه نییه، به‌ڵكو بارودۆخ و هه‌لومه‌رجه‌كه ئه‌وه‌ی لێده‌خوازێت، ئه‌مه‌ش له‌لایه‌كه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌ته كوردییه ببێته په‌رژینێك بۆ رێگریكردن له فراوانخوازی و ته‌ماحی هه‌ردوو وڵاتی ئێران و توركیا و به‌ڕای ئه‌وان كورد باشترین دۆست ودراوسێی عه‌ره‌بن، هه‌روه‌ها له‌لایه‌كی تره‌وه سعوودیه و وڵاتانی دیكه‌ی عه‌ره‌بی به‌هۆی هه‌ژموونی شیعه له هه‌ردوو وڵاتی عێراق و سووریا و ساخبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و دوو وڵاته بۆ به‌ره‌ی شیعه به سه‌ركردایه‌تی ئێران، ئیتر ئه‌و دوو وڵاته به هه‌مان سنووری جوگرافی و ئیداریی ئێستایانه‌وه هیچ بایه‌خێكی گرنگ و ئه‌وتۆیان بۆ وڵاتانی عه‌ره‌بی نه‌ماوه.
2- توركیا : ئه‌مڕۆ توركیا رووبه‌ڕووی چه‌ندین كیشه‌و گرفتی ناوخۆ بووه‌ته‌وه، كه كاریگه‌ری له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه دیپلۆماسی و سیاسییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی داناوه و ئیتر توركیا ئه‌و سه‌نگ و قورسایی و متمانه‌یه‌ی لای دۆست و هاوپه‌یمانه‌كانی دوێنێی نه‌ماوه. به‌ڵگه‌ش، چه‌ندین جار له‌سه‌ر ئاستی ئه‌مریكا و ئه‌ورووپا ره‌خنه‌ی توندی لێگراوه له‌سه‌ر پێشێلكردنی دیموكراسی و مافی مرۆڤ و مافی نه‌ته‌وه‌كانی تری ناو توركیا به‌تایبه‌ت كورد و ئیجرائات و رووبه‌ڕووبوونه‌وه تونده‌كانی له‌به‌رامبه‌ر گه‌لی كورد له وڵاته‌كه‌ی و هه‌روه‌ها ده‌ستوه‌ردانی له وڵاتانی دراوسێی. هه‌روه‌ها پێویستی توركیا به هه‌رێمی كوردستان له‌رووی بارزگانی و دابینكردنی وزه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی په‌ره‌سه‌ندن و جموجۆڵه ئابوورییه‌كانی دووچاری نزمبوونه‌وه و داكشان نه‌بێته‌وه. ئه‌مه‌ش وا له توركیا ده‌خوازێت كه په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان په‌ره پێبدات یان لانی كه‌م وه‌كو خۆی بیانهێڵێته‌وه، گره‌نتی ئه‌مانه‌ش رازی بوونی ناچاریی توركیایه به درووستبوونی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ له هه‌رێمی كوردستان، هاوكات توركیاش بۆ هه‌رێمی كوردستان زۆرگرنگه وه‌ك دراوسێیه‌ك كه تاكه ده‌روازه‌یه له رووی ئابووری و سیاسی و دیپلۆماسییه‌وه ده‌یبه‌ستێته‌وه به ئه‌ورووپا و هه‌روه‌ها نه‌وت و وزه‌ی پێدا ده‌گه‌یه‌نێته بازاڕه‌كانی جیهان و له‌وێوه‌ش ده‌توانێت كه‌لوپه‌ل و پێداویستی كوالێتی به‌رز هاورده‌ی كوردستان بكات.
3- ئێران: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه ئێران هێزێكی كاریگه‌ر و به‌هێزه له ناوچه‌كه‌دا، به‌ڵام ره‌تكردنه‌وه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌مریكا و ئه‌ورووپاوه به‌هۆی پێشێلكردنی مافی مرۆڤ، له‌سێداره‌دانی نه‌یارانی خۆی، پێشێلكردنی مافی كه‌مینه نه‌ته‌وه‌كان، ده‌ستوه‌ردانی له وڵاتانی دراوسێی و ناوچه‌كه، ئه‌مانه وایانكردووه هیچ ئه‌رزش و پشتیوانییه‌كی كۆده‌نگیی نێوده‌وڵه‌تی نه‌بێت جگه له رووسیا و چین، ئه‌م دوو وڵاته‌ش به‌پێی بارودۆخی رۆژ سیاسه‌ت ده‌كه‌ن و ره‌نگه له‌هه‌ر ئان و ساتێك‌دا و به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان، پشت له ئێران بكه‌ن. هه‌ربۆیه ئێران ناتوانێت رێگر بێت له راگه‌یاندن و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان، ره‌نگه هه‌ندێ كاردانه‌وه‌ی سلبی هه‌بێت به‌تایبه‌ت له‌رووی میدیاییه‌وه، به‌ڵام ئه‌مه نابێته ئاسته‌نگی گه‌وره و دواجار وه‌كو ئه‌مری واقیع ناچار ده‌بێت ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان به ته‌نیشت خۆیه‌وه قبووڵ بكات.
4-كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی: ئه‌مڕۆ له هه‌موو كات زیاتر كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، هاوپه‌یمانی و هاوسۆزی له‌گه‌ل كورد هه‌یه، به‌تایبه‌تی به‌هۆی جه‌نگی تیرۆریستانی داعش، وه‌ك ده‌بینین ئه‌مریكا و زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌ورووپا و جیهان پشتیوانی لۆجیستی و مه‌عنه‌ویی كورد ده‌كه‌ن له‌و جه‌نگه‌دا، هه‌روه‌ها كونسوڵخانه‌ی زۆربه‌ی وڵاته گه‌وره و كاریگه‌ره‌كانی جیهان له كوردستاندا هه‌یه و كورد خۆیشی په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگییه سیاسی و دیپلۆماتییه‌كانی گه‌یاندۆته ئاستێكی به‌رز و بوونی سه‌رۆك بارزانی وه‌كو خاوه‌ن پێگه‌یه‌كی مه‌زن له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی و هه‌روه‌ها سه‌ركردایه‌تیكردنی جه‌نكی دژ به رێكخراوی تیرۆریستی داعش. جگه له‌مانه به تێڕوانینی وڵاتانی زلهێز و له‌سه‌رووشیانه‌وه ئه‌مریكا له‌دوای تێپه‌ڕبوونی سه‌د ساڵ به‌سه‌ر رێككه‌وتننامه‌ی سایكس پیكۆ، بارودۆخی ناوچه‌كه و نه‌خشه‌ی سیاسی و جوگرافیی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پێویستی به گؤڕانكاری و داڕشتنه‌وه‌ی نوێ هه‌یه . هه‌موو ئه‌مانه هۆكاری گرنگ و پشتیوانیی گه‌وره‌ن له به‌رژه‌وه‌ندی گه‌له‌كه‌ماندا بۆ راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان له‌م قۆناغه‌دا.