
ده‌ڵێن كورد بدوێنه، شه‌رحی حاڵی خۆی ده‌كات! كاتژمێر 11ی شه‌وی هه‌ینی 29-4-2016 له به‌رنامه‌ی پانۆرامای كه‌ناڵى ئێن ئاڕ تی، دوو مه‌لای سیاسی و وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف له رێگه‌ی ستۆدیۆكانی ئه‌و كه‌ناڵه‌وه قسه‌یان له‌سه‌ر پشێوییه‌كانی رۆژی هه‌ینیی شاری هه‌ولێر كرد، كه به به‌رنامه و پیلان رێكخرابوو بۆ درووستكردنی نائارامی له شاری هه‌ولێر. من باسی ئه‌وه ناكه‌م كه به‌هۆی دوورخستنه‌وه‌ی چه‌ند مه‌لایه‌كی سیاسی له وتاربێژی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ئه‌وقافه‌وه، ئه‌و پشێوییهیان نایه‌وه، چونكه وه‌زاره‌تی ناوبراو هه‌ڵساوه به ئه‌رك و پیشه‌ی خۆی و بڕیارێكی درووستی داوه، تاوه‌كو رێگه نه‌دات چه‌ند مه‌لایه‌كی سیاسی مینبه‌ری مزگه‌وته‌كان به‌كاربهێنن بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌جێندای سیاسیی حزبه‌كه‌یان، به‌ڵكوو ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه قسه‌كانی مه‌لا كامه‌ران عه‌لی كادیری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و به‌ڕێوه‌به‌ری حه‌ج و عه‌مره‌ی پارێزگای سلێمانی له‌سه‌ر لیستی گۆڕان و وتاربیژی مزگه‌وتی عوسمان ئاغای شاری سلێمانییه كه یه‌كێك بوو له میوانه‌كانی به‌رنامه‌كه، ئه‌و مه‌لایه به ده‌مێكی ئه‌وه‌نده پیس و به زمانێكی ئه‌وه‌نده شڕ قسه‌ی ده‌كرد، كه به هیچ شێوه‌یه‌ك له ره‌وشت و ئه‌ده‌بی مه‌لا ناوه‌شێته‌وه به‌و پێیه‌ی ئه‌وان پێشه‌وای موسڵمانان و نوێنه‌ری خوان له‌سه‌ر ئه‌رز و په‌یامی خوا ده‌گه‌یه‌نن به خه‌ڵك! به‌ڵام به‌راستی ئه‌و مه‌لایه شه‌رحی حاڵی خۆی و پێناسه‌ی خۆی كرد كه ئه‌و كێیه و مسته‌وای عه‌قڵ و ژیری و ره‌وشت و ئاكاری تا چ ئه‌ندازه‌یه‌كه! كاره‌سات له‌وه‌دایه هه‌ست و عه‌قڵ و ره‌وشت و ویژدانی مه‌لا و وتاربێژ له‌و ئاسته‌دا بێت كه به‌رنامه‌یه‌كی ئاوا به ده‌رفه‌ت بزانێ تا وه‌ك پیشه‌ی هه‌میشه‌یی خۆی ئه‌رك و په‌یامه ئایینییه‌كه‌ی له‌بیر بكات و له‌پیناو ده‌ربڕینی بیر‌و را حزبییه‌كه‌ی، ده‌ستبكات به رشانه‌وه و رقی خۆی به‌سه‌ر حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵات و لایه‌نێكی سیاسی‌دا بڕێژێ و به‌و زمانه جنێوفرۆشی و به‌و ئاسته نزمه قسه بكات و هه‌رچی قسه‌ی سووك كه ته‌نانه‌ت خه‌ڵكی ئاسایی له رووی نایه‌ت بیڵێ، به‌و ده‌سه‌ڵات و حكوومه‌ته‌ی بڵێ له كاتێكدا خۆیشی تائێستا وتاربێژی مزگه‌وته، واته ئه‌و كارمه‌ندی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و هه‌روه‌ها به‌ڕێوه‌به‌ری حه‌ج و عه‌مره‌ی پارێزگای سلێمانییه له هه‌مان وه‌زاره‌ت! واتا خۆیشی به‌شێكه له‌و ده‌سه‌ڵاته! به‌راستی مه‌لای له‌و شێوه‌یه جگه له سووككردن و ناشیرینكردنی كردنی ئایینی ئیسلام هیچی دیكه‌ی لێ ناوه‌شێته‌وه. له كۆتاییدا ئایا میلله‌تێك وتاربێژه ئایینی و پێشه‌وا ئایینییه‌كه‌ی تا ئه‌وپه‌ڕی زمان شڕ و جنێوده‌ر بێت، ئاخۆ ده‌بێت خه‌ڵكه عهوامهكهی چی بكه‌ن و چی لێوه فێربن؟!